پەکەکە بۆ ئەم داوایە لە پارتی ناکا؟
Thursday, 06/08/2015, 22:13
پێش دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دەوڵەوتی تورکیا بۆ سەر هێزە مرۆیی و بارەگاکانی پەکەکە ،هەریەك لە(مەسروور،نێچیرڤان و مەسعود بارزانی)کەجگە لەوەی ئەندامی بنەماڵەیەکن،هەروەها سەرکردەو لێپرسراوی پارتی دیموکراتی کوردستانن،داوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە و پەیەدەیان لە باشووری کوردستان کرد،کەماوەیەکە وەك خۆبەخش هاتوون بەدەم کوردانی باشوورە و کاریان پاراستنی خەڵکی ئەم پارچەیەی ترە کەدژ بەداعش ئەجەنگن. بنەماڵەی بارزانی و پارتی وەك میوان هێزەکانی پەکەکە ئەبینن و داوایان لێ ئەکەن کە کوردستانی باشوور جێبهێڵن.
کاتێ پارتی و بەرپرسانی داوایەکی وا لە کوردێك ئەکەن،جا ئەو کوردە وەك گرووپ،هێزی چەکداری،ئاوارە،پارتی سیاسی و هەرجۆرەێکی تر،ئەوا کوردبوون و کوردستانیبوونی خۆیان ئەخەنە ژێر پرسیارەوە. کوردستانی باشوور پڕبوە لە ئاوارەی عەرەب کەچی پارتی داوای گەڕانەوەیان ناکا(لێرەدا)؛؛ پارتی مرۆڤدۆستی و کوردبوون و کوردستانیبوونی نیشانی ئەم ئاوارە عەرەبانە ئەدا،لێ بۆ کوردی ڕۆژئاوا و باکوور و تەڤگەرە ڕامیاری و شۆڕشگێڕەکانیان ئەم مافەیان پێ ڕەوا نابینێ. کەواتە بەڕاستی و ڕاشکاوانە پارتی ناتوانێ و نەیتوانیوە کوردبوون و کوردستانبوونی خۆی ساغ بکاتەوە. لێرە بەدواوە ئەشێ هەرچیەك پارتی و مەسعود بارزانی لەسەر کورد و کوردستانیبوون باسی لێوە بکا ئەچێتە خانەی هەڵە و گومان و دواتریش درۆهەڵبستن.
هەڵەیەکی ئەوەندە زەق بەدی ئەکرێ لەنێو بەناو ڕۆشنبیرو سیاسیەکانی کوردی باشوور کە بەڕاستی مانای قبوڵکردن نیەو کاتی ئەوەیە بەخۆیاندا بچنەوەو چیدی ئەو تاوانە کەئەمان بەهەڵە ناوی ئەبەن ،درێژەی پێبدەن. ئەڵبەت بەکارهێنای زارەوەی(کوردستانی عێراق،کوردستانی تورکیا،کوردستانی ئێران و کوردستانی سووریا) کەبەداخەوە هەریەك لەسەرکردەکانی وەك مەسعود،جەلال تاڵەبانی و هەتا مێژوو نووسێکی وەك نەوشیروان مستەفاش بەکاریان دێنن. ئاخۆ کاتێك کوردستان پارچە پارچەکرا و هەر پارچەیەك لکێندرا بەسەر ووڵاتێکی تر،ئاخۆ سەرکردەکانی کورد درکیان بەوە نەکرد کە لەجیاتی کوردستانی عێراق بتوانن بڵێن(کوردستانی باشوور وەیان کوردستانی لکێندراو بەعێراق وەیان کوردستانی بەزۆر خزنێراوی عێراق)؟. هیچ ووڵاتێك لەم گەردوونەدا شتێکی وای نیە وەك ئەوەی بەسەر کوردا هاتوە و سیاسی و هەندێ بەناو ڕۆشنبیرانی دەهۆڵی بۆ ئەکووتن. لەجەزائیر(بەربەری)هەیە،لێ هەرگیز ناووترێ بەربەری جەزائیری.لە کەنەدا هەرێمی فەرەنسی (کوباك)هەیە،لێ هەرگیز ناووترێ فەرەنسای کەنەدی. لەئەمریکا وولایەتی کالیفۆڕنیا هەیە کەکاتی خۆی بەشێك بوە لە مەکسیك و زۆرینەی خەڵکەکەی مەکسیکی و زمانی ئیسپانی بەکاردێنن،لێ هەرگیز ناووترێ مەکسیکی ئەمریکا. لە مۆریتانیا )سەحارا هەیە،لێ هەرگیز ناووترێ سەحارای مۆریتارتی و بەڵکو بەشێکە لەو ووڵاتە. کەواتە شتێك نیە ناوی کوردستانی عێراق بێ. لەبەرئەوەی هێچ ووڵاتی دوو وەیان زیاتر لە ووڵات لەخۆ ناگرێ. بۆ نمونە کوردێکی زۆر لە(سوید)هەیە،لێ هەرگیز ناکرێ و بڵێین کوردستانی سوید. گەر عێراق دەوڵەتێکی عەرەبی بێ،ئەوا وەك جوگرافیا ئەشێ باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی هەبێ،لێ هەرگیز ناکرێ ووڵاتێکی عەرەبی خۆی میلەتێکی تر وەیان ووڵاتێکی تری وەك کرێچی خزانبێتە نێو چوارچێوەی خۆیەوە.
من لام سەیرە کاتێ کەسێکی بەناو ڕۆشنبیر و سیاسی وەك ئەوەی مێژوو بنووسێتەوەو ڕۆڵی هەبێ لەنەخشەی سیاسییدا کەچی نەتوانێ خۆی لەو هەڵەیە ڕزگاربکا و هاوڵاتیانی خۆی ووشیار نەکاتەوە. دیارە کاتی خۆشی جەلال تاڵەبانی کەداوی لەهێزەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستانی کرد کەوا ئەو ئارامی و دەستکەوتانەی باشوور بەهەند وەربگرن و نەبنە مایەی سەریەشە بۆ ئێران،لەهەمان ڕوانگەی ناکوردبوون و ناکوردستانی جەلالەوە بوو.دەنا کاتێك خۆیان لێیان بقەومایە ئەوا بنەو بارگەیان ئەخستە ئەو شوێنەی کەوا ئارام بوو بۆیان. بەهەمان شێوەش گەر هەموان لەسەر ئەوە کۆك بین کەوا کوردستان ماڵ و موڵکی هەموو کوردێکە؛ ئەوا چۆن ڕەوایە بۆ پارتی سەری ڕەش و بۆ یەکێتی قەلاچوالان و بۆ گۆڕان زەرگەتە،ئەوا بەدڵنیاییەوە هەمان ڕەوایەتیە بۆ پەکەکەش قەندیل.
پەکەکە هەروەك چۆن پارتێکی نەتەوەییە،ئاوهاش بەکردەوە سەلماندی کەوا نەتەوەبوونی کورد لەکوردستاندا بنەمای کارەکانێتی. پەکەکە گەر وەك پارتی وابوایە و بەهەمان هزر بیری بکردایەتەوە؛ئەوا دوای داواکاری پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆ چۆڵکردنی شەنگال و مەخمور و قەندیل،بەهەمان شێوە پەکەکەش داوای لەپارتی ئەکرد کەوا (سەری ڕەش)چۆڵبکەن. نەخێر،پەکەکە خۆی لەو ئاستەدا نابینێ و تەنها داوا لەپارتی ئەکا کە هێزە سەربازیەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان بکشێنێتەوە بۆ تورکیا.
ئێمە باش ئەزانین بەهانەی پارتی چیەو لەکوێوە سەرچاوەی گرتوە. بەڵام پێوستە میلەتەکەمان زیاتر ووشیار بن و نەکەونە داو تەڵەی تورك و بنەماڵەی بارزانیەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست