لە نیوان ئێمەی قوتابیی وعبداللەئاگرینی مامۆستادا
Monday, 10/08/2015, 20:32
یادگارێکی تاڵم لەگەڵ عەبدوڵڵا ئاگریندا هەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان، ئەو ساڵانەی بەعس بەردەوام کارەساتی بە سەر میللەتەکەماندا دەهێنا. لێرەدا رووداوێک هەیە وەک خۆی بە پێویستی دەزانم بیگێڕمەوە کە من لەو کاتەدا خوێندکارێک بووم لە ئامەدەیی پیشەیی ١٧ی گەلاوێژ، (عەبدوڵڵا ئاگرین)یش مامۆستامان بوو مامۆستای پیشەیی (عملی) بوو. دروست ئەو کاتەش بوو کە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ رژێمی بەعسدا کەتبوونە گفتوگۆوە. لەو ماوەیەدا، گفتوگۆکان بەردەوام بوو، کەچی ڕژیم چەندین کاری لەناو شاردا ئەنجام دەدا و خەڵکی دەگرت و ئازاری دەدان. لەکاردانەوەیاندا گەنجان و خویندکاران، کەوتنە خۆپیشاندان و دەربرینی نارەزایی دژ ئەو ڕەفتارانە، بەهاوکاری پ.م.، لە یەکێک لەو خۆپیشاندانەدا چەندین بریندار و شەهیدی لێکەوتەوە. (هاوڕێ عبداللەی کەبابچی) یەکێک بوو لەو شەهیدانە. پاش بەخاک سپاردنی، لەگەڵ هاورییاندا ڕێککەوتین کە لە یادی سێ ڕۆژەیدا ڕێوڕەسمێکی شایستەی بۆ بکەین.
بۆ بەیانی ڕۆژی یادەکە هاوڕێیان لەهۆلی وانەی پیشەیی (پراکتیک) کۆبوینەوە، تا هەموو هاوڕییان هاتن و بەکۆمەل لە پۆل هاتینەدەرەوە، بەرەو دەرگا گەورەکەی هۆڵەکە ڕۆیشتین، بەریکەوت لەو کاتەدا، مامۆستا عەبدوڵڵا ئاگرین بەرەورومان هات.! بەتوڕەییەوە پرسی چییە بۆ كوێ؟
قوتابییەک وەڵامی دایەوە وتی: ئەمڕۆ یادی سێ ڕۆژەی شەهیدبوونی (هاوڕێ)یە و دەچین بۆ ئەوێ...
هەر بەبیستنی هەواڵەکە زۆر توڕەتر بوو، پەلاماری دەرگاکەی داو دایخست، ووتی: هەرکەسێک بچێتە دەرەوە (هەر ئیستا تەلەفۆن بۆ دائیرەی ئەمن دەکەم).
بەراستی کە وای ووت ئیتر من خۆم پێنەگیرا دەرگاکەم کردوەوە و ووتم ئەوا من دەڕۆم کێ دێت با دوام بکەوی، هەموو کەوتینە رێ و ئەوێمان جێهێشت.
ئەمەش ئەو کەسەی کە خۆی بە کادرێکی گەورەی کاژیک و پاسۆک دەزانی، لە دواییشدا ئەوە بوو هەمووی کردە کۆشی پارتییەوە، ئەم مامۆستا بێ هەڵوێستە، کە بە دڵی رژێمی بەعس سیاسەتی دەکرد، دەیویست قوتابیان بخەسەێنێت، تا دەنگی نارەزایی و توڕەبوون و چالاکی قوتابیان نەبێتە مەترسی بۆ خۆی و قوتابخانە و نانبڕوا نەبێت.
ئەمڕۆش مامۆستا عەبدوڵڵا ئاگرین بەرپرسی مەکتەبی دیراسات و توێژینەوە و ئەکادیمیای پارتییە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی و دڵسۆزی بنەماڵەی بارزانییە. پیرۆزی بێت ئەو مێژووەی کە بۆ خۆی تۆمار دەکات، کە من شانازی پێوەناکەم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست