چی بکەین؟
Sunday, 05/07/2015, 20:39
کوردستان بۆ یەکەمجار لە ١٧/٥/١٦٣٩ لە نێوان هەردو ئیمپراتۆریەتی (عوسمانی و سەفەوی)یەکان بە فەرمی بە پێی پەیماننامەی زەهاو (قەسری شیرین) دابەشکرا، لەدوای یەکەم شەڕی جیهانیشەوە جارێکیدیکە بۆ چوار بەش بەسەر وڵاتانی (عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) دابەشکرا..
لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری (١٩٩١)یشەوە هەرچەندە هەڵێکی لەبار بۆ کوردستانی باشور ڕەخسا، بەڵام بەهۆی سیاسەتی نادروستی هێزە باڵادەستەکانی ئەم بەشەی کوردستان نەک هەر سودی پێویست لە دەرفەتەکان تاکو ئێستا وەرنەگیراوە، بەڵکو خەریکە ئەزمونەکە دەخەنە مەترسی مان و نەمان و دابەشکاری حزبیەوە..
ئەمرۆ دەرفەتی لەبار لە بەشەکانی دیکەشدا ڕەخساوە، ئەزمونی ڕۆژ ئاوا و باکور لە ماوەکانی رابردودا بونە مایەی سەرنجی هەمو جیهان، ئەرکێکی نیشتمانی هەمو لایەن و تاکێکە ئەزمونەکان زیادتر دەوڵەمەند بکات..
ئێمە ئەمڕۆ لە کوردستانی باشور درێژە بە خەبات دەدەین، تاکو بە هەوڵی هەموان گەیشتۆتە قۆناغی ئێستا، مایەی ناخۆشیە ئەمڕۆ بە هۆی جیاوازی بیروبۆچونی هێزە سەرەکیەکان خەریکە ڕیسەکە دەکەنەوە بە خوری، بۆیە ئەرکی هەمو لایەن و کەسێکە پێش لەم مەترسیە بگرێت..
بێگومان ئەمەش بە قسەی زۆر و بریقەدار ناکرێت، بەڵکو بە هەنگاوی کرداری دەکرێت، هیوادارین لەجیاتی ئەم هەمو قسە بۆ یەکتر فڕێدانەی لایەنەکان دەست بە هەنگاوی کردەیی بکەن و لەگەڵ یەکتری لەسەر مێزێکی بازنەیی دانیشن و دیالۆگی جددی دەستپێبکەن و خەڵکیش لە دیالۆگەکانیان ئاگادار بکەنەوە..
هەمومان پێشتر لەهەمو حزبەکانمان بیستوە کە بەرژەوەندی گەلیان پێ لە بەرژەوەندی حزبەکانیان گرنگترە، بەلام لەواقعدا بەکردەوە ئەوەمان لێیان نەبینیوە چونکە بەردەوام ویستویانە جەماوەر بکەنە قوربانی بەرژەوەندی حزبەکانیان و لەناو حزبەکانیشدا خەڵکانی باڵادەستی ناو حزبەکانیان..، بۆیە نابێت جەماوەر لەمە زیادتر بێدەنگ و تەماشاکەر دەستەوەستان بەرامبەر بارودۆخەکان دۆشدابمینێت و لێبگەڕێت چەند حزبێک چیان پێ لەبەرژەوەندی خۆیان بێت بەناوی خەڵک و جەماوەرەوە ئەنجامی بدەن.
ئەوەی ئەمڕۆ حزبە باڵادەستەکان بەناوی گەمەی سیاسیەوە ئەنجامی دەدەن، خۆی لەخۆیدا شێواندنی بنەماکانی سیاسەتی دروست و دیموکراتیەتی ڕاستەقینەیە، بۆیە یەکێک لە ئەرکەلەپێشەکانی جەماوەر ئەوەیە هەرکەسە لەشوێنی خۆیدا هەوڵبدات خەڵک هۆشیار بکاتەوە بۆ ئەوەی سیاسەت و دیموکراسیەت بخرێنەوە سەر ڕێچکەی ئاساییان و وابکات کە جەماوەر ببێتە سەرچاوەی دەسەڵاتەکان نەک حزبەکان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست