لە قەندیلەوە
Friday, 07/08/2015, 22:10
لەقەندیلەوە ڕەنگ ڕێژی بۆ ژیان دەستی پێ كرد،لەقەندیلەوە شورای لەمێژینەی ئاغاو ڕەعیەت داڕما ،لەقەندیلەوە ڕۆڵی سەرەكی بۆ ژنان گێڕدرایەوە،لەقەندیلەوە پۆست وپلە تەنها بۆ خزمەت وئەرك بەخشرایە تاكەكان، لەقەندیلەوە فرۆشتنەوەی خەبات بەمیللەت كۆتایی پێ هێنرا، لەقەندیلەوە دەستەواژەی ئازادی لەبازنەی درووشم هێنرایە دەرەوەو بەپراكتیزەیی كرا، دواترین بەخششەكانی قەندیل ،سەركەوتنی حەوتی حوزەیران لە باكور، خۆبەڕێوەبەری كانتۆنەكان لەڕۆژئاوا، دروستكەری هاوسۆزی باشوور بۆ بەرخودانی بەشەكانی تری كوردستان شكستی هاوپەیمانە تازە لەدایك بووەكەی(توركیا)، ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش،لەهەمووی گرنگترخەونی پیاوە (خاوەن هەستریا)كەی توركیا بۆ یەكسان كردنی خەباتی نەتەوەكەمان لەباكور بە تیرۆرو دڕندەیی پاڵپشتكراوی داعش لەزیهنیەتی تاكەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كەئەمەش دیسانەوە ئەمریكا دەخاتە ژێر پرسیار،چونكە لێدانی پەكەكەو،بۆردومانی قەندیل هاوكاتە لەگەڵ وەرگرتنی بنكەی ئەنچەرلیك لەلایەن ئەمریكاوە، بۆیە دوو فاقەیی سیاسەتی ئەمریكا بەڕوونی وەدیار دەكەوێت، من وەكو تاكێكی كورد ووتومە ئەمریكا سیاسەتی تەمومژاوی بەرامبەر بەكورد پیادە كردووە بەدرێژایی سەرهەڵدانی خەباتی كوردان لەسەرەتاكانی سەدەی ڕابردوەوە تا ئەم سەردەمەی خۆمان ،ئێستا توركیای ئەندام لەناتۆ كەخودی ئەمریكاش ئەندامە لەو پەیمانەدا نەی توانی شكستەكانی بەرامبەر بەكوردان قبوڵ بكات بۆیە شكستی پرۆسەی چارەسەری یەك لایەنە ڕاگەیاند،بەو هیوایەیی لەبەرەكانی جەنگدا دەستكەوتێك بەدەست بێنێت،بەڵام ئەمجارەش قەندیل سەربەرز دەمێنێتەوە چونكە شەقامی كوردی بەگشتی و كوردانی باكور بەتایبەتی(ڕێكخراون)لەژێر ناوێكدا كەپێی دەڵێن(هەدەپە)،بۆیە لێكدانەوەكانی ئەردۆگان بێسەلیقەیی زۆری پێوەدیارەو نازانێت ئاكامی ڕاكردن لەئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن چەند كاولكاری و نەهامەتی بەدوای خۆیدا دێنێت بۆ توركیا،لێرەوە دەتوانین بڵێین كە توركیا لەلێواری لێكترازاندایە لەڕووی پێكهاتەی كۆمەڵایەتیەوە،هەرچی پێگەی كوردانی باشوورە زۆر لاواز دێتە پێش چاو چونكە لەسەر ئاستی باڵای هەرێم ڕەزامەندی ڕاشكاوانەی پیشان داوە بۆ ئەو دەست درێژیانەی توركیا،بۆیە مێژوو دووبارە لەژێر ناوی (بەرژەوەندی دوولایەنە،دراوسێیەتی،پرۆتۆكۆلی سیاسی،بازرگانی...)سەرانی كورد دێنێتە گۆو ئەم پاساوانە دەكەنە قەڵغانی لێپێچینەوە لەبەرامبەر پرسیارو داخوازی گەلەكەماندا، من زۆر خۆشحاڵ دەبووم ئەگەر سەركردایەتی كورد لەباشوور كەخۆی لە بەڕێز(مسعودبارزانی)دا دەبینێتەوە ڕۆڵی ئاشكراكردنی پلانی دەوڵەتی توركی بگێڕایە نەك هەماهەنگ و بەشدار بێت لەتەواو كردنی پلانەكەدا،بەجۆرێك پەكەكە تاوانباربكات بەوەی كە(چەكی دانەناوە)ئەمەش دووبارە بۆ ڕەوایەتی دان بە دەست درێژیەكانی توركیا بەرامبەر بەقەندیل، توركیا لەبەردەم گۆڕانكاریێكی زۆر مەترسی داردایە بەهۆی ئەوەی خەباتی كورد لەباكور كەماوەی دووساڵە دانی بەپرۆسەیەكدا ناوە كە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە بەڕێ خرابووئێستا نكوڵی لێ دەكات و بەتیرۆر ناوزەدی دەكات،هەربۆیە ووڵاتانی ئەوروپی هوشداری توندیان داوەتە ئەردۆگان كە نابێت لەپاڵ شەڕی بەناو داعشدا جینۆسایدی كوردان بكات،ئەمەش پەیامێكە من زۆر بەئەستەمی دەزانم ئەردۆگان بەم نزیكانە لێی تێبگات، ئێستا هاوكێشەكە لەسەر ئاستی ناوخۆی و ناوچەیی ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە پێگەی جەماوەری پەكەكە لەهەرچوار بەشی كوردستان لەهەڵكشاندایە، بۆیە خاوەن بیرە كلاسیكیەكان ئەم بەرەوپێش چونەیان پێ قبوڵ ناكرێت،هەرچی لەسەر ئاستی ناوچەی و نێو دەوڵەتیە ووڵاتانی ئەوروپا لەدوای داستانی كۆبانێ ڕووگەی سیاسەت كردنیان بەلای ڕۆژئاوادا شكاندوەتەوە كە لەقەندیلەوە ئیلهامی وەرگرتووە، بۆیە سەركردایەتی كورد لەباشوور لەژێر قورسرترین تاقی كردنەوەدایە بەرامبەر بەخەباتی كوردان لەبەشەكانی تر،ئەمەش تەنها یەك ڕیزی دەخوازێت بەهەموو ئاستەنگەكانیەوە بەرامبەر بەرژەوەندی ئابووری و پێگەی حزبی لەپێناو دۆزینەوەی خود لەبەرەی گەلدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست