پارتى جارێکى دیکە دەستى کردۆتەوە بە خەندەق لێدان
Saturday, 18/07/2015, 22:48
پارتی دیموکراتی کوردستان ـ ئێراق لەو دیوی باشووری کوردستانەوە دیسان دەستی کردوە بە هەڵکاندنی خەندەق و جیاکردنەوەی خاکی کوردستان لە یەکتری ، بۆ ئەمەش ماوەیەکە ئەوکارە بە نهینی دەکات، بەڵام ئێستا ئەو کارەی ئاشکرابووە .
لەوبارەیەوە ئەفسەرێکی پێشمەرگە لە میحوەری شەنگال کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رۆژنیوزی راگەیاند:” ماوەی پێنج رۆژە پارتی دەستی کردۆتەوە بە هەڵکەندنی خەندەق و چاڵێکی بە قوڵایی 2 مەتر پانی و 3 مەتر قوڵ لەسەر سنووری رۆژئاوا و باشووری کوردستان بە درێژی (37) کلم .”
هەروەها وتی :” ئەم خەندەقە دەست پێدەکات لە مەفرەقی (تربگە)ی سەر بە ناحیەی (سنونێ ) تا دەگاتە گوندی (حساویک) لەوێشەوە، بۆ گوندی (بارە) کە کەوتۆتە رۆژژئاوای کلکەی چیای شەنگال بە سەر سنوری رۆژئاوای کوردستان .”
سەرچاوەکە ئاماژەی بەویش کرد :” بۆ ئەم مەبەستە (12) حفارە و ژمارەیەک شۆفەل بەکاردەهێنن و ئەم پرۆسەی خەندەق لێدانە راستەوخۆ لەلایەن (زعیم علی ) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سەرپەرشتی و رێنمایی دەکرێ .”
شایەنی بە بیرهێنانەوەیە لە بەهاری ساڵی 2014 بە هەمان شێوە پارتی هەڵسا بە هەڵکەندنی خەندەقێک لەسەر سنوری رۆژئاوای کوردستان بە درێژی (40) کلم هەر لەسەر ئاوی (پیشخاپور) تا دەگاتە سنووری گوندی (قاهرە) ی نزیک ناحیەی رەبیعە . بۆ زانیاری زیاتر ئەو سنورەی کەوا پارتی خەندەقی تیدا لێدەدا لە دیوی رۆژئاوا زیاتر لە (3) مانگە لەلایەنی شەرڤانی (یەپەگە)وە ئازادکراوە و هێزەکانی (یەپەگە) لەو سنورە جێگیرو باڵادەستن .
رۆژنیوز – کهریم محەمەد
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست