کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێشمەرگەی رۆژئاوا، گۆڵمەزێكی تری پارتی

Saturday, 11/07/2015, 6:37


پارتی دیموكراتی كوردستان لەرێگەی دروستكردنی هێزەكەوە دەیەوێت ئەجنداكانی خۆی لەرۆژئاوای كوردستان بەدیبهێێت و هاوكێشەكانی هێز لەو پارچەیە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت، ماوەیەكیشە میدیاكانی سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناردنی ئەو هێزەن بۆ رۆژئاوای كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هێزێكی 5 هەزار كەسی لە لایەنگرانی حزبەكانی ناو ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد(ئەنەكەسە)دروست كردووەو مەشقی پێكردوون و چەك و جبەخانەی بۆ دابین كردوون بەناوی پێشمەرگەی رۆژئاوا.
سەرەتای دروست كردنی ئەم هێزە دەگەڕێتەیوە بۆ دوای شكستی هێزەكانی سوپای ئازاد سوریا، كە هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە بەرامبەر چەكدارە تیرۆریستەكانی داعش و بەرەی نوسرە.
بەپێی زانیارییەكان، دوای شكستی ئەو هێزە، ژمارەیەك لە چەكدارە كوردەكانی ناو ئەو هێزە هەڵهاتن بۆ توركیا و هەرێمی كوردستان، لێرەش لەرێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان/ سوریا/ ئەلپارتی، كە حزبێكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانە، زێرەڤانی كەمپی مەشقی بۆ كردوونەوە و بەناوی پێشمەرگەی رۆژئاوا هێزێكی لێ‌ دروست كردوون.
بەپێی زانیارییەكانی "میللەت" لەسەرەتاوە ژمارەی ئەو كەسانەی كە زێرەڤانی بەناوی پێشمەرگەی رۆژئاواوە مەشقی پێ‌ كردوون نزیكەی 200 بۆ 300 كەس بوون و لەدەوربەری بەنداوی موسڵ راهێنانیان پێ‌ كراوە، بەڵام دواتر گوشار خراوەتە سەر گەنجانی كەمپەكانی دومیز و دهۆك و هەولێر بۆ چوونە ریزی ئەو هێزەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سودیان لە بێ‌ كاری و كەمدەرامەتی گەنجانی رۆژئاوا لە كەمپەكاندا بینیەوەو بەموچەی هەزار و 500 دۆلار گەنجانی رۆژئاوایان راكێشاوە بۆ كەمپەكانی مەشق.
لەدواین راپۆرتیشدا رۆژنامەیەكی نزیك لە پاراستنی پارتی ژمارەیان بە نزیكەی 6 هەزار چەكدار لەقەڵەم دەدات.
لە ئێستاشدا پارتی لەرێگەی میدیاكانییەوە هەوڵ دەدات شەرعییەت بدات بە ناردنی ئەو هێزە بۆ رۆژئاوای كوردستان.
لەو رووەوە ماڵپەڕی رەسمی پارتی چەندین هەواڵی لەسەر ناردنی ئەو هێزە بۆ رۆژئاوای كوردستان لەچەند رۆژی رابردوودا بڵاوكردووەتەوە.
ناوەڕۆكی هەواڵەكانی ئەو ماڵپەر باسكردنە لەسەر ناردنی ئەو هێزە بۆ رۆژئاوای كوردستان و رێگرییەكانی پەیەدە لەو رووەوە.
رۆژنامەی باسی نزیك لە پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەدواین ژمارەی خۆیدا راپۆرتێكی لەسەر ناردنی ئەو هێزە بڵاوكردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەكە ئەمریكا و كورد رێكەوتوون 11 فەوجی پێشمەرگەی رۆژئاوا بچنە رۆژئاوای كوردستان.
لەراپۆرتەكەدا نووری بریمۆ ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان/سوریا ، ئاشكرای دەكات سێ‌ ساڵە هەزاران پێشمەرگەی رۆژئاوا لە باشوری كوردستان ئامادەكراون بگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان، بەڵام پەیەدە رێگریان دەكات
نوری بریمۆ بە ئاشكرا یەپەدە بە هاوكاریكردنی رژێمی ئەسەد تۆمەتبار دەكات و دەڵێت هێزەكەی ئێمە ئامانجی روخاندنی ئەسەدە بەڵام پەیەدە بۆیە رێگری دەكات دەیەوێت پارێزگاری لەدەستكەوتەكانی ئەسەد بكات.
ئەو ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان/سوریا نایشارێتەوە كە دەیانەوێت هێزەكەیان بەشێوەی سەربەخۆ چالاكی بنوێنێت نەچێتە ژێر سەركردایەتی یەپەگەوە.
لەو رووەوە بەرۆژنامەكەی راگەیاندووە: هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا هێزێكی مەشق پێكراوی نیزامی پڕ چەك و پرەنسیپەو رێوشوێنی تایبەتی خۆی هەیەو ناچێتە ژێرفەرمانی هیچ هێزێكی دیكە.
نووری بریمۆ ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان/سوریا بەروونیش باس لە هەوڵەكانی بارزانی دەكات بۆ ئەوەی ئەو هێزە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان بكرێت.
لەو رووە دەڵێت ، هەنگاوی یەكەممان ناوە كە دروستكردنی هێزەكەیە، هەنگاوی دووەمیش بریتییە لە هەماهەنگی لەگەڵ بارزانی بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریكا بگەینە رێكەوتن و پێشم وایە گەیشتووین بۆ ئەوەی ئەو هێزە بگەڕێتەوە رۆژئاوای كوردستان.
بڵاوكردنەوەی هەواڵی جۆراوجۆر لە میدیاكانی پارتییەوە سەبارەت بەرێكەوتنی ئەمریكاو بارزانی بۆ ناردنی ئەو هێزە دروستكراوە بۆ رۆژئاوای كوردستان، كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستانی ناچاركرد روونكردنەوە بدەن.
ئەمرۆ دەستەی هەماهەنگی كانتۆنەكانی رۆژئاوا(جزیرە، كۆبانی، عفرین) لەروونكردنەوەیەكدا رایانگەیاند ، هیچ رێكەوتنێك نەكراوە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژئاواو ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەكیان نییە و رێكەوتنی لەو شێوەیە نەكراوە.
داواش لە حزبە كوردییەكان دەكەن دەست لەكاروباری رۆژئاوا وەرنەدەن.
پەرلەمانتارێكی كوردستانیش پێی وایە پارتی ئەم هێزەی بۆ كۆڕینی هاوكێشەكانی رۆژئاوای كوردستان دروستكردووە.
نوێنەری كانتۆنەكانیش پێی وایە ئەو هێزە دروستكراوە ، هێزی پارتییە نەك ئەنجومەنی نیشتیمانی (ئەنەكەسە)
لەو رووەوە قادر وەتمان ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ "میللەت" سەبارەت بەو هێزە روونی دەكاتەوە ژمارەیەك لایەنگری ئەو حزبانەی لەناو ئەنەكەسەدا كۆبوونەتەوە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە مەشقێكی سەرەتاییان پێ‌ كراوە، بەڵام ژمارەكەیان كەمە و بەوجۆرە نییە لە میدیاكانەوە باس دەكرێت.
پێشمەرگەی رۆژئاوا، گۆڵمەزێكی تری پارتی
قادر وەتمان دەشڵێت: بەپێی زانیاری ئێمە وەزارەتی پێشمەرگە بە رەسمی ئەو كارەی نەكردووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هەرێمی كوردستان خۆی پێویستی بە تەیاركردنی هێزی پێشمەرگە هەیە ئەوە جێگەی سەرسوڕمانە كە خۆمان نەتوانین پێشمەرگەی باشوری كوردستان تەیار بكەین بچین هێز بۆ پارچەیەكی تر دروست بكەین.
راشیدەگەیەنێت: لەراستیدا پارتی بۆ چەند لایەنێك ئەو هێزی دروست كردووەو ئامانجەكەش تەنیا گۆڕینی هاوكێشە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستانە بەرامبەر بە پەیەدە و هیچی تر نییە.
فەتحوڵڵا حوسێنی نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستانیش لە هەرێم، لەلێدوانێكدا بۆ"میللەت" سەبارەت بە بوونی رێكەوتن بۆ ناردنی ئەو هێزە بۆ رۆژئاوای كوردستان دەڵێت: ئەلپارتی پروپاگەندە بۆ خۆی دەكات و هیچ رێكەوتنێك نییە تەنانەت بۆ چوونی یەك پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای كوردستان و هەموو رۆژئاوای كوردستان لە ژێر كۆنترۆڵی یەپەگەیەو ئەوە هێزی تاقانەی رۆژئاوای كوردستانە.
فەتحوڵڵا حوسێنی روونی دەكاتەوە ئێمە ئاگاداری ئەوە نین ئەو هێزە لەسەر چی ئایدیاو ئایدۆلۆژیایەك پەروەردە كراون، هەروەك نابێت دوو هێزی سەربازی لەرۆژئاوا هەبێت و ئێمە ئەزموونی براكوژی لە رۆژئاوای كوردستان دووبارە ناكەینەوە و ئەگەر رۆژێك داخڵی رۆژئاوا ببن دەبێت لەژێرسایەی رێكەوتنێكی تایبەتدا بێت و بەو شێوە فەوزایە نابێت.
نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان دەشڵێت: ئەنەكەسە دەڵێت ئەوانە پێشمەرگەی ئێمەن، بەڵام لە راستیدا ئەوانە پێشمەرگەی ئەنەكەسە نین و پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستانی عیراقن و بۆخۆیانیان پەروەردە كردووە.
روونیشی دەكاتەوە، مافی ئەوانە بەرگری لە خاكی خۆیان بكەن، بەڵام دەبێت رێكەوتن هەبێت ئەگەر ئەوە نەبێت ئێمە قبوڵ ناكەین ئەو پێشمەرگانەی لێرە لەسەر ئایدۆلۆژیایەكی تایبەت پەروەردە كراون كە لەسەر ئەرزی واقیع لە رۆژئاوا زەمینەی نییە بگەڕێنەوە. بۆیە دەبێت ئایدۆلۆژیاو فكر و بیركردنەوەی خۆیان بگۆڕن و بێن لەژێر ناوی یەپەگە شەڕی دوژمنان بكەن و نابێت لەژێر ناوێكی جیاوازدا داخڵی رۆژئاوا ببن.
فەتحوڵڵا حوسێنی دەشڵێت: پارتی هەوڵدەدات ئەم هێزە بەدەر لە رێكەوتن رەوانەی رۆژئاوای كوردستان بكات، بەڵام پارتی دەزانێت ئەگەر رێكەوتن لەگەڵ یەپەگە نەبێت رێگەیان نادرێت داخڵی رۆژئاوای كوردستان ببن
ئەو روونی دەكاتەوە تەڤدەم و ئەنەكەسە رێكەوتننامەی دهۆكیان هەیە و خاڵی سێیەمی رێكەوتنەكە باس لە هێزی هاوبەش دەكات، بەڵام تائێستا ئەنەكەسە خاڵی یەكەم كە دروستكردنی ئەنجومەنی سیاسی كوردەو خاڵی دووەم كە هاتنی ئەنەكەسە بۆ ناو سیستمی خۆسەری دیموكراتی جێبەجێ‌ نەكراوەو ئەگەر ئەو خاڵانە جێ‌ بەجێ‌ بكرێت هەنگاوی سێیەم باس دەكەین كە ئەم هێزە بێن یاخود نەیەن، بەڵام ئەگەر ئەم خاڵانە جێ‌ بەجێ‌ نەكرێت محاڵە رێگە بدەین ئەو هێزە بچێتە رۆژئاوا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە