زۆر نازپێدان بە منداڵ .. لە رێ دەریدەکات
Monday, 06/07/2015, 23:01
منداڵان زۆر خۆشەویستن .. منداڵان تۆی ژیانن .. هیوای داهاتووی گەلانن .. منداڵان گرنگترین سامان و سەرمایەن .. کە لە نەوت زێڕیش بەنرخترن .
تا دروستر کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەردە بکەین .. تا باشتر ئاراستەیان بکەین .. جوانتر رێنمایی و ئامۆژگاریان بکەین .. زیاتر دڵنیا دەبین لە هێنانەدی ژیان و ئایندەیەکی خوازراوی خۆشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان . کوردیلەکانمان دەبن بە کەسایەتی و بە تاکی دروست و سوودبەخشی بڕوا و متمانەبەخۆی کۆمەڵگای کوردیمان .. سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستانی شیرینمان دەبێت .. دەتوانن بەرگەی بەرهەڵست و کێشە و تەنگەژە و گۆڕانکاری و کارەساتەکانی ژیان بگرن .. بە ئەوپەڕی ئازایی و بە بڕوا و متمانەوە، بوێرانە رووبەروویان ببنەوە .
منداڵان ئەو شوولکە تەڕ و ناسکە نەمامانەن، کە پێویستە بە جوانی پیان بگەیەنین، تا ببنە کەڵەداری قەد ئەستوور و رەگ داکوتراوی بە ناخاچوو، خۆڕاگربن و بێ باکبن و، بە هەڵکردنی رەشەبا و زریان و تسۆنامی روودا و کارەسەتاکانی ژیان هەڵنەتەکێن.
راستە سۆز و میهرەبانی و خۆشەویستی دایکان و باوکان بۆ جگەرگۆشەکانیان، لە رادەبەدەر و بێ سنوورن .. بەڵام پەروەردەکردنیان بە دروستیی شیرینتر و لە پێشترە .
(ئەرستۆ) دەڵێت : " رەگی پەروەردە تاڵە .. بەڵام بەرەکەی شیرینە "
(لۆدڤیج ڤان بتهۆڤن) دەڵێت: " ئامۆژگاری باش فێری منداڵەکانتان بکەن .. ئەمە ئەو شتەیە کە بەختەوەریان دەکات نەک زێڕە "
خێزان یەکەمین دەزگای پەروەردەییە .. بنەمایەکی سەرکییە لە پێگەیاندنی و پێکهێنانی کەسایەتی منداڵدا .. منداڵ لە باوەشی خێزاندا چاوهەڵدێنێ و، دەژیت و، وەردەگرێت و، فێردەبێت .. تا گەورە دەبێت و دەتوانێت پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت .. لە دوای ماڵ و خێزان، منداڵ ماوەیەکی زۆریش لە دەزگای دووەمدا کە قوتابخانەیە و تەواکەری ماڵەوەیە، بەسەردەبات .. بەڵام زۆربەی خەسڵەتەکانی رەوشتی و رەفتارەکانی و ئەو شتانەی منداڵ فێریان بووە .. لە پێنج ساڵەی یەکەمی تەمەنیدا، لە ماڵەوە لە ئەندامانی خێزانەکەیەوە، لە دایک و باوک و خوشک و برا و کەسوکارییەوە وەری گرتوون .. یا لە دایەن و پەروەردەکارەکەی و دادەکانی باخچەی ساوایانەوە وەری گرتوون .. لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان هەموویان جەخت لەسەر ئەم راستییە دەکەن کە ئەم قۆناغە گرنگترین و، ناسکترین و، هەستیارترین و، مەترسدارترین قۆناغە، لە ژیان منداڵدا. (فرۆید) دەڵێت: "بەشی زۆری کەسایەتی هەر تاکێک لە تەمەنی منداڵیدا دروست دەبێت .. بە تایبەتیش تا شەش ساڵان"
(ماریا مەنتسۆری) هەر لە بارەی ئەم قۆناغەوە دەڵێت : " گرنگترین قۆناغ لە ژیانی مررۆڤدا، قۆناغی خوێندنی باڵای زانکۆ نییە، بەڵکو یەکەمین قۆناغی ژیانە، کە لە دایکبوونەوە تا تەمەنی شەش ساڵانە "
زۆربەی خەسڵەت و بنەماکانی ژیان و کەسایەتی مرۆڤ، لەم پێنج ساڵەدا دەق دەگرن و دەچەسپین .. دروستبن یا نادروست، کارتێکردن و رەنگدانەوەیان لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵدا دەبێت .. بە سەرنجدان و خوێندنەوەی خەسڵەت و هەڵس و کەوت و رەفتارەکانی ئەمڕۆی منداڵ لەم قۆناغەدا .. دەتوانین پێشبینی ئەو بکەین و ئەوە بزانین کە ئەم منداڵە لە داهاتوودا چ کەسایەتییەکی لێ دێتە کایەوە .. تا خێزان رێک وپێک و تەبا و رۆشنبیر و وریابن .. تا زیاتر شارەزای قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ بن .. تا زیاتر کەش و هەوای خێزانی و رەفارەکانیان لەبار و دروست بن .. منداڵەکانیان مەستی پێویستییە بایۆلۆژی سایکۆلۆژیاکانیان ببن .. منداڵەکانیان بە دروستی و بە سروشتی گەشە دەکەن و، تاک و کەسایەتی هاوسەنگ و کۆمەڵایەتییان لێ دێنە کایەوە.
بێگومان دایکان و باوکان لە هەموو کەسێ سۆزدارتر و، بە بەزەییتر و، دڵسۆزترن بۆ منداڵەکانیان، میهرەبانی و خۆشەویستیان لە رادەبەدەر و بێ هاوتا و بێ سنوورە .. ئەم سۆز و خۆشەویستییەش ماکییە (غەریزییە) تەنها لە مرۆڤدا نییە، بەڵکو لە زۆربەی گیانەوەرەکانی تریشدا هەیە.
پێویستە دایکان و باوکان ئەم زۆر خۆشەویستییەیان بۆ منداڵەکانیان، لە دڵی خۆیاندا بهێڵنەوە .. چونکە ئاشکراکردنی ئەو هەموو سۆز و خۆشەویستیەی دایک و، زۆر نازدان بە منداڵەکانی و، زیادەڕۆیی لە ئاگاداری و چاودێری و پاراستن و پیاهەڵدانیان، زیانێکی زۆر بە منداڵەکانی دەگەیەنن و، کاریگەری و رەنگدانەوەی نەرێنی و خراپیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوویان دەبێت .. ئێمە ئەوە ناڵێین کە دایکان و باوکان سۆز و بەزەییان بۆ جگەرگۆشەکانیان نەبێت .. بە پێچەوانەوە سۆز و خۆشەویست و بەزەیی پێوستن بۆ منداڵان و، ئاسوودەیی و شادی بە دەروونیان دەبەخشێت .. بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی هاوسەنگی بێت و، زیادەڕۆیی لە گوزارشت کردن لە سۆز و خۆشەویستییان بۆ منداڵەکانیان نەکەن .. کورد وتەنی : " هەموو شتێ بە خوێ، خوێش بە مانا " واتا هەموو شتێک پێوەر و ئەندازەی خۆی هەیە، کە لەو ئەندازەیە تێپەڕی خراپ دەبێت .. وەکو دەڵێن (باشرین ئەوەیە کە مامناوەندی بێت) .. هەندێ لە دایکان و باوکان شانازی بەوەوە دەکەن کە منداڵەکانیان بە ناز بەخێودەکەن، بێ ئەوەی کە بزانن ئەو بە نازبەخێوکردنە، چ ئاکامێکی خراب بە ژیانی منداڵەکانیان دەگەیەنێت.
منداڵی نازپێدراو و، زۆر هەڵنراو، ئەو منداڵەیە کە کۆمەڵیک رەفتار و خووی خراپ و ناپەسەندی هەیە .. منجڕ و بێزارکەرە، نێرگزی و خۆپەرستە، لاسار و ملهوڕە، چاونەزێڕ و داگیرکەر و شەڕانگێزە .. بە کورتی دیکتاتۆرێکە .. ئەم کێشەیەش لەگەڵ گەشەکردن و گەورەبوونیدا، گەشەدەکات و، تابێت خراپتر دەبێت و، کۆنترۆڵ ناکرێت .. چونکە ئەو رەوشت و رەفتارە ناپەسەندانە، دەبنە خوویەکی هەمیشەیی لە ژیانی ئەو منداڵانەدا، وەک کورد دەڵێت : "خوویەکی گرت بە شیری، وازی لێناهێنێت بە پیری"
بۆیە پسپۆرانی بواری پەروەردە و دەرووناسان و پزیشکانی منداڵان، ئاگادارمان دەکەنەوە و داوامان لێدەکەن، کە زۆر ناز بە منداڵەکانمان نەدەین و زیاد لە ئەندازە نەیان لاوێنینەوە .. تا خوو بە رەوشت و رەفتاری نادروستەوە نەگرن و، نەبنە تاک و هاوڵاتی سەقەت و ناهاوسەنگ .. چەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە .. کە زۆر بێزارکردن باشترە لە زۆر نازپێدان و زیاد ئاگاداری و پاراستن و لامێژی.
دایکان و باوکان واتێدەگەن، کە نازپێدان شتێکی ئاسایی و ئاسان و ساکار و کاتییە .. بەڵام ئەوە نازانن کە رەنگدانەوە و ئەنجامەکانی زۆر خراپ و زیانبەخش بۆ ئەومنداڵە نازپێدراوانە و بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەریان، لە پێش هەمووشیانەوە دایکان و باوکان گیروودە و مەفتەلا دەبن، باجی ئەم زۆر نازپێدانە بە منداڵەکانیان دەدەنەوە .. بە تایبەتیش لە قۆناغی هەرزەکاریدا .. ئەم منداڵانە سەقەت پێگەیشتووانە، زوو هەڵدەچن و یاخی و بەلەسە و سەرەڕۆ دەبن .. زوو هەڵدەخەڵەتێن و دەبنە نێچیر بۆ ئەو منداڵانی کە لە رێ دەرچوونە و رەوشت بەد و بەرەڵا و چەقاوەسوون .. فێری جگەرەکێشان و مەی خواردنەوەیان دەکەن و، لەوانەشە تووشی مادە هۆشبەرەکانیشیان بکەن.
بە کورتی نابێت زیادەڕۆیی لە نازپێدانی منداڵ بکەین و .. ناشبێت پەراوێز و پشتگوێان بخەین .. باشترین رێگا مامەڵەکردنی مامناوەندی و هاوسەنگییە لە گەڵیاندا.
زیانەکانی زیادەڕۆیی لە نازپێدان :
خەسڵەتەکان و، زیانەکانی زیادەڕۆیی لە نازپێدان و ملکەچکردن بۆ هێنانەدی هەموو فرمان و داواکانی منداڵ زۆرن .. بە باس لە هەندێ لەو خەسڵەت و زیانانە دەکەین:
١ـ منداڵی نازپێدراو، ناتوانێت بەرپرسێتی لە ئەستۆ بگرێت و، رووبەبەڕووی کێشە و تەنگەژەکانی ژیان ببێتەوە، چونکە بە تاقیکردنەوەی پێویستدا تێ نەپەڕیوە، بۆ ئەوەی فێربێت و، دەربەرێت و بتوانێت بە سەرکەوتووی لەگەڵ کێشەکاندا مامەڵە بکات.
٢ـ ناتوانێت بەرگەی شکستی و نوشستییەکانی ژیانی بگرێت و، زوو خۆی بەدەستەوە دەدات .. چونکە ئەو وا راهاتووە کە بەبی هەوڵدان هەموو داواکانی بۆ دابین بکرێن.
٣ـ نازپێدراو لامێژە و پشت بە خۆی نابەستێت، پشت بە کەسانی تر دەبەستێت، وەک دایک و باوکی .. تەنانەت لە قوتابخانەشدا، ئەو ئازایەتییەی نییە کە بەبێ پرس و رای دایک و باوکی بڕیاربدات .. بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانەش هەر پشت بە کەسانی تر دەبەستێت .. بۆیە زۆر جار پەنا بۆ درۆ و گزی دەبات و کێشەی لەگەڵ مامۆستاکانیدا دەبێت .
٤ـ نازپێدراوی مەست، لە داوکاری و دیاری و شتە سەیرە زۆرەکانی، لە ناو کۆمەڵدا توشی شۆک و شکستی دەکات .. چونکە کەس ئامادە نییە کە نازی هەڵبگرێت و، چی بخوازی و داوابکات، بۆ دابین بکەن .
٥ـ نازپێدراو دەبێتە کەسایەتییەکی نێرگزی و خۆپەرست و کەس نەویست .. لە خۆی زیاتر کەسێکی تر بە هاوتای خۆی نازانێت .. کەلەڕەقە و سوورە لەسەر سەپاندنی راکانی خۆی .. بەرگەی رەخنە و لۆمەکردن ناگرێت و، گوێ لە ئامۆژگاریش ناگرێت .. خەڵكی بە لەخۆبایی و رەوشت بەدەری دەزانن .. نازپێدراو وا هەست دەکات کە جیهان لە بەرچاویدا تەسک بۆتەوە و نایگرێتە خۆی، دەبێتە کەسایەتییەکی شەڕانگێز ملهوڕ.
٦ـ نازپێدراو، گۆشەگیر و تەنیاخوڕە و دوورەپەرێزە و، کۆمەڵایەتی نییە و، تێکەڵ بە کۆمەڵ نابێت .. بە کەمیش لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و یاری بە کۆمەڵ بەشداری دەکات.
٧ـ فێری چاوەڕوانی و ئارامی و ئۆقرەگرتن نییە .. دەیەوێت لە هەموو شتێکدا ئەو یەکەمین کەس و لەپێشتر بێت و.. هیچ یاسا و رێسا و دەستووریکیش رێی پێ نەگرن .
٨ ـ لە ماڵەوە ئازادی و دەسەڵاتێکی رەهای هەبووە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکردووە، قسەی سواربووە و، داواکانیان رەتنەکردوونەتەوە .. بەڵام لە ناو کۆمەڵدا ئەو ئازادییە رەهایە نییە .. یاسا سەروەرە و دەستوور جێبەجێ دەکرێت و سنوور و لێپێچینەوە هەیە .. بۆیە دەبێتە دوژمنی یاسا و دەستوور و، یەکسانی و دادپەروەری .
٩ـ نرخی شتەکانی نازانێت، چونکە بۆ دابینکردنیان هیچ ئەرک و ماندووبووونێکی نەکێشاوە .. چاکەی ئەو کەسانەشی لەبەرچاو نییە کە بۆیان دابین کردوون .
١٠ـ زۆر جار گریان دەکات بە چەکێکی سەرکەوتوو ، بۆ فشار خستنەسەر دایک و باوکی بۆ جێبەجێکردنی داواکانی .. وڕک دەگرێت و، مان لە نان خواردن دەگرێت و، خۆی بە زەویدا دەدات و دەگرێت و نوزەنوز دەکات .. بۆ خۆشکردنی ئەم هەڵوێستەشی هەندێ فرمێسک دەڕێژێ و، دەست بە کۆکینی دروستکراو دەکات .
١١ـ زۆر جار غیرە لە خوشک و براکانی دەکات .. واهەست دەکات کە ئەوان لە ئەم خۆشەویسترن .. ئەم دەیەوێت دەسەڵاتی بە سەریاندا هەبێت و، ملکەچی فرمانەکانی بن .. ئەم هەستە هەڵەیە وای لێدەکات، کە لە داهاتوودا تۆڵە لە گەورەکان بکاتەوە.
١٢ـ گوی بە وشەی (نـا) نادات .. بۆ نموونە کە پێی دەڵێت نابێت شەڕ لەگەڵ کەسدا بکەیت .. نابێت لە رووی مامۆستاکاندا هەڵبگەڕێیتەوە .. نابێت هاوڕێتی منداڵی خراپ بکەیت .. نابێت ... هتد . بەڵام ئەم وادەزانێت بایەکە و بە لای گوێیدا تێپەڕێ .
١٣ـ وڕک و پەڵپی زۆر دەگرێ و، داواکارییەکانی سنووریان نییە .. حەز بە داگیرکردن و زەوتکردن و خاوەندارێتی دەکات .. ئیرەی دەبات و، حەز ناکات منداڵێکی تر، شتی جوانتر و باشتری لە شتەکانی ئەو هەبێت.
١٤ـ رەخنە لەە هەموو شتێ دەگرێت و، لە کەسیش رازی نییە و، رێز لە رای کەسیش ناگرێت .. کەلەڕەقە و هەمیشە دەیەوێت رای خۆی پسەپێنێت .
١٥ـ جیاوازی لە نیوان پێویستییەکانی و ئارەزووەکانی ناکات.
١٦ـ هەمیشە هەست بە بێزاری دەکات.
١٧ـ لە قوتابخانە لەگەڵ قوتابیەکانی تر و مامۆستااکانیدا هەڵناکات و ناسازێت .. شەڕانی و جوێندەرە .. خۆپەرست و لاسار و چەتوونە .. لەبەر ئەم رەفتارە بەدانەی، خۆشیان ناوێت و لێی دووردەکەونەوە .
١٨ـ زۆر نازپێدراوەکان، رووبەڕوی باردۆخێکی کوتوپڕی چاوەنواڕنەکراو دەبن، کە ئەوان لەسەری رانەهاتوون، ئەمەش ئاساییە، چونکە کۆمەڵگا زامنی ئەوەیان بۆ ناکات کە خواستەکانیان بۆ دابین بکات و چاودێری تایبەتییان بکات، تەنها ئەو کەسانە نەبێت کە شایانی هاوکاری و یارمەتیدانن .. بۆیە دەبنە دوژمنی کۆمەڵ و لە هیچ شتێک رازی نابن و .. تووشی جۆرە بێ ئومێدی و دڵڕاوکی دەرووونی دەبن .. بڕواشیان بە خۆیان نامێنێت .. ورەیان دەڕووخی و دەچنە قۆناغی شکتییەوە .
١٩ـ نازپێدراو، ئاژاوەچییە و، گوێ بە هێچ ئامۆژگاری و رێنماییەک نادات و .. گوێ بە دەستتوور و بە بنەماکانی رەوشت بەرزی و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان نادات.
٢٠ـ بەڵام (لە سەدا سەد) مەرج نییە ئەو خەسڵەت و کاردانانەوە نێگەتیڤانە لە ئەنجامی زۆر نازپێدانەوە بەرجەستە بووبن .. دەشێ بە پێچەوانەوە، لە ئەنجامی پەرواێزکردن و خۆشنەویستن و لۆمەکردن و توند و تیژی و نەبوونی و .. یا بەهۆی ترەوە دووچاری منداڵی ناهاوسەنگ و رەفتار ناپەسەند بووبن .
دایکان چی بکەن پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت و کۆنترۆڵ لە دەەست بدەن؟
بۆیە دەڵێین دایکان چی بکەن .. چونکە لە ماڵەوەدا دایک زیاترین کات لەگەڵ منداڵەکانیدا بەسەردەبات و، خۆشەویستیشی بۆیان بێ ئەندازەیە .. بۆیە ئەم رێنمایی و خاڵانە دەخەینە بەرچاوی دایکانی بەڕێز .. بۆ ئەوەی دور لەسۆز و لە بەزەیی و لە خۆشەویستی، بە شێوەیەکی دروست و سەرکەوتوو، هەڵس و کەوت بکەن و، رێ لە رەفتارە ناشیرین و ناپەسەندکانی منداڵەکانیان بگرن.
١ـ دایکی بە سۆز و دڵسوز، سوود لە هەندێ ئیشوکاری ناوماڵ وەربگرە و، منداڵەکانت بەشداربکە و، فێری یارمەتیدان و هاوکاری بکە .. ئەوەش مەڵێ ناسکن و دڵم نایات ئیشیان پێ بکەم .. شینبوونی رووحی هاوکاری و یارمەتیدان لە دڵی منداڵەکانتدا، بە درێژایی ژیانت شاد ودڵخۆشت دەکات .. منداڵەکانت فێری ئیش و بەرپرسێتی و پشت بە خۆبەستن دەبن . بەری رەنج و ماندووبوون دەزانن .. رێز لە تۆ و کەسانی تر دەگرن.
٢ـ کە کارێکی باش ئەنجام دەدەن بە روویەکی خۆشەوە ( سوپاس ) یان بکە .. ئەم سوپاس کردنە، بە دڵنیایی و رێز و رازیبوون و پێزانینی دەزانن .. نەک بە قسە، بەڵکو بە کردار تۆ خۆت نموونە بە لە سوپاس کرندا، بۆ نموونە گەر لە چێشخانەیەکی دەروەی ماڵ، کە شاگردەکە خوردنەکانتان بۆ دادەنێت ـ سوپاس ـ ی بکە .. فێری منداڵەکەت بکە کە بە نووسین سوپاسنامە بۆ هاوڕێکانی بنێرێت، کە بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونییەوە، پیرۆزباییان لێکرد و دیارییان پێشکەش کرد .. تا ئەم وشە جوانە ببێت بە مایەی پێزانین و درێژەپێدان.
٣ـ کە منداڵەکەت سنووری کۆمەڵایەتی دەبەزێنێت، پێیویستە چاوپۆشی لێ نەکەیت و رایبگریت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەیت .. تێیبگەیەنە کە پێویستە بە دروستی رەفتار بکات، تا ببێتە کەسێکی کۆمەڵایەتیی دروست و هاوسەنگ رەفتار .. تەمێکردن و لێپرسینەوە و ئامۆژگاری و رێنمایی .. منداڵەکەت لە ناز و زیادەڕۆیی دەپارێزێت.
٤ـ منداڵەکەت لەسەر کاری باش و رەفتاری جوان و سۆز و بەزەیی و سازان و رێز و یارمەتیدان و هاوکاری خێیرخوازی و مرۆڤایەتی و لێبووردن رابهێنە .. فێری بکە کە چۆن بە سەرکەوتوویی لە گەڵ کەسانی تردا هەڵس و کەوت بکات .. چۆن دەستی یارمەتی بۆ داماو و لێقەوماو درێژبکات .. فێری بکە ئەو بابەت و کەرەستانەی یارییەکانی کە لێیان بێزاربووە، بێ بەخشێت بەو منداڵانەی کە پێویستییان پێیان هەیە.
٥ـ زیادەڕۆیی مەکە لە هەڵنان و پیاهەڵدان و ستایشی منداڵەکەت، کە شایستەی ئەو هەڵنانە نەبێت .. بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەت، لە کێبڕکێیەکی وەرزشیدا، کە خۆی حەزی لێبووە کە بەشداری بکات، ئەگەر سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا .. نە خەڵاتی بدەرێ و نە پیرۆزببایی و لێبکە .. بە شان و باڵیشیدا هەڵمەدە .. بەڵکو ئەوەی پێ بڵێ تۆ بە رووحێکی وەرزشییەوە بە شداریت لە کێبڕکێکەدا کرد، ئەو رەفتارەشت زۆر جوانە کە پیرۆزباییت لە هاوڕێ سەرکەوتووەکانت کرد .. نابێت ئەم شکستییە کۆڵت پێ بدات .. راهێنانی زیاتر بکە، بۆ ئەوەی لەجارەەکانی داهاتوودا، سەربکەويت و ئەنجامێکی باش بە دەست بهێنیت .. دەبێت ئەوەش بزانین کە لە ژیاندا شکستی و سەەرکەوتن هەیە.
٦ـ بۆ پاراستنی هەستی دەروونی و غیرەنەکردنی منداڵەکەت ... نابێت منداڵەکەت بە مندااڵانی تر بەراورد بکەیت .. بۆ نموونە فڵانە منداڵ لە تەمەنی تۆدایە، بڕوانە چەند زیرەک و وریایە .. کچەکەی فڵان لە هەموو وانەکاندا نمرەکانی دەیە .. هتد.
٧ـ چەخت لەسەر ئەوە بکە، کە منداڵەکەت فێری نەریتە جوانە کۆمەڵایەتییەکانمان بێت .. بۆ نموونە (بەیانیتان باش، رۆژتان باش، ئێوارەتان باش، بەخێرهاتنی میوان، دوای نان خواردن وتێربوونی دەستخۆشی و سۆپاست بکات.
٨ ـ فێری منداڵەکەت بکە کە نرخی پارە بزانێت .. فێری پاشەکەوت کردنیشی بکە.
٩ـ منداڵەکەت وەکو چەکێک و چەشنێک لە ناز، ئەگەر پێشتر سەری گرتووبێت، مان لە نان خواردن دەەگرێت و، دەست بە گریان و نوزەنوز دەکات، بۆ ئەوەی بتخاتتە داوەوە و، سۆز و بەزەییت رابکێشیت و، ناچارات بکات بۆ ئەوەی داواکەی بۆ دابین بکەیت .. ئەو ئەوە لە مێشکیدا جێگیربووە، کە مانگرتن لە خواردن و گریان، رێگایەکی باش و سەرکەوتووە بۆ قایلکردن و سۆز و دڵنەرمی و بەزەیی هاتنەوەی دایک و باوکی، بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی .. زۆر جاریش لە بەردەم میواندا ئەم مانگرتنە دەگرێت، بۆ ئەوەی دایک و باوکی لە روودامێنن.
چیرۆکی منداڵێكی مانگرتوو لە خواردنتان بۆ دەگێڕمەوە .. (رۆژی ماڵێک میوانیان دێت، ماڵەکە کوڕێکی شەش ساڵانیان دەبێت .. کە خواردن لە سەر خوانی نانخواردن دادەنێن، منداڵەکەیان کاتە بە هەل دەزانێت، داوای کڕینی شتێکی لە دایکی کرد .. دایکی وتی بۆت ناکڕم .. منداڵەکەی مانی لە نانخواردن گرت و، دەستی بە گریان کرد .. دایکی یەکجار پێی وت ورە نانەکەت بخۆ، لێی دووبارە نەکردەوە، منداڵەکە وتی نان ناخۆم .. درێژەی بە گریان دا، جار و باریش سەری هەڵدەبڕی، تا بزانێت بە دەنگییەوە دێن و بەڵێنی پێ دەدەن کە بۆی بکڕن .. بەڵام کەس لێی نەپرسییەوە .. نان خورا و هیچ خواردنێکیان بۆ منداڵەکە نەهێشتەوە، لە چێشتخانەکەشیاندا، چی بۆ خواردن دەشیا لێیان شاردەوە .. دوای ئێوارە هەەریەکە چوون بە لایەکدا .. منداڵە دەگریا .. لە برسا سکی دەهوڵ زوڕنای لێدەدا .. بە ماتەمات چووە چێشتخانەکەوە .. هيچی نەدۆزییەوە کە بیخوات .. لە (ساردکەرەوە) کەشیاندا، تەنها ئاوی سارد و خاوێن هەبوو .. چوو بە دایکی وت : " برسیمە .. " دایکی پێی وت : " هیچ خواردنێک نەماوەتەوە .. " ناچاربوو بەرەو نووستن مل بنێت .. بەڵام برسێتی زۆری بۆ هێنا و خەوی لێ ناکەوت .. ئەمجارەیان بە کوڵ دەگریا .. نەک بۆ ئەو شتەی داوای کرد، بەڵکو لە تاو برسێتی .. بەڵام دایکی بە لایا نەچوو.
ئەو دایکە زیرەک و دووربین بوو، سۆز و بەزەیی و خۆشەویستیی بۆ منداڵەکەی بە لاوەنا .. ژەمێکی خواردنی لە منداڵەکەی بڕی .. بەڵام وانەیەکی ئەوتۆی فێرکرد کە هەرگیز ئەو منداڵە ئەو رەفتارە دووبارە نەکاتەوە و مان لە خواردن نەگرێت .. ئەوەی فێری منداڵەکەی کرد، کە وڕگرتن و مانگرتن لە خواردن و گریان و پاڕانەوە هۆیەکی پەسەن نین بۆ هێنانەدی داواکانی .. ئەم دایکە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کرد .. گەر بهاتایە تەنها بە سۆز و بەزەیی و خۆشەویستیی بێ سنووری مامەڵەی لەگەڵ بکردایە .. منداڵەکەی دەبوو بە منداڵێکی نازپێدراو .. مانگرتن لە نان خواردن دەبوو بەخوویەکی . کە گەورەش بێت رێز لە فرمانەکانی دایکی ناگرێت .. بەەڵی بە بڕینی تەنها ژەمە خواردنێک .. نەیهێشت ئەو رەفتارەی منداڵەکەی ببێت بە خوویەکی هەمیشەی و لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوویدا رەنگ بداتەوە .. وەکو دەشڵێن هەمیشە:
(خۆپاراستن .. باشترە لە چارەسەرکردن)
١٠ـ دایک و باوک نابێت، جیاوازی لە نێوان منداڵەکانیاندا بکەن .. بە شێوەیەکی یەکسانی لێیان بڕوانن .. کەسیان لەوەی تریان بە زیاتر نەزانن .. نابێت لە نێوان کوڕ و کچدا جیاوازی بکەن .. یا بەراوردکردنیان لە ڕووی زیرەکی و جوانی .. یا ئەمەیان دوا بۆڵە و لە هەموویان خۆشەویستر و شیرینترە .. چونکە جیاوازی کردن، هەستی غیرەکردن و رق لێبوونە، لە دەروونی منداڵاندا دەچێنێت .
١١ـ منداڵەکەت مەکەرە ژێر دیارییەوە .. یا بە کراسی جوان و جلوبەرگی گرانبەها و یاریی ئەلیکترۆنی و شتی سەیر و سەمەرە ئیغرای بکەیت و، هەموو نازەکانی هەڵبگریت .. چی بوێت بۆ دابین بکەیت .. ئەم مامەڵەکردنە هەڵەیە .. چونکە بوار بۆ منداڵەکەت ناهێلنەوە، کە تاقیکردنەوە بکات و وانە و پەندی ژیان فێربێت و، ئەوەش بزانێت کە پارەی ئەو شتانە چۆن پەیدا دەکرێن .. یا چۆن پاشەکەوت دەکرێت .
١٢ـ پێویستە منداڵەکەت فێری چاوەڕوانی و ئارامگرتن و خۆڕاگرتن بکەیت .
١٣ـ ئازادی و دەسەڵاتێکی رەهای مەدەرێ، ئەمە وای لی دەکات زیاتر خۆپەرست بێت.
١٤ـ ئەگەر خۆت و هاوسەرەکەت کاردەکەن یا فەرمانبەرن .. ئێوارە کە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، خۆتان بە گونهبار مەزانن، کە لە بەیانییەوە منداڵەکەتان بە جێ هێشتووە .. هەوڵی ئەوەش مەدەن کە تۆڵەی ئەو لێدابڕانەی بۆ بکەنەوە و .. نازبارانی بکەن و، هەموو داواییەکی بۆ جێبەجێ بکەن .
١٥ـ دایکی بەڕێز، ئەگەر منداڵەکەت (تاقانە) نەشبێت زیاد لە پێویست نازی مەدەری .. زیادەڕۆییش لە ئاگاداری و چاودێری و پاراستنی مەکە و، هێندەش ترست لێ نەبێت.
١٦ـ کاتێ کە لەگەڵ یەکێکدا دەدوێ .. رێ بە منداڵەکەت مەدە کە قسەکەتان پێ ببڕێت .. ئەگەر چاوەڕێی نەکرد تا تەوادەبەن .. چاوێکی لێداگرە .. ئەگەر چاوداگرتنەکەشت سوودی نەبوو .. دوایی هەرخۆت بیبەرە ژوورێکەوە و بە هێمنی و زانایی لۆمەی بکە و، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکە .. تا دان بە هەڵەکەیدا دەنێت و، بەڵێن ئەوەت دەداتێ کە ئەم رەفتارە ناپەسەندەی دووبارەی نەکاتەوە .
١٧ـ دەکرێت لە هەندێ پرسدا، رای منداڵەکەت وەربگریت .. وەکو : حەزت لە چ جۆرە خواردنێکە .. حەزت لە خوێندنەوەی چ جۆرە کتێبێکە .. حەزت لە چ یارییەکە .. حەزت لە کام رەنگە .. حەزت لە چ جۆرە جلوبەرگێکە.
ئەوەی پێ بڵێ کە ئازادە لە هەڵبژاردنی ئەو شتانەی کە لەگەڵ دەستوور و، رەوشتی دیاریکرادا دژەباو نین .. بواری هەڵبژاردنی تێدایە.
١٨ـ ئەگەر زانێت منداڵەکەت هاوڕێتی منداڵێکی لە رێ دەرچووی بەدڕەوشت دەکات و رەفتارەکانی هاوڕێکەیت بە دڵ نییە .. منداڵەکەتی لێ دووربخەرەوە .. بە راشکاویش پێی بڵێ کە هاوڕێکەت بەدڕەفتارە و نابێ هاوڕێتی بکەیت .. تا داکۆکی لێ نەکات.
١٩ـ لە هەموو شتێکدا داوای لێبووردن لە منداڵەکەت مەکە .. با نەبێتە خوویەکی جێگیر و دەقگرتوو .. لە هەموو شتێکدا داوای لێبووردن بکات.
٢٠ـ پێویستە دایکان و باوکان جار و بار داواکانی منداڵەکەیان بە (نا) یا (نەخیر) رەتبکەنەوە .. ئەوەش بخەنە پێش چاویان کە منداڵەکەیان بە ( نا ) توڕە دەبێت .. بەڵام ئەم توڕەبوونەی ماوە کورتە، پێویستە جدیش بن لەم هەڵوێستەیان چونکە منداڵ دایک و باوکی تاقی دەکاتەوە .. ئەگەر نا یەکەیان نەبردەسەر دەبێتە قسەیەکی بێ کردەوە.
٢١ـ رێ بە مندالەکەت مەدە پێچ و پەنا بدات و .. لە ماڵەوە کۆمەڵێک دەستووری بۆ دابنێ کە پێویستە پابەندیان بێت .. تا لە ئایندەدا رێز لە یاساکان و دەستوورەکان بگرێت و، سەرپێچی نەکات.
٢٢ـ پێویستە منداڵەکانتان رێزتان لێ بگرن و، ئەوەیان تێ بگەیەنن کە چۆن ئەوان مافیان بەسەر ئێوەوە هەیە .. ئێوەش مافتان بەسەر ئەوانەوە هەیە .. ناشبێت دایک و باوک مامەڵەکردنتان لەگەڵ منداڵەکانیان، دوو شێوەی جیاوازی دژ بە یەکتریبن .. بۆ نموونە : دایک نەرم بێت و باوک رەق بێت .. ئەوەی دایک بنیاتی دەنێت .. باوک بیڕووخێنێت .. یا بە پێچەوانەوە .. پێویستە یەکدەنگ و هاوڕا و هاومامەڵەبن، لە بڕیارەکانتان بەرانبەر بە منداڵەکانتان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست