کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەرەفی ژنی کورد لە ژێر رەحمەتی تورکیا، ئێران، عیراق، داعش و حکومەتی هەرێمدا

Tuesday, 18/08/2015, 18:41


وێنەی ئەو ژنە کوردە، مێژووییەکە، ناهەمەتی سەدان ساڵەی میللەتی کوردیی تیادا بەدی دەکرێت. ئاوێنەیەکە، بەهەزاران نالە، هاوار و زیرەی دەنگی منداڵانی سەربڕاوی نیشتمانەکەمی تیادا دەبینرێت. 
وێنەی ئەو ژنە کوردە، پێمان دەڵێت کە میللەتێکی چل میلۆنی چەندێ بچوکە، بێ دەستەڵات و بێکەسە.  
مرۆڤینە، ئەو ژنە نەمردوە، زیندوە، لەسەر کورسییەکی ئێجگار بەرز دانیشتوە، بڵندگۆیەکی لەدەستدایە، بەدەنگێکی ئێجگار بەرز و زوڵاڵ، لە تاوانی دڕەندەترین کارەسات دەدەوێت، کە بەرامبەر بە مرۆڤاییەتی ئەنجامدار و ئەنجامدەدرێت، لە سەر پارچەیەک ئەرز لەو سەر زەمینە کە ناوی کوردستانە.
 ئەو ژنە لە گوتەکەیدا بە هەموو دونیا رادەگەیەنێت،
هاوارە مرۆڤینە، ئەی ئەوانەی کە هێشتا ویژدانتان بە ئاگاییە، بۆ ئەوانەی زرەییەک زاخی پیاوەتییان لە گیاندا ماوە، کەس نەبوو هاواری بۆببەم، فریام بکەوێت، ئاگام لە هیچ نەبوو، لە هیچیش نەدەگەیشتم، ئەوی رویدا بۆمن کتوپڕ بوو.
 سەیرە مرۆڤینە، تاوانبار تێیگەیاندم، کە رێککەوتن بوو، خۆشی هاورێی و دۆستی هەرە نزیکی سەرکردەکانی وڵاتەکەم بوو!  
مرۆڤینە، سەر پشتم، مێزێکە بە سەدان گرێبەستی نەوتی لەسەردا واژوو دەکرێت، بەسەدان کۆنتراکتی ملکەچی، جاشاییەتی، سازاش کردن لەسەر ماف، خاکی وڵاتەکەمدا پیادە دەکرێت.
مرۆڤینە، لەشیی من، مێزی قوماری یاریکەریی قومارچیە زەبەلاحەکانی دنیایە، دەست ڕۆیشتوی  وەکو تورکیا، ئێران، عیراق، داعش و حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێمە. یارییەکە تەنیا بۆ پارە نییە، بەڵکو بۆ بردنەوەی  کەلە سەرە، بەرژەوەندییە، دەستەڵاتە، بیرە نەوت،  ئەرز و خاکی وڵاتە.
مرۆڤینە، لەسەر ئەو مێزەی کە پشتی منە، سەرکردەکانی حکومەتی بنکە فرەوان، موهەریجن، سەماکەرن، بووکە شوشەن، دەوریان تەنیا، دڵخۆش کردن و بە پێکەنیین هێنانی یاریزانەکانی وەکو تورکیا، داعش، ئێران و عیراقە. 
مرۆڤینە، کاتێک کە یاری تەواو دەبێت، سەرکردەکانی باشور سەر مێزەکە بەجێدەهێلن! تەنیا کەلە سەرەکان، بیرە نەوتەکان،  ئەرزو خاكی نیشتمانییان نەدۆڕاندوە،  بەڵکو هەموو شەرف، ئابرو وهەیبەتی میللەتێکی چل ملیۆنیان لەسەر لەشی مندا دۆڕاندوە. 

تێبیینی:
ئەو وێنەیە لە تۆری کۆمەڵاییەتی بە هەموو دنیادا بڵاوبۆتەوە، بە تایبەتی لە ئوسترالیا، کە لەلایەن دایکی شەهید ریسەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەویش بە مەبەستی پێشاندانی تاوانەکانی داعش و تورکیا کە ئەنجامیان داوە بەرامبەر بە میللەتی کورد. سەرچاوەی دۆزینەوەی ئەو وێنەیە تۆری کۆمەڵاییەتیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە