مەسعود بارزانی وای ووت
Monday, 10/08/2015, 15:05
من خۆم بە قوتابیی قوتابخانەیەكی پیرۆز دادەنێم. لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی فێری كولتووری پێكەوەژیان و قوربانیدان لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان بووین. لە شێخ ئەحمەدی بارزانی فێری ئەوەبووین كە دین پێش هەموو شتێك ئەخلاقە و، بیروباوەڕ لە كۆت و زنجیرەكان بەهێزترە. لە مەلا مستەفای بارزانی فێری ژیانی پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی بووین. یەكەم شتیش كە دوور لە باوك و بنەماڵەكەمەوە فێری بووم، دایكم فێری كردم كە ئەویش راستگۆیی بوو. لە تەریقەت و، مەولانا شێخ خالدی نەقشبەندی فێری تەحەممول بووین. لە پارتی و شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان فێری كوردستان یان نەمان بووم.
-------------------
پێشەکی: لێرەدا تەنها هەڵوەستە لەسەر ئەم پەرەگرافە کوورتە ئەدەین و چەند پرسیارێك ئاڕاستەی مەسعود بارزانی ئەکەین کە ئایا ئەو مرۆڤێکی دووربین و ڕاستگۆو دڵسۆزە، یان شتێکی تر. ئەڵبەت باس لەو ووتارە و بۆچوونەکان ناکەین و تەنها خۆمان بەلایەنە کلتووری و فەرهەنگیەکەی ئەم پەیامەوە ئەبەستینەوە کەوا پێم وایە سەرکەوتوو نەبووە.
مەسعود لەم کوورتە پەخشانەیدا وەبیرمان دێنێتەوە کەوا تەنها قسە بۆ بنەماڵەی بارزانیەکان ئەکا و وەك سەرۆکی هۆزو خێڵی بارزانی مامەڵە ئەکا،دەنا ئەو چۆنە و چیە ئەوە مافی خەڵکی ترە چۆن هەڵسانگاندنی بۆ بکەن. بارزانی دێت و بەو شێوەیە خۆی بە کوردستان ئەناسێنێ و لای وایە ئێشتا میلەت نایناسی،دەنا ئەم جۆرە وەسفرکرنە لەپای چی؟! کێ هەیە پەنا بۆ وەسفکردنی خۆی بێنێ،ئەوا نیشاندەری ئەوەیە مرۆڤێکی لاواز و پێوستی بە بنەچە و نمونەکانی هەیە تا خۆی پێوە گرێ بدا و لەڕێگای ئەوانەوە ئەمیش بناسن. مەسعود ئەڵێ؛ لەشێخ عەبدولسەلامەوە فێری کلتووری پێکەوە ژیان بووم، کەچی نەمان بینی ڕۆژێ لە ڕۆژان کچێکیان بدەنە سۆرانیەك. تەماشا بکەن ئەوەندە بارزانیەکان ژن و ژنخوازیان لەگەڵ ڕوسی و عەرەب و تورك و کوردی سۆرانی کردوە، لێ نابینین تەنها کچێکیان دابێتە سۆرانیەك. ئاخۆ ئەمەیە کەلتووری پێکەوە ژیان و یەکسانی؟؟!
لە شێخ ئەحمەدەوە فێری دین و خۆڕەوشت بوە،کەچی ڕێز بۆ ئایینەکانی تری وەك یەزیدی دانەناو کچان و ژنانیان لەژێر دەستی پێشمەرگەکانی پارتیدا جینۆساید کران . مەسعود بیری چۆتەوە کەوا لە زاخۆ بارەگاکانی یەکگرتوویان بە قورئانەوە سووتاند. مەسعود باسی دین و خوو ڕەوست ئەکا و نابینێ گەنجانی ووڵات بەهۆی قەیرانەکانی ژێر دەستی ئەو نەفرەت لەخاك و کوردستان ئەکەن.مەسعود نیوەی زەوی کوردستان بەداگیرکراوی ماوەتەوەو سەربازگەی تورك لەناوچەکانی ژێر دەستی ئەودان و کەچی باسی دین و خوو ڕەوشت ئەکا؟! چۆن کەسی ئاییندار و خوو ڕەوشت بەرز ئاوا بیر ئەکاتەوە؟
لەمەلا مەستەفاوە فێری ژیانی پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی بۆوە، کەچی مەلا مستەفا لەو پەڕی بەهێزی و وورەی بەرزی پێشمەرگەوە ڕاگەیاندنی (ئاشبەتاڵ)ی ڕاگەیاند. مەلا مستەفا جگە لە دارجگەرە دروست کردن و تاڵانکردنی ئابوونە و یارمەتی شۆڕش و کوشتنی دیلی پێشمەرگە لەزیندانەکان و چاڵ هەڵکردن بۆ ئەم وئەو چیکردوە.
مەسعود ئەڵێ لە دایکمەوە فێری ڕاستگۆیی بووم،ئاخۆ بەڵێنە بەلێشاوەکانی و پەیمانەکانی خۆی لەیادی کردوون کەهیچیان جێبەجێ نەکران؟! مەسعود ووتی گەر ١٠هەزار واژوو داوام لێبکەن واز بێنە،ئەوا واز دێنم. نەك١٠ هەزار بەڵکە ٥٠ هەزار لەسلێمانی و دەور و بەر واژوویان کۆکردەوەو مەسعودیش وازی نەهێنا.
لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە کاتێ دێت خۆی ئەکا بە دەروێشی تەریقەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی ئەڵێ فێری سەبر و تەحەمولی کردووین،کەچی لەسەر تەنها نووسینێکی دژ بەو هەریەك لە(شێخ ستار،سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان)یان تیرۆر کرد. ئا ئەوەیە سەبر و تەحەمول؟!
لەو پەیامەدا بەهیچ جۆرێ باسی ئەو ١٠ ساڵەی سەرۆکایەتی هەرێم ناکا و داوای سازانی پارتی کەلای بنەماڵەی بارزانی واتە تەسلیم بوون ،ئەکا. ئائەمە ئەو کەسەی باسی ژیانی پێشمەرگایەتی،گیانفیدایی و بەرخودان و سەروەری یاسا و سیستمی دیموکراسی و شتی وا،وا ئەزانێ جگە لە دەروێشەکانی خۆی خەڵکی بڕوای پێ ئەکەن. مەسعود ئەبێ ئەوە باش بزانێ کەوا گەنجی ئەوڕۆ سەیری دەستکەوت و دەرئەنجام ئەکا،نەوەک قسەی ڕیز کراوو بریقەدار.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست