دەوڵەتى ئيسلامى ناسراو بە داعش

Monday, 06/07/2015, 22:01


ئەو داعشەى بەكردەوەكانى خۆى بۆتە سيمبوڵى توندڕەوى و تيرۆرو دەربەدەركردنى خەڵكى سڤيل و سوكايەتيكردن بە ژنان و وێرانكردنى ئاوەدانى و بڵاوكردنەوەى جەهالەت ، ئەوداعشەى بە كوشتن وتۆقاندن پانتايييەكى فراوانى سەر ڕووى زەمينى داگيركردوەو ئامێرێكى ڕاگەياندنى  خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەى ترس و دڵەڕاوكێ بخاتە ناو دڵى خەڵك و خۆى وەك (دەوڵەت) بناسێنێ  دەوڵەتێكى تۆقێنەرو خاوەن جەبەرووتى ئەوتۆ  كە ئيتر تاهەتايە بەردەوام دەبێ! و گۆيا هيچ هێزێك لە دونيا ناتوانێ لە ڕوويدا بوەستێ!وگوَيا ناسنامەكەشى ئيسلامييە بەو حسابەى كە دروشمى (لاإلە إلا الله) ى لەسەر پەڕۆيەكى ڕەش بەرزكردۆتەوەو ئيتر هەرچى خوێنڕێژى و فەتواى توندو تيژ لەمێژووى ئيسلامدا هەيە پەيڕەوى دەكات.
كەواتە بەبێ دوودڵى دەتوانم بڵێم ئەو گروپە تيرۆريستە دوژمنى خەڵكى كوردستانن، ئەگەر بۆيان بڵوێ پيلانى ئەنفالێكى فراوانيان بەدەستەوەيە بۆ سەرتاسەرى كوردستان ئەوەى بۆشيان كرابێ تائێستا درێغيان نەكردوە.
ڕاگەياندنى كوردى بەتايبەت ئەوەى خۆى  بە بێلايەن دەناسێنێ، بێلايەن تەنانەت لە نێوان داعشى جەللاد و خەڵكى سڤيلى كوردستان!  ڕۆژانە چەندەها جار ناوى ئەو گروپە تيرۆريستە بە (دەوڵەتى ئيسلامى ناسراو بەداعش) دووبارەو هەزاربارە دەكەنەوە، ئەمە ئەگەر داننان نيە بە دەوڵەتبوون و ئيسلام بوونى داعش! چيە؟ دڵنيام لەوەى بە جوينەوەى بەردەوامى ئەو دەستەواژەيە پرۆپاگەندەيەكى زەق بۆ ئەو گروپە تيرۆريستە دەكەن بەڵام هيوادارم  پرۆپاگەندەكە بێ بەرامبەربێ .
باشتر وايە حكومەتى هەرێم بەتايبەتى وەزارەتى پێشمەرگە ئەم بابەتە چارەسەر بكەن و يەكلاى بكەنەوە كە ناوى داعش لە ڕاگەياندن بەم شێوەيە بێت:
(گروپى تيرۆريستى بەناو دەوڵەتى ئيسلامى) ... يان تەنها بگوترێ (داعش). 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە