تاریق عەزیز ووتی : سەدامیش لەتاڵەبانی دەترسا ...!
Monday, 27/07/2015, 2:24
هەموو کەسێک دەتوانێ درۆ بەدەم مردۆوەکانەوە بکات......!
دوای مردنی ئەم سەرە گەورەی بەعس لەزینداندا، کە بەو ئاواتە نەگەیشت لە ئامێزی گەرمی"مەسعود بارزانی" لە هەولێر ماوەی تەمەنە کورتەکەی بەسەر بەرێت لە گەڕەکی عەنکاوە و ەمەسعودیش ئەو بەختەی هەبوو کە ئەم خیانەتە نەچوە سەر خەرمانی خیانەتەکانی تری و ئەمیشی وەک کچەکەی عێزەد دوری لەهەولێر نیشتەجێ نەکرد. لەم ڕۆژانەدا چاوپێکەوتنێکی دروستکراو لە پەیجی کۆمەڵایەتی فەیس بوک بڵاو کراوەتەوە کە گوایە ڕۆژنامەنوسێکی عەرەب بەناوی (فرید صباغ) ئەم چاوپێکەوتنەی ئەنجام داوە لەگەڵ ئەم کەڵە بەعسیەدا. سەرچاوەی ئەم هەواڵە چاودێرەکەی مەلابەختیارە ، بەڵام من هەوڵم دا ئەم بابەتە بدۆزمەوەو زۆریش بەدوای شوناسی ئەو ناوەدا گەڕام تا بتوانم سەرچاوەی هەواڵەکەو ڕۆژی دەرچون و هەندێک شوێنپێی ئەم نوسینە هەڵگرم، بەڵام بە م ئەنجامە گەیشتم ، گەر کەسێک توانی بەئەنجامێکی باشتر بگات ئەوە سوپاسی دەکەم و بڵاوی بکاتەوە، بەتایبەتی سەرچاوە عەرەبێکەی .
ئێمە نازانین لە چەند جێگە ئەم چاوپێکەوتنە بڵاو کراوەتەوە ؟ ئەوەی لای من گرنگە و جێگەی بەدوا چونە ئەوەیە داخۆ سەدام لە تاڵەبانی دەترسا ؟ وەک لەم جێگەیەدا کە ئاماژەی پێکراوە بەناوی ئەم مردوەوە.
سەدام لەتاڵەبانی دەترسا ، ئەمە کۆمێدیاترین شتێکە کە لەژیانمدا بەم سیاسیانە پێکەنیبم ، دوای ماوەیەک چاوپێکەوتنێکی تری "عێزەد دوری" بڵاو دەکەنەوە دەڵێن سەدام زیڕەی لە مەسعود بارزانی کردبوو کەدڵی لێی دەدا ئەوە لە ڕێگەی مەسعودەبوو مۆڵەتی لێدانەکەی پێدەدرا.
با ورتر لە ناوەڕۆکی ئەم چاوپێکەوتنە بڕوانین و پرسیار بکەین ، لەچجێگەیەک و لەچ کاتێکدا ئەم چاوپێکەوتنە کراوە؟ بۆچی لەناو ئەو هەموو مەلەفەدا کە لەڕژێمی بەعسدا هەیەو ئەو مێژووە خوێناوی یەی بەعس تەنها پرسیار لەشوناسی تاڵەبانی کراوە؟ لەکاتێکدا کە سەدام حاکمی عێراق بوو تاڵەبانی هیچ نەبوو لە کاتی گفتوگۆی یەکێتیو ڕژێمی سەدام کە قاسملو لەبەینیاندابوو ، ئەویش یەکێتی خستە ناو شەڕی ئێرانەوەو بەرەیەکی لەئەڵوەتان بۆ کردنەوە تا کو زەمینەی گفتوگۆ سازبوو لەوێدا ، هەموو ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەو وەفتەدا بوون باسی ئەو جەرائەتەی تاڵەبانیمان لێ نەبیستوە، بەپێچەوانەوە کاتێ تاڵەبانی چوو بۆ بەغداد هێندە مایەوە بووبەقەشمەریات و دەیان ووت ڕێکەوتنەکە ٦٠ی مانگ بڵاو دەکرێتەوە.
لەکاتی گفتوگۆی یەکێتیو ڕژێمی سەدامدا تاڵەبانی ووتی گۆڤاری عەرەبی یە کە" سەدام دادوەرەو دوژمن نی یە " ئەم قسەیە بەجوانی لە بیرەوەرێکانی نەوشیرواندا ئاماژەی پێدراوەو دەڵێ تاڵەبانی کە قسەدەکات ئەمڕۆ سبەینێ بیر نی یە و زۆر دەڵێت . بڕوانن " پەنجەکان یەکتر دەشکێنن".
با بزانین مێژووی تاڵەبانی لەگەڵ بەعسێکاندا و پاشان هەواڵپرسینی ئەنفالکراوەکان لەزمانی تاڵەبانێوە. نەوشیروان مستەفا دەڵێ کاتێ تاڵەبانی گەیشتەوە قاسمەڕەش دوای ئەنفال پێی ووتم "ئاخ بۆ یەک دوو هەڵەبجەی تر" . پاشان تاڵەبانی کاتێک زانی ڕژێمی بەعس نەڕوخابوو سەدام جارێکانێ دەسگیر نەکرابوو داوای لە سەدام کرد با خێزانەکەی بنێرێت بۆ سلێمانی ئەوان وەک چاویان پارێزگاری لێدەکەن . دوای کچەکەی سەدام بەشێوەیەکی ئابڕووبەرانەوە وەڵامی تاڵەبانی دایە وە و ووتی ئێمە ناچینەلای کەسێک خیانەتی کردبێت .
کاتێک پڕۆسەی دادگای کردنی بەعسییەکان بوە بابەتیڕۆژ و تاڵەبانیش سەرۆکی کۆماری عێراق بوو ، باواز لەتەشریفاتی ئەو پۆستە بهێنین ، بەڵام ئەو ووتی من واژۆ لەسەر لەدار دانی کەس ناکەم ، کاتێکیش سەدام گیراو بڕیاریان دا لەداری بدەن تاڵەبانی بەخێرای هاتەوە سلێمانی و ووتبووی قەیسی و کشمیشمی جەژنم لا خۆشترە ، بەس واژۆ لەسەر لەدار دانی سەدام ناکەم . لە کەناڵێکی عەرەبی تاڵەبانی نەیشاردەوە کە لەگەڵ ڕەحمەتی عەدنان خەیرڵادا دۆستایەتی کۆنی هەیە ، کابراش ووتی مانای چی دۆستایەتی کۆن؟ ووتی : زۆرکۆن بۆیە مانگانە پارە دەنێرم بۆ منداڵەکانی هی کرێ خانۆکە ، بەڵام قەڵاچوالانی ماوەی ٢٤ساڵە داگیر کردوە ، دوکانی داگیر کردوە دەباشانی داگیر کردوە دەیان شوێنی تر کرێش نادات بەکەس . لەچاوپێکەوتنە دەسکردەکەدا بەناوی مردویەکەوە دەڵێن : تاڵەبانی هەواڵی ئەنفال کراوەکانی لەسەدام پرسی ئەویش پێ ووت لەخوا پرسیار بکەن ، کەچی تاریق ڕەمەزان بکەری ئەنفال و هەڵەبجە لەڕێگەی تاڵەبانی یەوە نێنرا بۆ لندەن و ئازادکرا . مدیری مخابەراتی سەدامی کرد بەموستەشاری عەسکەری خۆی و هەموو عەشیرەتی جبوری ئاسودەکرد، بە تاریق ڕەمەزانی بەئەستێرەی عێراق شوبهان و ووتی نابێ ئەو پیاوە نەجیبە بکوژرێت ، تاڵەبانی زۆر ئازایانە لە ماوەی ٨ساڵ سەرۆک کۆماریدا هەرچی بەعسی بوو کردی بە باڵا بەسەر کوردەوە و کەرکوکی هەراج کرد و وەک کێک دابەشی کرد بەسێ بەش کە گورد ژمارەی کورسییەکانی زیاتر لە ٥٠ کورسی پارێزگار بوو ، بەڵام تاڵەبانی ئەو پیاوەی سەدام زیڕەی لێکردوو بەقسەی تاریق عەزیز هەڕەشيی لێکردوە دەیدا بە دادگای لاهای ، هیچی بۆ گەلەکەی نەکرد لەسایەی تاڵەبانی هەرێم پڕبوو لەعەرەبی بەعسی و تاوانبارانی ئەنفال .
لە تەمەنی بەعسدا تاڵەبانی و بارزانی ڕۆژێک جێگەی نیگەرانی نەبوون بۆ ئەو ڕژێمە ، چونکە تاڵەبانی یان بارزانی بەدرێژای ئەو هەمووساڵە گەر جێگەی ترس بونایە ڕاستەو خۆ یان ناڕاستەو خۆ لەخزمەتی دۆزی بەعسدا نەبونایە ئەوە دەیان جار هەوڵی تیرۆر کردنیان دەدان هەر هیچ نەبوایە بەفڕۆکە دەیانتوانی بۆردومانیان بکەن ، بەڵام ماوەی سێ ساڵ تاڵەبانی لەیاخسەمەر بوو بەعسییەکان لەهەموو دۆڵی جافایەتیان دەدا بۆ تاکە جارێک چی یە لەبارەگای تاڵەبانیان نەدا تا چۆڵی کرد پێش پرۆسەی ئەنفال چوە ئەورپا ، هاوڕیەکم لە وڵاتی سوئید دەژی گێڕایەوە کە بەعسییەکان چەندین کوریان بە دەیان شێوە لەسوئید کوشتوە کە زانیویانە خەڵکانی ئەکتیڤن بەڵام تاڵەبانی بەدڵی خۆی ماڵ و منداڵی لە ئەورپادا ژیانیان کردوەو خۆشی کەی پێی خۆش بوە سەفەری کردوە بێئەوەی هیچی لێبێت ، ئاخر مرۆڤ هەر پیشيیەک بکات لەماوەی ٦٠ یان ٦٥ ساڵدا توشی گرفت و نەخۆشی و تیاچون دەبێت کەچی تاڵەبانی ئەو هەموو ساڵە تاکە جارێک گولەک تیغی نەکرد وەک مەسعود ی ٥٥ساڵ پێشمەرگەی پەشمەک .
بڵاو بونەوەی ئەم بابەتە لەم کاتەدا و بەناوی ئەم پیاوەمردوەوە تەنها خۆڵ کردنە چاوی خەڵکە ،چونکە سەدام گەر لە تاڵەبانی بترسایە ئەنفالی نەدەکرد و ئەو هەموو تاوانەی بەرامبەر گەلەکەمان نەدەکرد ، هەر لێ بترسایە کە تاڵەبانی جۆرچ حەبەشی تێگەیان خاڵەشەهاب و هاوڕێکانی ئازادکات لەداری نەدەدان . بەسە واز لەو پیاوە پەک کەوتەیە بێنن لەوە زیاتر یاری بەچارەنوسی مەکەن ، ئێوەن لەتاڵەبانی دەترسن ، لەبەرژەوەندی خۆتان سێ ساڵە ناتوانن کەسێک لەجێگەی دانێن وەک سکرتێر ، ئەسەف بۆ ئەو مێژووی قوربانی دانی کۆمەڵە کە تاڵەبانی و بنەماڵەی برایم ئەحمەد بونە میراتگری.
سمکۆ ساحێبقران
-------------------------
تارق عەزیز وەزیری دەرەوەی ڕژێمی پێشووی عێراق لە دیدارێكی ڕۆژنامەواندیدا دەلێت
تاڵەبانی داوای چارەنوسی كوردەئەنفالكراوەكانی لە سەدام كرد و پێی وت لە ئەگەر چارەنوسی ژن و منداڵەكانمان بۆ ئاشكرا نەكەن لە دادگای لاهای شكاتت لێ دەكەم، سەدامیش وتی برۆ لای خوا حەقی خۆتان بستێنن.
گفتوگۆیەكی بڵاونەكراوەی تارق عەزیز یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی رژێمی روخاوی بەعس و وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی عێراق لەگەڵ رۆژنامەنوسی عەرەب (فرید صباغ)، لەم چاوپێكەتنەدا باس سەرۆكی پێشووی عێراق و هەندێك لەسەركردەكان لە نێویشیاندا تاڵەبانی دەكات. دەقی دیدارە ڕۆژنامەوانیەكە
فرید: ئەگەر زەمەن بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینت رازی دەبیت ببیەوە وەزیر لای سەدام حسێن؟
تارق: هەرگیز نەخێر
فرید: بۆ؟
تارق: چونكە ئیستا تێگەیشتووم كە ئەوسا هەڵەبووم.
فرید: كە سەدام كوردی قەتلوعام دەكرد نەتزانی كە ئێوە هەڵە دەكەن؟
تارق: با دەمزانی بەلام دەسەڵاتم نەبوو.
فرید: ئەی بۆ قبوڵت دەكرد؛ بەلایەنی كەم رات نەكرد لە عیراق؟
تارق: چونكە بچومایەتە ئەوپەڕی دنیاش مخابەراتی عیراق دەیكوشتم.
فرید: ئەنفال كراوانی كوردتان چی لێ كرد؟
تارق: من هیچ زانیاریەكم لەسەر چارەنوسی ئەنفالكراوان نەبوو تا ئەم دواییە كە جەلال تاڵەبانی داوای چارەنوسی كوردەكانی لە سەدام كرد.
فرید: جەلال تالەبانی چی گوت؟
تارق: تالەبانی بە سەدامی گوت "ئەگەر چارەنوسی ژن و منداڵەكانمان بۆ ئاشكرا نەكەن لە دادگای لاهای شكاتت لێ دەكەم."
فرید: سەدام چۆن وەڵامی تالەبانی دایەوه؟
تارق: گوتی برۆ لای خوا.
فرید: كەسایەتی تاڵەبانی چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
تارق: كورد سێ پیاوی سیاسی تیایە كە بزانن سیاسەت بكەن یەكێكیان قاسملو بوو تاران كوشتی، دوانەكەی تریش جەلال تاڵەبانی و عەبدوڵا ئۆچەلانە.
فرید: تاڵەبانی تا رژێمەكەتانی لەناو نەبرد وازی لێتان نەهێنا چۆن مەدحی دەكەی؟
تارق: من راستیم گوتوە تەنانەت سەدامیش لە تاڵەبانی دەترسا.
فرید: پەیوەندی نێوان شیعە و سوونە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
تارق: پەیوەندی نێوان شیعە و سوننە لە دێر زەمانەوە باش نەبوه؛ بەم دواییەش جەلال تاڵەبانی زۆر زیرەكانە و بەنهێنی خراپی پەیوەندی نێوان شیعە و سوننە ی قۆستۆتەوە بۆ دەسكەوتی زیاتر بۆ كورد.
فرید: واتە تاڵەبانی هۆكارە بۆ ئالۆزكردنی نێوان شیعە و سونه؟
تارق: تاڵەبانی هەردوولای بۆ بەرژەوەندی كورد بەكارهیناوە نەك ئاڵۆزی.
فرید: ئەگەر جەلال تالەبانی داوات لێ بكات ببیە وەزیر لە حكومەتی ئێستای عیراق؛ ئامادەی؟
تارق: نەخێر، چونكە منیش بۆ قازانجی كورد بەكار دەهێنێت.
سەرچاوە : چاودێر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست