Thursday, 13/08/2015, 1:42
ئەو گۆڕانە خاڵی دەستپێکردنی کۆتایی هێنان بووە بە چەوساندنەوەیی مرۆڤ لە هەمو بوارەکاندا، لاوازکرنی رۆڵی دەسەڵاتیی کەنیسەکان، دەرەبەگەکان، چاکردنیی کۆمەڵگا بە بەکارهینانی عەقڵ، فیکر، عیلم و هۆشیاری، بۆ روبەروبونەوە، بەرەنگاربونەوەیی خورافیات، بەکارهێنان و پاراستنی شتە باشەکانی کەڵچەریی رابردو و گۆڕینەوی بیروبۆچون. ئەو شۆڕشە رۆشنبیرییە، بۆ یەکەم جار لە ئەوروپا سەری هەڵدا، دوای ئەوە لە ئەمەریکا، کە ئەوکات کۆلۆنیالی بەریتانیا بوو..
ئەم وەرچەرخانە مێژوییە و بازدان لە دونیای تاریکی، بۆ دونیایی روناك لە ژیانی مرۆڤایەتییدا، بە تایبەتی لە ئەوروپادا، کتوپڕ نەبوو هەر لەخۆیەوە روی نەدا. بەڵکو لەسەردەستی ئەو فەیلەسوفانەی ئەوکاتە بوو کە رێبەریی فکریی هەڵوەشاندنەوەی بیروبۆچوونی کۆنی دواکەوتوو بوون، لەناو دڵی کۆمەڵگاکەدا لە دایک ببوون، دەرکیان بەوە کردبوە کە ئازادی، ناسنامەیی تاکەکان مانای چی دەگەیەنێت لە کۆمەڵگادا، دەبێت هێزەکان چۆن ئاراستە بکرێن، چی بکرێت بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی تازەی دەستەڵات، کە هەمو تاکێک تیایدا مافەکانی پارێزراو بێت، هەوڵبدرێت بۆ هەڵتەکاندنی سیستەمی کۆن لە بنوبۆتکەوە، کە بۆ سەدان ساڵ بوو بیناغەی داکوتابوو لە وڵاتانی رۆژئاوادا. شان بەشانی ئەوەش، توانیان ئەلتارناتیڤ بۆ سیستەمیی سیاسیی دەستەڵاتی کۆن بدۆزنەوە، کە ئەویش سیستەمی دیموکراتی بوو..
تۆماس هۆبس، فەیلەسوفی ئینگلیز، یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی ناسراوە بەوەی کە بیرۆکەکانی بوون بە بناغەیەک، بۆ فەلسەفەیی سیاسیی، دەمەزراندن، گەشکردنی دەستەڵاتی سیستەمی دیموکراتیەت لە کۆمەڵگادا و دنیای مۆدرن. ئەوی پێویستە بوترێت ئەوەیە کە یەکێک لە کتێبەکانی کە لە ساڵی ١٦٥١ بڵاوکرایەوە بەناوی (لیڤیثان)، بیرۆکەکانی لەو پرتوکە بە بیناغەیی فەلسەفەیی سیاسیی رۆژئاوا دادەنرێت، لە تیۆری زانستیی کۆمەڵایەتیی. چۆن لوکاس فیلەسوفی ئینگلیزی، ناسراو بە داڕشتنی تیوری رەگەزیی ناسنامە و گرنگی بەردەوامیی هۆشیاریی. جان جاک رۆسۆ فەیلەسوفی فەرەنسیی سەدەی هەژدە، بیرۆکەکانی کاردانەوییان هەبوو لەسەر شۆڕشی فەرەنسادا، لەهەمانکاتدا هەرچۆن لە مێژوودا هاتوە، بیرۆکەکانی کران بە بنەماییەک بۆ گەشەکردنی فەلسەفەیی سیاسیی مۆدرن و سیستەمیی دیموکراتییەت.
لە مێژوودا هاتوە، بەکارهێنانی بنەما فیکریەکانی هەرسێک فەیلەسوف، لەلایەن سەرکردە سیاسییەکان، رۆشنبیرانی ئەوروپادا، کرا بە سەرچاوەیی هەڵقوڵان، دامەزرانددنیی دەستەڵاتی سیاسی دیموکراتی، خاوەن دەستورێکی دیموکراتیی لە وڵاتانی رۆژئاوادا، داننی پێناسەییەکی زانستییانەیی دیموکراتیانە بۆ دەستور، کە یەکەم دەستور دەبێت جێگیربێت. دوەم گونجاو بێت، توانایی گونجاندنی هەبێت لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی. سێیەم، لێپرسراو بێت بۆ رونکردنەوە و وەڵام. چوارەم، کراوە بێت. پێنجەم تەمسیلیی میللەت بکات..
مێژووی گەلانی ئەوروپا مێژووییەکی خوێناویە، ئەو میللەتانە بەئاسانی نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی ئێستایان، هەروها دەتوانرێت بوتریت کە ئەوروپا خاوەنی لە دایکبونی بیرۆکەی دیموکراتیەت بووە، لەهەمانکاتدا خاوەنی مێژوییەکی پڕ نەهامەتیە، تاوەکو توانیویەتی ئەو بیرۆکە مۆدرنە بە پراکتیک بکات بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا و دەستەڵاتی سیاسیی مۆدرن.
ئەو بیرۆکەییە و ئەو جۆرە سیستەمە، کە سیستەمیی دیموکراتییەتە، ئەزموونی مێژووی مرۆڤاییەتی دەریخستوە، کە سیستەمێکی سەرکەوتو بووە، لە بەڕێوەبردنی دەستەڵاتی سیاسیی، ئەمە هۆکارێکی گرنگ بووە کە هەندێک وڵات بە ئامادەکراویی و بە ئاسانی سودی لەو جۆرە سیستەمە وەرگرتوە، بۆ نمونە ئوسترالیا، دەسەڵاتدارە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوندیی میللەتانی ئوسترالیا، بەبێ سێ و دوو لێکردن، سودیان لە ئەزمونیی وڵاتانی ئەوروپا وەرگرت، راستەوخۆ کەوتنە بە پراکتیزکردنی ئەو بییرۆکە و سیستەمە هاوردەیە، بە بەکارهێنانی پسپۆری یاسایی، دەستوری وڵاتانی وەکو بەریتانیا، تەرخانکردنی بودجەییەک لە دەرامەتی سامانەکانی ئوسترالیا بۆ ئەو مەبەستە، لە ئەنجامدا لە ماوەیەکی زۆر کەم ئەو وڵاتە توانی لە هەمو بوارەکاندا سەرکەوتوو ببێت و بگاتە بە ئاستێک خۆی نزیک بکاتەوە لە ئاستیی ئەوروپای مۆدرن.
نوسینی دەستور و داڕشتنی لە هەرێمی کوردستاندا، بەشێوەییەکی نازانستیانە، زۆر سادە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، لەسەر بناغەیی سازان لەسەر بەرژەوندییە تایبەتیەکانی چەند سەرۆکێک، لایەنێکی سیاسیی داڕێژراوە و پیادەکراوە، بێگومان لێپرسراوەیی ئەوش دەگەڕێتەوە ئەستۆی ئەوانەی کە لە ناوەندی بڕیاڕدان بوون، دەرکییان بە ئەهمیەت و ختورەتی بڕگەکانی نەکردوە، یان زانیوییانە لەبەر خاتری بەرژەوەندییە تایبەتیەکان گوێی خۆیانیان لێ خەواندوە و واژویان لەسەر رەزامەندی ئەو دەستورە گرژوکاڵە کردوە. کاتی خۆی کە هەندێک ئەندام پەرلەمان دەنگییان بە رەشنوسیی، ئەو دەستورە نەدابوو بە وتەی خۆیان کە لە میدیاکان بڵاوببوەوە لەبەر ئەوە نەبو کە هەستییان بە ختورەتی بڕگەکانی دەستور کردبوو، بەڵکو هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەوە کە پەرلەمان کاتی یاسای خۆی لەدەستداوە!.
ئەو کات دەبوایە میدیاکان هەرەسانبکرێن بە دەربڕینی هەڵوێستی راستەوخۆ، دژی ئەو بڕگانەی دەستور، کە پەیوەندیی هەبوو بە رەهەندیی نیشتمانی، نەتەوەیی و ژیانەوەی دەستەڵاتی تاکڕەویی و سەپانددن، ئەمەیان خستبا سەر لاپەڕەییەکی سپی بۆ میللەت و بۆ مێژوو. بۆیەش ئەمڕۆ ئەو گرفتە روبەروی میللەت بۆتەوە، ئەگەر هەندێك کەساییەتی سیاسیی نەبێت، لەلایەن ئۆپۆزسیۆن کە ئەو خاڵانەیان وروژاندوە، ئەوە بێگومان دوبارە فێل لە میللەت دەکرێت و دەیکەن بە خاوەنی دەستورێکی گرژوکاڵی ئا لەو جۆرەی، کە ئێستا رەشنوسیی لەبەردەستی هەموانە داییە..
ئەوەی راستی بێت دەستەڵاتی سیاسیی هەرێم خۆی بەرجەستە کردوە لە دوو دەستەڵاتدا، کە ئەویش هەردو پارتی دەسەڵاتدارە کە پەیوەندی ستراتیژی بەیەکەوە دەیان بەستێتەوە، گرفتەکە ئەوەیە کە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دەیانەوێت، بە ئارەزووی بەرژەوەندیی خۆیان بە گوێرەی خوازیی دڵیان مامەڵە لەگەڵ دەستور بکەن، وەکو جاران مەبدەئی تەوافق (سازان) بەکاربهێنن، لەبیرییان چۆتەوە یاسا و دەستوری وڵات دەبێت لە بەرژەوەندیی گشتی میللەتدا بگونجێندرێت، نەک لە بەرژەوندیی تاکێک یان لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو، مەسەلەی تەوافق یەکێ نیە لە ئەرکەکانی سیستەمی دیموکراتیی..
میللەتی کورد بەشێوەیەکی گشتی لە مێژوودا خاوەن ئەزمونێکی پرشارەزاییی نییە لە مەسەلەی یاسا، دەستورو ئیدارەیی دەوڵەت، لە مێژوودا خاوەن فەیلەسوفی خودی خۆی نییە، لەو بوارە کە خاوەنی قوتابخانەی جیاجیا بن، رەنگدانەوەیان بەجێهێشتبێت لەسەر جۆری بیرکردنەوەی تاکەکان، لەسەر ئاستی بیرکردنەوەی خەڵک، هۆشییارکردنەوە، رونکردنەوەی گرنگیەتی مافی تاک لە کۆمەڵگادا و پێناسەی ناسنامە، لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە دەبوایە هەوڵبدرێت، وەک ئوسترالیا بودجەیەک تەرخانبکرێت بۆ بەکارهێنانی بەهرەی زانا و پسپۆڕی بیانی، بۆ رێکخستنی ئەو کۆمەڵگاییە و نوسینی دەستورێکی دیموکراتی، لەسەر بنەما و بناغەیی مەبادئە ئەساسییەکانی سیستەمیی دیموکراتیی، چەسپاندنی ئەو سیستەمە لە بەڕێوەبردنی وڵات و بەرەوپێشەوەبردنی دەستەڵاتی سیاسیی هەرێمدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست