کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستان یان کەپری شوتی؟

Monday, 29/06/2015, 23:49


‌ئەو کەسەی کە کێڵگەی شوتی هەیە یان  شوتی فرۆشی سەر شەقام و ڕێ و بانەکانی شارانە چونکی  بە نیازی مانەوە نییە  بۆ کاتێکی درێژ نایەت خانو دروست بکات یا خود بنمیچ و دیوارو  پەرژین و چوزانم پێویستییەکانی ژیانکردنێکی بێ گرێوگۆڵ دابین بکات،بەڵکو تەنها دەرحەق زەمانە هەڵدەستێت بە دروست کردنی کەپرۆکەیەکی سادە  هەتا ئەوەندەی وەرزی شوتی بەسەر دەچێت و شوتییەکەی دەفرۆشرێت.
‌بەڵام خۆ کوردستان کێڵگەی شوتی و بازاڕچەی کاتی ، شوتی فرۆشتن نییە ئیدی بۆچی هەڵناستن بە دامەزراندنی سیستم و داو و دەزگاو پڕۆژەی ژێرپەیکەری ئابوری تێیدا؟
‌ئایا ئێرە لە کن ئێوە نیشتیمان و جێگەی ژیانی خۆتان و ماڵ و منداڵتانە یان تەنیا وەک کەپری شوتی کاکی جوتیار شوێنی مانەوەی  کاتییە هەتا ئەو دەمەی بەرهەم دێتە ناو؟خۆ ئەگەر نیشتیمان بوایە بۆ ئێوە دەبو لە خەمیدابونایەو خزمەتتان بە داو و دەزگاکانی ژێرپەیکەری بکردایە،یان ئەگەر تەنیا  ناوەندی کارە بۆتان وەک کێڵگە شوتییەکەی کابرای جوتیار، وا  بیست و چوار ساڵە ئێوە بەرهەمی ئەم کێڵگەیەتان قۆرخ و پاوان کردووە، دە ڕێگە بدەن با خەڵکی دیکەش لێی بەهرەوەر بێ کە لە دایک بوی هەمان گێڵگەیەو بۆ ئەو نیشتیمانیشە نەک کەپری شوتی فرۆشتن ،گەر ئێوەی چەرچی کەپر سەوز ڕێیان بدەن لێرە لەم وڵاتە داو و دەزگاو سیستمی خۆ بەڕێوە بەری دیموکراتی دادەمەزرێنن و پێشیشی دەخەن ساپیتەو بنمیچ بۆ کەپرەکان دروست دەکەن و کۆشک و تەلار بۆ دامەزراوەکان دێننە بون.
‌لێگەڕێن با کوردستان نیشتیمان و بیلبیلەی چاوان بێ نەک کەپری شوتی فرۆشان و کێڵگەی وەرزی هاوین،ئەوەش بەوە دەبێ دەستبەرداری ڕەگەزنامە بیانییەکانتان ببن و واز بهێنن لە بردنە دەرەوەی سامان و داهاتی ئەم وڵاتە بۆ بانکەکانی هەندەران و هێنانە ژورێ ی شتی بێکەڵک و سادە بۆ ناو کوردستان.
‌ڕێگە بگرن لە لێشاوی ئەعرابی پلان بۆ داڕێژراوی  نەتەوە پەرستانی سامی و شێواندنی کلتورو دیمۆگرافیای کوردستان.
‌ڕێگە بگرن لە دەڵاڵە وڵات فرۆشەکانی کوردستان کە خانو و خاکی کوردستان دەفرۆشنە عەرەب و دیمۆگرافیای کوردستان دەشێوێنن.
‌ڕێگە مەدەن ئەعرابی بەعسیى ئەنفالچی حەگاڵەکەی بنێتە سەر ناوچاوانی و ئێواران شان لە شانی گەنجە گیرفان بەتاڵە باوک شەهیدەکانی کوردستان گیر بکات و کەرامەتی کورد بخاتە ژێر نەعلەکانی.
‌ڕێگە بگرن لە و سوکایەتییەی بە زمانمان دەکرێ و لە وڵاتی خۆماندا ناچار بە قسەکردن بە زمانی غەریبەکان دەکرێین لە بەر نه بونى  پلان لاى ئێوە.
‌ڕێگە مەدەن قوتابخانەی منداڵی کورد چۆڵ بکرێت بۆ ئەعرابی بیابان و فێر کردنی پیتە ناقۆڵاکانی زمانی سامی .
‌گەر کوردستان نیشتیمانتانە وا دەکەن،گەرنا کەپری شوتی یەو بەس ، بۆ ئێوەی وڵات فرۆش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە