تورکیا دڵنیاترین پردی پەڕینەوەی داعشە
Wednesday, 01/07/2015, 16:02
دوای سەرکەوتنەکانی هێزەکانی پارستنی گەل و پێشمەرگە و شەڕڤانانی قارەمانی گەلەکەمان لە کۆبانی و گرێ سپی و، و چەند ناوچەیەکی تردا، لەگەڵ پاکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گوند و لە شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان لە تیرۆریستانی داعشی بەکرێگیراو .. رژێمەکەی ئۆردوگان زۆر ناڕەحەت و نیگەران بوون لەم سەرکەوتنانەی کورد و .. بەرچاویان چاویان لێڵ بوو.. بە ئاشکرا و بەبێ شەرم وتیان ئێمە لەم سەرکەوتنانەی کورد بێدەنگ بین و کاردانەوەمان نەبێت .. بە تایبەتیش لە دوای راگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بارەی سەرکەوتنەکانی هێزەکانی پارستنی گەل و پێشمەرگەکان، کە ئەو راستییەی راگەیان کە : " هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان سەلماندیان، کە بە توانترین هێزن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا، هەر بەم هۆیەشەوە پشتیوانی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانیانیان لێدەکرێت لە جەنگی کۆبانی و لە رووبەرووبوونەوەی داعشدا "
تورکیا دوای سەرکەوتنەکانی گرێ سپی و دەوروبەری، کە دەروازە و رێگایەکی گەورەیان لە پەڕینەوە و دزەکردنی داعش بۆ رۆژئاوای کورددتان و سوریا داخست .. هەروەها لە دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بەدەستی هێنا، سەرەڕای چەندین پیلانی گڵاو و ئەنجامدانی تەقینەوە لە شارەکانی باکووری کوردستان .. تورکیا کەوتە تومەت هەڵبەستن و بوختان کردن بۆ کورد، گوایە هێزەکانی پارستنی گەل ( عەرەب و تورکمانەکان ) کە کەمینەی ئەو ناوچانەن بە زۆر راگواسنەوەیان دەکەن، کوردەکانیان بە رەگەزپەرست تاوانبارکرد .. ئەم توومەتەی تورکیا راست نییە و بێ بنەما و بەڵگەیە .. بەڵکو مایەی پێکەنینیشە .. چونکە تورکیا بە پەنجەی پیسەوە ئاماژەی دەکات و، خۆیان تا ناقڕگەیان لە رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی نوقم بوونە .. تا ئێستا پيسترین وڵاتە لە جیهاندا کە پاکتاوی نەژادی کورد و ئەرمەنییەکانیان کرد . ملیون و نیویک ئەرمەنی بێ تاوانیان سەربڕی، بە هەزاران کوردیان کوشت و، بە هەزاران خێزانی کوردیان راگواستەوە .. دروشمی بۆگەن و رەگەزپەرستیتان ئەوەیە : " لە تورک زیاتر هیچ نەتەوەیەکی تر لە تورکیادا بوونی نییە " لە کاتێکدا کە بیست و پێنج ملیون کورد لە باکووری کوردستان و لە شارەکانی تورکیا دەژین .. هەروەها عەرەب و ئەرمەنی و عەلوی و نەتەوەی تری لێدەژین .. ئەم نەتەوانە لە تورکیای بە ناوە موسوڵمان و دیموکراتی و کراوە .. تا ئێستا هیچ مافێکیان نییە .. ئەوان هێندە رەگەزپەرستن، لە تورک زیاتر هیچ نەتەوەیەکی تر بە شایستەی ژیان و مان نازانن .. لە داوای سەرکەوتن و ئاسایی بوونەی باردۆخی گرێ سپی، هێزەکانی پاراستنی گەل داوایان لە خەڵکانی ئاوەرەبووی کورد و عەرەب و تورکمان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ گرێ سپی و ناوچەکە .. بەبێ جیاوازی هەموولایەک دەپارێزن .. چونکە پێکەوەژیان و برایەتی و دۆستایەتی کورد لەگەڵ ئەم گەلانەدا مێژوویەکی کۆنی هەیە و .. زۆر لەوە گەورەتر و بتەوترە و رەسنترە کە بە درۆ و بوختانەکانی ئۆردوگان و پارتەکەی و نەیارانی کورد و کوردستان .. لەکەداربێت یا بڕوایان پێبکەن .. ئەوان لە منداڵییەوە بە رق و کینە و جیاوازی و رەگەزپەرستی گۆش و پەروەردە کراون .. رەگیان لەناو دڵی ئۆردووگان و هاوڕەگەزپەرستەکانی داکوتاوە .. هەر ئەم رقەیان و، چاوهەڵنەهێنیایانە بە سەرکەوتن و بە پێشکەوتن و بە کرانەوەی کورد و، بە رۆڵی سەرەکی کورد لە تێکشکاندنی داعش .. بە پێگەی کورد لە ناوچەکەدا .. هەموو ئەمانە نیگەرانی کردوون .. ئەوەبوو لە بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەمە ( ٢٥/ ٦/ ٢٠١٥) لە تورکیای مۆڵگەی داعشادا .. چەند گروپێکی جاشە ئیسلامیەکانی نوکەر و بەکرێگیراوی تورکیا، کە لە ناو خاکی تورکیادا، مەشق و راهێنانی پێ کردن و .. و چەک و تەقەمەنیشیان پێشکەش کردن و .. جلوبەرگی کوردیی شەڕڤانانیشیان بۆ ئامادەکردن .. هەر تورکیا سێ ئۆتۆمبیل و مۆتۆرسکیلێکی بۆمبڕێژکراویشیان بۆ ئامادەکردبوون، دەزگای هەواڵگری تورکیا هەموو زانیارییەکیان پێدابوون و، لە سنووری تورکیاوە، لە سێ قۆڵەوە بەرەو شاری کۆبانی و دەوروبەری ئاراستەیان کردن .. داعشی تیرۆریست، وەکو هەموو کردەوە نامەردی و قێزەوەنەکانی تریان، کە لە بێڕەوشتی و بێویژدانیدا تا تەپڵی سەریان نوقم بوونە .. لە ناو خەڵکی سڤیل و بێ تاواندا، ئەو ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوانانەیان تەقاندەوە .. کومەڵێک گوندنشینی کوردیشیان گولەباران کرد .. زیاتر لە سەد کوردی سڤیل شەهید بوون و نزیکەی سەد و دە برینداریش هەیە .. بە ڵام شێرە کوڕ و کچە قارەمانەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل پەلاماریان دان و زیاتر لە چل و پێنج داعشیان تۆپاندن و ژمارەیەکێشیان بە دیل لێ گرتن، چەند کەسانێکیشیان گەمارۆداون .. کەلاکی کۆمەڵێک لە تۆپیوەکانیان لە ناو کۆبانیدا بۆگەن بوونە .. ئەودواشیان بەزین و بەرەو مۆڵگەکاننیان لە تورکیادا هەڵهاتن .. ئەم کارە قێزەوەنەی داعشی هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەکردنی بە ناوە ئیسلامی .. سەرانی رژێمی تورکیای دڵخۆش و شاد کرد .. چونکە ئەوان بە کوشتن و سەربڕینی منداڵ و ئافرەتی کورد زۆر شاد دەبن . بەڵگەی هاشا هەڵنەگر و سەلمێنراوە هەیە کە ئەم هێڕشکەرانی داعش لە سنووری تورکیاوە ئاودیوی کوبانی کران و، دەزگای هەواڵگری تورکیا هەموو ئاسانکارییەکی لۆجستی و پەڕینەوەی بۆ کردوون . کێ تا ئێستا گوێی لێ بووە کە ئۆردوگان، داعش بە تیرۆریست ناوبەرێت .. ؟؟ تورکیا وەکو هەموو کردەوەکانی پێشتری نکووڵی و هاشای لێکرد کە داعش لە سنووری تورکیاوە دزەیان کردووبێت و، پەلاماری کۆبانی یان دابێت .. ئەم هاشاکردن و نکووڵیکردنە شتێکی سەیر و تازە نییە بە لای تورکیاوە .. نە یەکەمین جارێتی و نە دواجاریشی دەبێت .. حەزکەم نوکتەیەکی مەلا نەسرەدینتان بە بیر بهێنمەوە : ( رۆژێک دراوسێیەکی مەلا نەسرەدین دەچێت و داوای گوێدرێژەکەی لێدەکات .. مەلا نەسرەدین پێی دەڵێت، گوێدرێژەکەمان لە ماڵ نییە و بردوویانە بۆ شار .. لەم کاتەدا گوێدرێژەکەی مەلا دەزەڕێت .. دراوسێکەیان بە تووڕەییەوە : ئەرێ مەلا شەرم و شوورەیی ناکەیت کە درۆدەکەیت .. ئەوەنە گوێدرێژەکەت دەزەڕێت .. ؟ مەلا نەسرین وەڵامی دایەو و پێی وت : کورە کابرا تو بۆ ئەوەندە بێ بڕوایت .. تۆ بە قسەی من بڕواناکەیت .. بە زەڕینی گوێدرێژەکەم بڕوا دەکەیت .. " .. جەنابی ئۆردوگان ئێوە هاشا لە چی دەکەن، ئەوەتا جاشە داعشەکانتان لە ناو تورکیادا دەزەڕن .. ! درۆکانتان ئاشکرایە و ناتوانن پەردەپۆشی راستییەکان بکەن .. تەنانەت زەردەخەنەکانیشت ژەهڕواین .. چونکە دڵت پڕە لە رق وکینە بەرانبەر بە کورد .. ئەم تاوانەش پەڵەیەکی ترە بە نێوچەوانی رێژمە رەگەزپەرستییەکەتەوە .
تەنانەت دوو کەسیش جیاوازیان نییە و هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە تورکیا دڵنیاترین پردی پەڕینەوەی داعشە و، تورکیا بۆتە گەورەترین مۆڵگەی داعش، بۆتە گۆڕەپانی مەشق و راهێنان و پیلان و نەخشەدانی کاری تیرۆریستی .. بە تایبەتیش لە دژی گەلی کوردمان .. ئاشکراشە کە هەموو نەخۆشخانەکانی تورکیا لە بەردەم چارەسەرکردنی بریندارەکانی داعشدا کراوەیە و، بە خۆڕایی چارەسەریان بۆ دەکەن .
ئەوەش بە بەڵگەوە سەلمێنراوە ، کە لە نێو کارتۆنی داو دەرماندا، گوایە هێندە بە بەەزەیین و هەڵوێستی مرۆڤانەتان هەیە و چەندین لۆری دەرمانتان بۆ داعش ناردوون .. بەڵام درۆیەشتان ئاشکرابوو .. کە ئەو کارتۆنانە پڕبوون لە چەک نەک دەرمان ، ئەو چەکانەش دیاریی رژێمەکەتانە بۆ داعشی هاوپەیمانتان، بە مەرجێکیش ئەو چەکانەتان پێ بەخشیوون ، کە لە دژی گەلی کورد بەکاریان بهێنن .. دەک رەودار نەبن و هەزاران هەزار نەفرەتان لێبێت، لە خۆتان و لە کردەوەکانتان .. بەڵام ئەی رەقیبانی گەمژە و نیازگڵاو، ئەی دوژمنانی ئازادی و دیموکراتی .. خەیاڵتان خاوە، هەر ماوە و هەر دەمێنێت قەومی کورد زمان .. نایشکێنێت دانەری تۆپی زەمان .
ئەمڕۆ لە سایەی سیاسەتی چەوت و شکستخواردووی حکوومەتەکەی ئۆردووگاندا، بە هۆی هاوکاری کردن و رێکەوتنی لەگەڵ داعشدا، بە هۆی دەستێوەردانی لە ئیشوکاری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ و میسر و لێبیادا، بە هۆی دژایەتی کردنی گەلی کوردمانەوە، توورکیا دووچاری گێژاوەیەکی سیاسی و رەخنەی ناوخۆ و دەرەکی بووە .. رۆژ لە دوای رۆژ تورکیا زیاتر پێگەی خۆی لە دەست دەدات و، وەکو دەوڵەتێکی یارمەتیدەری تیرۆریستی ناودەبرێت .. ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، لە دووڕوویی و لە هەڵوێسی نادروستی تورکیا نیگەرانن .. بەڕێوەبەری دەزگای ناوەندی ئەمریکی ( جێمس کلابیر) بە راشکاوی و ئاشکرا دەڵێت : " ئێمە ناتوانین رێکخراوی داعش لەناوبەرێن، ئەگەر بێتو یارمەتیدانی ئەم رێکخراوە لە لایەن تورکیاوە بەردەوام بێت " جێمس کلابیر درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت : " لە ـ سەدا شەستی ـ شەڕکەرانی بیانی کە پەیوەندیان بە رێکخراوی داعشەوە کردووە، لە خاکی تورکیایەوە پەڕیونەتەوە بۆ سوریا .. " بە ئۆردووگان دەڵێین، ئا بەم بەم کردەوە قێزەوەنانەتان، بە پاشەڵی پیسەتانەوە دەتانەوێت ببنە ئەندامی یەکێتی ئەوروپای دیموکراتی و ئازادی ..؟
جەنابی ئۆردووگان، پارتی دیموکراتی گەلانیش ( هـەدەپـە) لێیان تێکدایت و، چاوی رەشت کاڵەوەبوو ، خەونەکەتیش نەهاتەدی و، نەبوویت و هەر ناشبیت بە سوڵتان ئۆردووگان .. ئێمەش بۆ دڵدانەوەت .. ئەم دێڕە هەڵبەستەت پێشکەش دەکەین:
دە مەگـری مەگـری ، ئاغـای ئۆردوگـان
جــبەکەت دانێ ، نەبــوویت بە سوڵتـان
نەرویـج : ( ٢٦/ ٦/ ٢٠١٥)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست