تۆ بڵێیت ئه‌مه ڕاستبێت؟

Thursday, 06/08/2015, 22:35


(به‌ گوێره‌ی بیروباوه‌ڕی ئایننی بودیزم مرۆڤ دوای مردن ده‌بیته‌ ئاژه‌ڵ، داعشێك دوای مردن ده‌بیته‌ مشكێك یان مارمێلكه‌یه‌ك .. هتد )...
بودیزم یەکێکە لە ئایینەکانە نیمچەدوورگەی ھیندستان .. بریتیە لە کۆمەڵێک لە سوننەت، بڕوا، عەمەلی ئایینی کە لە وانەکانی سیدارتا گاوتاما (ناسراو بە بودا) سەرچاوەیان گرتووە. بوداییەکان باوەڕیان بە تەناسخ ھەیە. واته‌ مرۆڤێك كاتێك ده‌مرێت، ڕۆحه‌كه‌ی بۆ ئاژه‌ڵێك ده‌ڕوات.. جا ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ هه‌موو شته‌كی له‌ بیرماوه‌ كه‌ كاتی خۆی ئاده‌میزاد بووه‌. نزیكه‌ی 376 مليون كه‌س له‌ جیهاندا باوه‌ڕیان به‌و ئایینه‌ هه‌یه‌.
زۆرجار بیرم  له‌و ئایینه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕاست بێت؟
ئه‌گه‌ر هاتوو،  بیر و باوه‌ڕی ئه‌و ئایینه‌ ڕاست بێت، له‌ باره‌ی ته‌ناسخی ئه‌رواح كه‌، ڕۆحی مرۆڤ دوای مردن بۆ ئاژه‌ڵێك ده‌ڕوات، جا ئاژه‌ڵه‌كه‌ (سه‌گه‌، پشیله‌یه‌، مشكه‌، قالۆچه‌یه‌، دووپشكه‌..)..به‌ خوای سه‌یره‌ ده‌بیته‌ چ كاره‌سات؟  كابرای داعش به‌ په‌له‌ په‌ل  خۆی ده‌كوژێت بۆ گه‌یشتن به‌ حۆری و به‌هه‌شت، به‌ڵام كاتێك خه‌بری ده‌بێته‌وه‌،  ڕۆحی چۆته‌ ناو پشیله‌یه‌ك یان قالۆچه‌یه‌ك، یان هەر مرۆڤێکی تر. به‌ڵام دوای مردنیان ڕۆحی بۆ باڵندە، یان گیاندرێکی تر دەڕوات. كه‌س نازانی دوای مردن چ ڕووده‌دات؟
حه‌زره‌تی خه‌یام باش وه‌سفی مردنی كردووه‌ له‌و پارچه‌ چوارینه‌یدا دەڵێت:
مردن چییه‌؟ که‌س تێی نه‌گه‌یی تا ئێستا
ته‌وڕات و زه‌بوور، تا ده‌گه‌یه‌ ئاوێستا
زۆر که‌س له‌ ژیان دوواوه‌ زانایانه‌
بۆ باسی مه‌رگ گێل و نه‌زان ڕاوێستا
---------------
له‌ چوارینێكی تردا ده‌ڵێ:
بۆ بیری به‌هه‌شت و ئاگرێ که‌وتییه‌ چاڵ
خۆشتر له‌ خه‌یاڵی شیرنه‌ باده‌ی تاڵ
به‌س ترس و هومێدی بێ نیشان و به‌ڵگه‌
پێشینه‌ ده‌ڵێن: که‌س به‌ خه‌یاڵ نه‌بوه‌ به‌ ماڵ
لێرەدا یه‌ك شت هه‌یه‌،  مه‌سه‌له‌كه‌ هێنده‌ك خه‌ته‌ره‌ چونكه‌ هیچ ڕوون نیه‌، گره‌نتی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نییه‌.. ده‌بێت پێشبینی ئه‌و شته‌ش بكه‌ین، كێ ناڵێت ڕاست بێت؟ هه‌موومان  پێمان خۆشه‌ وه‌ك مرۆڤێك له‌سه‌ر زه‌وی بژین نه‌ك وه‌ك  ئاژه‌ڵێك جارێکی دیکە زیندوو ببینەوە. جا بۆیه‌  باشتره‌ هیچ په‌له‌ نه‌كه‌ین بۆ مردن یان په‌نا به‌رینه‌ به‌ر خۆكوشتن... یان هێندێک كه‌سی بێ ئاقڵ به‌ مردن ده‌ڵێن (شه‌هیدبوون!) . ژیانی مرۆڤێكی كه‌م ئه‌ندام، نه‌خۆش، پیر و په‌كه‌وته‌ .. به‌ هه‌ر جۆرێك بژی،  باشتره‌ له‌وه‌ی دوای مردن ببیه‌ ده‌عبایه‌ك یان ئاژه‌ڵێك.
ئاخیر قسه‌ی من لێره‌دا  ئه‌وه‌یه‌ هیچ په‌له‌تان نه‌بی بۆ مردن، چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ هێنده‌  ئاڵۆزه‌ كه‌س سه‌ری لێ ده‌رناچی. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە