چارەنوسى حزبە باڵادەستەكانى ئەمڕۆى كوردستان بەرەو كوێ؟

Tuesday, 04/08/2015, 13:23


     كوردەوارى واتەنى (زۆرى ڕۆيشتوە و كەمى ماوە)، لەم ماوە كەمەى ماوە حزبەكانى كوردستان بە گشتى و پێنج حزبە بەشدارەكەى پێكهێنانى كابينەى هەشتى كوردستانى باشور بەتايبەتى لەبەردەم بەرپرسياريەتێكى مەزنن بەرامبەر دەنگدەرەكانيان بۆ جێبەجێكردنى بەرنامە و گفتەكانيان.
     لەماوەى دەستبەكاربونيانەوە تاكو ئەمڕۆ، كە خەريكە ڕيسەكە دەبێتەوە بە خورى، بەشدارێكى كاراو سەركەوتونەبوونە و (هەتا ئەو بايە لەو كونە بێت...، ئاسۆيەكى ڕونيش لەبەردەميان نيە و نابێت بۆ ئەوەى پێبچێت لە ماوەكانى داهاتودا لەمەى كە كردويانە زيادتريان پێبكرێت لە داهاتودا..
     بۆيە لە ئێستادا بارودۆخەكان خەريكە دەگاتە دوو ڕيانێك هەريەكەيان ناچاردەبن يەكێكيان هەڵبژێرن نەك هەردوكيان، واتە نابێ داواى خورمژ بكەن بۆ ئەوەى (خورما و مێوژ)يان دەست بكەوێت..، چونكە دەستەكانيان لەلاى خەڵك كەشف بووە و  ئێستا لەبەردەمى ئەزمونێكى چارەنوسسازدان ئەگەر بەشدارى چوار حزبەكە بەم شێوەيە بڕوات كە هەتاكو ئێستا ڕۆيشتوە.. خەڵك زۆر بە ئاسانى لەماوەى داهاتودا بڕيارى فتكردنى كڵاوە بۆشەكان دەدات..
     باپيرانمان لەمێژە گوتويانە (بۆيە پێت دەڵێم خاڵە بۆ ئەوەى چۆلەكەم بۆ بگرى)، دەنگدەرەكانيش جێبەجێكردنى گفت و بەڵێنەكانيان لە حزبەكانيان دەوێت لە بەشداريكردنيان لە حكومەتدا، خۆ ئەگەر سيستەمى حوكمكردن لەجياتى باشتربوون بەڕونى بەدياربكەوێت كە ناگۆڕێت و ناڕونى و نا شەفافى ئەگەر چى زۆر قسەى بريقەدار دەبيستين بەڵام بە كردەوە خراپتر بووبێت، هەر بۆ (مشتێكى خەروارێك) دەپرسين: چى دەربارەى ڕێككەوتنى پەنجا ساڵيەكەى سەرۆكى حكومەتى ئێستا دەزانن (كە لەكاتى كاربەڕێكەريدا يەك لايەنە و بە تاكڕەوى لەگەڵ توركيا ئەنجاميداوە)؟، ئەرآ پارەى شيرينيەكان وەكو پاقلاوە يان وەكو شعرالبنات خورا؟، ئەرێ پارەى فرۆشتنى نەوتى ئاپۆراى تانكەرەكان وەكو چارەنوسى شۆفڵ و گرێدەر و مەكائينە بە بەها و گرنگەكانى سەددى بێخمەى ڕەحمەتى ئاوديوكرا و ئاو و ئاو چو وەكو چارەنوسى ئەو پارە و سامانەى گومرگى ئيبراهيم خەليلى لێهات كە يەكێتى لەكاتى خۆيدا چەندين ساڵ شەڕى لە پێناو گەڕاندنەوەى كرد و ئێستاشى لەگەڵ بێت چۆن ڕۆيشت نەگەڕێندرايەوە و ئەوانەى برديشيان وەكو بەرزەكى بانان كيفەى سمێڵيان دێت و وەكو چۆن نە بايان ديبێت و نەباران و بە دەنگى بەرزيش چەنديان پێبكرێت خەڵكيش دەگەوجێنن بەوەى ها ئەمڕۆ يان سبەى شازى دەوڵەتى كوردستانتان بۆ دروست دەكەين، دەوڵەتێك لە هيچ دەوڵەتێك نەچێت و بەشەكانى خەڵك لە سايەيدا هەر بە (ڕوبەى تەق تەق بپێورێت)!، ئەرێ تا كەى هەر ئێوە قسەى زڵى بۆشمان بۆ بكەن و ئێمەش هەر گوێتان لێبگرين؟ ئەوەندەمان گوێگرت خەريكە گوێمان دەتەقێت و بناگوێمان لەگەڵ بێتەدەرێ...
     خۆ ئەگەر پێشتر حزبەكان نەيانزانيبا پارتى چى گەرەكە، ئەمڕۆ يان سبەى بە ڕونى وەكو جاران بە قسە نەك بە نوسين ديسان پێتان دەڵێنەوە (هێشتان لە سەرۆكايەتى نەك هەر تێر نەبووينە بەڵكو بڕيشمان نەشكاوە، جارێ وەرن بۆ دوو ساڵى ديكەش نەك هەر ئيمزامان بۆ بكەن بەڵكو دەبێ بێن لەگەڵ ئێمە هەمومان پێكەوە وەكو جارى پێشوى يەكێتى لە جەنابى سەرۆك بپاڕێينەوە بۆ ئەوەى ديسان قبوڵى بكات سەرۆكى كوردستان بێت، چونكە لە ماوەكانى پێشودا فرياى دروستكردنى دەوڵەتى كوردى نەكەوتوە و هاتوين پێتان بڵێينەوە (ئەگەر كاكە دەرنەچێ كوردستانتان لە دەست دەچآ، چونكە دەوڵەت تەنها بە دەست و بازوى ئەو دروست دەكرێت!) ئيتر بۆ خۆتان تێبگەن ئەگەرنا وا دەكەين تێبگەن...
     لەكۆنەوە دكتاتۆرەكان ويستويانە وا لە خەڵك بگەيەنن كە ڕۆژ لەبەرخاترى ئەوان هەڵدێت و دنيا ڕوناك دەكاتەوە و ئەگەر ئەوان نەبن گورگ خەڵك دەخوات و لافاو خەڵك دەبات و دنيا كاول و وێران دەبێت.. بە واتايەكى ديكە ئەگەر ئەوان نەبن ڕۆژ هەڵنايەت و دنيا كۆتايى دێت...
     دەى ئەمە عەرز و ئەمە گەز، ئێستا پەيامەكەى پارتى بە هەموتان گەيشتوە مراوەحە و چەقبەستنى ديموكراتيەت هەڵ دەبژێرن يان بەرەوپێشەوەچون و گەشەپێدانى ديموكراسى؟، لە ماوەى ڕابردودا پاش ئەوەى بە ناياسايى سەرۆكايەتى بۆ بارزانى درێژكرايەوە، هەندێك لە حزبەكان بە سەرۆكى هەرێميان گوت (سەرۆكى ماوە بەسەرچو) دەى با ببيستين بزانين چ ناوێك لە درێژكردنەوەى ئەم جارەى دەنێن؟  
      لەسەردەمى ميرنشينەكانى كوردستاندا ميرنشينەكان زيادتر لەسەر بنەماى زەبر و زەنگ و ملكەچپێكردنى خێڵە لاوازەكانى ناوچەيەكى دياريكراو بۆ خێڵە بەهێزەكانى ناوچەكانى ديكەى دەرەوەى ناوچەكانى خۆيان دامەزراون، ئەوەش خاڵى لاوازى ميرنشينەكانى كوردەوارى بووە لە ڕابردودا، كە بوويتە هۆى ئەوەى خێڵ و عەشيرەتە لاوازە كورديە بەزۆر ملپێكەچكراوەكان دڵسۆز و هاوكار نەبن بۆ ميرنشينە خێڵايەتيە بەزۆر دروستكراوەكان.
     لە سەردەمى دواى پەيدا بوونى حزبەكانيش بۆ ڕابەرايەتيكردنى گەلان بۆ بەرەوپێشەوەبردنى كۆمەڵگاكانيان، هەتاكو ئێستا هەرچەندە وەكو چاولێكەرى چەندين حزب لە كوردستانيش دامەزرێنراون، بەڵام ئەفسوس تاكو ئَێستاش عەقڵيەتى سياسى سەركردەى حزبە باڵا دەستەكانى كوردستان، درێژكراوەى هەمان سياسەتى خێڵە كۆنەكانى كوردەواريە كە ميرنشينە خێڵايەتيە كۆنەكانى لەسەر دامەزرابوو.
     كۆمەڵگاى كوردەوارى، هەتاكو ئێستاش قۆناغى سەرەتايى بەجێنەهێشتوە، پێكەوەژيانى ئێستاى كورديش بەكۆمەڵ هێشتا هەر لە سنورى يەكەم حالەتى كۆمەڵايەتى بوونى مرۆڤدايە لەژێر فشارى پێداويستيەكانى ژيان و لەژێر سايەى مەترسى لەناوچوندايە نەك لەژێر كاريگەرى پەى بردن بەكۆبوونەوە بەمەبەستى دروستكردنى يەكەيەكى ئيدارى...
     هەروەكوچۆن لەڕابردودا دامەزراوەى بەڕێوەبردنى كۆمەڵگەى كوردەوارى دامەزراوەى خێڵ و عەشيرەت بوون و لە باشترين حالەتيدا گەيشتۆتە قۆناغى پێكهێنانى ميرنشينى خێڵايەتى.
     تەنانەت ئەو خەسڵەتە لەكاتى پێكهێنانى حزبى كورديشدا گواستراوەتەوە بۆ نێو بنيادى حزبى كوردى و حزب وەكو ئەلتەرناتيڤى دامەزراوەى خێڵ و عەشيرەتى لێهاتوە و بوونەتە هاوشێوەى يەكترى.
      هەرچەندە حزبەكانيش لەسەرەتادا لەلايەن كەسانى خوێندەوار پێكهێنراون بەڵام لەبەر واقعى دواكەوتو و خێڵايەتى كۆمەڵگەى كوردى ئەو خوێندەوارانە نەيانتوانيوە جێگەى خۆيان بكەنەوە چونكە هێزى مەعنەوى خێڵ و عەشيرەتيان لە پشتەوە نەبووە.
     بۆيە ئەركى هەموو حزب و تاكێكى پێشكەوتنخوازە مەچەكى مەردانەى لێهەڵبكات و چالاكانە ڕۆڵى خۆى ببينێت بۆ ئەوەى پرێنسيپەكانى سياسەت و ديموكرتيەت لەوە زيادتر لەلايەن دەسەڵاتدارانەوە نەشێوێندرێت و كارى جددى بكەن بۆ ئەوەى سياسەت و ديموكراتيەت بخرێنەوە سەر شاڕێچكەى ئاسايى خۆيانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە