کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەستەڵاتی باشور دەیەوێت پەکەکە وەکو بەڵا بەسەر هەرێمەوە بناسێنێت

Tuesday, 04/08/2015, 1:52


پێش پەلاماری تورکیا بۆ سەر قەندیل دەستەڵاتدارانی باشور ئاگادارییان دا کە پێویستە پەکەکە قەندیل چۆڵ بکات و پەکەکە میوانن لە باشور. رۆژی ٢٥/٠٧/٢٠١٥ فڕۆکەکانی تورکیا بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی (٢٠١١)ەوە کەوتنەوە بۆمبارانی قەندیل. رۆژی ٠١/٠٨/٢٠١٥ فڕۆکەکانی تورکیا لە بۆمبارانی گوندی "زارگەلی"دا هەشت هاوڵاتیان شەهید کرد.
لە دوای هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر قەندیل ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رۆژی ١/٨/٢٠١٥ لە بڵاوکراوەیەکەدا دەربارەی کوژرانی هاوڵاتیان دەڵێت:
"ئێمە شەهیدكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی گوندەكانی هەرێمی كوردستان ئیدانە دەكەین و داوا لە توركیا دەكەین بە هەموو شێوەیەك خۆی لە بۆمبابارانكردنی گوند و ئاواییەكانی هەرێمی كوردستان بەدوور بگرێت،"
ئەنجومەنی وەزیران لەم هەڵوێستەیدا دەستدرێژیی بۆ سەر خاکی کوردستان یان عێراق ئیدانە ناکات. ئەنجومەن دەستدرێژیی تورکیا بە ئیهانەکردنی خەڵکی باشورو خۆی لە قەڵەم نادات. بەڵکو کردنە ئامانجی گوند ئیدانە دەکات. لە هەمان کاتدا داوا لە تورکیا دەکات کە خۆی لە بۆمبارانی گوندەکانی هەرێم بە دور بگرێت. وەکوتر بە گوێرەی ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی هەرێم ئەگینا تورکیا ئەگەر خۆی لە گوندەکان دور بگرێت ئیتر ئازادە چی لە پەکەکەو کێوەکان دەکات، چۆن شکۆی کوردستان و گەلەکەی دەشکێنێت.
ئەوەی راستی بێت حکومەتی عێراق لە دابونەریتی سیاسییەوە کە ناوچەکە بەشێکە لە عێراق هەموو جارێک دەست درێژییەکانی تورکیایان ئیدانە کردووە. تەنانەت فەلەستینیەکانیش لە سەردەمی سەددامدا غیرەتیان هەڵدەستا بەرامبەر بە تورکیا، نەک لەسەر خاکێکی عەرەبیی بەڵکو لە سەر خاکێک کە وڵاتی عێراقی عەرەبیی داگیری کردبوو. بەڵام دیارە هەڵوێستی "دەستەڵاتی پیسخۆرکرات"ی هەرێم خەسڵەتی تایبەتیی خۆی هەیە. ئەگەر خۆشی بەشدار نەبێت لە بۆمباراندا، ئەوا دەستی کراوەیە بۆ تورکیا.
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە هەمان کاتدا دەنوسێت:
"داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستانیش دەكەین كە هێزەكانیان و بارەگا و دەزگاكانیان لە گوند و ئاواییەكانی هەرێمی كوردستان دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی چیتر گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییەكانیان نەكەونە ناو چوارچێوەی شەڕی ئەوان و توركیا."
ئەم بڕگەیەی هەڵوێستی ئەنجومەنی وەزیران ئەوە پیشان دەدات کە دەستەڵاتی هەرێم دەیەوێت پەکەکە تاوانبار بکات بە تاوانێک کە تورکیا کردویەتی. گوایە هاوڵاتیان بۆیە کوژراون چونکە پەکەکە بارەگاو دامودەزگای لەناو گوندەکاندایە. ئەمەش دوو خاڵ دەپێکێت: 
یەکەم، پاساو دەهێنێتەوە بۆ تورکیا کە ئەگەر پەکەکە بنکەی لەوێ نەبا تورکیا بۆمبارانی نەدەکرد.
دووەم، پەکەکە تاوانبار دەکات و دەیکاتە هۆی پشێویی وەکو بەردەوام هەندێک لە میدیاکانی دەستەڵات باس دەکەن کە هەرێم کەوتۆتە نێوان بەرداشی تورکیاو پەکەکەوە.
بەڵام کوشتاری گوندی زارگەلی و دانیشتوانەکەی دەریان خست کە لەناو گوندەکەیاندا پەکەکە هیچ بنکەیەکی نییە. بەیانی زوو سەعات چوار فڕۆکەکانی تورکیا لە گوندەکەی داوە. دوای ئەوەی خەڵکی گوند چون بە هانای لێدراوەکانەوە، پاش چارەکێکی تر فڕۆکەکان هاتونەتەوەو کوشتارەکەیان خەستر کردۆتەوە.
ئێستا هەندێک لە میدیاکانی دەستەڵاتی هەرێم پەیتا پەیتا ئەو فکرە بڵاو دەکەنەوە کە پەکەکە بۆتە هۆی کوشتن و پشێویی لە هەرێم. ئەمەش ئەو بۆچونە بەهێز دەکات کە لێدانی گوندی زارگەلی و کوشتاری دانیشتوانی هەڵە نەبووە، بە مەبەست بووە. کردەیەکە لە پلانێکی درێژتردا کە لە داهاتوودا ئەڵقەکانی تریشی دەبینین.
ئەمە یەکەم جار نییە کە "مەڕمیللەت" دەبێت بە قوربانیی. ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی سەردەمی کورد دەری دەخات کە میللەتێک چارەنوسی لە دەستی خۆیدا نەبێت ئاسایی دەکرێت بە کەرەسەی پڕوپاگاندە، سەرچاوەی پارەپەیداکردن، نیشانەی سزاو تۆڵە، ماددەی تەکتیک و بیانو،.. هتد. کارەساتی قەڵادزێ و هەڵەبجە ساڵی ١٩٧٤، کیمیابارانی هەڵەبجەو ئەنفال ساڵی ١٩٨٨، شەنگال ساڵی ٢٠١٤ نموونەی زیندوون.
کارەساتەکان چەند گەورە بووبێتن هەتا ئێستا نەیان توانیووە گۆڕانێک بەسەر کۆمەڵگای کورددا بهێنن. کۆمەڵی کورد بێ مەرج و بێ هەبوونی کۆنتراکتێک لە نێوانی خۆیان و دەستەڵاتدا تا هاتووە زیاتر ملکەچیی تازە کردۆتەوە بۆ دەستەڵاتی رەهاو هەموو جارێک دەچنەوە لە بەردەمی سندوقی هەڵبژاردندا رەوایی ئەدەنەوە بەو دەستەڵاتەی کۆیلەی کردوون. 
وەکو جان جاک رۆسۆش دەڵێت:
"میللەتێک بێ مەرج خۆی بخاتە دەستی هەر دەستەڵاتێکەوە، هیچ نرخێک وەرناگرێت لەباتی."
٢٠١٥/٠٨/٠٢
ئێمە لەبەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!

سەرچاوە:
ئەمە دەقی ڕاگەیەندراوەكه‌ی ئه‌نجومەنی وەزیرانە:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1/8/2015 لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر گوندی زارگەلی لە قەزای ڕواندزی پارێزگای هەولێر، هەشت كەس شەهید بوون كە پێنج لە وانە هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانن و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
ئێمە شەهیدكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی گوندەكانی هەرێمی كوردستان ئیدانە دەكەین و داوا لە توركیا دەكەین بە هەموو شێوەیەك خۆی لە بۆمبابارانكردنی گوند و ئاواییەكانی هەرێمی كوردستان بەدوور بگرێت، لە هەمان كاتدا داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستانیش دەكەین كە هێزەكانیان و بارەگا و دەزگاكانیان لە گوند و ئاواییەكانی هەرێمی كوردستان دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی چیتر گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییەكانیان نەكەونە ناو چوارچێوەی شەڕی ئەوان و توركیا. هەروەها داوا لە هەردوولا دەكەین بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆكردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەكتر و بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئامادەی هەموو هاوكارییەكین.
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
1/8/2015
http://awene.com/article/2015/08/01/43411

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە