ئێمه عه‌لی قه‌ره‌داغیمان هه‌یه و ئه‌وانیش عه‌لی سیستانی!
Wednesday, 12/08/2015, 19:07
له‌م رۆژانه‌دا هه‌رێمی باشوری كوردستان و عێراق خرۆشاوه‌و له‌یه‌كه‌میان ئه‌گه‌ری شه‌ڕێكی ناوخۆیی له‌ئاسۆیا ده‌رده‌كه‌وێت‌و له‌دوه‌میشیان جه‌ماوه‌ر رژاونه‌ته سه‌رجاده‌كان و داوای ژیانوگوزه‌ران ده‌كه‌ن.
هه‌رچی له‌هه‌رێمی باشوره سه‌ره‌ڕای نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان‌و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی دیاری‌و خێروبێری پارته‌كه‌ی مه‌سعودی مه‌لامسته‌فاو حیزبه‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانین بۆ خه‌ڵكی كوردستان ، مه‌سعود بارزانی به‌ئامانو دامان ده‌ستبه‌رداری كورسییه‌كه‌ی نابێت و ئیلاوبیلا دوساڵی تری ده‌وێت تا بیكه‌نه‌وه به سه‌رۆكی هه‌رێم. له‌و پێناوه‌شدا جگه له‌ماچكردنی ده‌ستی توركان‌و ئاغای قاسمی سلێمانی، سیناریۆیه‌كیان نمایشكردو به‌ناوی پتر له 2300 رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نوسی كورده‌وه داوای پێدانه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌یان به‌م كابرایه ده‌كرد، كه به رای من باشتره بوتریت 2000 و ئه‌وه‌نده قسور مه‌سینه هه‌ڵگری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، ئاخر كه‌سێك خۆی به رۆشنبیر بزانێت چۆن داواده‌كات كه‌سێك به‌نایاسایی له‌شوێنێكی وا دابنرێته‌وه كه كه‌سێك نییه سێ كاری باشی ئه‌و پیاوه‌مان له‌و 10ساڵه‌ی به‌حساب سه‌رۆكی هه‌رێمی باشوری كوردستان بوه بۆ بخاته‌ڕوو. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا عه‌لی قه‌ره‌داغی گه‌یشته‌وه هه‌ولێرو له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی كۆبوه‌وه‌و هه‌ر به قسه‌ی وته‌بێژێكی نوسینگه‌كه‌یشی له‌كوردستان كه‌چه‌ند كه‌سێكیشی بینیوه له یه‌كێتی و له‌چاوپێكه‌وتنێكی خودی خۆشی‌دا له‌كه‌ناڵی نه‌وته‌كه‌ی میتی تورك (روداو) نیگه‌رانی خۆی نیشان كه نه‌وشیروان مسته‌فا ئاماده‌نییه بینێت.
هه‌وڵه‌كه‌ی قه‌ره‌داغیش هه‌روه‌كو به‌یاننامه‌كه‌ی به‌ناو رۆشنبیرانونوسه‌ران بۆ ئه‌وه‌بو كه مه‌سعود بارزانی بكرێته‌وه به‌سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ دوساڵی تر له‌پرۆسه‌یه‌كدا كه‌ناویانناوه "سازان", له‌كاتێكدا هه‌ركه‌سێك زۆر به‌باشی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بناسێنێت ده‌زانێت ئه‌وان نه‌ئه‌زانن سازان چییه‌و نه‌ئه‌سازێن به‌ڵكو هه‌رده‌م له‌هه‌وڵی خۆسه‌پاندندان به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و نۆكه‌رایه‌تی‌و جاشایه‌تیش بۆ توركان‌و ئێران‌و به‌عس پیشه‌یانه‌و پیشه‌یان بوه.
له‌عێراقیش، سه‌ره‌ڕای شه‌ڕی داعش، خه‌ڵكی عێراق هاتۆته تینی و رژاونه‌ته سه‌رجاده‌كان و داوای ژیان‌و كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌هێشتنی دزی‌و گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، له‌و نێوانه‌شدا عه‌لی سیستانی رابه‌ری رۆحی شیعه‌كان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌و پشتیوانی خۆی بۆ داخوازییه‌كانیان ده‌ربڕیوه.
ئه‌م دو عه‌لیه‌ی كه له‌نێو پانۆرامای روداوه‌كاندا ناویان دێت، دو رۆڵی ته‌واو دژ به‌یه‌ك ده‌بینین. عه‌لی قه‌ره‌داغی بۆته ده‌ڵاڵی مسۆگه‌ركردنه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ دوساڵی تر‌و بێشه‌رمانه داواده‌كات دابنرێته‌وه له‌كاتێكدا باش ده‌زانێت كه‌ئه‌وه ناهه‌قییه به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی كوردستان‌و له‌پای چی دوساڵی تر بكرێته‌وه به‌سه‌رۆكی هه‌رێم‌و سته‌مه لێیان ده‌كرێت. به‌و پێیه‌ی وه‌كو پیاوێكی ئایینی ناسراوه‌و سه‌رۆكی رێكخراوێكه كه یوسف قه‌رزاوی له‌دۆحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر بۆی دامه‌زراندوه‌و له‌پارته‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانه‌وه نزیكه‌و پێده‌چێت ئه‌و په‌رۆشییه‌یشی بۆ دانانه‌وه‌ی دۆسته‌كه‌ی سه‌رۆكی ئێستای توركیا له‌پۆسته‌كه‌ی به‌شێكی له‌و نزیكیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، ده‌بوایه له‌به‌ره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌دا بوایه كه چه‌ندین ساڵه بنه‌ماڵه‌ی بارزانی غه‌دریان لێده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت براكانی له‌یه‌كگرتوی ئیسلامی كه تائێستا چه‌ند كه‌سێكیان به‌ناهه‌ق كوشتون به‌ڵام ئه‌و له‌به‌ره‌ی مه‌سعود بارزانی وه‌ستاوه‌و داكۆكی له‌و ده‌كات كه زوڵموسته‌م له‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات. هه‌رچی سیستانیشه نه‌ك داكۆكی له‌به‌رپرسه شیعه گه‌نده‌ڵه‌كانی عێراق ناكات به‌ڵكو وه‌كو له‌سایته‌كه‌ی خۆی بڵاوكراوه‌ته‌و ئه‌مه لینكه‌كه‌یه‌تی (http://www.sistani.org/arabic/in-news/25146/) به‌ئاشكرا داوا له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات به‌ده‌ستێكی ئاسنین له‌گه‌نده‌ڵودزه‌كان بدات‌و بوێرانه مامه‌ڵه بكات. ئه‌م پشتیوانیه‌ی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانیش له‌پاڵ فشاری خه‌ڵكی به‌شیمه‌ینه‌تی عێراق هانی عه‌بادی داوه كه چه‌ند چاكسازییه‌ك رابگه‌یه‌نێت له‌وانه لابردنی چه‌ند پۆستێكی باڵا له‌عێراق كه پاره‌یه‌كی زۆری پێبه‌هه‌ده‌رده‌درێت.
هه‌ڵوێستی بێ ویژدانانه‌ی عه‌لی قه‌ره‌داغی‌و هاوشێوه‌كانی له رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نوسه ده‌رباره‌كانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، مه‌سعودی مه‌لا مسته‌فای بارزان هانده‌دات مكوڕبێت له‌سه‌ر زیاتر مانه‌وه له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی كه جگه له‌نه‌هامه‌تی بۆ خه‌ڵكی كوردستان هیچی تر نییه تا ئه‌و راده‌یه‌ی داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكات‌و كوردستان بخاته قه‌یرانی بێ حكومه‌تی و بێ په‌رله‌مانی له‌كاتێكدا هه‌رێم له‌شه‌ڕی دژی داعشدایه كه‌خودی خۆیان ئه‌مه‌یان كردوه‌ته بیانو بۆ داواكردنه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌پۆسته‌كه‌ی. هه‌ڵوێستی به‌ویژدانانه‌ی سیستانیش به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی عێراقی دڵخۆشكردوه‌و به‌هه‌نگاوێكی گرنگ داده‌نرێت له‌چاكسازیكردن ئه‌گه‌ر جێبه‌جێبكرێت.
هه‌قمانه وه‌كو كورد گله‌یی له‌به‌ختی خۆمان بكه‌ین بۆ جیاوازی ئه‌م دو عه‌لییه به نمونه. عه‌لیه‌كه‌ی ئێمه دۆستی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی و ئه‌ردۆگانه‌و له‌ریزی ئه‌واندا وه‌ستاوه‌و پشتیوانی له سه‌رۆكی پارتی ده‌كات له‌و زوڵمه‌ی ده‌یه‌وێت له‌خه‌ڵكی بكاته‌وه‌و بوه‌ته مایه‌ی ئه‌و نائارامی و دڵه‌ڕاوكیه‌ی ئێسا له‌هه‌رێمی باشوری كوردستان هاتۆته ئاراوه. ئه‌وه‌ش هه‌ڵویستی عه‌لی سیستانی شیعه‌كانه!
عه‌لی قه‌ره‌داغی تۆ پشتیوانی له‌زاڵموسته‌مكار ده‌كه‌یت و بویته‌ته یارمه‌تیده‌ریان. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆڵی ده‌ڵاڵیه‌ت ده‌بینی ده‌تتوانی تۆزێك ویژدانت ئاسوده بكه‌یت و به مه‌سعود بارزانی بڵێییت چیتكردوه له‌و 10 ساڵه‌ی به‌حساب كه‌سی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن بویت له‌هه‌رێمی باشوری كوردستان تا شانازی پێوه بكه‌یت، وا ئێستا واز ناهێنیت، به‌ڵام هاتویت و داواده‌كه‌یت بۆی نوێبكرێته‌وه. وه‌كو په‌یامبه‌ری ئیسلام ده‌ڵێت و تۆیش و هه‌مو ئه‌و مه‌لایانه‌ی كه وه‌كو تۆ بونه‌ته پشتیوانی هه‌ردو بنه‌ماڵه‌ی سته‌مكاری هه‌رێمی باشوری كوردستان (بارزانی و تاڵه‌بانی)، به نمونه مه‌لا به‌شیر حه‌دادی پارتی و مه‌لا عوزێر حافزی یه‌كگرتو‌و مه‌لا ماجیدی یه‌كێتی له‌ئێمه‌ومانان باشتر ده‌زانن "ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ زاڵم بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ویشا حه‌شر ده‌كرێت له‌و دونیا".
منیش له‌م سایته‌وه و له‌كۆتایی ئه‌م وتاره‌دا نزا ده‌كه‌م، تۆ‌و هاوشێوه‌كانت له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فای بارزانی و مه‌سعودی كوڕی و جه‌لال تاڵه‌بانی حه‌شر بكرێن، كه له‌ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ی رابوردودا ده‌ستیان سوره به خوێنی سه‌دان لاوی كورد و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی ئه‌مان به‌سه‌ر كورددا هێناویانه دوژمنه‌كانی كوردیش نه‌یانهێناوه‌و ئێوه‌ش خوێنه‌رانى كوردستان پۆستی به‌ڕێز بڵێن "ئامین".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست