مەسعود بارزانی وەک خۆی
Sunday, 28/06/2015, 21:05
گۆڕستانەکان پڕن لەو سەرۆکانەی، کە وایان دەزانی وڵات بێ ئەوان نابێت."وینستۆن چەرچڵ"
مەسعود کوڕی مستەفا بارزانی رۆژێکی گونجاو و سەرنجڕاکێشی بۆ خۆی داناوە گوایە لەو رۆژەدا لە دایک بووە ئەویش رۆژی (١٦ ئابی ساڵی ١٩٤٦)ە کە لە شاری مهاباد لەدایک بووە، رێک ئەو رۆژەشەیە، کە پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد تێیدا دروست بوو...! لە هەمووی سەیرتر رۆژێکیشیان بۆ مەلا مستەفای باوکی داناوە، گوایە مەلا مستەفاش لەو رۆژەدا لە دایک بووە، ئەو رۆژەی بۆ دانراوە، کە "کارل مارکس" کۆچی دوایی تێدا کردووە، واتە دنیا فەیلەسوفێکی لێ رۆیشت فەیلەسوفێکی تر تێیدا لە دایک بووە، هەر بۆیە رێبوار سیوەیلی دوایی دێت و دەڵیت مەلا مستەفا فەیلەسوفی کۆمەڵایەتیی بووە! هەڵبەت وەک دەزانن رۆژی لە دایکبوونی ئەم دووانە مەبەستی سیاسیشی تێدایە، ئەگینا نە ئەو بنەماڵەیە، نە کۆمەڵگای کوردیی و رۆژهەڵاتیی و ئیسلامیش لەو سەردەمەدا بگرە لە ئەمڕۆژشدا ئەوەندە بە تەنگ نووسینەوە و دیاریی کردنی رۆژی لە دایکبوون و مردن و نووسینەوەی کارەسات و رووداوە مێژووییەکان نەبوون، بەتایبەتی خێزانی مەلا مستەفا، خێرە لەناو بنەماڵەیەکی نەخوێندەواردا زانرابێت کەسێکی وەک مەلا مستەفا لە چ رۆژێکدا لە دایکبووە، هەڵبەت مەبەست لەمە جیاکردنەوە و بە پیرۆزکردنە، تا رۆژێکی بۆ دیاریی بکرێت و لە یاد نەکرێت، یادەورییەکی بۆ دابنرێت.
دەڵێن : پاش هەرەسی کۆماری مهاباد لەساڵی ١٩٤٧دا مەسعود لەگەڵ کۆمەڵێ خەڵکی ناوچەکە دەگەڕێنەوە بۆ ووڵاتی عێراق، ئیتر ڕژێمی پاشایەتی ئەمانە دوور دەخاتەوە بۆ شارەکانی خوارووی عێراق لە (بەغداد و بەسرە)، مەلامستەفاش بۆ شورەویی هەڵدێت، تا ساڵی ١٩٥٨ لەوێ دەمێنێتەوە.
مامۆستا زرار سلێمان دەرگەڵەیی لەبیرەوەرییەکەیدا ئەم چوونەمان بۆ شورەویی بۆ باس دەکات بەلای چاودێرانەوە ئەوە باشترین سەرچاوەیە، کە مەلامستەفا و ئەو خەڵکانەی لەو کۆچەدا بوون هێناویەتە سەر زمان لەژێر ناوی "بیرەوەرێکانم " (کلیکی وێنەکە بکە) باشی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە راستیی تێدا گوتراوە، بۆیە لە زوونی زەرد قاچەغە و خەڵکی لەسەر وون دەکرێت و ئەوانیش بەهەموو توانایەنەوە دژایەتی ئەم پیاوە پیرە دەکەن، تا ئەو جێگەیەی کە بۆمبیان هەڵداوەتە ماڵەکەشیەوە، کتێبەکەشی قەدەغە کراوە.
وەک باس دەکرێت مەسعود خوێندی ناوەندی تەواو ناکات و لە ١٦ ساڵیدا واتە ساڵی ١٩٦٢ دەچێتە شاخ بۆ لای باوکی، لەساڵی ١٩٧٠دا یەکێک دەبێت لەو کەسانەی کە بۆ گفتوگۆ دەچێتە بەغداد و وێنە و فلیمێکی کورتی ڕەش و سپی ئەوەمان پیشان دەدات لەگەڵ ئیدریسی برای و ئەحمەد حەسەن بەکری سەرەک کۆمار دا دەبینرێن، دوای ئەوە لەساڵی ١٩٧١ دا لەکاتی کۆنگرەی هەشتی پارتی بە سیفەتی ئەندام کۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵدەبژێرێت، لەهەمان کاتدا دەیکەن بە ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای پاراستن.
لەکاتی چوار ساڵ گفتوگۆدا پاراستن لە ژێر چەتری ئەم کەسایەتییەدا دەیان تاوانی بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجام داوە، بێ ئەوەی تاکە شتێکیان بەرامبەر بەدوژمنی گەلەکەمان کردبێت، کە جێگەی سەرسوڕمان بووبێت و یان چوبێتە خانەی مێژووەوە شانازی پێوە بکرێت، بەپێچەوانەوە پاراستن دەزگایەکی تۆقێنەرو ترسناک بووە و دەیان کاری ترسناکیان ئەنجام داوە، سەدان تێکۆشەریان لێرە و لەوێ سەرنگوم کردووە و قوربانییەکانی زیندانی ڕایات کە زیندانییەکی تۆقێنەر بوە شاهیدیمان بۆ دەدات، کە ئەم دەزگایە چەندە ترسانک بوە و چیرۆکەکانی تاکو ئێستا لەفلیمی ترسناکان دەچێت کە دەیبیستین.
پاش ئاشبەتاڵ واتە ساڵی ١٩٧٥ ماوەی سێ ساڵ مەسعود بارزانی لەگەڵ باوکیدا دەبێت لە ووڵاتە یەکگرتۆکانی ئەمەریکا.گەر چی ئەوان وا نیشان دەدەن کە مەسعود بارزانی لە دروستکردنی "سەرکردایەتی کاتی" ڕۆڵی هەبووە لە ساڵی ١٩٧٦دا و ئێستا لە ئەدەبیاتی پارتیدا بەشۆڕشی گوڵان هەژمار دەکرێت.
قیادە مۆقەتە ئەو خائنانە بوون کە کارەساتی هەکاریان ئەنجام دا و گەلەکەمان لەو کاتەدا ٧٠٠ شۆڕشگێڕی لەدەست دا کە لەو کاتەدا سەروەتێکی نیشتمانی بوو.ئیدیس بارازانی ووشەیەکی مێژووی هەیە، کە ووتوتی "گەر شۆڕشمان پێ نەکرێت، شۆڕشمان پێ تێك دەدرێت"
ڕاستییەکەی مەسعود، تاکو مانگێک پێش مردنی مەلامستەفا لەئەمەریکا بووە و لەساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە ئێران.لەمانگی ١ /٣/ مەلا مستەفا کۆچی دوایی دەکات لە هەمان ساڵدا کە کۆنگرەی نۆهەمین دەبەستن لەمانگی ٩ ساڵی ١٩٧٩ مەسعود بارزانی بەسەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێرێت، ئیتر هەر دووبرا ئیدریس و مەسعود دەبنە پاڵەوانی ناو ڕووداوەکانی نێو پارتی، لەساڵەکانی ١٩٨٠ تاکو ساڵ ١٩٨٧ چەندین بەرە لە هەموو چەشنێک دروست دەکەن و لە سەرکوتی کوردانی ڕۆژهەڵاتیش شێلگیرانە لەگەڵ سوپای پاسداری ئێراندا بەشداربوون لەشەڕەکانی دژی شۆڕشگێڕەکانی کورد لەو بەشيدا و دیکۆمێنتەکان و مێژووی ئەو کاتە زۆر شتی قێزەونمان بۆ دەگێڕنەوە.بێجگە لەکارەساتی هەکاری و ئەو شەڕانەی کە براکان لەو چیایانەدا دەیان کرد دژ بەیەک و هەر یەکەیان پاڵی دابوو بە داگیر کەرێکەوە کە نیشتمانیان داگیر کردبوو.
تەنانەت دەیان فەوجی جاش مەلایان لای بەعسییەکان گردبۆوە لەنمونەکانی"تەحسین شاوەیس و قالە فەرج و دارا هتد.....
کاتێک ڕاپەڕین بوو، مەسعودیش لەگەڵ تاقمەکەی خۆیدا گەڕانەوە نیشتمان ئەوان هیچ ڕۆڵێکیان لە ڕاپەڕیندا نەبوو، هەموو شاهید حاڵەکان بۆمان پشت ڕاست دەکەنەوە کە مەسعود هیچ نەبووە و هیچیشی بۆ نەکراوە، تەنانەت لەو سنورەی ئەوی لێ بووە بەعسییەکان بەڕێزەوە گەڕاونەتەوە مۆڵگەکانیان، هەمووشمان دەزانین مەسعود لەقسەیەکدا دەڵێت کاتێک جامەدانیە سۆرەکەی دادەگرێت دەڵێ: "من دەچمە هەر جێگەیەک هەر پێشمەرگەی یەکێتی دەبینم، لە شەڕگەکان لە خەستەخانەکانیش ".
دوای ڕاپەڕین و کۆچڕەو، مەسعود و بنەماڵەکەی دەستیان بەسەر سەری ڕەشدا گرت، کە هاوینەهەوار بوو، پێشتریش سەدام حسێن کردبوویە خانوی هاوینەی خۆی، گەرچی مەڵبەندی چوار لەشەڕێکی قارەمانانەدا ئەوێیان گرت بەسەرکردایەتی کۆسرەت ڕەسوڵ، پارتی گومگری برایم خەلیلیشی داگیرکردبوو لەوێوە دەستیان لەبینەقاقای گەلێک نا، ئەو ساڵانە عێراق و کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی نەتەوە یەکگرتۆکاندابوو واتا بایکۆت کرابوو، بەڵام داهاتی برایم خەلیل وەک مەزەنە دەکرا ڕۆژانە زیاتر لەیەک ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بوو.بۆ دڵنیابوون مرۆڤ دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر ئەو دیکۆمێنتە مەیدانەی هاوڕێ و هاوکارمان کاک "تەها هەڵەدنی" ئەنجامی دا کە کەسێکی میت قسەی بۆ کوردستانپۆست کرد و نهێنی زۆری لەبارەی برایم خەلیل و ئەو دەڤەرەی هێنایە زمان، دوای ئەو دیکۆمێنتانە بە سندوقە ڕەشەکە ناوبانگی دەرکرد.
هەر لەسەرەتاوە دیاربوو کە پارتی دەیەوێت بەشەڕ کێشەکان چارەسەر بکات، چونکە ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن وەک ئەمەریکییەکان شەڕ لەدەرەوەی ئەمەریکا بکەن، پارتیش هەمان سیاسەتی هەیە ئەوان سلێمانی و گەرمیانیان کردۆتە جێگەی شەڕی خۆیان، خەڵکانێکی خۆفرۆش لەو ناوچانە شەڕ بۆ پارتی دەکەن و مەسعود وەک پیاوێکی حەکیم وێنا دەکەن، شەڕی ناوخۆ دیوی ڕاستەقینەی مەسعودی دەرخست و ئەو بەئاشکرا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسێکدا دەڵێ : "سەدام دوژمنم نییە بەڵکو دۆستمە " تکایە سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکە.
بەر لەشەڕی ناوخۆ و ٣١ئاب مەسعود هەرچی نەیاری هەبوو لەبادینان تیرۆری کرد، کەسە لەبەر چاوەکانی ئەوانە "سادق سندی، هیشام ئاکرێ و چەندین کەسی تر.
ئەو کاتە کە شەڕی ناوخۆ ڕووی دا خەڵکانی زۆر بوونە قوربانی، بیرمان نەچێت کە سەرکردایەتی هەردوولا پەیوەندی خۆیان نەپچڕی و ئەوان بەردەوام پەیوەنیان هەبوو، پۆلیسێکی گومگرگ کە لای "عەتا ئەحە سمێڵ " بوو بۆی باس کردم کە مانگانە دەچوون پارەیان بەپیکاب دەهێنا لە لای پارتییەوە.
هەر لە دوای ڕاپەڕین کە ئێستا مەسعود خراوەتە نێو نەخشەی ڕاپەڕین، بەڵام دەیان کەسی زیندوو شاهیدیمان بۆ دەدەن کە ئەو کەسە بڕوای نەبوە بە ڕاپەڕین و پیاوێکی ترسنۆک بووە و لە گفتوگۆیەکی خۆی و نێوان نەوشیروان مستەفادا لە قاسمەڕەش ووتوێتی من هێندە گەشبین نیم، هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون ژمارەیەکی کەم بوون.دوای ڕاپەڕین هێشتا خەڵکی لە کۆچ و ڕەو نەگەڕابونەوە، سەرانی بەرەی کوردستانی بەهەڵەداوان چونە لای سەدامی دۆستیان، هێشتا کفنی لاشەی منداڵەکان زەرد نەبوو بوو، مەسعودیش کەسێکی خەندە لەسەر لێوبوو کاتێک سەدامی ڕاموسی.
گەر چی مەسعود لەسەردانەکەیدا تەنها نەبوو بۆلای سەدام، بەڵام ئێمە باسی کەسایەتی مەسعود دەکەین، کاتێک دوای ڕاپەڕین سەدام فەرمانبەرایەتیەکانی چۆڵکرد لە کوردستان، بۆ شاییەکی سیاسی گەورە کەوتە هەرێم بۆیە بڕیاری هەڵبژاردن درا، نەوشیروان مستەفا لەکتێبی شەڕی "پارتی و یەکێتی" باسی مەسعودمان بۆ دەکان چۆن بۆ تەزویرکردن ڕەنگی پەنجەمۆرکردنی لەئەڵمانیاوە هێنایەوە و کوردستانیان کرد بەشەخسە پەڕۆینە و لەدوای ئەوە ئەم هەرێمە دابەش بوو بەسەر دووبەشدا دیسان مێژوو خۆی دووبارەکردەوە "سەفەوییەکان، عوسمانییەکان "کەوتنەوە ناو یارییەکە.مێژوو گەڕایەوە بۆ ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا بۆ سەردەمی شەڕی چاڵدێران.
٣١ئاب لە هەناوی پارتیدا سەرفرازییەکی گەورەیە بەسەرکردایەتی مەسعود بارزانی ٣١ئاب ئیتر شەرمی نەهێشت لە خیانەت کردن، تاکو ئێستا ئێمەی کورد نەمان توانیوە خیانەتی ئەمانە ببینین تەنها لەسنورێکدا باس کراوە یان دەماو دەم بەترسەوە گێڕاویانەتەوە، دوای ٣١ئاب هەموو شتێک یەک لابوەوە
ساڵی ١٩٩٩ لەکۆنگرەی ١٢دا جارێکی تر مەسعود بەسەرۆکی پارتی هەڵبژێرایەوە، پێشبینییەکان دیاربوون و کەسمان گومانمان لێی نەبووە، لەساڵی ٢٠٠٥دا ئەم پیاوە بەسەرۆکی هەرێم هەڵبژێرا و جێگرێکیشی بە زۆر بۆدانرا کە کۆسرەت ڕەسوڵ بوو، بەڵام تاکو هەنوکە کۆسرەت ڕەسوڵ ڕۆڵێکی نەبووە وەک جێگری ئەم مەسعود بارزانییە.
ئالبێرت کامۆ" دەڵێ :"
"شتێک کەبێزارم دەکات ئەوەیە مرۆڤ بەو هەموو ناشیرنیەی خۆیەوە چۆن لەڕوی دێت لوتبەرزبێت کەسەرچاوەی هەموو بەدبەختی و نەهامەتیەکانە".
بەڕاستی لوتبەرزی ئەم کابرایە لە لوتکەدایە کاتێک دەبینین بۆ تاکە جارێکیش نەی هێشتوە کۆسرەت بە ڕۆڵی خۆی وازی بکات، ئەوە جگە لەوەی مەسعود کەسایەتییەکە پڕ لەلوتبەرزی و ترسنۆکی، کە ئەم دوو کردەوەیە سەرکردە جیادەکاتەوە لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان و بۆی نییە ببێتە ڕابەری گەلێک، بەتایبەتی ئەو گەلە لەشەڕدا بێت.
بەکورتی لەساڵی ١٩٧٩وە مەسعود بارزانی ئەم خیانەتانەی ئەنجام داوە یان لەسایەی ئەودا و لەسێبەری ئەودا ئەنجام دراون.ئەمەش وەک سێڤێ ئەم پیاوە وایە بۆیە جارێکی تر دەینوسینەوە، چونکە گەلی ئێمە زوو زوو شتی بیر دەچیتەوە، گەرچی نیشتمانی ئێمە لەسەر دەریا نییە بەڵام گەلەکەمان لەباشور وەک ماسی و هزری ماسی مامەڵە دەکەن، چونکە ماسی دوای چەند چرکەیەک بیری دەچیتەوە هەر لە قولاپەکە بەر یاندا دەچێتەوە بەردەم هەمان قولاپ.
* ساڵی ١٩٧٩ بۆ ٨٠ پێش پاسدارکەوت بۆ سەرکوتکردنی کوردانی ڕۆژ هەڵات.
*لەڕێکەوتنێکی نهێنیدا لەبەینی سەدام و مەسعودا کاتێک پارتی پێش پاسدار کەوت بۆ حاجی هۆمەران، سەدامیش ٨٠٠٠ بارزانی لە ئۆردوگا برد و بێسەر و شوێنی کردن، ئەوانە ئەو خەڵکانەبوون لە تاو زوڵمی ئەم حیزبە سەری خۆیان کزکردبوو.
* دوای ڕاپەڕین کاتێک پاشماوەی ئەو قوربانییانە ژن و منداڵەکانیان گوایە بارزانین هەمویانیان کۆکردەوە لەسەر زێی گەورە هەموویان گوللەباران کردن، ئەوان ووتیان ئەوانە سۆزانین و لەشفرۆشی دەکەن عەشرەتی بارزان لەکەدار دەکەن.
* هێنانی سوپای تورکیا و نیشتەجێکردنی لەسەربازگەیەکدا لەسمبێل و ئامێدی و بامەڕنی.
*ساڵی ١٩٩٢ بۆ خزمەتی تورکان شەڕی پارتی کرێکارانیان کرد و نێچیر بە زمانی خۆی ووتی ٣٠٠٠جاشمان لە بۆخاتری تورکان بەکوشدا لەشەڕی پەکەکەدا.
*شەڕی حسک لە ناوچەی سلێمانی کە قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە و شەڕەکە نیگەرانی خەڵکی لێدروست بوو لە ناو شاری سلێمان، کەچی ئەمڕۆ کاکە حەمە بوە بەغوڵامی مەسعود، وەک وەفایەک بۆ قوربانی هاورێکانی.
*٣١ئابی ١٩٩٦ لە سایەی مەسعودد شکۆی حوکمەت و پەرلەمان شکا و سوپای عێراق بەسەرکردایەتی پارتی هاتە ناو هەولێرەوە.
* چەندین گەریلا کە زۆریان زامداربوون و ئەوان شاندی هونەری بوون لە ناو هەولێر لە ژێر ڕەحمەتی مەسعوددا بەترسنۆکی و هۆڤانی لە جێگەی فڕۆکەخانەی ئێستای هەولێر گوللەباران کران.
* لەشەڕی ناوخۆدا زیندانی ئاکرێ و زیندانی چیای شیرین سەدان چیرۆکی تەم و مژایمان بۆ دەگێڕنەوە و تاکو ئێستاش چەندین قوربانی، کەس نازانێت گۆڕەکانیان لەکوێیە و چۆن لەناوچون و هەموو ساڵێک خاوەنەکانیان بەدوایاندا دەگەڕێن، بێ ئەنجام وەک ئەوەی بەدوای سەراب کەوتبن.
*شەهیدکردنی شێخ ستار و سۆران و سەردەشت و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی چەندین رۆژنامەنووس و کەسانی دژ بە دەسەڵاتی بنەماڵە، کە لیستی ناوەکان تاکو ئێستا پارێزراوە لای هاوڕێکانم لە کوردستانپۆست، کە دزەی پێکرا لە پاراستنەوە.
* لە دادگا سکاڵاکردن لەسەر دەیان چالاکوانی مەدەنی لەناویاندا "ناسح " کە سزادرا بەپارەیەک ڕەنگە تاکو ئێستا هەر قەرزەکە دەداتەوە !
* ١٧ی شوبات و بەبیکەیسی تەقەکردن لە گەنجانی شاری سلێمانی و هێنانی زرێڤانی ترسنۆک بۆ سلێمانی دەوروبەری و لەچەمچەماڵیش لە لقەکەیانەوە منداڵێکیان بە گوللەی بیکەیسییەکانیان شەهید کرد ئەوانیش گەرمیان لە چەمچەماڵ و ڕێژوان لەسلێمانی.کە بوونە سمبوڵی ناڕازای خەڵک بەرامبەر بەو دەسەڵاتە ترسنۆک و گەلکوژە.
* مەسعود پیاوێکی ترسنۆکە، لەکاتی ڕاپەڕینە کەی ١٧ی شوباتدا ووتی من ئیتر خۆم هەڵنابژێرمەوە، بە باوکی ڕێژوانی ووت دێمە خزمەتت، بەڵام چەند جارێک چۆتە سلێمانی و شەرمی بەخۆی نییە سەردانێکی ئەو پیاوە جەرگ سوتاوە بکات، لوتبەرزی ئەم پیاوەی وێران کردوە.هەر لەسەرترسنۆکی مەسعود کاک ئەیوب بارزانی ئامۆزای لەکتێبەکەیدا بۆمان دەگێڕێتەوە چ پیاوێک بووە کاتێک لەتاران ساواک پرساری لێدەکات، بە بێ لێدان و چاوسورکردنەوە هەموو شتێک دەڵێ، ساواک بە کاک ئەیوب دەڵێ :حاشامەکە مەسعود هەموو شتێکی بۆ باس کردووین.
* دانیشتنی مەسعود و هاوپەیمانی لەگەڵ کۆنە بەعسییەکان و داعشدا، کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات چونکە بیرمانە چەند ڕۆژێک پێش هێرشی داعش بۆ شەنگال و گرتنی موسڵ مەسعود چۆن هەڕەشەی لەمالیکی کرد !
* نیشتەجێکردنی پارێزگاری موسڵ لەسایەی مەسعود لە هەولێر و سەدان ئەفسەر و بەعسی گەورەو نامە و تەلەفۆنەکانی عێزەت دوری بۆ ئەم پیاوە چیرۆکی تری نهێنیمان بۆ دەگێڕێتەوە.
* خەندەق لێدان و تەسلیم کردنی شەنگال و جینۆسایدکردنی بەجێهێشتنی ئەو هەموو برا و باوک و دایک و خوشک و منداڵانەمان بەچەتەکانی داعش بەرهەمێکی تری ئەم پیاوە ئازایەی هەرێم بووە.
* بەئاشکرا دژایەتیکردنی کوبانی و بەئاشکرا پشگیری کردنی ئاکەپە و دژایەتیکردنی پەیەدە و دروستکردنی چەند پارتێکی کارتۆنی بۆ باکور و ڕۆژئاوا ئەوەش هەر بەرهەمی ئەم پیاوەیە.
* ناردنی چەکدارەکانی حیزبی دیموکرات لە کێلەشینەوە بۆ ئێران کە لە خانەقینەوە بەدرێژای هەزاران کیلۆمەتر سنور هەیە حیزبی دیموکرات چالاکی تێدا بکات، پاشان ئەوان ٢٣ساڵە لە ئۆردوگاکان و ئوتێلەکان دانیشتون و خۆیان دەلێسنەوە خێرە ئاوا بە هەڕەشەیەکی مەسعود و بە فیتی تورکیا و ئەردۆغان جەبهەیەک لە پارتی کرێکاران دەکەنەوە؟
بۆ ئەوەی خوێنەر نەڵێت ئەم درێژ دادڕیە چییە؟ کۆتایی بە ووتارەکەم دەهێنم و دەڵێم خاڵێکی تری ئەم کابرایە ئەوەیە کە هەموو کوڕ و براو برازاکانی لە ناو ئەو هەرێمەدا پلەدار و باڵادەستن، بەڵام لە لێقەومانەکاندا ئەوان خەڵکانی ترسنۆکن وەک مەسعودی باوک و مامیان.
دەبێت خۆشبەختی خۆشمان دەربڕین بەوەی کە مەسعود مێینەی بنەماڵەکی فەرامۆش کردووە گەر ئەوانیش کارابوونایە، ئەوە ئەو سۆرا پارتیانە دەبوو هەر پاسەوانی شەویان بەرکەوتایە لەگەڵ چایچێتی و خزمەتکردن و ئۆتۆمۆبێل پاکردنەوە و باخدانی ئاو گواستنەوەی منداڵەکانیان بۆ یاریگاکان و قوتابخانە و مەلەوانگاکان، ئەوان شوفێریان بەگەرەنتی پێدەبڕا.
خاڵێکی تریش کەدەمەوێت باسی کەم ئەوەیە، تکایە دەنگ بدەنەوە بە کاک مەسعود با ووڵاتێکتان بۆ دروست بکات کە تێیدا عەرەب برا گەورەبێت، ئێستا ژمارەی عەرەب نیوەی خەڵکی هەرێمە، شەڕێک لەسایەی ترسنۆکی مەسعودەوە بەڕێوەیە ها کە بوینە فەلەستین و هەموومان لە ئۆردوگایەکدا کۆکراینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست