سوككه رانى سياسه ت
Tuesday, 28/07/2015, 22:21
درێژ کردنەوەی ڕێوە بەرایەتی كردنى مەسعود بارزانی بەرامبەر دەستبەردار بونی پارتی لە سیستمی سەرۆکایەتی و قایل بونی بە سیستمی پەڕلەمانی سازشە بۆ چوار لایەنەکە یان سازان؟ وەکو هەمومان دەزانین سیاسەت هونەری بەڕێوەبردنی وڵات و کارگێڕی دانی قەیران و دەست و قامک نەرم کردنە لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزی و گرفت و پێشهاتەکاندا،سیاسەت لە ڕوی ئەکادیمییەوە وەک ڕێوشوێنێکی بابەتی ،میتۆدێکی ئەخلاقی ،زانستی ،ئەزمونکراوی ئەوتۆیە کە بەهۆی گرتنەبەرییەوە دەتوانرێت دەرگا بەڕوی دەرباز بوندا بکرێتەوەو کۆمەڵگەو وڵات بەرەو خۆشگوزەرانی ڕێبەرایەتی و ئاراستە بکرێت،بەڵام کاتێک سیاسەت پوچ دەکرێت لە ئەخلاق و لە ڕێچکەی زانستی و ڕەوشتی دەترازێت و دەکرێتە ڕێوشوێنێک بۆ فێڵبازی و چەواشەکاری و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن ،ئەو دەمە هیچ گرنگی و بایەخێکی نامێنێت و لە هونەر و زانست دەردەچێت و دەبێتە فێڵ و چەواشەکاری و درۆو دەلەسەی فەرمی گەورەکان.
ئەگەر تەماشایەکی ئەو جوڵەو ماراسۆن و بێنەو بەرەیەی پارتەکانی باشوری کوردستان بکەین دەبینین چۆن لە ژێر سێبەری دروشمی سیاسەت کردندا ؛چی بێ ڕێزییەکیان بەرامبەر خودی سیاسەت و کۆمەڵگەو هەتا خودی خۆشیان کردووە.
لێرە لە کوردستان بە هۆی ئەوەوە کە هەر کەسێک کە شکستی هێنابێ لە پیشەو کاری سەرەکی خۆیدا و توانای خۆ دروست کردن یان هەستانەوەی دوای کەوتنی نەبوبێ بۆ سەرگەرم کردن و خۆ ژیاندن و خۆ گرتنەوە وه بە چمکێکی سەردەم و زەمانەوە دەستی کردووە بە کاری حزبایەتی و ئەوەشی ناو لێناوە سیاسەت کردن بێئاگا لەوەی کە سیاسەت چی واتاو چەمکێکی هەیەو چییەو چۆنە؟ئەمانە لە ناو ئەو تەپوتۆزی گەوزان و گلان و نوچدانەی گەورە کراوە بە سیاسی بووەکاندا توشی بەرچاو تاریک بون و تەراخوما بوون و ڕونی و لێڵییان تێکەڵ و پێکەڵ کردووەو دەستیان داوەتە دیماگۆگیەت و وتنەوەی هەندێک ڕستەی بەدیهی ئینشائی ستۆکی سیاسی و خۆیان لێکردوین بە ماوتیستۆنگ و مهاتیر موحەممەدو بە خوێنساردی و بێدەر بەستیشەوە لە پشتی چاویلکەی ڕەش و لە ڕێ ی تەلەفزیۆنە حزبییە ئاراستە کراوەکانیانەوە لە میللەت و خەمەکانیان دەڕوانن و یاری بە هەست نەست و ئاوەزو ژیری و ئومێدو ئامانجیان دەکەن و تێکیان بەر دەدەن و برسییان دەکەن و دەرمان خوارد بە خواردنی خراپیان دەکەن و لە ڕێگەی پاوانی تەواوی بوارە ئابورییەکانیشەوە گیرۆدەی بێکاری و بێ لانەییان دەکەنەوەو بەو هۆیەشەو کۆنترڵی ویست و هەڵوێستیان دەکەن و هەندێکیان بە دراو و سامان دەکڕن و دەیانکەن بە شایەر و دەربار، هەندێکیشیان سارد دەکەنەوە لە هەوڵ و کۆشش و دەیانکەن بە مرۆڤی کۆڵەوار.
لە هەردو بارەکەشدا ئه وان سەرکەوتون و بۆ خۆيان لوتيان ژەنیوەتە ناو کونجی کەنووەکەو چاويان نوقاندووە لە دەوروبەريان و چی دەقەومێ و چی دەگوزەرێ هەر گوێشی نادەنی نا.....؟
ڕۆژێ ڕازی دەکرێن یان رازى دەبن بە گۆڕینی ڕژێمی ڕێوەبردنی کوردستان لە نوێنەرایەتییەوە بۆ سەرۆکایەتی و ڕۆژێکیش ئەم هەڵەیە يان ڕاست دەکەنەوە بۆ پێش بارى پۆلک کردنەکە ،بەڵام لە بەرامبەریدا ڕازی دەکرێن کەسێک کورسی ڕێوەبردن بکاتە تاپۆی خۆیی و لێی دانەبەزێ و بە ویستی ئەو کوردستان بە ئاو و ئاگردا بدرێ و
ئه وانيش داماوو سەرکز دەڕوانن لێی و بێ هەڵوێست و بێدەنگ نەبادا لێيان تێکبچێت ،ئەمەشيان ناو لێناوە سیاسەت! هەی لەبەر سیاسەتەکەيان بمرێ ئەوەی پەسەنديان دەکات چیتر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست