کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌په‌گه‌: له‌ تۆڵه‌ی زارگه‌لی و له‌چالاکییه‌کی فیداییدا 50 سه‌رباز ‌کوژران

Monday, 03/08/2015, 22:50


رۆژنیوز ـ ناوه‌ندی هه‌واڵه‌کان
ناوه‌ندی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هه‌په‌گه‌ ده‌ستنیشانی ده‌کات که‌ له‌ چالاکییه‌کدا له‌ 2ی ئابدا له‌ کاتژمێر 03:00 به‌ره‌به‌یانی له‌ دژی باره‌گای سه‌ربازی کارابولاکی سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ی بازیدی پارێزگای ئاگری لانیکه‌م 50 سه‌رباز کوژراون. 
هه‌په‌گه‌ راشیده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌کانی شه‌هید شه‌رڤان ڤه‌رتۆ له‌ وه‌ڵامی کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ی زارگه‌لی به‌شێوه‌یه‌کی فیدایی به‌رده‌وامه‌. 
ناوه‌ندی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هه‌په‌گه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا که‌ وێنه‌یه‌کی ده‌ست رۆژنیوز که‌وتووه‌ تیایدا هاتووه‌: ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری تورک شێوازی به‌رفراوان له‌ دژی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کوردستان به‌ڕێوه‌یده‌بات، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ گه‌ریلا وه‌ک وه‌ڵامێک بۆ چالاکییه‌کان به‌شێوازی ئۆپه‌ڕاسیۆنی ره‌وا به‌ رێکخستنێکی به‌رفراوان بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ و وه‌ڵامه‌کان رۆژبه‌ رۆژ زیاتر ده‌بن.
هه‌په‌گه‌ له‌ به‌یاننامه‌که‌یدا ده‌ڵێ: رۆژی 2ی ئاب له‌ هه‌رێمی سه‌رحه‌د  چالاکییه‌کی به‌رفراوان له‌ دژی باره‌گای سه‌ربازی کارابۆلاک  له‌ژێر ناوی هه‌ڵمه‌تی شه‌هید شه‌رڤان ڤارتۆ به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له‌سه‌ر ناوی شه‌هید شه‌رڤان ڤارتۆ ده‌ستی پێکردوه‌ وه‌ک وه‌ڵامێکه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی سه‌ر گوندی زارگه‌لی بناری قه‌ندیل که‌ تیایدا 8 هاوڵاتی سڤیل بوونه‌ قوربانی و 15 که‌سی تریش بریندار بوون، به‌ڕێوه‌ده‌چن. که‌ چالاکییه‌که‌ له‌لایه‌ن گریلا فیداییه‌کانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا‌. 
یه‌په‌گه‌ هه‌روه‌ها ئاشکرای ده‌کات: چالاکییه‌که‌ به‌شێوه‌ی فیدایی و به‌رفراوان له‌ دژی باره‌گا سه‌ربازییه‌که‌ی کارابۆلاکی گرێدراوی شارۆچکه‌ی بازیدی سه‌ر به‌ ئاگری به‌ ئۆتۆمبێلێک که‌ 5 ته‌ن ته‌قه‌مه‌نی لێبه‌سترابوو، به‌ڕێوه‌چووه‌. ئۆتۆمبێله‌که‌ کاتێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی باره‌گاکه‌ ده‌چێته‌ ناو باره‌گاکه‌وه‌ و له‌کاتێکدا که‌ له‌ لای باخچه‌ی باره‌گاکه‌ نزیکه‌ی 30 سه‌رباز له‌و ناوه‌ کۆببوونه‌وه‌، ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌که‌ هه‌موو بینا، سه‌نگه‌ر و بورجه‌کانی باره‌گاکه‌  تێکروخاون. له‌دوای ته‌قینه‌وه‌که‌ش ئه‌و ناوه‌ بۆ ماوه‌ی 2 کاتژمێر ئاگری تێبه‌رده‌بێت. له‌و نێوانه‌شدا 6 بورج، چه‌ندین ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی، سه‌نگه‌ر و شوێنه‌کانی تری پاراستنی سوتان. له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌که‌ش جه‌به‌خانه‌کانی سه‌ربازگه‌که‌ ته‌قینه‌وه‌ و به‌هۆشیه‌وه‌ پاسێک و 2 زرێپۆش به‌ته‌واوی ئاگریان تێ به‌ربوو.
هه‌په‌گه‌ سه‌باره‌ت به‌ چالاکییه‌که‌ وتیشی: "هه‌ڤاڵمان ئه‌ندۆک هێرش له‌و چالاکییه‌ی که‌ به‌ روحی فه‌دایی و ئاپۆیی ئه‌نجامیدا، شه‌هید ده‌بێت".
هه‌په‌گه‌ ده‌ستنیشانی ده‌کات که‌ له‌ سه‌ربازگه‌ی کارابۆلاک که‌ نزیکه‌ی 80 بۆ 100 سه‌ربازی تێدابووه‌، زیاتر له‌ 50 سه‌رباز کوژراوه‌. ده‌شڵێ: له‌و چالاکییه‌ی که‌ به‌ڕێوه‌چوو رێژه‌ی کوژراو و برینداره‌کان ده‌بێ زیاتر له‌و رێژه‌یه‌ بێت.
هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌: نیو کاتژمێر دوای ته‌قینه‌وه‌که‌ باره‌گای ناوه‌ندی بازید ویستوویه‌تی به‌ زرێپۆش ده‌ستوه‌ردان بکات و بگاته‌ شوێنی روداوه‌که‌، به‌ڵام گه‌ریلاکانمان له‌ نێوان گوندی کیژه‌ک و کاروبۆلاک چالاکی وه‌ڵامدانه‌وه‌یان به‌ڕێوه‌بردوه‌. دوباره‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بۆسه‌یه‌دا دوژمن به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت وه‌ڵام بداته‌وه‌ گورزێکی گرانی به‌رده‌که‌وێت. به‌پێی ئه‌نجامه‌کانی ئاشکرابووه‌ بۆمان 9 سه‌رباز له‌و بۆسه‌یه‌دا کوژران، له‌ دوای ئه‌و چالاکییه‌ش دوژمن نه‌یتوانی هیچ ده‌ستوه‌ردانێک بکات.
له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌که‌ی هه‌په‌گه‌دا هاتووه‌: له‌ دوای چالاکییه‌کان سوپای تورک ده‌وروبه‌ری سه‌ربازگه‌که‌ی گه‌مارۆدا و له‌ کاتژمێر 08:00 تاکوو 14:00 کوژراو و برینداره‌کانی به‌ ئۆتۆمبێل گواسته‌وه‌ و ئاسه‌واری ته‌قینه‌وه‌کانیشی پاککرده‌وه‌.
له‌ کۆتاییدا هه‌په‌گه‌ سه‌باره‌ت به‌و گه‌ریلایه‌ی شه‌هید بووه‌ ده‌ڵێ ناوی موراد بوتون به‌ نازناوی ئه‌ندۆک هێرش له‌دایکبووی شاری وان بووه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە