دكتۆر بەرهەم: مانەوەى مەسعود بارزانى لە دەرەوەى پەرلەمان بەناوى (پیرۆزى و گەورەیی) تارماییەكى ترسناكە

Monday, 20/07/2015, 22:24


دكتۆر بەرهەم: مانەوەى مەسعود بارزانى لەدەرەوەى پەرلەمان و حكومەتى هەرێم بەناوى (پیرۆزى و گەورەیی) تارماییەكى ترسناك بەسەر دوا ڕۆذى بزوتنەوەى دیموكراتى كوردستان دەكشێت.
دكتۆر بەرهەم ساڵح ساڵى 1995 لە وتارێكیدا كە لە بلاَوكراوەیەك بلاَو كراوەتەوە بەناوى (لانەى جاسوسی/ زنجیرە 3) وەلاَمى فەڕەنسۆ هەریرى دەداتەوە كە ئەو كات سەرۆكى لیستى زەرد بوو لە پەرلەمانى باشور.
بەرهەمەم ساڵح لەم وتارەدا مەترسی خۆى دەردەبڕێ لەوەى لەلایەن چەند سەركردەیەكى ئەوكاتەى پارتیەوە، هەوڵدەدرێت مەسعود بارزانى پیرۆز بكرێت، دكتۆر بەرهەم دەڵێت: پیرۆزى تەنها بۆ خوداو پێغەمبەرەكانییەتى و لەسایەى فەرمانڕەوایی دیكتاتۆرى بابەتى سەدام و كیم ئیل سۆنگ و هیتلەر و عیدى ئەمین پڕۆپاگەندەى درۆزنى پیرۆزى و گەورەیی تاكە كەس ڕادەگەیەنرێت.
دكتۆر بەرهەم پرسیار دەكات و دەڵێ: تۆ بڵێ ى كورد دواى ئەو هەموو قوربانى و دەردەسەریەو، لەدواى هەرەسی سەرتا سەرى دیكتاتۆریەت و هەڵكشانى باهۆزى دیموكراسی لە دونیادا، فەرمانڕەوایى كوێخایەتى بخوازێ؟!
دكتۆر بەرهەم پێ ى وایە، دروست كردنى هێزى پێشمەرگەى تایبەتى پارتى و یەكێتى لەدەرەوەى سوپاى یەكگرتوى حكومەتى هەرێم، كوردستان بەرەو حوكمى میلیشا دەبات.
هەر لەم وتارەدا بەرهەم ساڵح نوسیویەتى: پێشێڵ كردنى مافی مرۆڤ و تیرۆركردن و كوشتنى سیاسی و پاوانكردنى داهاتى گومرگ و بردنى پارە لە بودجەى حكوومەت بۆ بارەگا حزبیەكان، لەكاتێكدا كۆمەلاَنى خەڵك لەذێربارى دەستكورتى و برسیەتى دەناڵێنن، چیتر ناشاردرێنەوە و ئەم دیاردانە بوونەتە مایەى نیگەرانى كۆمەلاَنى خەڵك.
بەرهەم ساڵح پێی وایە بۆ ئارامى و هاوسەنگى دەسەلاَتەكان پێویستە تاڵەبانى و بارزانى بچنە پەرلەمان و حكومەتەوەو ترسیان لەوەنەبێت كە بكەونە بەر لێپرسینەوە چونكە سەركردەكانى كورد هیچیان زیاتر نیە لەسەركردەى ولاَتە دیموكراتە پێشكەوتووەكانى دنیاو، هەركەسێك نیازى سەركردایەتى ڕذێمێكى دیموكراسی هەبێت نابێت بەڕخنەى سەغڵەت بێت، مەگەر نیازى دیكتاتۆریەت و فەرمانڕەوایی یان (كوێخایەتى) موتلەقی هەبێت.
بەرهەم ساڵح نوسیویەتى: ڕەخنەگرتن و سەرنج ڕاكێشان بۆ هەڵەو كەم و كورتیەكان، ئەركى سەرەكى پەرلەمانتارە و بەجێ نەهێنانى ئەم ئەركە پەرلەمانى كوردستان دەكاتە قاوغێكى بەتاڵ و پووچەڵ لەبابەتى مەجلیس تەشریعى سەدام.
وەلاَمى دكتۆر بەرهەم بۆ سەركردەكەى ئەوكاتەى پارتى لەسەر ئەوەیە كە داوا دەكرا بارزانى وتاڵەبانى بەشدارى سەرۆكایەتى پەرلەمان و حكومەت بكەن. بەلاَم لەلایەن فەڕەنسۆهەریریەوە كە ئەوكاتە سەرۆكى لیستى زەرد بوو لە پەرلەمانى باشور. پێی وابوو سەركردەكان پیرۆزیان هەیەو ناكرێت بێنە پەرلەمان و لەلایەن ئەندامانى پەرلەمانەوە بخرێنە بەر تەوذمى ڕەخنەو لپێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
تێبینی: ئەم بابەتە پێدا هەڵگوتن نیە بە خودی دكتۆر بەرهەم، بەڵكو باسكردنى گەیاندنى بابەتێكە كە 20 ساڵ پێش ئێستا هاوكێشەیەك بووە لە سیاسەتى پارتى و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە