کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیکەری گوللە بارانکراوی تەمەن دوو هەزار ساڵەی پاشای کورد

Monday, 27/07/2015, 17:53


پەیکەری گوللە بارانکراوی تەمەن دوو هەزار ساڵەی پاشای کورد، ئێزدی هەزەبانی، لە ناوچەی هەریر و بێ باکی کورد بەرامبەر فەرهەنگ و مێژووەکەی

پێم وایە داگیرکردن بە گشتی کەسایەتی تاکی کوردی وا گۆڕیوە کە زۆر جار ڕقی لەخۆی بێت و گاڵتە بە فەرهەنگی خۆی بکات. لەوە کاریگەر تر، شێوە حوکمڕانیی خۆماڵیە، کە شانبەشانی ئەو کاریگەریە هێندەی تر کەسایەتی تاکی کوردستانیی وێڵ و نامۆ بە خۆ و بە فەرهەنگ کردووە. ئەم کوردستانە پڕە لە ئاسەواری کوردیی ڕەسەن، کەچی زۆر بێ باکانە بەلایاندا تێپەڕ دەبین و بگرە زۆر جار بۆ خۆشی گولە بارانیشمان کردوون. پێش ئەوەی کە باسی ژیانی ئەم پاشا کوردە و پەیکەرە هەڵکەندراوە گولەبارانکراوەکەی بکەم، با بزانین تورکەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ قەبری شاکەیان دەکەن کە تەمەنی گۆڕەکەی کەمتر لە هەشت سەد ساڵە.
سلێمان شای تورکان، لە ساڵی ١٢٣٦ ا دا کۆچی دوایی کردووە. لەگەڵ جوداکردنەوەی سوریا لە دەوڵەتی عوسمانی، ئەو گۆڕە کەوتۆتە ناو خاکی سوریاوە. بۆیە حکومەتی تورکی لەگەڵ فەرەنسیەکان، کە ئەوسا سوریایان بەڕێوەدەبرد، ڕێکەوتنامەیەکیان واژوو کردووە کە لە سایەیدا ئەو مەزارگەیە بە ئاڵای تورکیاوە بهێڵرێتەوە و سەربازی تورکی پاسەوانی مەزارگەکە بکەن. لەو ساتەوە تورکیا و سوریا چەندین جارگفتوگۆیان سەبارەت ئەو مەزارگەیە کردووە و هەوڵی پاراستنی لەلایەن تورکیاوە دراوە. دوایەمین گۆڕانکاری لە ساڵی ٢٠١٥دا بوو. لە مانگی دووی ٢٠١٥ و لە ژێر مەترسی جەنگدا، گۆڕی ئەو پاشایەیان گوێزایەوە بۆ بەشێکی تر لە خاکی سوریا نزیک سنووری تورکیا. هەرچەندە هەڵسوکەوتی تورکەکان لەوانەیە هۆکاری سیاسی لە پشتەوە بێت، بەڵام بە دڵنیایی هیچ گومانێک لەوەدا نیە کەتورکەکان وەک زۆر نەتەوەی تری دنیا، ڕابردوویان پشتگوێ ناخەن و هەوڵی پاراستنی فەرهەنگی ڕابردوویان دەدەن.
ئەم پەیکەرە هەڵکەندراوەی کەلەم بابەتەدا باسی دەکەم، لە سەر چیایەکە لە نزیک گوندی باتاس لە ناوچەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر. پەیکەرەکە تەمەنی نزیک دوو هەزار ساڵە، لە سەردەمی فراوانبوونی دەسەڵاتی هەزەبانیەکاندا کە سەنتەری دەسەڵاتیان نزیک هەولێر بووە، ئەو پەیکەرە لەسەر شاخەکە هەڵکەندراوە.پێش هەموو شتێک باشترە کە بزانین ئەو دەوڵەتە کوردیە لە کویدا بووە و ئەم پاشایە کێ بووە.
سەرەتای دەستپێکردنی دەسەڵاتی هەزەبانیەکان ڕوون نیە، پێ دەچێت لە دوای شکاندنی فارسەکان و لە سەدەی چوارەمی پێش زایینەوە ئەو دەسەڵاتە دەستیپێکردبێتەوە، بەڵام وەک دەوڵەتە شار نزیکی سێ هەزار و هەشت سەد ساڵە ناوی هاتووە و لە تێکستەکانی ئەرشیفی شەمشارە، کە ئەمڕۆ کەوتۆتە ژێر ئاوی بەنداوی دوکان، ناوی ئەو دەوڵەتە شارە چەندین جار هاتووە.
چەند سەدەیەک پێش زایین، سەرچاوەکان سەبارەت دەوڵەتی هەزەبانی پچڕ پچڕن، بەڵام لە نزیکی سەدەی یەکەمی زاینیەوە، زانیاری ڕوون سەبارەتیان دەکەوێتە ڕوو. لە سەدەی یەکەمی زاییندا و دوای مردنی مانوبازی هەزەبانی، ئێزد/یێزد/یێزتی هەزەبانی کوڕە بچووکی کرایە پاشای هەزەبانیەکان و خشڵی نیشانەی پاشایی کە بە سامپسەر (Sampser) ناسرابوو، درایە دەست ئێزد. هەروەها ئێزد و دایکی (هێلێنای هەزەبانی) دەچنە سەر ئاینی جوو و ئاینی خۆیان دەگۆڕن. ئێزد خۆی بەشێوەیەک پابەندی ئاینە نوێکە دەبێت، کە تەنانەت بڕیار دەدات خەتەنە بکرێت و دەبێتە پەیڕەوکەرێکی تەواوی ئاین و دابوو نەریتی جوویی.
بە پێی جۆزیفۆسی مێژوونوس کە لە سەدەی یەکەمی زاینیدا ژیاوە، ئێزد ماوەیەک لە ناو هەزەبانیەکاندا بەهۆی گۆڕینی ئاینەکەیەوە تووشی کێشە دێت و هەندێک لە دەسەڵاتدارە هەزەبانیەکان پیلانێک لەگەڵ پاشا دراوسێکاندا دەکێشن کە ئێزد لە ناوبەرن، بەڵام ئێزد زۆر وریایانە لەو پیلانە ڕزگاری دەبێت و دوژمنەکانی لەناودەبات. ئەمجا سه‌رله‌نوێ دەسەڵاتدارە هەزەبانیەکان وەک نیگەرانی بوونیان بەرامبەر ئاین گۆڕینەکەی ئێزد، گازندەیان دەبەنە لای پاشای ئەشکانی بۆ ئەوەی کە ئێزد لابەرێت و بێتە فریایان، به‌ڵام داواکه‌يان بێ سوود دەبێت.
لە سەدەی یەکەمی زایینیدا دەسەڵاتدارانی ناوچەی ئەشکانیەکان پیلانێک لە دژی پاشای ئەشکانی، ئەرتابان (Artabanus) دەگێڕن و ئەرتەبان لەسەر تەختی پاشایی لادەبرێت. لەبەر ئەوەی کە هەزەبانیەکان پاشای بە دەسەڵاتی ناوچەکە بوون، بۆیە ئەرتەبان پەنا بۆ ئێزدی پاشای هەزەبانی دەبات بۆ ئەوەی هاوکاری بکات. ئێزدی هەزەبانی ماوەیەک ئەرتەبان لەلای خۆی ده‌هێڵێتەوە و ڕێزێکی زۆری لێ دەگرێت و ئينجا هاوکاری دەکات هەتاوەکو دەسەلاتی خۆی وەرده‌گرێتەوە. بەپێی جۆزیفۆس، ئێزدی هەزەبانی هەوڵێکی زۆر دەدات و دەکەوێتە نێوان لایەنە ناکۆکە ئەشکانیەکانەوە هەتاوەکو ئەرتەبان وەک پاشای ئەشکانی قبوڵ دەکرێتەوە و دەسەڵاتەکەی خۆی وەردەگرێتەوە. ئەرتابان وەک پاداشتێک بەرامبەر ئەو چاکەیەی کە ئێزد لەگەڵیدا دەکات، ناوچەی نوسەیبین لە پاشای ئەرمەنی وەردەگرێت و دەیداتە ئێزد، بەو جۆرە ئێزد هێندەی تر دەوڵەتەکەی بەهێز دەبێت و قەڵەمرەوی دەسەڵاتی بەرفراوانتر دەکات و زیاتر هەست بە توانا و بەهێزی خۆی دەکات. بە گشتی ناوچەی دەسەڵاتی هەزەبانیەکان بە نزیکی هەمان ناوچەی میتانیەکان بووە و ئەوان وەک میراتگیری ئەو دەسەڵات دێرینە دەرکەوتوون.
هێلێنای شاژن کە دایکی ئێزد بوو، هێندە ئاینەکەی بە توندی گرتبوو، به‌ مه‌به‌ستی زياتر نزيک بوونه‌وه‌ لە ئاینه‌ نوێيه‌که‌ی، بە سەردان چووە بۆ شاری ئورشەلیم (قودس). کە گەیشتۆتە ناو شارەکە، هێلێنا دەبینێت که‌ جوەکان لە برسێتیدا دەژین، بۆیە هەندێک لە خزمەتکارەکانی دەنێرێت بۆ ئەلێکسەندەریە بۆ کڕینی گەنمە شامی و هەندێکی تر بۆ قوبرس بۆ کڕینی هەنجیری وشک و هەمووی بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. هه‌روه‌ها شاژن لەوێ بینایەکی تایبەتی دروست دەکات بۆ ئەوەی کە دوای مردنی، خۆی و کوڕە بە ئاین جوەکانی لەوێ بنێژرێن. لە هەمان کاتدا ئێزدی کوڕیشی پارەی زۆر دەنێرێت بۆ هاوکاریکردنی جوەکان.
ئێزدی پاشای هەزەبان، لە تەمەنی پەنجاو پێنج ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و هەر دوا بەدوای ئەویش، هیلێناش کۆچی دوایی دەکات. مەنوبازی برای ئێزد، ئێسک و پروسکی هەردووکیان دەنێرێت بۆ ئورشەلیم و لەوێ لەو بینا تایبەتەدا دەنێژرێن کە هێلێنا بۆی دروست کردبوون. دوای تێپەڕبوونی نزیکی هەزار و هەشت سەد ساڵ، لە سەدەی نۆزدەیەمدا گۆڕی هێلێنای هەزەبانی لە ئۆرشەلیم دۆزراوەتەوە.
ئەم دەوڵەتە هەتاوەکو سەدەی دوانزەیەمی زانینی بەردەوام بووە. میر ئەبوهیجای هەزەبانی لە کتێبەکەی (تأریخ ابن أبي الهیجاء) دا باس لە کۆتایی دەوڵەتی هەزەبانی دەکات کە دوایەمین پادشای بەهێزیان ناوی ئەبوهیجای کوری ئەبی عەلی مۆسەک کوڕی ئاکۆ (حکویە) ی هەزەبانی بووە و لە دوای ئەو مێژووەوە هەزەبانیەکان لاواز دەبن و هەرچەندە هەزەبانیەکان لە شوێنی جیاواز دەسەڵاتدار بوون، بەڵام دەوڵەتی هەزەبانی و قەڵای هەولێریان لە دەستداوە و قەڵا کەوتۆتە دەستی تورکان.
زۆرینەی سەرچاوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو پەیکەرە هەڵکەندراوەی سەر شاخی هەریر، پەیکەری ئێزدی هەزەبانیە. سەرەڕای ئەوە ئەمڕۆ ئەو پەیکەرە لەوێدا بێ ناز و بێ ناسنامە و بە گولەبارانکراوی ماوە، بێ ئەوەی کە زۆرینەمان ئاگاداری ناسنامەی ئەو پادشایە بین. جێی شەرمەزاریە کە هێندە نائاشنابین بە ڕابردوومان و بێ باکانە مامەڵە لەگەڵ پەیکەری پاشاکانی کوردستان بکرێت کە زانیاری تەواو لەسەر ژیانی هەندێکیان هەیە. هەروەها منداڵ و گەورەمان نا ئاشنابێت بە دەوڵەتێک کە بە نزیکی هێندەی دەوڵەتی میدی بۆ کورد گرنگە. بۆیە زۆر جار کاتێک کە شیعرەکانی موفتی پێنجوێنی باپیرم دەخوێنمەوە، دەکەومە پرسیار لە خۆم، تۆ بڵێی منیش هەتا کۆتایی ژیانم هەر گازەندە بکەم و گۆڕانکاری ئەوتۆ نەبینم. ئەو زۆرجار لە شیعرەکانیدا هەست بە بێهودەیی دەکات بۆ نموونە لە کۆتایی یەکێک لەو شیعرانەیدا دەڵێت:

موفتی گەر ئەقڵت هەبێ هەوڵی ژیانت چاترە
سەد ئەوەندەی تر بڵێی دەردی بێ دەرمانە کورد
بەڵام هەر لەسەر ڕێچکەی ئەو گازەندە دەکەم و بە نیازیش نیم کۆڵ بدەم.
ئەمڕۆ پێم وایە زۆر گران نابێت کە دەستنیشانی شوێنەواری پایتەختی دەوڵەتی هەزەبانی بکەین و هێندەم زانیاری لەبەردەستدایە کە تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیابم لە دەستنێشانکردنی ئەو ئاسەوارە، بەڵام لە ئێستادا وازی لێدەهێنم هەتاوەکو ئەو کاتەی کە هەست دەکەم ئاسەواری کوردستان ڕێز دەگیرێت و بە باشی دەپارێزرێت و هیچ نەبێت ڕیزێک بۆ پەیکەری گولەبارانکراوی ئێزدی هەزەبای دەگێردرێتەوە.

تێبینی:
- لە هەموو بابەتەکانی سەر فەیسبوکمدا بە مەبەست لە ڕێچکەی نووسینی ئەکادیمی لادەدەم، لەبەر ئەوەی کە پەیام و بۆچوونی فیکری خۆمیان بە ڕوونی تێ دەئاخنم و گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری بابەتەکانم دەکەم. دەبێت خوێنەر هەمیشە ئاگاداری ئەوەبێت و گەر دەیەوێت بابەتەکانم وەک سەرچاوە بەکاربهێنێت، دەبێت سوود لە کتێبەکەم وەربگرێت کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی داڕێژراوە. 
- ئەم بابەتە لێرەدا تەنهازانیاری گشتیە لەسەر ئەو دەوڵەتە و پاشاکەی، لەبەر ئەوە گەر دەخوازیت زیاتر سەبارەتیان بزانیت، ئەوا زانیاری وورد سەبارەت ئەو دەوڵەتە لە کتێبی "کود کێیە؟" ی بەندەدا دانراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە