بارزانی و ئەردۆگان لەسەرخوانی خواردنی گۆشتی کورد
Saturday, 25/07/2015, 20:38
سەرئەنجام، تورکیا ئەو دەمامکەی لادا کە چەند ساڵە بەناوی چارەسەری کێشەی کوردەوە بەڕووی خۆیەوە کردووەو ماهیەتی ڕاستەقینەی خۆی و هاوپەیمان و پرۆژە شەیتانییەکەی بۆهەمووان ئاشکراکرد.
تورکیا هەر لەڕیشەوە هیچکات نەباوەڕی بەچارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد هەبووەو نەهیچ پرۆژەیەکیشی بۆئەم مەبەستە هەبووەو ناوەرۆک و مەبەستی ئەم چاندساڵە لە ئاگربەست و دەموەردان لەچارەسەریی، تەنیا دەستی دەستی پێکردن و هەوڵدان بۆ پاشقول لێدان و بێ کاریگەرکردنی بزووتنەوەی کورد، بەشێوازی فێڵ و چاوبەستەکی و ئامادەسازیی بۆ پەلاماری نوێ بووە. ئەمە ڕاستییەک بووە هەرچاودێرێکی سیاسی بەئاسانی پەی پێ بردووەو ڕێبەرایەتی پەکەکەش بەردەوام ئەمەی ڕاگەیاندووە، کە تورکیا ناخوازێت کێشەی کورد چارەسەر بکات و ئەوەی دەیکات لە شانۆگەرییەکی فێڵاوی و سوودوەرگرتن لەکات بەملاوە شتێکی تر نییە.
ئەردۆغان و ئاکەپە کە ڕێبەرایەتی پرۆژەی ئیخوانولموسلمین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەن، پرەنسیپ وبیرکردنەوەو شێوازی کاری سیاسیی و ئامانجی کۆتاییان، ڕکێفکردن، سەپاندن، نکوڵیکردن، وبنپێکردنی دیموکراسی... نەک چارەسەریی هیچ کێشەیەکە. ئەوەی تا ئێستا بەدیهاتووە بریتی بووە لەشکەستخواردنی هەمە لایەنەی ئەم پرۆژەیە. و لێدوانەکانی چەند ڕۆژ پێشی عەبدوڵاگیولی سەرکۆماری پێشووی تورکیا کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیای بە هەڵە ناوبرد. و وەڵامدانەوەکەی ئەردۆغانیش کە گیولی بەترسنۆک و خائین ناو برد واتادارەو ماهیەتی ئاکاپەو شێوازی بیرکردنەوەی ئەردۆگانی ئاشکرا کرد. کە سەرکردەیەکی دیکتاتۆر، هەڵەشە، و شکەستخواردوویە. وبەدوای دەسەسڕێکەوەیە تائارەقەی شەرمی شکەستەکانی خۆی پێ بسڕێتەوە.
سەرکەوتنەکانی شۆڕشی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و چەسپاندنی هەرچی زۆرتری قەوارەی خۆسەری دیموکراتیک، هەروا سەرکەوتنەکانی هەدەپە لە دووایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا، بەپێچەوانەی چاوەڕوانی هەندێکان، کە پێیانوابوو خزمەت بەپرۆسەی ئاشتی دەکات، تورکیای تۆقاندو ئەو تەحەمول و سینگفراوانییەی نەبوو کە هەبوونی کورد بەم هێزەوە لەپەرلەمانی وڵاتەکەیدا ببینێت. وئەم وڵاتەی هەراسان کردو واقیعیەت و نیازی ڕاستەقینەی خۆی بەرانبەر کورد پێ ئاشکرا کرد.
ئێستا ئەوەی ڕوویداوە بەگشتی چاوەڕوانکراوبوو، تورکیا تەنیا ئەوەی تا ئێستا دەیشاردەوە ئاشکرای کردووەو هەڵوێستێکی وەهاش کەس ڕاناچڵەکێنێ. بەڵام ئەوەی لەم ناوەدا دنیایەک گومان و پرسیار لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هاوپەیمانێتی پارتییە لە گەڵ تورکیادا. سەرنجڕاکێش بوو، کاتێک داودئۆغڵو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی لەناو ئەم هەموو سەکردانەی جیهاندا، بارزانی بۆ ڕاوێژ هەڵبژاردووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە تورکیای ئەمڕۆ تورکیای دوێنێ نییەو گەرچی هەمووشتێک بەئاشکراو لە ڕاگەیاندنا ناگوترێت بەڵام هەموو دەبینین تورکیای ئەمڕۆ وڵاتێکی ناشیرین و بەدناو، دۆستی داعش و لەچاوجاران دوورەپەرێزو، بێدۆست و هاوپەیمانە. و کەچی سەیرکەن پارتی هاوپەیمانی کێیە..؟
سەیری پارتی، لەنێوان باشوورو ڕۆژئاوای کوردستاندا خەندەق هەڵدەکۆڵێت و ئەو سنوورەی داگیرکەران دایانڕشتووە پڕڕەنگتر دەکات، و بە پەکەکە دەڵێت ئێوە تائێستا میوان بوون و ئەمجار خاکی ئێمە بەجێ بێڵن.!! کەچی بارزانی بەداودئۆغڵو دەڵێت بفەرموون مافی خۆتانە بێنە خاکی ئێمەو لەبزووتنەوەی کورد بدەن. ئاخر هەموو دەزانین کە ئەخلاق لەسیاسەتدا بنپێ دەکرێت. بەڵام هیچ بزووتنەوەو پارت و دەوڵەتێک هێندە بێئەخلاق و سووک نییە کەبۆخۆی بە داگیرکەرو دەستدرێژکەرو شەرفرۆش بڵێت فەرموو!!. خۆئەگەر هەڵگیرسانەوی شەڕو تەقاندنی فیشەکی یەکەمیش لەلایەن پەکەکەوە بووایە هێشتا دەکرا مرۆڤ لەهەڵوێستوەرگرتندا هەڵوێستەیەک بکات. بەڵام ئایا بەدرێژایی ئەم چەندساڵەی ئاگربەست شتێک مایەوە لەپێناوی ئاشتیدا کەئەرکی پەکەکە بووبێت و ڕاینەپەڕاندبێ..؟
ئایا ئیتر لێرە بەدوا بانگەشەکانی پارتی سەبارەت کوردستانی و نەتەوەییبوون، و خواستی دەوڵەتی سەربەخۆ هیچ واتایەکیان بۆدەمێنێتەوەو دەبێ کەسێک باوەڕیان پێبکات..؟
پارتی تا نووسینی ئەم چەنددێڕە بێدەنگی هەڵبژاردووەو دیارە کەخەریکی سازکردنی شانۆگەرییەکی پڕلەساختەبازین. بەڵام ئەگەر کەسێک لەخۆی نەگۆڕێت بەئاشکرا دەبینێت کە ئەردۆگان لەسەرلاشەی بەخوێن شەڵاڵی کورد چ داوەتێک دەگێڕێت و مەسعودبارزانیش چ سەرچۆپیی کێشێکە!!. خوانێک پانکراوەتەوە کە گۆشت و ئێسکی خەباتگێڕو شەڕڤان و گەریلای برژاوی کوردی لەسەرهەڵچنراوەو بارزانی و ئەردۆگانیش تا ئانیشک قۆڵیان لێهەڵکردووەو لەخواردنی گۆشتی کوردا لیک بەلالغاوەیاندا دێتە خوارێ.
ڕەنگە ئەم پەلامەرە ناجوامێرانەیە تائاستێک سەرەتا زیانی گیانی و ماڵی بە کوردو بزووتنەوەکەی بگەیەنێت. بەڵام گومانێک لەمەدا نییە، کەبزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لەدیرۆکی خۆیدا هیچکات لەڕووی نیزامی و ڕێکخستنی و جەماوەریی و دیپلۆماتیکییەوە.. هێندەی ئەمڕۆ بەهێز و تورکیاش هێندەی ئەمڕۆ دەستەپاچەو شکەستخواردوو دوورەپەرێز لەجیهان نەبووە. و هەرکوردێکیش بەبەهای خاک و ئابڕوومەندیی و خوێنی مرۆڤی کورد گرەو لەسەر هاوپەیمانێتی تورکیا بکات، گۆڕێک هەڵدەکۆڵێت کەهەر لەئێستاوە لاقێکی خۆی کەوتۆتە ناوی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست