دەقی پەیام و نامەکراوەکەی مەسعود بارزانی سەبارەت بە سازان یان هەڵبژاردنی پێشوەخت
Monday, 10/08/2015, 8:31
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
لە 29ـی 6ـی 2015 سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكمدا بۆ خەڵكی كوردستان ڕامگەیاند كە ئەگەر لەسەر مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم لایەنەكان بەر لە 20ـی 8ـی 2015 نەگەییشتنە سازان ئەوە هەڵوێستی خۆم ڕادەگەیێنم. وەك دیارە هێشتا لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەم پرسە نەگەییشتوونەتە سازان و هەندێكیش سوورن لەسەر شێوازی كودەتا و، پڕۆژەیان بۆ دروستكردنی قەیران هەیە بەڵام پڕۆژەیان بۆ چارەسەركردن و پاراستنی كوردستان نییە. بۆیە هەڵوێستی خۆم لەبارەی قەیرانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە ئێوەی خۆشەویست ڕادەگەیێنم.
جەماوەری سەربەرزی كوردستان ....
سوپاس بۆ خوای گەورە كە لە گشت قۆناغەكانی خەبات و، لە هەموو ڕووداوەكان و گشت بەرپرسیارێتییە شۆڕشگێڕی و حیزبی و ڕەسمییەكاندا لەگەڵ گەلی كوردستان و نەتەوەی كورد ڕاستگۆبوومە. هەموو كاتێك لەبەر بەرژەوەندی گشتیی هەموو راستییەكان ناگوترێن، بەڵام هەمیشە خۆم لەژێر ئەو بەرپرسیارێتییەدا بینیوە پێویستە هەر شتێك كە بە گەلەكەمان دەڵێم، راستگۆیانە بێت .
زۆر بەداخەوە كە دۆخی سیاسی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا. لەبارەی ئەو قەیرانەی كە ئێستا گەلی كوردستانی پێوە سەرقاڵكراوە، دەمەوێ هەندێ ڕاستی بۆ گەلی كوردستان ئاشكرا بكەم و ڕوونبكەمەوە. پێش هەموو شتێكیش دەمەوێ باسی هەندێ قۆناغی سیاسی دوای راپەڕین بكەم، كە خۆم ڕۆڵم تێدا گێڕاوە .
شۆڕشی كوردستان لەپێناو ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەریدا هەڵگیرساوە. لەو ڕوانگەیەشەوە لەدوای ڕاپەڕین لە گردبوونەوەیەكی جەماوەریی فراواندا لە شاری كۆیە لە ئاداری 1991 بە خەڵكی كوردستانم ڕاگەیاند كە دەبێ هەڵبژاردن بكرێت و، شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی هەڵبژاردن و دیموكراسی و دەستوور. شانازیش بەوەوە دەكەم كە خەباتم لەپێناو دیموكراسیدا كردووە و بانگەوازم بۆ یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراسیانە كردووە لە كوردستاندا. بە قوربانیدان بە ئەنجامە راستەقینەكانیش، وامانكرد كە گەلەكەمان لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا رەنج بەخەسار نەبێت، بەوشێوەیەش یەكەم پەرلەمان و حكوومەت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە لەمێژووی كوردستاندا دروستبوون، بۆ ئەوەی حوكمی یاسا جێگیربێت و كوردستان ببێتە وڵاتێكی دامەزراوەیی. شانازی دەكەم كە گوتوومە نابێ كەس لە كوردستاندا لە یاسا بەرزتربێت و، بەدرێژایی كاری فەرمیی خۆم پابەندی بووم و هەوڵمداوە بنچینەكانی باڵادەستبوونی یاسا بچەسپێنرێن. لەكاتی كێشە و تووندوتیژییە ناوخۆییەكانیشدا هەمیشە هەوڵمداوە كوردستان لە شەڕ دووربخەمەوەو، كە شەڕیش هەڵگیرساوە هەوڵی دروستكردنی ئاشتیم داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموكراسی لە وڵاتی ئێمەدا بەردەوام بێت. لەو بوارەدا ناتوانم ڕۆڵی برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال لەبیر بكەم، كە سەرەڕای ڕێگیریی ئەوانەی حەزیان لە ئاشتی نەبووە، هەوڵیدا بۆ ئاشتی و، سوپاس بۆ خوا توانیمان پێكەوە ئاشتی لە كوردستاندا دروستبكەینەوە و، لە ڕێگەی ڕێككەوتنی ستراتیژییەوە، جارێكی دیكە درێژە بە پڕۆسەی دیموكراسی بدەینەوە. هەرچەندە زۆر كەس و لایەن كەوتنە دژایەتیكردنی، بەڵام ڕێككەوتنەكە لەناوخۆ و عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ گەلی كوردستان زۆر پێشكەوتنی بەدیهێنا.
لەساڵی 2005 لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ كێشەیەكمان نەبوو كە سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یان لەلایەن خەڵكەوە. هەرچەندە هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆك بووم لەلایەن خەڵكەوە. بەلای منەوە ئەوە گرنگ بوو كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی لە كوردستاندا دروستببێت و سەرۆكێك بێت بتوانێ خزمەتی گەل و نیشتیمان بكات، چونكە كوردستان لە دۆخێكدا بوو پێویست بوو پایەكانی دەسەڵاتدارێتی خۆی بەهێز بكات. بەڵام ئەو كات زۆر لەوانەی ئێستا فرمێسك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە پەرلەمان دەڕێژن، بە خەڵكیان دەگوت "كە پارلەمانتارەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆك تووشی ئیحراج دەبن و ناوێرن بە ئازادیی تەواو و بە باشی دەنگ بە سەرۆك بدەن. بۆیە ئەو سەرۆكەی لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، سەرۆكێكی شەرعی نییە، و زادەی ڕێككەوتنی حزبەكانە و دەیانگوت دەبێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت". ئەوەو هەندێ بابەتی دیكە وای كرد لەساڵی 2009 كە بەرپرسیارێتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بگرمەوە سەر شانم و پێداگیریم كرد كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت. بەوشێوەیە هەڵبژاردن كرا و هەموو لایەكیش دەزانێ سەرەڕای هەموو چەواشەكارییەكان، ئەنجامەكەی چۆن بوو .
كەچی ئێستا دەبینین بەشێوازێ خۆسەپاندن و، دوور لە بنەما و ڕۆحیەتی تەوافوق و پێكەوەبوون كە سەرۆكایەتیی پارلەمان و كابینەی هەشتەمی لەسەر دامەزراوە و دەسەڵاتی پێ بەڕێوەدەبرێت، هەندێ لایەن دەیانەوێت شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی بگۆڕن، و ئەوەیش مەبەستی شەخسی و سیاسی لە پشتە.
گەلی خۆشەویستی كوردستان شایەتی ئەوەم بۆ دەدات كە بەدرێژایی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵمداوە ئارامییەكی سیاسی ناوخۆیی لە كوردستاندا هەبێت، حیزبەكان نەكەونە وێزەی یەكتر، بەڵكو وزەی خۆیان لە پێشخستنی وڵاتدا بەكار بهێنن. هەوڵمانداوە حیزبەكان بەسەر گرفتە ناوخۆییەكانیاندا زاڵ بن بۆ ئەوەی لە عێراقدا بەهێز بین و بتوانین یارمەتیدەری بەشخوراوانی دیكەش بین. سەرباری ئەو قەیرانە داسەپاوانەیش توانیمان ڕووبەڕووی داعش ببینەوە، هەروەكچۆن پێشتریش توانیمان لەبەردەم هێزی دیجلە و لەشكركێشییەكانی دیكەیشدا بوەستین.
ئەو نەفەسەی لە 23ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ویستی لە پەرلەمانی كوردستاندا خۆی بسەپێنێت لەنیازی تێكدانی سازان هەڵقوڵا بوو. چونكە پێش هەمووان لە 16/7/2013 داوام كرد لە پەرلەمان و هەموو لایەنەكان كە سازان لەسەر پڕۆژەی دەستوور بكەن، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوپەڕی ئامادەیی ئێمە بۆ لەبەرچاوگرتنی تێبینی و ویستی هەموو لایەنەكان. بۆ ئەوەی دەستوورێك دابنێین كە تەوافوقی هەمووانی لەسەربێت و سیستەمی وڵاتەكەمان ڕێكبخات، بە شێوازی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشەوە كە ئەوانیش بەشێكن لە پڕۆژەی دەستوور. بۆ ڕوونكردنەوەی راستییەكان و بە بیرهێنانەوەش، دەقی ئەو دێرانە وەك خۆیان لێرەدا دەهێنمەوە كە لە پەیامەكەمدا هەبوون : " داوا لە سەرۆكایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە لەژێر ڕۆشنایی ئەو نامەیەم كە لە 12ـی 6ـی 2013ـدا ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم كردبوو، دوای هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. ئەو كات هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو ئەمانەتەی لە دەست ئێمە دایە بدەینە هەر بەڕێزێكی دیكە كە متمانەی گەلی كوردستان بەدەست دەهێنێت" ئایا ئەم داوایە مانای ئەوە بووە كە من دەمەوێ لەسەر كورسی بمێنمەوە؟ یان بەو مانایە بوو وڵاتەكەمان ببێتە خاوەنی دەستوور و پڕۆسەی سیاسی لە دەنگی گەل و سازاندا بەرجەستە ببێت؟ دەیانەوێ ڕاستییەكان پێچەوانە بكەنەوە و وا پێشانی خەڵك بدەن كە ئێمە دژی بنەماكانی دیموكراسی و یاساین و خۆیان پارێزەری یاسا و دیموكراسین. ئەوە لە حاڵێكدایە كە من بە ڕوونی داوای هەڵبژاردن و سازان و چارەسەرم لە لایەنەكان كردووە و ئامادەیش بوومە بۆ جێبەجێكردن و پابەندبوون بە یاسا.
ئێمە دەمانویست بەوشێوەیە بە گفتوگۆ و سازان لەسەر هەموو یاساكان رێكبكەوین. گەورەترین بەڵگەی ئەو هەڵوێست و روانگەیەی ئێمە، ئەوە بوو كە لەبارەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانەوە نواندمان .
ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان بە كۆدەنگیی 36 حیزبی كوردستانی لە كۆبوونەوەی حیزبە كوردستانییەكان لە كۆیە رێككەوتنی لەسەركرابوو. ئینجا لە پەرلەمانی كوردستاندا بە دەنگی 96 پەرلەمانتار پەسەندكراو، تەنیا ئەوە مابوو گەلی كوردستان لە ریفراندۆمێكدا دەنگی لەسەر بدات، بەڵام لەپێناو گەشەپێدانی ئەو سازانەی دروستببوو، ڕازیبووین پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان نەخرێتە ریفراندۆمەوە. بەڵام بەداخەوە هەڵپەی سەپاندنی ئیرادەی دوور لە تەوافوق و هەوڵدان بۆ ڕووشاندنی هێز و كەسایەتی و ڕەمزە سیاسییەكان لەپێش چاوی خەڵكی كوردستان، وای لێكردن تەوافوق تێكبدەن. ئەوەی ئێمە پێش دووساڵ داوامان دەكرد لەسەری رێككەون و، بە ڕۆحیەتی سازان ڕەفتارمان كرد و نەرمیمان نواند لە نەناردنی پڕۆژەی دەستوور بۆ ریفراندۆم. لەكاتێكدا هەموو لایەنەكان خەریك بوون لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەیەكتر دەچوونە پێشەوە بۆ گفتوگۆكردن، ئەوانەی بە ڕك و كینەوە بیریاندەكردەوە، لێدوانیان دەدا و دەیانگوت: "چۆن پڕۆژەی دەستوورمان پێ هەڵوەشاندنەوە بە هەمانشێوەش ناچاریان دەكەین ملكەچبن بۆ گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەگەر نا دەبێ لە هەولێریش دەریان بكەین". لە كاتێكدا هەموو دۆخەكە زۆر ئاسایی بوو و پێویستی بەو ئاڵۆزكردن..
هەوڵی تێكدانی یەكڕیزییەكە بە ئاشكرا لەناو پەرلەمانیشدا كاری لەسەركرا، بە پێشكەشكردنی پڕۆژەی هەندێك لە حیزبەكان بۆ گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بە زیادەی یەك دەنگ بتوانن یاساكان بگۆڕن و، دروشمەكەی خۆیان بەلاوەنا كە دەیانگوت: "دەبێ هەموو ئەو یاسایانەی كە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە بە سازان بڕیاریان لەسەر بدرێت نەك بە زۆرینە و كەمینە"، كە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم یەكێكە لەو یاسایانە. لەگەڵ ئەوەشدا دیسان هەوڵماندا تەوافوق بپارێزم و لە 18ـی 5ـی 2015 لەگەڵ حیزبە بەشدارەكانی حكومەت و پەرلەماندا كۆبووینەوە و داوامان لێكردن بە سازان و بەشێوەیەكی یاسایی ئەو پرسە چارەسەر بكەن، بەڵام بەهۆی ئەو كەشوهەوایەی بە ڕق و كینەوە دروستكرابوو، هەنگاوی بۆ نەنرا .
وەك ئەرك و پابەندبوونمان بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و، لە 13/6/2015 داوامان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد كە رێوشوێنە پێویستەكان بگرنە بەر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام وەڵامی كۆمسیۆن ئەوەبوو كە ناتوانێ هەڵبژاردن بكات.
هاووڵاتیانی خۆشەویست
شانازی دەكەم كە بەشدارێكی سەرەكیی دانانی بناغەی دیموكراسی و ئاشتیم لە وڵاتەكەماندا، شانازی دەكەم هەر لە لاوێتییەوە پێشمەرگەی ئازادیی گەل و وڵاتەكەی خۆمم. ئەو وڵاتەی خەباتم بۆ دەكرد سەرۆكی هەتاهەتایی تێدا نەبووە و، ئێستاش دژی ئەوەین كە سەرۆكی هەتا مردنی هەبێت. هەر وەكوو دڵنیام گەلی كوردستان ڕێگە نادات بكەوێتە ژێر باری سەپاندنی ئیرادەیەكی خۆسەپێنەر. ئێستا گەلی كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە. ئەوانەی دەڵێن ئەوە بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵك و پاساو هێنانەوەیە، خۆیان دەزانن ئەوانە راستین و بەوشێوەیە گەلی كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبەن.
كۆبوونەوەی پارلەمان لە 23ی حوزەیران هەڵگەڕانەوە بوو لە بنەمای ئەو سازانەی كە چەندین ساڵە پەیڕەومان كردووە و لەسەری ڕێككەوتبووین. هەموو داوایەكیان بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكە و دەرفەتدان بە تەوافوق ڕەتكردەوە و ئەوەیش تێكدانێكی تەواوی ئەو متمانە و سازانە بوو كە خۆیشیان چەند ساڵ بوو بانگەشەیان بۆ دەكرد . كەچی پۆستەكان و لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق لەسەر بنچینەی ئەو تەوافوقە دابەشكراون، لەوانەیش پۆستی سەرۆكی پارلەمانی كوردستان هەرچەندە ئێستا بێلایەنی و میسداقیەتی خۆی لەدەست داوە. ئەگەر تەوافوقیش نەمێنێت دەبێ پێداچوونەوە بە هەموو ئەو ڕێككەوتنانە بكرێت كە لەسەر بنەمای تەوافوق لەنێوان لایەنەكان ئەنجام دراوە.
رۆژی 16/4/2015 پەیامێكمان ئاراستەی گەلی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و هەموو لایەنە سیاسییەكان كرد، لەوێدا ئاگادارمان كردنەوە كە هەوڵێكی مەترسیدار هەیە بۆ دروستكردنەوەی دووبەرەكی و دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوكات كەسانێك بە خەڵكیان دەگوت ئەوە بۆ ترساندن و چەواشەكردنە، ئێستا دوای 23ی حوزەیران، جەماوەری كوردستان دەزانێت ئەو مەترسییەی ئەوكات خستمانەڕوو، بەداخەوە بەشێوەیەكی زۆر زەق دەركەوت. هەر وەك لە چەند لێدوانێكیشدا ئەو كەسانە بێ پێچ و پەنا حەزی خۆیان بۆ پارچەكردنی كوردستان نەشاردەوە. ئێمە لە 2004 ڕێگەمان بە فیدرالی پارێزگاكان و پارچەكردنی كوردستان نەدا و ئێستاش رێگە بە پارچەكردنی خاك و گەلی هەرێمی كوردستان نادەین .
گەلی خۆڕاگری كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە...
لەكاتێكدا ئێمە لەشەڕێكی بەرفراوان و درێژخایەنداین لەگەڵ داعش، هەموومان ماتەمبار و خەمگینین بۆ سەدان پێشمەرگەی شەهید و بریندار، سەدان كچ و ئافرەتی رفێندراومان ، بەشێكی زۆری ئاوارەی میللەتەكەمان لەژێر چادردا دەژین. بۆیە بەڕاستی نەمدەویست هیچ پەیامێك بەمشێوەیە لەمكاتەدا بڵاوبكەمەوە، بەڵام چونكە دۆخەكەیان گەیاندە ئەو ئاستە ناخۆشە، كە وڵاتانی دراوسێ و دۆست پێماندەڵێن دروستبوونی ئەم قەیرانە هەڵەیە و زیانتان پێدەگەیەنێت. هەروەها لەبەرئەوەی مەسەلەكە بە شەخسی منەوە پەیوەستكراوە، بە پێویستم زانی ئەو پەیامە بە ئێوەی خۆشەویست رابگەیێنم .
من خۆم بە قوتابیی قوتابخانەیەكی پیرۆز دادەنێم. لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی فێری كولتووری پێكەوەژیان و قوربانیدان لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان بووین. لە شێخ ئەحمەدی بارزانی فێری ئەوەبووین كە دین پێش هەموو شتێك ئەخلاقە و، بیروباوەڕ لە كۆت و زنجیرەكان بەهێزترە. لە مەلا مستەفای بارزانی فێری ژیانی پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی بووین. یەكەم شتیش كە دوور لە باوك و بنەماڵەكەمەوە فێری بووم، دایكم فێری كردم كە ئەویش راستگۆیی بوو. لە تەریقەت و، مەولانا شێخ خالدی نەقشبەندی فێری تەحەممول بووین. لە پارتی و شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان فێری كوردستان یان نەمان بووم، هەروەكو فێر بووم بە ئومێدەوە بەرەو ئاییندە بچم. لە دایكی شەهیدانەوە فێری بەرەنگاریی بەردەوام و خۆڕاگری بووم و لە پێشمەرگەش فێری بەرخودان و رەتكردنەوەی هەموو ئیرادە سەپاندنێك بووم. بڕوای تەواویشم بەوەیە سەركەوتنی گەلی كوردستان لە یەكڕیزی دایە و ڕاپەڕینی 1991 نیشانیدا كە یەكڕیزی مەرجی سەركەوتنە.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەدوای ئەوەی لەگەڵ شاندێك كە سەفەری ئەمەریكا و ئەوروپامان كرد، ئاسۆییەكی ڕوونتر لەجاران لەبەردەم پرسی سەربەخۆیی گەلی كوردستان هاتە كایەوە. بەڵام بە دروستكردنی ئەم قەیرانە ئەم ئاسۆیە دەكەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە. ئەو ئاسۆیەی كە گەلی كوردستان ساڵهای ساڵە خەباتی بۆ دەكات خەڵكێك هەیە وای بۆ دەچێ ئەگەر لەسەر دەستی مەسعود بارزانی بهێتە دی ئەوە نامانەوێ بەڵام من مەمنوونی ئەو كەسە دەبم ئەو ئاواتەی گەلی كوردستان بێنێتە دی و هەر ئەوەیشە جیاوازیی نێوان من و ئەوان.
كوردستانیانی ئازیز، پێشمەرگە قارەمانەكان
هاوڕێ لەگەڵ ئێوە رێز لە سەروەری هەموو یاساكانی وڵاتەكەی خۆمان دەگرم، سومعەی پێشمەرگایەتی خۆیشم بەهیچ شتێك ناگۆڕمەوە، پێشمەرگەی سەربەخۆییم و ئەوەیش لە هەموو پۆستێك گەورەتر دەزانم و هەر كەس بڕوای بەو ئامانجە هەبێت هەڤاڵ و برای ئێمەیە. هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان بە كوڕ و كچ و كەسی خۆم دەزانم. هەموو گەلانی ناوچەكەش بە دراوسێ و دۆستی خۆمان دادەنێین. پابەندبوونی خۆیشمان بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئاشتی و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دووپات دەكەینەوە.
سەبارەت بە سیستەمی سیاسیش، سیستەمی كوردستان پەرلەمانییە و ئەوە زۆر بە ڕوونی لە مادەی 1ـی ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووریشدا هاتووە. لەوانەیە تێڕوانینی جیاواز لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەبێت. لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك پێشنیاری ئەوە دەكەم ئەم بابەتە گەل یەكلایی بكاتەوە و ڕاپرسی بكرێت لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك. چونكە خەڵكی كوردستان هەموویان حزبی نین و نابێ مافی خەڵك زەوت بكرێت.
هەتا لە ژیاندا مابم من خۆم بە پێشمەرگەی نیشتیمانەكەم و هەموو گەلی كوردستان دادەنێم. هەموو گەلی كوردستان لای من خۆشەویستە، هەموو تەمەنی خۆیشم بۆ ئەو گەل و وڵاتە تەرخانكرد و، هەمیشە ئەوەم بە ئەرك تەماشاكردووە و لەهەموو شتێكیش زیاتر شانازی پێوە دەكەم. ئەوەی بۆ من گرنگە هەڵسەنگاندنی پێشمەرگە و خێزانی شەهیدان و خەڵكی خاوەن ویژدانی وڵاتەكەمە.
لە كۆتاییدا بۆچوونی خۆم بۆ دەرچوون لەم قەیرانە بۆ ئێوەی خۆشەویست دەردەبڕم:
یەكەم: بۆ چارەسەركردنی كێشەكان خۆسەپاندن و شێوازی كودەتا هیچ ئەنجامێكی نابێت و قابیلی قبوڵیش نییە.
دووەم: هەموو حزبەكانی ناو حكوومەت و پارلەمان پەلە بكەن لە ڕێككەوتن لەسەر چارەسەرێك بە سازان كە لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتیماندا بێت.
سێیەم: ئەگەر نەگەییشتینە سازان دەبێ بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچین.
لە كۆتاییدا دەبێ هەموومان دڵسۆزانە بەردەوام بین لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی كوردستانی عێراق و زەمینەسازیی زیاتر بۆ مافی چارەنووسی گەلی كوردستان و ئاییندەیەكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان.
داوا لە پێشمەرگە خۆشەویستەكان دەكەم قەیرانی سیاسی و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم بە هیچ جۆرێك كاریگەری لەسەر ورە و خۆڕاگریی ئێوەی قارەمان نەكات و چۆن تا ئێستا دلێرانە لەبەرانبەر دوژمن وەستاون و بەرپەرچی تیرۆریستانتان داوە هەر ئەوەهایش بە ورەیەكی پۆڵایین بمێننەوە و منیش لەگەڵ ئێوەی خۆشەویستم و پاڵپشتتانم.
داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستانیش دەكەم وریا و ئاگادار بن و ڕێگە نەدەن یاری بە چارەنووسیان بكرێت.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان
سڵاو لە پێشمەرگە
سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
٠٩ -٠٨ - ٢٠١٥
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست