کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەرلەمان ئابڕووچوونێکی تری تۆمار کرد

Tuesday, 30/06/2015, 11:43


پێش ئەوەی بچینە باسەکەوە پێویستە هەندێ لەسەر کاری پەرلەمان و زاراوەی(سازان) بدوێین کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێ لەمەڕ تێگەشتنی ناوەڕۆکی باسەکە.
هەروەك ئاشکرایە پەرلەمان ئەو جێگایەیە کەتیایدا یاساکانی کۆمەڵگای تیا دادەڕێژرێت و دەنووسرێتەوە.لەم شوێنەدا ڕۆژانە گفتۆگۆ و دانیشتنەکان ساز ئەدرێ بەمەبەستی داڕشتنی ئەو یاسایانەی پەیوەستن بەژیانی هاوڵاتیان و بەرژەوەندیەکانیان. لەهەندێ کاتدا پەرلەمان جگە لەئەرکی بنەڕەتی خۆی وەك(یاسا نووسینەوە)، دەتوانێ بانگێشتی ئەم کەسە سیاسی و وەزیر و بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتیش بکات بە مەبەستی پرسیارکردن و داوای ڕوونکردنەوە لەئاست پرسێکی دیاری کراودا. دەشێ پەرلەمان تەواویی ئەو گومان و پرسیارانە ئاڕاستەی کەسی ئامادە کراو بکا بەبێ پەنجە ڕاکێشان بۆ ئەو کەسە وەك تاوانبارێك، یان دەرکردنی سزایەك. چونکە پەرلەمان نابێت رۆڵی دادگا ببینێت، ئەوە لە ئەرکی پەرلەمان دوور دەکەوێتەوە،  چونکە دادگاییکردن ئەرکی دادگەیە، نەک پەرلەمان.
کورد ئەڵێ(بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنێتی).بەداخەوە لە کوردستانی باشوور چەندین ئەرکی گەورە بەبەرگی پەرلەماندا دووراوە، کە پێویستە وا نەبێ. بۆ نمونە، ئەندام پەرلەمانەکان پێیان وایە ئەرکی ئەوانە چاودێری و لێپرسینەوە لەم وەزارەت و ئەو وەزیر بکەن. ئەمەش نەك هەر تەنیا ئەرکی پەرلەمانی تەواو شێواندوە، بەڵکو؛ کاری چاودێری، لێپرسینەوە و دادگاییکردن بە دوور و نزیك کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاران نەبوە و نییە. ئەو پرۆسەی(چاودێری، لێپرسینەوە و دواتر سزادان) لەسەرەتاوە کاری هاوڵاتی سادەیە، کە ببێ بە سانسۆر و چاودێر بەسەر دام و دەزگا فەرمییەکان.لەبەر ئەوەی هاوڵاتیان ڕۆژانە کاریان بەو دام و دەزگایانە ئەکەوێ و مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵدا دەکەن. گەر بێتو کارێکی نەشیاو، یان گەندەڵییەك لە دەزگایەك ڕووبدا، ئەوا هاوڵاتی دەتوانێ سکاڵا تۆمار بکا، یان ڕاستەوخۆ پۆلیسی لێ ئاگادار بکاتەوە. ڕەنگە هەندێ کات پێویستی بە پۆلیسی نهێنێش هەبێ بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بەباشی بکەونە روو، بواری نکۆڵیکردن نەمێنێ. بۆ ئەمەش پۆلیس پەنا دەباتە بەر دادگاکان تا مۆڵەتی چاودێری بەهێز بکرێ و بەڵگەکان تۆمار بکرێن، ئەوجا دەخرێتە بەر دەستی دادگا و دادوەران بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە، لێپێچینە و پاشان سزادان. کەواتە لەپەرلەمانی تەندروستدا نابێ ڕۆڵی دادگاکان لەگەڵ ڕۆڵی یاسادانەران تێکەڵ بکرێ. لێ لە کوردستانی باشوور بەم شێوەیە کاری پەرلەمان قورسکراوە و تا وای لێهاتوە نەزانرێ بەتەواوی پەرلەمەنتارێک چ کارەیە و پەرلەمان چی لەسەر شانە بیکات . بەو شێوەیە پەرلەمانی بەناو کوردستان ئیفلیج کراوەو پەلو پۆی لەلایەن پارتەکانەوە بەستراوەتەوە.
لەدوای ٢٣/٦ پەرلەمان گەورەترین هەڵە و سکانداڵ (ئابڕووچوون)ی لەمێژووی خۆی تۆمار کرد ،ئەویش بەوەی کە داوای لەلایەنە سیاسییەکان کرد سەبارەت بەپرسی سەرۆکایەتی هەرێم کە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ(سازان). پێشەکی زاراوەی سازان، یان توافق، یان(compromise) پێویستە لەهەموو شوێن بەکار بێ جگە لە پەرلەمان. چۆن؟!
هەر بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەری بەڕێز؛ مامەڵەی کڕیارێکی تەماتە لەگەڵ سەوزەفرۆشێ، یان مامەڵەی خاوەن کارێك لەگەل کرێکارێك بۆ ئەنجامدانی کارێك لەڕێگای سازانەوە ئەبێ. واتە گەڕانە بەدوای خاڵی چارەسەر و گەڕانە بەدوای خاڵی مامناوەند. کاتێ تەماتە فرۆشەکە نرخێك لەسەر تەماتەکە دا دەنێ و ئامادەیە لەسەر ئەو نرخە مامەڵە بکات، ئەوا گەڕانە بەدوای سازان. هەمان شت بۆ خاوەن کار لەگەڵ کرێکارەکەدا بۆ ئەو کارەی کە کرێکارەکە بەئەنجامی دەگەیەنێ و تەواوی ئەکات، ئەوا سازانێك لەنێوانیاندا ڕوویداوە. بەڵام کاتێک دوو کەسی سیاسی، یان دوو پارتی سیاسی ئەیانەوێ بگەنە خاڵی مامناوەند و هەردوو لا لەسەری ڕێکبەون ، ئەوا شتێکی ئاسایی و گونجاوە و هەردوو لا  بە سازان دەگەنە ئەنجام، لێ هەرگیز پەرلەمان شوێنی سازان نییە و خۆ ئەگەر سازانێك لەسەر پرسێکی دیاریکراو گەیەنرایە پەرلەمان بۆ یەکلایی کردنەوەی، ئەوا خودی ئەو پرۆسەی سازانە پێویستە بەدەنگی زۆرینە و کەمینە بکرێ. کەواتە لێرەوە بۆمان دەرئەکەوێ پەرلەمانی باشوور تووشی قەیرانی نەزانی و نا پرۆفێشناڵی بۆتەوە و ئەندام و سەرۆکەکەی نازانێ مەبەست لە سازان چییە و کەی بەکار دێ. ئەشێ هەموو کەسێ داوای سازان بکا،تەنها پەرلەمان و پەرلەمانتارن نەبێ. لێرە تەنها ژمارەی ڕازی و ناڕازیی کێشەکان یەکلایی ئەکەنەوە، نەوەک بەڕێگای سازان. ئەمە ئەو سکانداڵە گەورەیەیە،  کە تووشی پەرلەمان هات و هەر بۆیە جارێکی تر پارتەکان خۆیان ئەبنەوە بەخاوەنی پرس و یەکلایی کردنەوە .
لەڕاستیدا ئەم پەرلەمانەی لەدوای ساڵی ١٩٩٢ وە دامەزراوە تا ئێستا قەیرانی نەزانی و ناکارایی پێوە دیارە، هەر بۆیە پارتەکان هەرچی نەزان و ناکارا هەیە ڕەوانەی ئەوێیان ئەکەن. ئەمە لەکاتێکدا و لەپەرلەمانی یۆنانەوە تا ئەمڕۆ جگە لە کوردستان ،هیچ کات پەرلەمان ئاوا دەستەپاچە نەبینراوە و بەو ئیفلیجیە هەستی پێنەکراوە.
ڕەنگە هەندێ پێیان وابێ کە نەخێر پەرلەمان چەندین کوڕی ئازا و قسەزان و خوێن گەرمی تیابووە، ڕەنگە بڵێن چەندینی وەك (عەبدوڵای مەلا نوری، عەلی حەمە ساڵح) نمونەی ئەوانەن. ئێمەش پێیان ئەڵێین پەرلەمانتار پێش ئەوەی ئازا و جوامێر و هەق ڕاست بێ، ئەوا پێویستە ووشیار، زرنگ، نەتەوە و خاك پەرست و مرۆڤدۆست بێ. ئاخۆ ئەو ئەندام پەرلەمانانەی باشوور کاتێ ڕۆژانە لەژێر وێنەی کەسێكی وەك مەلا مستەفا کۆبونەوە ساز ئەدەن، لانی کەم نابێ بپرسن ئەم کەسایەتیە چی بۆ میللەتەکەی کردوە؟ کاتێک مەلا مستەفا بڵاوە بە گەورەترین شۆڕشێک بکات و نەیەڵێ کەس لە گۆڕەپانەکە بمێنێتەوە و بەزۆری زۆرداریی پەرش و بڵاو بەگشتیان بکا و خۆی تێتەقێنێ و گیانی بەرخودان و بەرگری تێك بشکێنێ، ئێدی چۆن ئەبێ ڕازی ببێ لەوێندەرێ لەخەمی میللەت و بەرژەوەندییەکانیان بەردەوام بێ. بێ ووشیاری ئازایەتی ئەچێتە خانەی شێتیەوە. بێ ووشیاری شتێك نامێنێ بۆ گەل کەڵکی هەبێ. بێ ووشیاری یاسایەك دێتە کایەوە لە بەرژوەندی ستەمکار تەواو ئەبێ. بێ ووشیاری میللەت بەرەو گۆڕستان سەرەی پێ ئەگرن. بێ ووشیاری داهاتووی ڕۆشندار بۆ نەوەکان وەك گۆمی بێ بن وایە. بێ ووشیاری هەر کەسێ سەرۆك بێ، دیکاتۆر دەرئەچێ. بێ ووشیاری یاساکان بۆ مافیاکان ئەنووسرێتەوە،نەوەک بۆ گەل. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە