سەرمایەداری ئەفرێنەری داعش و فاشیزمی دەوڵەت نەتەوەی سەدەی بیستە
Friday, 03/07/2015, 22:52
سەرمایەداری وەکو سیستمی پاوانی زانست و تەکنەلۆژیا سیستمێکی ڕێکخراو و تۆکمەی هەژمونگەرای ئەوتۆیە کە تا دێت لە ڕێگەی داهێنراوە جادوئامێزەکانی تەکنەلۆژیا و زانستەوە پاوانەکانی بەرینتر دەکات و مەودای ئازادییە ڕەمەکخوازانەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تەسکتر دەکاتەوە.
لێرەدا سەرمایەداری جیهانی ، خۆی وەک سیستمی بەرگری لە ئازادییەکانی تاک و ژن و منداڵ و ژینگەو کلتوری گەلان دەناسێنێت و جاڕی ئه وە دەدات کە دەخوازێت ژیانێکی پڕ لە ڕێزو خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤایەتی بئەفرێنێت ،بەڵام دەرئەنجامی نێگەتیڤ و خراپی ڕامیارییەکانی ئەوەی نیشان داین کە جگە لە تەنگە تاو کردنی مرۆڤ و گیرۆدەکردنی بە پەتای مۆدیل و تێوەگلانی بە ئاریشەو جەنگی خۆ کردی ،هیچی دیکەی سەربار نەکردووە بۆ ژیاری مرۆڤایەتی.
ئەم سیستمە پاوانخوازە هەژمونگەرا نگریسە جادوبازە ڕۆژ بەڕۆژ لە ڕێگەی نەخشە شەیتانییەکانییەوە ژینگەی سروشتی و کۆمەڵگەی سروشتی دەشێوێنێت ، لە دەسپێکی سەدەی بیستدا هەستا بە ئاوا کردنی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەو کۆمەڵگەکانی ژێر دەسڵاتی لە ئاسیاو ئەوروپاو ئەمریکای لاتیندا کرد بە کۆمەڵگەی فاشیستی دوژمن بەیەک و دەیان گەلیان لە سەر حسابی سەدان گەلی ڕەسەن کرد بەسەر دەست تەنیا لە پێناو چنینەوەی زیاتری قازانج و باشتر کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو و بازاڕە جیهانییەکاندا.
پشکی گەورەی ئەو وێرانەکارییەی سەرمایەداری جیهانی بەسەر جیهانیدا هێناوە بەر ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریکا کەوتووە بە تایبەتیش گەلی کورد ،گەلی کورد بە هۆی چاوچنۆکی و قازانج خوازی سەرمایەدارییەوە لە سەرەتای سەدەی ڕابردودا وێڕای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆرو نەپچڕاو تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت پشکی دەوڵەت نەتەوەی بەرنەکەوت و نە بو بە خاوەنی ئەو شێوازی دەوڵەتەی کە وەک پێویستییەکی سەردەمی قۆناغى ئیمپریالیزمی سەرمایەداری زۆر نەتەوە ی ڕۆژهەڵات ليى به هره وه ر بون وبون بە خاوەن قەوارە،هەرچەندە ئەزمون و مێژوی گەلان ئەوەی نیشان داین کە ئەم شێوازەی دەوڵەتە نە بۆ گەلە سەردەستەکان بو بەهۆی خێرو خۆشی نە بۆ گەلە بن دەستکراوەکان بو بە مایەی زیندانی ئەبەدی ،ئەم شێوازە چونکە بە شێوەیەکی سروشتی و دادوەرانە ئاوا نەکرا دوای نزیکەی سەدەیەک لە تەمەن وا سەرەتای هەڵوەشان و شکستی دەر دەکەوێت بۆیە ناکرێ و ناگونجێ گەلەکەمان لە سەروەختی بەسەرچونی ئەم مۆدیلەدا هەوڵی دروستکردنی قەوارەی سەر بەخۆ لە سەر شێوازی بەسەر چوی دەوڵەت نەتەوە بدات،بەڵکو دەبێت بە دوای شێوازێکی نوێی خۆسەریدا بگەڕێت کە شێوازە سروشتی و ڕەسەنەکەی دەوڵەت و میتۆدە نایابەکەی دیاریکردنی مافی چارەنوسە کە ئەویش مۆدێلی خۆسەری دیموکراتی و سیستمی بە کانتۆن کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گەڕانەوەیە بۆ سیستمی دەوڵەت شاری سۆمەرو میسۆپۆتۆمیا،نەک هەوڵدان بۆ دروست کردنی دەوڵەتێکی ناوەندی نەتەوەیی کە گەلێکی بندەستکراوی ڕابردو ببێت بە سەردەستی داهاتوو هەمان پێوشوێنی سەردەستەکانی ڕابردو بگرێتەبەرو دیسان بۆ سەردەمێکی نادیار ڕۆژهەڵاتی ناوین تێوەبگلێت بە شەڕێکی نەتەوەیی کە جگە لە زیانی مرۆڤایەتی و قازانجی سەرمایەداری هیچی دیکەی لێ چاوەڕوان ناکرێت،تەنیا سیستمی خۆسەری دیمۆکراتیک و شێوازی کارگێڕیدان بە مۆدێلی کانتۆن ئاشتی و ئارامی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین دێنێت و کۆتایی بە هەژمونی سەرمایەداری و یاری مارو پەیژەی ڕۆژئاوا دێنێت .وه لە ڕیشەوە چارەسەری کێشە نەتەوەیی و مەزهەبی و کلتوری و ئاینی و سیاسییەکانی پێ دەکرێت و ژن و ژینگەو کۆمەڵگەی پێ دەپارێزرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست