خەڵك دژە پارتی نییە
Thursday, 09/07/2015, 23:05
بۆچی سەرانی پارتی وا بیر دەكەنەوە كە خەڵك دژی ئەو حزبەن و بە ئەنقەست و بێ هیچ خەتایەك و تەنها بەدژایەتی ئەو دەیانەوێت بژین و رەفتار بكەن، لێرەدا قسەم لە سەر حزبەكانی تر نیە ئەوەندەی مەبەستم خەڵكی كوردستانە بە گشتی.
مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان پڕە لە هەوراز ونشێوی و نسكۆ و ئاشبەتاڵ و دەستخستنە ناو دەستی دوژمنان، لە هەمان كاتدا بە درێژایی مێژووەكەی ئەگەر مەبەستیشی نەبوبێت هەوڵی داوە لە پێناو بەرژەوەندی تەسك تا رادەیەك خزمەتی گشتیش بكات بە شێوەیەك وەك ئەوەی خەڵك هەمووی جوتیار و سەپان و مشەخۆری ئەو بن و ئەویش خاوەن موڵك و ماڵ ، خەڵك رەعیەت و میگەل و ئەویش فەرمانرەوای باڵا و خاوەن ماڵ نەك هیچی تر .
ئەگەر پارتی دیموراتی كوردستان وەك حزبێك رەفتاری بكردایە و تەنها موڵكی بنەماڵەیەك نەبوایە و خەڵكی تریش پاشكۆ نەبوایە ئێستا نە لە ناوخۆی حزبەكەی خۆیدا كە بە هۆی بەرژەوەندیەكەوە خەڵك خۆیی پێ بەستبێتەوە و نەش لە دەرەوەی، كەس دژی نەبوو، ئەگەر دڵسۆزی بۆ بنەماڵە و ئەقڵە تەسكەكەی حوكمی پارتی و كوردستان بە مەرجی وەفاداری و حزبایەتی راستی پارتی لەقەڵەم نەدرایە ئێستا خەڵك وەك حزبێكی مۆدیرن حسابی بۆ دەكرد و بە لێشاو رووی تێ دەكرد و بە بیرو بۆچونی مەبدەئەوە خەباتی دەكرد، ئەگەر بڕیار و هەڵوێستی پارتی تەنها لەسەر راو بۆچونی سەرانی بنەماڵەیی ئەو پارتە نەوەستایە ئێستا حزبێكی تر دەبوو پاش ئەو هەموو ساڵە تەمەنەی، ئەگەر پارتی خەڵكی بە پارە و پێگە و پلەی حزبی و حكومی هەڵنەخەڵەتاندایە و خەڵك بە ئارەزوو و قەناعەتی فكری و مەبدەئی خۆی ئینتمای بۆ پارتی بكردایە، ئێستا پارتی وا هەستی نەدەكرد لەم وەزعە دەژی و خۆی بەلاتەریكی لە دۆخی گشتی خەڵك نەبینیوە سەرەڕای دەسەڵاتدارێتی، ئەگەر پارتی بە شێوەیەكی مۆدێرن خۆی لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی سەردەمدا بگونجاندایە كەس ڕقی لێ نەبوو بەڵكو هەمووان شانازیان پێوە دەكرد . بەڵام پارتیەك كە دوور بێت لەهەموو بنەماكانی سەردەم و دیموكراسی و فەراهەم كردنی ئازادی لە نێوخۆ و تا بۆی بكرێت لە كوردستان بە گشتی وەك چۆن لە زۆنی زەرد پەیرەوی دەكات دیارە شوێنی شایستەی خۆی دەگرت لە دڵ و دەروونی ئەندامان و هەوادارانیدا . بۆیە هەست كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە نەگونجاوی خۆی لەگەڵ واقعی ئێستای كوردستان و بەزۆر خۆسەپاندنی و مامەڵەكردنی بە پێی بەرژەوەندی تەسكی حزبی و شەخسی وا خۆی گۆشەگیر كردووە تەنها بە خۆداچونەوە و گۆڕانكاری هەمەچەشنی نێوخۆیی پارتی و خوێندنەوەی واقعیی كوردستان و خۆگونجاندنی دەتوانێت لەو هەلومەرجەی كوردستان كە رووبەڕوی بۆتەوە خۆی قوتار بكات .
كێشەكە لەوەدا نیە كە تەنها پارتی خەتاباری ئەم واقعەی كوردستانە و كاریگەری سەلبی ئەو حزبەیە وەك كورتبینانە دەبینرێت، تەنها ئەوە ئەم هەموو گرفتەی بەسەر خەڵكیدا هێناوە، بەڵكو پارتی وەك حزبی پێشڕە و مامەڵە دەكات و ئەگەر بە ناڕاستەوخۆش بێت كاریگەریی لەسەر رەفتار و بۆچون و سیاسەتی سەرجەم حزبەكانی تریش هەیە و چونێتی رەفتار و كاری حزب و سەركردە و لایەنەكانی تر هیچی لە پارتی كەمتر نیە، بەڵام پارتی تا ئێستاش لەسەر ڕێژەی نەگۆڕی خۆی بەردەوامە و هیچ هەوڵێكی لە ئارادا نیە بۆ گۆڕانكاری و خۆگونجاندن لەگەل سەردەمدا .
دیارە كەم سەركردەی پیروپەككەوتەی حزبەكانی تر هەن فێری سیاسەتی پارتی نەبوبن و وەك ئەو مامەڵە لەگەڵ حزبەكانی خۆیان و كوردستاندا نەكەن و حزبەكانی خۆشیان بەهەمان رێڕەودا نەبەن . ئەوەی تا رادەیەك دڵی خەڵكی خۆش كردبوو تا ماوەیەك گۆڕان بوو، بەڵام رەفتار و كردەوەی سەرانی ئەم بزوتنەوە و ململانێ و رەفتاری نێوخۆیی و دەرەكیان ئەو راستیەی دەرخست كە پارتی ئاوەكە دەرێژی و ئەمانیش هەوڵی پێی تێدەخەن، پارتی رەنگڕێژی دەكات و ئەمانیش پۆڵیش ، پارتی بە ناوەندێتی حوكم دەكات و ئەمانیش بەهەمان شێوە و ناوەرۆك بەڵام بە ناوی ترەوە، بۆیە پارتی بۆ ئەم هەموو تەمەنە دوور و درێژەی خۆی ئەگەر لە چەندین ساڵی خەباتیدا قازانجێكی بە میلەت گەیاندبێت لە هەزار لاوە زەرەری پێگەیاندووە و حزبەكانی تریش فێری ئەو كردەوەو سیاسەتە كردوە و، وەك دەڵێن هەمان نانی خستۆتە داوانی ئەوانیشەوە .
ئەمەیە واقعی كوردستان، ئەگەر ئەمە حاڵتان بێت بۆچی دەتانەوێت خەڵك رقی لە پارتی نەبێت و كەچی لە كاردانەوەدا، هەر رەفتارێكی ئاسایی گەنجانی خوێن گەرمیش بێ یەك و دوو بە دژە پارتیان لەقەڵەم دەدەن .
بۆیە لێرەدا دەبێت بڵێین كەس لە خۆڕا رقی نە لەكەس و نەش لە هیچ لایەنێك نابێتەوە، ئەگەر هەرچەند كەس و لایەن و حزبەكانی تریش لەو بارەوە بە مەبەست كاری بۆ بكەن، لەوەدا پێویستە پارتی دراسەی ئەم بابەتە گرنگ و پرسە سەرەكیەی خۆی بكات و رێگە چارەی هەمەلایەنی بۆ بدۆزێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست