کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەمریكا داوای سازان لە هەردوو حزبەكەی خۆی دەكات بۆ پرسی سەرۆكی داهاتوو

Sunday, 09/08/2015, 6:38


لەم قۆناغەدا ئەمریكا گیرۆدەی كۆمەڵێك قەیرانی نێوخۆیی و جیهانی بووە و جگە لە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری پاش ئۆباما هیچ رێگە چارەیەكی نیە . لە میانی بابەتی نێوەندیگیری نیوان لایەنە سیاسیەكانی ئەمریكا، وەفدێكی دەرەكی بە سەرۆكایەتی پۆتین سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن  بۆ ئەوەی راو بۆچونی دیموكرات و كۆماریەكان بزانن و لەیەكیان نزیكبكەنەوە و سازانێك لەمەر ئەو پرسە گرنگە بكەن و لەو میانەشدا مەكسیك و كەنەدا و بەرازیل بە دەستێوەردان و كاری خێر لە هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر گەورەدان بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بۆ خولێكی تر ئۆباما بنوسێت بە كورسی و جیگەكەی خۆیەوە و تاوەكو بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی و شەری داعش و كێشەی ئابوری و بێ كارەبایی و نەبونی موچە وپرسە هەمەجۆرەكانی نێوخۆی ئەمریكا و جیهان تەواو دەبن و بوار دەرەخسێت سیاسەتمەدارانی خۆیان بۆ وڵاتەكەیان برێك لە كاتەكەیان تەرخان بكەن، تا ئەو كاتەی هەلی هەڵبژاردنی سەرۆك دێتە ئاراوە، بۆیە میللەت دەبێت سەبر بگرێت ، هیچ كێشەیەك نیە ئەگەر سێ مانگ جارێك مەعاشی خۆیان وەرگرن وچاوەرێی دەرئەنجامی كۆتایی كێشەكان بن . ئەگەر خوانەخواستە كێشەكان درێژەی كێشا ئەوە پێویستە بیرێك لە درێژكردنەوەی سێ خولی تری ئۆباما بكرێتەوە تاوەكو بارودۆخەكە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵبژاردن، زۆر پێویست نیە كە باس لە دیموكراسی و دەستاودەست كردنی دەسەڵات بكرێت و ئەوەی فەرزە نەك سونەت كە خەڵك بە هەژارو دەوڵەمەندیەوە ملی خۆی بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەی ئۆباما شۆر بكات .
ئەگەر ئەوە راست بێت كە ئەمریكا وەك پارتی داوای سازان دەكات بەدەر لە رێوشوێنە یاساییەكان،بەڵام ئەوەی چاوەروان كراوە كە ئەمریكا جەخت لەسەر ئارامی و ئۆقرەیی هەرێمی كوردستان بكاتەوە بە هەر شێوەیەك پرسی سەرۆكایەتی هەرێم تێپەرێندرێت، ئەوە كەی مەنتیقە كە لە وڵاتێكی زلهێزی دونیای وەك ئەمریكا، بەو هەموو توانا و مێژووەوە بۆ پرسێكی دیموكراسی لە نیمچە هەرێمێكی وەك كوردستان پەنا بۆ ئالیەتێكی رۆژهەڵاتی سواو ببات، ئەمە جگە لە چەواشەكاری وڵاتێكی سەرمایەداری بەرژەوەندخواز، هیچ ناگەیەنێت و هیچی تری لێ نابینرێت، بەڵام زۆر جار ئەم سیاسەتەش لەزۆر پرس لە جیهاندا دەبینین، ئەمەیە دووفاقیزمی سیاسەت و كردەوەی وڵاتانی سەرمایەداری، كە هەر كاتێك بزانن نادیموكراسی لەبەرژەوەندیاندا بێت لە هەر شوێنێكی دونیا نەك خودی وڵاتەكەی خۆیان، جەختی لەسەر دەكەنەوە و چش لە میللەت و سیستم و دەسەڵات و بەرژەوەندی هاوڵاتیانی ئەو جێگانە دەكەن  .
دیارە داواكاری ئەمریكا بۆ سازانی لایەنەكانی كوردستان لەمەر پرسی سەرۆكی هەرێم بەو شێوەیە نیە كە خودی پارتی خەریكە لە خۆشیا گەشكە دەكات بەو هەواڵە، بەڵكو بە بەهانەی تێكنەچونی بارودۆخی نێوخۆی كوردستان و بەردەوامی شەری داعش و قەیرانە ئابوری و دارایی و سیاسیەكانی كوردستان بە باشی دەزانێت باری سیاسی كوردستان بە بنبەست نەگات نەك سازش لەسەر دیموكراسی و پرسی دەستاودەستكردنی دەسەڵات بكرێت، بۆیە دەبێت سەرجەم لایەنەكان لەوە دڵنیا بن كە ئەگەر كوردستان لەم بارودۆخەدا ئەمریكا بوایە هەرگیز هەڵبژاردنی دوانەخست و سیستمەكەی بەوشێوەیە بە هەڵپەسێردراوی نەدەهێشتەوە و، ئەگەر هەركەسێك داوای سازانی لێبكردایە بەرەنگاری دەبووەوە . 
ئەگەر لەو روانگەیەوە تەماشای پرسەكەی خۆمان بكەین كە ئەمریكا  لە پانتاییەكی فراوانی ناوچەكە و لە پەنجەرەی بەرژوەندیە گەورەكانی خۆی لەم ناوچەیەوە ، كورد وەك رەقەمێكی بچوك لەئاست پرسە گەورەكانی ناوچەكە  دەروانێت، تەماشا بكەین، دەبێت لایەنەكان لەو بارەوە  وریا بن كە بە ناكامڵبونی پرسێكی گرنگی وەك قەیرانی سیستمی سیاسی و سەرۆكایەتی هەرێم و لە پرسێكی سیاسی ستراتیجی  و یاسایی گرنگی لەم شێوەیە هیچ وڵات و لایەنێك بەقەد كوردستان زەرەر لە دەردانە سەلبیەكانی هێشتنەوەی قەیرانەكە وەك خۆی ناكات، بۆیە یەكلاییكردنەوەی ئەم پرسە تایبەتە بە خودی كوردستان  و خەڵكی كوردستان خۆیەوە نەك هیچ لایەن و كەس و دوڵەتێكی تر، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بە خۆیان نەكەونە ژێر ركێفی هیچ لایەنەێك ئەكەر ئەمریكاش بێت و رێگەی راست لای خۆمانە و ئەمریكا سەرەرای ئیدعای دیموكراسیەت و ئازادی بەڵام لە ئاست بەرژەوەندیەكانی خۆی ئەو چەمكانە بە دروشم دەهێڵێتەوەو، ئەمریكا هەر ئەو وڵاتەیە كە پشتی لە كورد كرد و لەم رۆژانەشدا دووبارەی كردەوە لە باكوور و رۆژئاوا . بۆیە  نابێت بۆ سەرجەم داواكانی بەڵی بفەرموین، ئەگەر خۆمان خاوەن ئیرادە و ویست و ئامانجی خۆمان بین و بەخۆمان چارەنوسی خۆمان دیاری بكەین ئەوسا ئەو وڵاتە زلهێزە زیاتر رێز لە ئیرادەی ئێمە دەگرێت، نەك هەردەم بە تاڵ و شیرینی ئەو بڵێین خۆشمەزەیە و تەنها ئامینمان لەسەر بێت  .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە