کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو دیوی کۆچ

Monday, 20/07/2015, 23:52


 لێرەدا باسی کۆچ و هۆکارەکانی ناکەین و ئەوەش لای هەموان ڕوونە کە بۆچی مرۆڤ زیدی خۆی جێئەهێڵێ و بیر لەکۆچ کردن ئەکاتەوە.ئەڵبەت گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتر باشترین هۆکارە لەپشت کۆچکردنەوە،جا ئەو کۆچکردنە هەر هۆیەکی لە پشتەوە بێ گرنگ نیە،تەنها ئەوە نەبێ کۆچکردن تەنها بەشێکە لەژیانی مرۆڤ و مافێکی ڕەوای هەموانە. وە کۆچکردن هیچ کات شتێکی نامۆ نیە و پێوستە وەك بژاردەیەك هەر دەم لەبەردەستماندا بێ و کەی پێوستمان بوو ئەوا کۆچ بکەین و سەرلەنوێ ژیان دەست پێبکەینەوە.
ڕەنگە لای هەندێ کۆچ وەك دیاردەیەکی بێ ئومێدی و بێهوودەیی وابێ،کاتێ مرۆڤ ئەگاتە ئاستێك لە ڕەشبینی و لەلێڵی داهاتوویەك کە هەست بکا ژیان بۆ ئەو هیچ مانایەکی نەماوە،ئەوا بێ گومان کۆچ کردنەکەی پەرچەکردارێکی ئەرێنیە و ڕەنگە ئەمە ئەو پەیامەبێ بیداتە گوێی بەرپرسی ووڵاتەکەی کە چیتر مانای ژیان لێرە بوونی نەماوە،ئەوا دیوێکی تری ئەم دیاردەی کۆچکردنە مانایەکی ترسناکترە بۆ سەر دەسەڵات گەر بێتوو هیچ چارەسەرێکی نەبێ بۆی. ئەگەر چی دەسەڵات خۆی سەرچاوەی ئەو کۆچکردنە بەزۆرەی ئەو هەموو گەنج و لاو خێزانانەیە،بەڵام پرسیار گرنگ ئەوەیە،ئەی ئەوانەی کۆچ ناکەن و بەهەر هۆیەکەوە لەووڵات ئەمێننەوە،ئاخۆ ئەوان لەجیاتی کۆچ بیر لەچیتر ئەکەنەوە تا بتوانن لەئاستی ئارەزووەکانی خۆیان بوەستنەوە؟
گەر چاوێك بەمێژووی گەلانی ژێر فشاری پرۆسەی کۆچی بەزۆر و بەکۆمەڵ بکەینەوە ئەوا ئەبێ ئەو ڕاستیە  بزانین کەوا دوای ئەو پرۆسەی کۆچپێکردنە؛ڕاپەڕین و شۆڕش بەرپا بوەو دەسەڵاتیان گۆڕیوە.سالانی هەشتاکان دوای ئەو کۆچی گەنج ولاوی کورد دەستی پێکرد بەرەو ئەوروپا پاش ماوەیەکی کەم لەزۆربەی شار وشارۆچکەکانی کوردستانی باشوور ڕاپەڕین کڵپەی سەندوو کێرڤی شۆڕش دژ بەبەعس ڕووی لەبەرز بوونەوە کرد.جاریکی تر دوای کۆتاییەکانی هەشتاکان و پرۆسەی ئەنفال و کیمیایی بارانکردنی سوپای عێراقی،ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەدوای خۆیدا هێنا.
کۆچی لاوانی کوردی باکوور دوای ئەو هەموو فشارەی دەوڵەوت لەسەریان ،ناچار بەرەو ئەوروپا ڕێچکەیان بەست و دواجار شۆڕشی پەکەکەی لەوێ دروست کردەوە.کۆچی ڕووسیەکان لەکاتی سەردەمی کۆمۆنیست بەرەو ڕۆژئاوا شۆڕشی ڕیفۆرم و پرۆسترۆکای بەدوای خۆیدا هێنا.کۆچی بەکۆمەڵی ئەمریکای لاتین بەرەو ئەمریکا،چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشی لەو ووڵاتانەی ئەمریکای لاتین دروست کرد.لەمێژووی دووریشدا،کاتێ موحەمەد و هاوەڵەکانی لەشاری(مەککە)کۆچ پێکران بەرەو مەدینە دواتر شەڕی بەدری بەدوای خۆیدا هێنا و گۆڕانکاری لەو ناوچەیەدا دروستکرد.
کۆچ پێکردن لەژێر فشاری سیاسی هەروەك ئەوەی هەنووکە لە کوردستانی باشووردا هەیە و لاوان ئەوێ جێئەهێڵن و بەدوای ژیانێکی باشتردا وێڵن،ئەوا دەسەڵات ئەبێ باش خۆی بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشێکی چاوەڕوان کراو ئامادە بکا و شنەی ئەو ناڕەزایی و تووڕەیی ئەو گەنجانە تەنها بە کۆچپێکردن تەواو  نابێ.ئێستا لەهەموو کات زیاتر هەلی ڕاپەڕین و شۆڕش دژ بەم دەسەڵاتە ناسیاسی و ناڕەوایە لەئارادایە،وە مێژوو ئەم جارەش ئەو ڕاستیەمان پێ ئەڵێ کەئەم دەسەڵاتە وەك ئەوانی پێش خۆی لەلایەن نائۆمێدەوان و بێزار بووەکان ئەبێ ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە