کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەهەرێم کردنی کەرکوک بە رەزامەندیی تورکیاو ئێرانە

Sunday, 26/07/2015, 23:01


پارتە دەست رۆیشتوە کوردییەکانی باشووری کوردستان، خەریکە بەهەرێم کردنی کەرکوک، وەکو دەستکەوتێکی سیاسیی، بە زۆرینەی سادەی شەقامی کوردی دەناسێنن. هەریەکەیان لەلای خۆیەوە، مەبەستیەتی وا دەربخات، کە ئەو دەستکەوتە سیاسییە بۆ گەلی کورد بە تایبەتی بۆکەرکوییەکان، هەنگاوێکی ئێجگار گرنگە، لەویش گرنگتر دەستپێشخەری کردن لە خستنە روو، سەرکەوتنی ئەو بیرۆکەیەدایە کە کامیان خاوەنی بووە.
ئاوێنە نیوز "لە ٢٢ی تەموزدا، پارێزگاری کەرکوک  له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "کە ئیتر کەرکوک بەدەر لەحکومەتی ناوەندی عێراق ھەڵسوکەوت دەکات، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی لە سەر لیستی گۆڕان گوتی "پاڵپشتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتی کەرکوکن". لە هەمان کۆنگرە، هەر دوو بەرێز ئاماژەییان بەوەدا، کە هۆکارەکەی  "کێشەی ئابووریی‌، دامەزارندن‌ و دارایی روی له‌پارێزگاى كه‌ركوك كردوه‌، به‌هۆی نه‌ناردنى به‌شه‌ بودجه‌ له‌لایه‌ن به‌غداد".
بیرۆکەی بەهەرێم کردنی کەرکوک کتوپڕ نییە لەو سات و کاتەدا هاتبێتە پێشەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجە لەلایەن بەغداد. ئەو بیرۆکەیە لە لایەن پارێزگاری کەرکوک لەسەر بیناغەی کار کردن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی و دەستەکەی، لەو کاتەوەی لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان زەمینە سازی بۆ دەکات، لە میدیا کوردییەکان و جیهانیەکان ئاماژەی پێداوە، بەتایبەتی لە کەناڵی رووداوی ناسراو بەوەی کە کەناڵێکە سەر بە نێچیرەوان بارزانیی و تورکیاییە.
 بەهەرێم کردنی کەرکوک، خواستێکە پارێزگاری کەرکوک، کاری زۆری بۆکردوە بە تایبەتی لە وەرگرتنی ڕاوبۆچۆنی زلهێزەکان، دەوڵەتانی دراوسێی دژە کوردی وەکو ئێران و تورکییا. نەجمەدین کەریم، بێوچان هەوڵیداوە ڕای ئەوانی لا ساغ بێتەوە، رەزامەندیی، پشتیوانیی ئەوانی مسۆگەر کردوە. روداو نەجمەدین کەرێم گوتی" ئەمریکاو وڵاتانی دراوسێ دەڵێن چارەسەری کێشەی کەرکوک بەوە دەکرێت کە هەرێمێکی سەربەخۆ بێت".
 پارێزگاری کەرکوک و جێگری سەڕۆکی پەرلەمانی عیراق، دەیانەوێت وا لە خەڵک بگەیەنن کە ئەو هەنگاوە بەبێ ئاگاداری، رەزامەندی پارتی و دۆستەکانی وەکو تورکیا بووە. لە راستیدا پارتی دیموکراتی کوردستان پێش وەخت ئاگادار کراوەتەوە، هەرسێک لایەن پارتی، یەکێتی و گۆڕان رێککەوتون لەسەر ئەو مەسەلەیە، بەرەزامەندیی تورکیایی دژە کوردو مرۆڤاییەتی. لە بەرواری ٣/٨/٢٠١٢دا، باڵوێزی دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵ، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لە هەولێری پایەتەختدا، چوو بۆ شاری کەرکوک، لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک کۆ بووەوە، کە ئەمە ئاماژەییەکە کە ئەو سەردانەی باڵوێزی تورکیا بۆ کەرکوک بە رەزامەندیی پارتی  بووە، هەوڵی داوە ئەو سەردانەی بۆ رێکبخات، بەپێچەوانەی ئەوەی میدیایی پارتەکانی تر پروپاگەندەیان بۆ دەکرد.
ناکۆکی نێوان پارتی، یەکێتی و گٶڕان لەوەدا نییە، کە هەڵوێستێکی سیاسیی ڕاست و گونجاویان هەبێت بەرامبەر بەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. بەکارهێنانی ئابووریی کوردستان بە شێوەیەک کە لە خزمەتی گشتیدا بێت، یان پێداگری بێت لە سەربەخۆیی کوردستاندا، گەڕانەوەی ناوچە دابراوەکان، رێگری بکەن لە پارچە پارچە بوونی باشووری وڵات. کێشەو نەگونجانی هەر سێ لایەن تەنیا لەسەر ئەوەیە کە ئەو هەرێمە تازەییە کێ سەرۆکی بێت، دەرامەتەکەی بچێتە باخەڵی کامییان، چۆن فێل لە خەڵکی کەرکوک بکەن بۆ بردنەوەی دەنگیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا، بەهێز کردنی مەیدانێکی تر بۆ زیاتر ململانێ و کێشمە کێشمە حزبیەکان، هەڵکردنی فیتنەی دووبەرەکی، تێکبەردانی میللەتی کورد لە باشوور بەتایبەتی لە نێو کەرکوکییەکاندا.
سەڕۆکی ئەو پارتانە ریککەوتنی ئابووریی و سیاسیی خۆیان دەمێکە لە چوارچێەوەیەکی  ئاسنیدا قفڵ بەند کردوە، لە پێش ساڵی ٢٠٠٣ وە نەوتی کەرکوک، تەق تەق بەرێگای بۆری نەوتەکانی ژێر دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم، ڕەوانەی مینای جیهانی تورکیا دەکرێت. روداو، نەجمەدین کەرێم گوتی"٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەرێگای بۆریە نەوتەکانی هەرێم ڕەوانەی مینای جیهانی تورکیا دەکرێت".
گومان لەوەدا نییە کە تورکیا پشتیوانی لە هیچ پرۆژەییەک ناکات ئەگەر بزانێت بەرژەوەندیی میللەتی کوردی تێدا بەدی دەکرێت. دەستەڵاتدارانی تورکیایی دژە کوردو مرۆڤاییەتی ڕەزامەندیی خۆیان دەرىڕیوە بۆ ئەو هەنگاوە، بە خەڵکانی سەربەخۆشیان راگەیاندوە کە پشتیوانی لەو هەنگاوە بکەن، ئایدن مەعروف سەرۆکی پارتێکی تورکمانە لە هەولێر، لە باسنیوزدا گوتی" تورکیا پێی راگەیاندوین کە پەیوەدنییەکی پتەومان هەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم،". ترەید لینک، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان ئایدن مەعروف، رەشنوسی پرۆژەی بە هەرێم کردنی کەرکوک ئامادە دەکات بۆ پەرلەمانی کوردستان، پێێ وایە، پرسی کەرکوک دەبێت بە تەنیا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەهۆی ئەوەی پێکهاتە سیاسییەکەی هەستیارە". "ئایدن"ی ناسراو بە  پیاوی تورکیا و جاشی پارتی لە درێژەی باسەکەیدا گوتی" شاری کەرکوک، ناوەندی کولتووریی تورکمانە لە عیراق و دونیادا".
بەهەرێم کردنی کەرکوک، لەبەرژەوەندیی یەکرێزیی نەتەوەییی و نیشتمانیی میللەتی کورددا نییە. هەنگاوێکە بۆ دابەش کردنی زیاتری کوردستانی باشور، لێکترازانێکی سیاسیی، ئابووریی کۆمەڵایەتیی دروست دەکات. هەوڵدانە بۆ دروست کردنی پەیکەرێکی تری وەکو پەیکەری حکومەتی بنکە فرەوان ئاسا کە دەستەڵاتێکی  سیاسیی تری گەندەڵ، لە باشوری وڵاتدا سەقامگیر دەکات. هێنانە پێشەوە، بەهێزکردنی زیاتری هەمان کەساییەتی نێو پارتە بەشداربووەکانی نێو حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێمە.  چوارچێەوەیەک دەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتی ئابووریی سیاسیی کۆمەڵێک کەسی دەسترۆیشتوی  نێو ئەو پارتانە، زیاتر جاشاییەتی کردن و  مل شۆرکردنیان بۆ ئەو وڵاتانەی کە بە دژە کورد ناسراون وەکو تورکیا و ئێران.
 
سەرچاوە:
 
http://rhewal.com/news.php?id=3290

http://www.iraqtradelinknews.com/2015/06/turkmen-project-to-declare-kirkuk.html
http://english.shafaaq.com/politics/14526-the-governor-of-kirkuk-the-region-idea-is-a-us-–regional-project.html
http://www.kurdishglobe.net/article/AA3764702D4823F6C133AA749BF10D56/Kirkuk-wants-to-sell-its-oil-independently.html
http://www.iraqtradelinknews.com/2015/06/turkmen-project-to-declare-kirkuk.html

http://kurdistantribune.com/2012/turkish-foreign-minister-goes-kirkuk/
Kirkuk governor: US, regional powers support Kirkuk as independent region
http://rudaw.net/english/kurdistan/260520153
Turkmen Front: Turkey’s Silence is a sign of support for Kurdish independence
http://www.basnews.com/en/interviews/2014/07/08/turkmen-front-turkeys-silence-is-a-sign-of-support-for-kurdish-independence/


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە