كە ناتوانن مەردانە پرسێك یەكلایی بكەنەوە بۆچی خەڵك سەرقاڵ دەكەن ؟
Monday, 17/08/2015, 22:05
ئەمە بۆ چەند مانگێك دەچێت ئەم لایەنانە خەڵكیان بە پرسێك مەشغول كردووە كە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیان وگوزەران و دوارۆژیەوە هەیە، بێ ئەوەی لایەنێكیان بتوانێت خاڵ بخاتە سەر پیتەكان بە شێوەیەكی راستەوخۆ و راشكاوانە هەنگاوی راست بنێت و ناوەخنی مسەلەكە بۆ خەڵك شیبكاتەوە، لەبەر ئەوەی هیچ كەس و لایەنێكیان باوەر و متمانەی بەوی تر نیە . ئەوەی لێرەو لەوێ باس دەكرێت تەنها تێكەڵبونی بەرژەوەندیە شەخسیەكان و ململانێ تەسكەكانە، كە لە رێگەی خاڵە لاوازەكانەوە بە یەكتری دەفرۆشنەوە و لەكاتی وەرگرتنی گرەنتی قازانجی بچوك نوتقیان دەبرێت، ئەگینا دەكرێت لەسەر سەردانینەكردن هەڵوێستی نیشتمانی دەرببرێت . ئەوە دەبینین لەم رۆژەدا كە هەر چوار لایەن باسی كۆتایی هاتنی ولایەتی بارزانی دەكەن و دەڵێن لە بیستی هەشت ماوەكەی بە هیچ شێوەیك درێژ ناكرێتەوە و یاسایی نیە گەر باسی مانەوەی بارزانی بكرێت، تەنانەت ناكۆكی لەسەر كلمە چۆڵبون ( خلو) ی ئەو پێگەیە هەیە و هەر لایەنەو بە پێی راوبۆچون قازانجی خۆی شیدەكاتەوە، نەك بە شێوەیەكی یاسایی و هیچ مەرجەعێكیش نیە بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكیەكان لە تەفسیری هەر یاسا و بریارێكی پەرلەماندا پەنای بۆ بەرن . وا لە كۆتایی ویلایەتی بارزانی نزیك دەبینەوە، بەلآم سیناریۆكان هیچیان لە قازانجی خەڵك و سەروەری یاسا و دوارۆژی میلەتدا نیە و، جگە لە قوڵبونی ناكۆكی هیچی تر بەدوای خۆیدا ناهێنێت . ئەو رێگایانە چین كە پەرلەمان دیگرێتە بەر جگە لە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم . یان ئەوەتا بە پشتبەستن بە رێككەوتنی حزبی و سیاسی بێ هیچ كلۆجێكی یاسایی ماوەی بارزانی درێژ بكرێتەوە، بۆ هەرچەند بێت، لەوانەش سیناریۆی درێژكردنەوەی شەست رۆژە بۆ ئەوەی پرسەكە لەم ماوەیەدا یەكلایی بكرێتەوە و بگەنە سازان ئەگەرێكی بەهێزە، بەلآم پرسیارەكە لەوێدایە بە پشت بەستن بە هیچ یاسایەك درێژكردنەوەی بارزانی ناگرێتەوە، ئەگەر فێل لەخۆمان نەكەین، ئەی چۆن كارەكە مەیسەر دەكەن، ئەوە، یان ملكەچی تەفسیرەكەی پارتی دەبن كە دوای بیستی هەشت سەرۆكی هەرێم بە تەواوی دەسەلآتیەوە دەمێنێتەوە كە ئەمە خۆی لە خۆیدا برگەكەی یارای دوبارە خۆكاندید كردنەوەی بە عەكسەوە رایی دەكات و هەیبەت و سەروەری یاسا دەخاتە ژێر سەت پرسیارەوە . یان بە سەرۆكی كاربەرێكەر دەژمێرێت و ئەویش نازانرێت پشت بە كام یاسا و برگەیەك ببسەترێت، یان یاسایەك وەك ئەڵتەرناتیظی ئەوەی 30 ی حوزەیرانی 2013 ی دەردەكرێت و ئەمەش رەتكردنەوەی یاسا بە یاسا دەگرێتەوە كە ناكرێت پەیرەو بكرێت، یان پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە و بریاری هەڵبژاردنی پیشوەخت دەدرێت،سەرەرای داواكردنی سەرزارەكی پارتی بەلآم پێش هەمولایەك رازێ نابێت لەبەر ئەوەی هیچ لە بەرژەوەندی نیە لەم كاتەدا كە جەماوەرێتی كەیشتۆتە سەر سفر، یان كاروباری هەرێم لە سەرجەم رووەكانیەوە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و لە بۆشاییەكی یاسایی سەرسورهێنەردا دەژین .
ئەوەی پێویستە بوترێت ئەم هەموو بێنە و بەردە و خەڵك مەشغول كردن وغافڵ كردنە جگە لە هەڵخەڵەتاندنی خەڵك هیچ شتێكی قازنجبەخشی تێدا نادۆزرێتەوە ئەگەر بەم شێوەیە كۆتایی بێت، ئەم گفتوگۆ و ململانێ و سەرلەیەكبەردانە هیچ شتێك نابەخشێت بە خەڵك و، نە مەعاشی فەرمانبەران دابین دەكات نەش وەزعی ئابووری و سیاسی كوردستان چارەسەر دەكات و نەش شەری داعشمان لەكۆڵ دەكاتەوە و نەش قەناعەت بە گەنجانمان دەكات كوردستان جێنەهێڵن، بەلكو هانیان دەدات نەك هەر كۆچ بكەن بەڵكو وایان لێدەكات باورەیان بە هیچ شتێك لە كوردستان نەمێنێت . بۆ خەڵكیش دەردەكوێت كە ئەم هەموو سەرقاڵ كردنە بە ناوی جیاجیا و زۆرەوە جگە لە ناكۆكی حزبی و شەخسی هیچ شتێكی تیدا نادۆزیتەوە . بۆیە تازووە ئەوەی لە جوعبەتانە بۆ ئاسایی بونەوەی كوردستان بە هەر شێوەیەك بێت تەنانەت بە نا یاساییش بێت كە دواجار پەنای بۆدەبەن خاڵی كەن و، ئارامی بپاریزن و خەڵكەكە لەوەزیاتر بێ هیوا مەكەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست