شنگال چۆن تەسلیم کرا؟ , چی ڕوویداوەو ؟ پارتی بۆ بێ تەقە ئەو ناوچانە تەسلیم دەکا؟
Sunday, 02/08/2015, 23:46
* بۆ فەیسبووک لە هەولێر سانسۆر کرا ؟
* بۆچی ڕاگەیاندنەکان باسی لە دەسدانی سێ قەزاکەی تر ناکەن هاوشێوەی شنگال؟
----------------------
ڕۆژی ٣-٨ قەزای شنگال و ناحیەکانی ڕەبیعەو زوومارو سنونێ و خانسۆر و وانکێ بە کەمتر لە٢ سەعات کەوتە دەستی داعش و نەتوانرا ٥ سەعات بەرگری بکرێت تا خەڵکی ئەو ناوچانە بتوانن ڕووبکەنە ڕۆژئاوای کوردستان کە ٥٠ کیلۆمەتر لە شنگالەوە دوورە.
سنوری قەزای شنگال سپێردرابوو بە فەرماندەیەکانی (سپیلک و هەڵگورد و سەفین ) کە زێرەڤانی و هێزی سەر بەیەکەکانی ٨٠و جگە لە هیزی لق و ناوچەکانی پارتی و ئاسایشی شنگال و هێزەکانی پۆلیس لە شنگال و زوومار کە سەر بە پارتین لەگەڵ هێزێکی بچوکی مەڵبەندی یەکێتی لە شنگال و زوومار.
هێزەکانی پارتی بە گشتی لەلایەن سەربەست باپیری بەرپرسی لقی شنگالەوە سەرپەرشتی دەکران.
ڕۆژی ٢-٨ هێزەکەی یەکێتی نزیک زوومار توشی هێرشی داعش دەبن و بەردەوام دەبن لە شەڕ تا ١٤ کەسیان لێ شەهید دەبێت ، کە بەرپرسی هێزەکەی تیا دەبێت کە کارگێڕی مەڵبەندی موسڵی یەکێتی بوو.
ڕۆژی ٣-٨ سەعات ٩ بەیانی سەرجەم هێزەکانی پارتی بەبێ تەقە و بەهات هات هەڵدێن و بە ڕێگایەکی ٢١٠ کیلۆمەتریدا بەسێ سەعات لە شنگالەوە تا پردی سحێلا ناوەستن و دوای شنگال ڕەبیعەو زوومارو سنونێ و خانەسۆر و وانکێ و ١٥٠ گوند چۆڵ دەکەن بۆ داعش و لەو کاتەدا سەربەست باپیری بەرپرسی لق لە دهۆک دەبێت و موسا گەردی بەرپرسی یەکێک لە فەرماندەیەکان لە سۆلاڤ دەبێت و فەرماندەیەکی تریان بە ماڵ و منداڵەوە سێ هەفتەیە لە ئەنتالیای تورکیایە.
دواتر پاش ئەوەی بێ تەقەکردن شنگال چۆڵ کرا ، زۆربەی ئێزیدیەکان بە ماوەی ٥ بۆ ٦ سەعات سەرکەوتن بۆ چیای شنگال ئینجا داعش هاتنە شنگالەوەو لە گوندەکانی دەوروبەری شنگال ٢٠٠٠ ئێزیدیان کوشت و سەدان کوردی تر لە برسان و تینوان گیانیان لە دەستداو نەوەکانی ئەبو لەهەب و ئەبوو جەهل پاش هەڵهاتنەکەی پارتی ٥٠٠ کچی ئێزیدیان بە دیل گرت و ، ئەگەر لەو ناحیەو ١٥٠گوندەدا و لە هەریەکەی سەعاتێک بەرگری بکرایە ، دەیکردە هەفتەیەک و ئەو کارەساتە ڕووی نەدەدا .
هەر ئەو ڕۆژە هێزەکەی یەکێتی پاش شکانی هێزەکانی پارتی ، داعش دێت بۆ پشتەوەیان و گەمارۆ دەدرێن و پاشان بەرگری دەکەن تاهێزی یەپەگە دەگەنە فریایان و گەمارۆکە دەشکێنن و بریندارەکانیان دەگەیەننە نەخۆشخانەی شاری دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان .
ڕۆژی ٦-٨سەعات ١ی دوای نیوەڕۆ داعش هێرش بۆ هەردوو قەزای تلکێف و حەمدانیەو ناحیەکانی گوێرو باشیک ( بەعشیقە) و گۆگجەلی و بەرتلەو خازر دەست پێدەکات و سوپای بارزان و سەرجەم هێزەکانی پارتی بەهات هات لە ماوەی ٢ سەعات بەرەو هەولێر هەڵدێن و داعش دەگاتە خازر و گوێرو تلکێف و بەرتلەو باشیک و حەمدانیە دەکەونە دەست داعش و بێ ئەوەی بەرگری و شەهید و بریندارو شەڕ هەبێت .
داعش لە قۆڵی خازرەوە دەگاتە بەرامبەر قەزای بەردەڕەش و خەبات و داعش ٣٥ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوور دەبێت و لە گوێرەوە ٤٠ کیلۆمەتر دوور دەبن بۆ هەولێر , لە گەڵ هەڵاتنەکەیا فەیسبووک بە فەرمانی پاراستن فیلتەر دەکرێت و ( لە زۆر تۆڕیش لە سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان فلتەر دەبێت ، وەک ڕێبەر کویک چونکە سێرفەری لە هەولێرە ) و سەعات ٢ مەسعوود بارزانی داوای هاوکاری لە یەکێتی و نەوشیروان مستەفا دەکات و هێزێکی گەورەی دژەتیرۆر و چەکی قورسی سەر بە یەکێتی دەگەنە هەولێرو لە خازر سەعات ٦ داعش لە پێشڕەوی بۆ هەولێر دەوستێنن و لەو کاتەوە ئەمنیەتی هەولێر دراوەتە دەست دژە تیرۆر ( ئەمە پارتی و یەکێتیش پشت ڕاستیان کردوەتەوە) و پاش جموجوڵی داعش لە ١٥ کیلۆمەتری خواروی مەخمور ترس لە کەوتنی ئەوێش دەبێت بۆ شەوی ٧ی مانگ بەفرمانی نەوشیروان مستەفا وەزیری پێشمەرگە دەگاتە مەخمور و شەو لەوێ دەبێت و هێزێکی زۆر دەگاتە مەخموور و بە فرمانی کۆسرەت ڕەسوڵ هێزێک بە سەرپەرشتی (مامە غەفە) دەگەنە گوێرو ، گوێر ڕزگار دەکەن.
بەیانی رۆژی ٧ی مانگ تەسلیمی هێزەکانی پارتی دەکەنەوەو ، هەمان بەیانی مستەفای سەید قادر پاش دڵنیا بوون لە ڕەوشی مەخموور ، دەگەڕێتەوە هەولێر و ، بۆ نیوەڕۆکەی پاش چەند تەقەیەکی کەم ، پێشمەرگە لەوێش پاشەکشەدەکەن و ، هەر بەهات هات تا دیبەگە ناوەستن و ، پەکەکە کە کەمپێکی لە مەخموور هەیە ، بەناوی کەمپی کاوە ناکشێنەوە و تا ئێستاش کەمپەکە دەپارێزن و هێزێکی یەکێتیش لە چیای بازاڕگەی سەرووی مەخموور جێگیر دەبن
سەعات ١١ی هەمان ڕۆژ گوێریش بێ تەقە تەسلیم دەبێتەوەو فەرماندەی هێزەکانی پارتی لێگززەکەی و قەناسەکەی دەمانچەکەی بۆ داعش جێ دەهێلێت و لە کاتی هەڵهاتن خۆی بە دواوەی مێگزەمینێکدا هەڵدەواسێت (ئەو فەرماندەیە لای خەڵکی چەمچەماڵ و کەرکوک ناسراوە لە بەر ڕەچاوی دۆخی کۆمەڵایەتی ناوەکەی نانوسم) و بەو جۆرە گوێریش دەکەوێتەوە دەست داعش
ڕۆژی ٧-٨ قوباد تاڵەبانی سەردانی سەدەکەی موسڵ دەکات و ، فەرماندەکانی زێرەڤانی خۆیان زۆر موسەیتەر پیشان دەدەن و قوباد تاڵەبانی کاتێ هەمان ڕۆژ دەگەڕێتەوە هەولێر هێشتا نەگەیشتوەتە ئەنجومەنی وەزیران پێی ڕادەگەیەنن ، سەدی موسڵ کەوتە دەست داعش .
هەمان ڕۆژ لە سەعات یەکەوە پاراستن سەرجەم کەناڵەکان ئاگادار دەکاتەوە بە بیانووی پاراستنی ئەمنی قەومی و دانەبەزینی ورەی هاوڵاتیان نابێ هەواڵی کەوتنی تلکیف و خازر و مەخمور و حەمدانیەو باشیک و بەرتلە و مەخمور و گوێر بڵاو بکرێتەوە.
دەرەنجام:
١- لە دوو ڕۆژی جیاواز و لە پێنج شەش سەعاتدا ٤ قەزاو دە ناحیەو ٣٠٠ گوند تەسلیمی داعش کرا
٢- هەر کەسێک بڵێت تاکتیکەو پلانە (کۆمەڵێ چڵکاوخۆرئەیانەوێ شکستەکە بشارنەوە) ئەوا ئەگەر وابێت خیانەتە ئەبێ ئەتک بکڕێ چونکە تاکتیک بە قوربانی کردنی گیانی کوردانی ئێزیدی ناکڕێ حاڵی حازر پتر لە ٣٠٠٠ شەهیدیان هەیەو من دلنیام تاکتیک نیە چونکە پارتی ئامادەنیە مودیر ناحیەیەک لە هەولێر بداتە یەکێتی و گۆڕان ، کەچی ناچار بووە هەولێر بداتە دەست دژەتیرۆر .
٣- ڕاکردنی پارتی لەو چوار قەزایە زۆر نامەنتیقیە چونکە ئەم شکستە لە ماوەی مانگێک یان هەفتەیەک نەبووە ، بەڵکو لە شنگالەوە تا سحێلا ٢١٠ کیلۆمەترە ، ئەگەر ئۆتۆمبیلەکان لە ١٠٠ ڕۆشتبێت ئەوا ڕێک ئەو دوو سەعاتە دەکات کە هەڵهاتوون .
٤- پارتی ٣ ساڵە درێغی لە دژایەتی پەکەکە و پەیەدە نەکردووە , ئێستا پەیەدە ئەو ناوچانە ڕزگار دەکاتەوە کە پارتی شکستی تێدا خواردووە .
٥- تا ئێستا بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان توشی شۆک بوون بۆ پارتی بەرگری پێ ناکرێ و بە دوو تەقە هەڵدێ لە کاتێکدا هێزەکانی پارتی خاوەنی چەکی زیاترن .
٦- لە کەوتنی موسڵەوە ئەم ناوچانە نیمچە ئارام بوون بۆ بەیەکەم تەقە وا کەوتنە دەست داعش .
٧- بەداخەوە ئێستا تەواوی ناوچە کوردیەکانی موسڵ ( قەزای شنگال و قەزای تلکێف و قەزای حەمدانیەو ناحیەکانی زوومارو ڕەبیعەو سنون و خانە سۆر و وانکێ و باشیک و بەرتلەو خازرو گۆگجەلی و نەمردوود و ئاڤەنگی و ٣٠٠ گوند و قەزای تەلعفەر ) لەچنگی داعشدان و لە پارێزگای هەولێر ( قەزای مەخمور و ناحیەکانی گوێرو باقرت ) لە چنگی داعشدان و سنوری پارتی گەڕاوەتەوە بۆ سنوری هێڵی ٣٦ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست