لەدواجار پۆستي سەرۆكى هەرێم بۆ پارتيیە

Sunday, 12/07/2015, 17:29


ئەگەر سەیرى ڕێككەوتننامەى ستراتیجی نێوان پارتى و یەكێتى بكەین زۆر بە ڕوونى ئاماژەى بەوە داوە كە پۆست و پلەكانى بەغدا یەكسانە بە پۆست و پلەكانى هەرێم. كەواتە پۆستى سەرۆك كۆمارى عێراق لەلایەن یەكێتى و  پۆستى جێگرى سەرۆكى پەرلەمانى عێراق لەلایەن بزوتنەوەى گۆڕان گرەنتى مانەوەى بارزانیین بۆ چوار ساڵى تر بەسەرۆكى هەرێم.
ساڵآ 2005 تاڵەبانى و بارزانى بۆ ڕاگرتنى هاوسەنگى نێوانیان، پۆست و پلەكانى بەغداو هەرێمیان لە نێوان خۆیان دابەش كرد.
بۆ دابەش كردنى پۆستەكان ڕێكەوتى 1/12/2004 تاڵەبانى و بارزانى لەپیرمام كۆبونەوەو ڕێكەوتنێكیان ئیمزاكرد( كە دواتر بوو بەڕێككەوتنامەى ستراتیجى نێوان پارتى و یەكێتى)  بەپێى خاڵى سێیەمى ڕێككەوتنەكە، دابەش كردنى پۆست و پلەى پەرلەمان و حكومەت بەم شێوەیە دەبێت:
أ_ بۆ سەرۆكى هەرێم، مەسعود بارزانى.
ب_ یەكێك لە دوو  پۆستە سیادیەكانى عێراق (سەرۆك كۆمار، سەرۆكى وەزیرانى حكومەتى عێراق) بۆ جەلال تاڵەبانى.
ج_ سەرۆكى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان، بۆ یەكێتى.
د_ سەرۆكى حكومەتى هەرێم، بۆ پارتى.
لە كۆتایی ڕێكەوتننامەكە تێبینى ئەوە نوسراوە كە سەرۆكایەتى هەرێم بەستراوەتەوە بە سەرۆكایەتى كۆمار یان سەرۆكایەتى حكومەتى عێراق.(پرۆسەى پێكهێنانى سەرۆكایەتى هەرێم/ یاداشتى ڕۆژانە: نەوشیروان مستەفا)
پشتگیرى بارزانى بۆ بوونى تاڵەبانى بەسەرۆك كۆمار
بوونى تاڵەبانى بەسەرۆك كۆمارى عێراق چەند حەزى خۆى بوو دوو ئەوەندەش بارزانى هەوڵى بۆدەدا. ئەمەش تەنها بۆ ئەوەى سەرۆكایەتى هەرێم بەدەست خۆى و سەرۆكایەتى حكومەتى هەرێم بەدەست برازاكەى بێت و پێگەى بنەماڵەكەیان بە تەواوى لە باشور و حكوومەتى هەرێم جێگیر بێت. ئەم حەزەش لەلایەن بارزانیەوە بەئاشكرا دیاربووە كاتێك بارزانى لە  25/5/2005 نامەیەك بۆ تاڵەبانى دەنوسێت و 26/5/2005 ئازاد بەروارى و مەحمود محەمەد نامەكە بە تاڵەبانى دەدەن، بارزانى نوسیویەتى: (داكۆكیمان كرد كە دەبێ جەنابتان ئەو پۆستە سیادیەى بەر كورد دەكەوێت لە بەغدا وەریبگرن، ئەمما بەداخەوە تصورم نەدەكرد لەسەر سەرۆكى هەرێم برادەرانى یەكێتى ئەم هێنان و بردنە بكەن، بەڕاستى تامى تێدانەماوە)، (پرۆسەى پێكهێنانى سەرۆكایەتى هەرێم/ یاداشتى ڕۆژانە: نەوشیروان مستەفا) 
مەرجى پارتى بۆ بوونى تاڵەبانى بەسەرۆكى كۆمار
مەرجى پارتی ئەو كاتە بۆ ئەوەى تاڵەبانى ببێتە سەرۆكى هەرێم بریتى بوو لەوەى كە (مەسعود بارزانی بۆ ماوەى چوار ساڵ ببێتە سەرۆكى هەرێم، نێچیرظان بارزانى ببێتە سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى حكومەتى هەرێم، پاراستنى ئاسایشى هەولێر بە تەنیا بەدەست پارتییەوە بێت، وەزارەتى دارایی و پێشمەرگە لە حكومەتى هەرێم بۆ پارتى بێت). لە بەغداش (جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران، جێگرى پەرلەمان، وەزیرى كاروبارى دەرەوە، وەزیرى شارەوانى، وەزیرى كاروبارى كۆمەڵایەتى)
پۆستى سەرۆك كۆمار و هەرێم لەئێستادا
لە ئێستادا یەكێتى خاوەنى پۆستى سەرۆك كۆمارى عێراقە و مەسعود بارزانیش لە20ى ئاب كۆتایی بە سەرۆكایەتییەكەى دێت. ئەگەر پارتى و یەكێتى بەپێى ڕێككەوتننامەى ستراتیجى نێوانیان هەڵسوكەوت بكەن بۆ دابەش كردنى پۆست و پلەكانى بەغدا هەرێم ئەوا دەبێ مەسعود بارزانی بۆ چوار ساڵى تر ببێتەوە بەسەرۆكى هەرێم. چونكە یەكێتى پۆستى سەرۆك كۆمار وەرگرتووە. بەپێى ڕێككەوتنامەى ستراتیجیش، پۆستى سەرۆك كۆمار و سەرۆكى هەرێم پەیوەستن بەیەكەوە. 
ئایا ڕێككەوتننامەى ستراتیجی ماوە؟
ئەگەر سەیرى دابەش كردنى پۆستەكانى بەغداو هەرێم بكەین زۆر بەڕوونى دیارە كە تاوەكو ئێستاش ڕێككەوتننامەى ستراتیجى كارایە تەنها ئەوە نەبێ كە هاوبەشێكى تر بۆ پارتى و یەكێتى زیاد بووە ئەویش بزوتنەوەى گۆڕانە. دابەش كردنى پۆستەكانیش بەپێى سازانێك بووە لەنێوان لایەنەكان كە لەسەر ڕێككەوتننامەى ستراتیجى بنیاتنراوە، بۆنمونە لە 20ى ئابی  2013 لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانى ئەوكاتە لەپەرلەمان و لەشەقام هاواریان كرد نەخێر بۆ مانەوەى مسعود بارزانی لەسەرۆكایەتى هەرێم، بەڵام یەكێتى نیشتمانى كوردستان لەماوەى كەمتر لە 24 كاتژمێر پڕۆژە یاساى درێژكردنەوەى ولایەتى بارزانی بردە پەرلەمان و دوو ساڵى بۆ درێژكردەوە ئەمەش بۆ زامنى پۆستى سەرۆك كۆمارى عێراق. بەپێى ڕێككەوتننامەى ستراتیجی پۆستى سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتیە و پۆستى سەرۆكى هەرێم بۆ پارتیە. سەرۆكى حكومەت بۆ پارتیەو جێگرى سەرۆك حكومەت بۆ یەكێتیە. سەرۆكى پەرلەمان بۆ یەكێتیەو جێگرەكەى بۆ پارتیە. بەڵام لە دوا هەڵبژاردنى هەرێمی كوردستان تەرازووی هێز گۆڕانی بەسەر داهات بەهۆی كەمبوونەوەى كورسییەكانی یەكێتى، ئەمەش بووە هۆى گۆڕانكارى لە دابەشكردنى پۆستەكانى هەرێم و بەغدا.
پۆستی سەرۆكایەتى هەرێم استحقاقی كێیە؟
هەرچەندە لەهەرێمی كوردستان و بەغدا هەڵبژاردن كراوە بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەت بەڵام لەدواجار پشت بە تەوافق یاخود بڵێین بەسازان دەبەسترێت، ئەمەش بەهۆى بەدەست نەهێنانی دەنگى زۆرینەى ڕەها لەلایەن حیزبێكەوە. ئەم سازانەش پشت دەبەستێت بە كورسیەكانى پەرلەمان بۆ دابەش كردنى پۆست و پلەكانى پەرلەمان و حكومەت. بەپێ ى ڕێككەوتنى نێوان لایەنە براوەكانى هەڵبژاردنى هەرێمى كوردستان پۆست و پلەكانى هەرێم و بەغدا لەنێوان پارتى و گۆڕان و یەكێتیەوە بەمشێوەیە دابەشكراوە:
- سەرۆك كۆمارى عێراق: بۆیەكێتى.
- جێگرى سەرۆكى پەرلەمانى عێراق بۆ بزوتنەوەى گۆڕان.
- سەرۆكى هەرێم: بۆ پارتى.
- سەرۆكى حكومەت: بۆ پارتى، جێگرەكەى بۆ یەكێتى.
- سەرۆكى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان: بۆ بزوتنەوەى گۆڕان، جێگرەكەى بۆ  پارتى.
- دابەش كردنى وەزارەتەكانیش بەپێ ى قەبارەى كورسیەكانى پەرلەمان بووە.
كەواتە لەحاڵى ئێستادا بەپێ ى ئەو ڕێككەوتنەى حكومەتى هەرێمى لەسەر پێكهاتووە لەنێوان حزبەكان پۆستى سەرۆكایەتى هەرێم استحقاقی پارتیە. رووداوەكەى 23ى حوزەیرانیش تەنها نیشاندانى پەیامێك بوو بە پارتى كە چیتر خاڵى یەكلایی كارەوەى  بڕیارەكان نیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە