کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆژێک بۆ کچانی رۆژنامەنوسی کورد

Friday, 07/08/2015, 22:28


هاوشانی رەگەزی بەرامبەریان، هەمیشە کچانی رۆژنامەنوسی کورد دەبینین لەنێو کەناڵەکانی راگەیاندن کە بەکاری رۆژنامەنوسی هەڵدەستن، چ وەک بێژەربێت یاخود وەک هەواڵسازو ئامادەکارو جێبەجێکاری بەرنامەی تەلەڤزیۆنی، چ کە دەبینرێن وەک پەیامنێرو فۆتۆگرافی رۆژنامەوانی لەنێو چالاکییەکانی شەقام و خۆپیشاندان و روداوە گەرمەکان پیشەییانە کار دەکەن، یاخود لەنێو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا دەبینین هەواڵ و راپۆڕت دەگوازنەوەو زانیاری دەبەخشن بەبینەرو بیسەرو گوێگری ئەو کەناڵەی کاری بۆ دەکەن.
کچانی رۆژنامەوانی کورد چالاکانە بە ئەرکی پیشەیی رۆژنامەوانی هەڵدەستن و لەو پێناوەشدا قوربانی گەورەیان داوە، لەپاش ئەوەشی کەهەرێمی کوردستان کەوتە نێو سەنگەری شەڕی دژ بە داعش، چەندین جار لەنێو بەرەکانی شەڕدا، پەیامنێرو رۆژنامەنوسی مێینەمان بینیوە، کەشانبەشانی پێشمەرگە و شەڕڤان بەرامبەر بە دوژمن بەپیشەکەیان دەجەنگان و کاری رۆژنامەوانی خۆیان دەکرد، لەو ساتە سەختانەدا دەمانبین کە چۆن دەتوانن هەواڵ و زانیاری بگوازنەوە بۆبینەرو بیسەرو خوێنەری کەناڵەکانیان، بەڵام کەم هەیە لەو رۆژنامەنوسە کچانەی کە بتوانێت بچێتە نێو بەرەکانی جەنگ، کەم مرۆڤ هەیە لەپێناوی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری، توانای ئەوەی هەبێت رۆحی خۆی بخاتە مەترسییەوەو ژیانی لەلێواری مەرگدا بێت، رۆح شیرینەو ژیان خۆشەویستە لەلای مرۆڤ، کەجەنگ رویکردە هەرجێیەک، هەمیشە مرۆڤەکان لەهەوڵی ئەوەدان کەخۆیان لەمەرگ دەرباز بکەن، بەڵام ئەخلاق و بنەمای پەیامنێرو رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەرو کامێرەمانی جەنگ پێچەوانەی ئەو تێڕوانینەیە، مرۆڤی رۆژنامەوان و کامێرەمانی جەنگ هەمیشە ژیانی خۆیان و رۆحی خۆیان دەخەنە نێو لەپی دەستیان و وەک چەپکێک گوڵ دەیبەخشن بەبەرامبەرەکەیان.
کچە رۆژنامەوانی شەهید دەنیز فیرات کە لەدایکبوی باکوری کوردستان بو لەو جۆرە کەسانەبو، کەچالاکانە کاری رۆژنامەوانی دەکردو دەچوە بەرەکانی جەنگ، ئەو چالاکانە هەم وێنەی ڤیدۆیی دەگرت و هەواڵ و زانیاری بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن دەگواستەوە، هەم فۆتۆی کارەساتەکانی دەگرت و وێنای کوردی نیشانی دونیا ئەدا.
٨ ئاب، رۆژی شەهید بونی کچە رۆژنامەنوس و کامێرەمان دەنیز فیراتە، کەلەبەرەکانی جەنگی دژ بە داعش لەمەخمور شەهیدبو، ئەو کە تەمەنە بەهارییەکەی ٣٢ چڵە نێرگزی تەواو نەکردبو، چالاکانە هەواڵ و زانیاری دەگواستەوە بۆ بینەرو بیسەرو خوێنەرانی هەریەکە لە کەناڵەکانی ستێرک تی ڤی، روناهی و مید نوچەو ئاژانسی هەواڵی فورات.
ئەوەش جگەلەوەی کە شەهید دەنیز هەم لەشۆڕشی شاخ و هەم لە زۆربەی چالاکییەکانی نێو شارەکان کوردستان کاری رۆژنامەوانی کردبو، یەکێکبو لەو رۆژنامەنوس و کامێرەمانانەی کە لەشوێنە مەترسیدارەکان بەئەرکی رۆژنامەوانی خۆی هەڵدەستا.
بەپێی زانیارییەکانی ئێمە دەنیز فیرات یەکەم کچە رۆژنامەنوسی کوردە کە لەبەرەکانی جەنگدا شەهید بوبێت، لەهەمانکاتدا یەکەم رۆژنامەنوسیشە کە ساڵی رابردو لەبەرەکانی جەنگی شەڕی دژ بەداعش رۆح خۆی بەخشی بەگەیاندنی راستییەکان و بەخاک و نیشتیمان، رەنگە باشترین رێزگرتن و پاداشت لەخزمەتکردنی ئەو رۆژنامەوانە شەهیدەی قەڵەم ئەوەبێت، کە رۆژی ٨ ئاب وەک رۆژی کچانی رۆژنامەوان و کامێرەمان و میدیا کاری کورد بناسێنرێت لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەش پێویستە کە دەزگاکانی راگەیاندن بەگشتی و پەڕلەمانی کودستان و سەندیکای رۆژنامەنوسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەو کارە هەڵسن، هەر هیچ نەبێت بەدیاریکردنی رۆژێکی تایبەت بە کچان و مێینەی میدیاکاری کورد، رێز لەماندوبونی هاوڕەگەزەکانی دەنیز فیرات بگرن و لەو رێگایەشەوە ناوی بەرزی دەنیز بەرز دەنرخێنرێت و دەمێنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە