کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دادگەی لێکۆڵینەوە لە هەولێر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ جەمال نەبەز دەردەکات

Wednesday, 24/06/2015, 13:56


پەیامنێری کوردستانپۆست/ هەولێر
دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر فەرمانێکی سەیری دەرکردووە، سەبارەت بە گرتنی جەمال نەبەز، بەبێ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دادگە، وەک تاوانبار و هەڵاتوویەک ناوی هێناوە، لەو فەرمانەدا داوا لە هەموو خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە بەپێی مادەی (٤٣٣) لە یاسای سزادان د. جەمال نەبەزی بۆ دەستگیر بکەن و رەوانەی دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێری بکەن، تا  لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن، بڕیارەکە ژمارە ٤٣٦٠ی گرتۆتە خۆی و لە رۆژی ١٧ / ٥ / ٢٠١٥ ی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەر ئارام جەمال محەمەد ئەمین دەرکراوە. شایانی باسە د. جەمال نەبەز لە ساڵی ١٩٦٢ ەوە کوردستانی جێهێشتووە و تا ئیستا نەگەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، فەرمانی دادگە بە شێوەیەکی کۆمیدییانە نووسراوە، وا پێشان دەدات، ئەو دانیشتووی کوردستانە و هەڵهاتووە و، لەبەر ئەو بڕیارەی دادگە دەیەوێ خۆی لە کوردستان دەرباز بکات، ئەمانیش خاڵی سنووریی و فڕۆکەخانەکانیان لێگرتووە تا دەرنەچێت، فەرمانەکەش وەک بۆ کەسێک دەرکرابێت، کە  تۆمەتبارێکی گەورە و مەترسییدار بێت بۆ سەر ئاسایشی هەرێم.
بۆ ئەو مەبەستە پەیامنێری کوردستانپۆست لە هەولێر بەدواداچوونی لە سەر ئەو بڕیارە کرد، لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەو کەسەی داواکەی لەسەر جەمال نەبەز تۆمارکردووە، (عەبدوڵڵا ئاگرین)ە، ئەویش لەسەر ئەوەی کە لە دوایین کتێبی د. جەمال نەبەزدا بەناونیشانی (کۆمەڵەی ئازادیی و ژیانەوە و یەکێتیی کورد (کاژیک) لە چەند بڕگەیەکدا عەبدوڵڵا ئاگرینی بەوە تۆمەتبارکردووە، کە لە بەرامبەر پلەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆریی، هەروەها لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرپرسیاریی سەنتەری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ئەکادیمی پارتیی و کردنی بە مامۆستا، وەرگرتنی پۆستی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی، پاسۆکی بە پارتیی فرۆشت) هەر بۆیە د. عەبدوڵڵا ئاگرین داوای لەسەر د. جەمال نەبەز تۆمار کردووە.
سەرچاوەکە دەڵێت، لە چەند شوێنیکدا جەمال نەبەز ناوی بنەماڵەی بارزانی و دەزگای پاراستنی هێناوە. ئەمە دەزگای پاراستن و پارتیی تووڕە کردووە، ئەوانیش هاندەری ئەم کارە بوون.
 بۆ ئەو مەبەستەش کوردستانپۆست پێوەندیی بە د. جەمال نەبەزەوە کرد، تا رای خۆی لەسەر بڕیاری دادگە دەرببڕێت. بەڕێزیان لە وەڵامدا ئەمەی راگەیاند:
کاک  ئەبدوڵڵا ئاگرین لە "دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر" شکاتی لە من کردووە و، دادگەی نێوبراویش بێ ئەوەی هیچ  لێکۆڵینەوەیەکی پیشان‌دابێ، کوتومەزرەقیی، لایەنی شکاتکەری گرتووە و، بڕیاری دەستگیرکردنی منی داوە و منی بە "هەڵاتوو" داناوە ...
بەڵگەی کاک ئەبدوڵڵا ئاگرین بۆ ئەو شکاتە ئەوەیە؛ لەو نامیلکەیەدا کە لە ژێر سەرنێوی "کاژیک- پێشخان و پاشخانەکانی"دا بڵاوکراوەتەوە، سووکایەتیم کردووە پێی.
ئەز وەک مرۆڤێک کە بەشێکی نووسین و لێکۆڵینەوەکانم پێوەندیی بە مێژووەوە هەیە، بە تایبەتیی مێژووی رامیاریی، رووداوەکان و کردەوەکان؛ وەک خۆیان دەخەمە بەرچاو. ئەوجا؛ لێدوان و هەڵوێستی بابەتانە لە بارەیانەوە دەنووسم. ئەمەش؛ نە لەبەر خاتر و خۆشەویستیی کەس و، نە لە رک و کینە لە کەس. ئەز بەرامبەر بەرهەمی کار و بیروڕای دەربڕاو و هەڵسوکەوتی نوێنراو هەڵوێست وەردەگرم، نەک بەرامبەر بە کەس – وەک کەس. جا ئەگەر کەسێک؛ من رەخنەم لە گوتەکانی گرتبێ؛ یان بەرامبەر کردەوەکانی هەڵوێستم وەرگرتبێ و، ئەوە بە سووکایەتیی دابنێ بۆ خۆی –وەک کەس- ئەوە کێشەی خۆیەتیی و کێشەی من نییە. ئەز لە رووی هەواڵی ناڕاست و شێواندنی راستینەی رووداوەکاندا ناتوانم بێدەنگ بمێنم.

کورتەی چیرۆکەکەش ئەمەیە:
کاک ئەبدوڵڵا ئاگرین، ماوەیەک پێش ئاشبەتاڵی بەهاری ١٩٧٥ هاتووە بۆ ئەوروپا و، سەردانی منیشی کردووە. ئەز کە لە کوردستان بووم؛ کاک ئەبدوڵڵام نەدیوە و نەمناسیوە، بەڵام کە هاتۆتە لام و گوتوویەتی ئەندامی کاژیکە، بێ ئەوەی هیچ نامەیەکی کاژیکی لە کوردستانەوە هانیبێ، رێزم لێناوە و، گوێم لە قسەکانی گرتووە، ئەگەرچی هێندەک لە قسەکانیشی بە دڵم نەبووبن، یان جێی باوەڕم نەبووبن، وەک ئەوەی کە دەیگوت"، ژیانت لە ئەوروپا لە مەترسیی دایە" و دەیویست بمباتەوە بۆ کوردستان؛ بۆ ئەوەی بە قسەی ویی، لەوێ "بمپارێزێ". لەگەڵ ئەمەشدا و، پاش گەڕانەوەشی بۆ کوردستان، تا ماوەیەک وەرامی نامەکانیشیم داوەتەوە، بەڵام کە بۆم دەرکەوتووە بووە بە کادری پارتیی و، وانە بەو ئەندامانەی پارتیی دەڵێتەوە کە دەیانەوێ ببنە کادر، ئێدی پێوەندییم لەگەڵی بڕیوە؛ چۆنکە ئەو ئەوەی لای من باس نەکردووە. پاشان کەسێک کە بەراستیی کاژیک بووبێ، چۆن دەبێتە وانەبێژی پارتیی؟ و، پارتیش چۆن رێ بە کاژیکێک دەدا وانە بە ئەندامەکانی بڵێتەوە.
کاک ئەبدوڵڵا ئاگرین، بە پێی ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی "NRT " ١٦ و١٩ /٣/٢٠١٣ و پاشان "رووداو" کردوونی و ، ئەو نامیلکەیەی کە لە ژێر سەرنێوی "لاپەڕەیەکی گەش لە مێژووی کاژیک ١٩٦١ – ١٩٧٥، هەولێر ٢٠١٣" بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە چووەتە نێو رێکخراوی کاژیکەوە و، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٩ و ١٩٧٤دا "بەرپرسی رێکخراوی کاژیک" بووە، پاشان کاربەدەستی پاسۆک بووە. بەڵام، نە ئەو کاتە و، نە پاش ئەو کاتەش و، هەتا بەهاری ساڵی ٢٠١٣؛ یەک وشە چییە، لە بارەی کاژیکەوە بڵاوینەکردۆتەوە، ئەگەرچی لە ماوەی ئەم پەنجا ساڵەدا (١٩٦٤-٢٠١٣)، بەتایبەتیی لەم ٢٤ ساڵەی دواییدا کە پارتیی لە هەولێر کار بەدەستە و،  ئەویش پلەی بەرزی هەیە لە نێو پارتیی‌دا و، دەیتوانی شتێک لە بارەی کاژیکەوە بێژێ، یان بنووسێ، لێ هیچی نەگوتووە و نەنووسیوە. ئەز ژی هەتا ئەو، ئەو نامیلکەیەی دەرنەکردبوو، بە زۆر و بەکەم، باسی کاک ئەبدوڵڵام نەهێنابووە پێشەوە.
کە کاک ئەبدوڵڵا ئاگرین نامیلکەی نێوبراوی دەرکرد، ئێدی نەمتوانی چاوبپۆشم لە شێواندنی ئەو راستینە مێژوویانەی کە کاک ئەبدوڵڵا بۆ شکاندنی کاژیک و بوختان و بەردگرتنە منیش، لە پاڵ هێندەک وشەی شیرین و پەسن دانم‌دا بە نیازی راگرتنی هاوسەنگیی.
کاک ئەبدوڵڵا ئاگرین هەوڵی داوە لە ژێر ئەو سەرنێوە پفهەڵدراوەدا " لاپەڕەیەکی گەش لە مێژووی کاژیک"، دامەزراندنی کاژیک بە بنەماڵەی بارزانی‌یەوە ببەستێتەوە، کە ئەوە تەواو پێچەوانەی راستییە. هەروەها باسی  ئەوە دەکا کە "کۆمەڵێک "ئەسرار/نهێنی"ی کاژیکی، بەتایبەتیی نێوی دامەزرێنەرانی کاژیک، کە ئەو زانیونی، بە شێرکۆی هەژاری گوتووە (لاپەڕە:٨١، ٨٢، ٨٣ی نامیلکەکەی). شێرکۆی هەژاریش لەگەڵ هاودەستەکانی بە بلاڤۆکێک لە ٢٥/١/١٩٧٥دا  نێوەکانیان بۆ رژێمی بەعسی ئێراق و رژێمی شای ئێران ئاواڵە کردووەتەوە. کاک ئەبدوڵڵا کە خۆی دانی بەم کردەوەیەیدا ناوە، بە "هەڵەی داوەتە قەڵەم (لاپەڕە ١٠٣ نامیلکەی نێوبراو)، بەڵام ئایا بەمە دەگوترێ "هەڵە"؟
پاشان هەر لە نامیلکەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە پێوەندیی بە پارێزەر مەلا کەمال‌ەوە هەبووە، کە مەلا کەمال سەر بە پاراستن بووە (لاپەڕە ١٠٩ نامیلکەی نێوبراو)و، کاک ئەبدوڵڵا ئاگرین جێی باوەڕی پارێزەر مەلا کەمال بووە و، تەنانەت مەلا کەمال نێوە نهێنییەکەی خۆی بە کاک ئەبدوڵڵا گوتووە (لاپەڕە ١١٠ تا ١١١ی نامیلکەی نێوبراو).
کە ئەز نووسیومە کاک ئەبدوڵڵا ئاگرین پاسۆکی فرۆشتووە بە پارتیی و، ئەو ئەمەی بە سووکایەتیی بۆ خۆی داناوە، ئەز تێناگەم کاک ئەبدوڵڵا "فرۆشتن" بە چی دەزانێ. "فرۆشتن" بە پێی قانوون بریتی‌یە لەوەی کەسێک، یان لایەنێک بەرامبەر دانی شتێک بە کەسێک، یان لایەنێکی دی،  یان کردنی کارێک بۆ کەسێک، یان بۆ لایەنێک، بەرامبەر بەوە شتێک، یان پارەیەک وەربگرێ. لە نامیلکەی "کاژیک، پێشخان و پاشخانەکانی"دا (لاپەڕە ٨٨) نووسیومە، ئەگەر کاک ئەبدوڵڵا پێیوابوایە کە پاسۆک کەڵکی مانی وەک  رێکخراوێکی سەربەخۆ پێوە نەماوە و، دەبێ لە رێکخراوێکی دیکەدا بتوێتەوە و، کاک ئەبدوڵڵا ئەو کارەی بکردایە و، بەرامبەر بەوە هیچی وەرنەگرتایە، ئەوەش هەر بە بیروڕایەکی کەسێنی (شخصی) بۆ دەژمێردرا و، ئەودەمە هیچ قسەیەکم نەدەبوو.
بەڵام ئایا کاک ئەبدوڵڵا بەرامبەر بەوە هیچی لە پارتی‌یەوە دەست‌نەکەوت؟ باشە، بۆچی کاک ئەبدوڵڵا پاسۆکی لە نێو رێکخراوێکی دیکەدا، بێجگە لە پارتیی نەتواندەوە؟ خۆ حیزبی دیکەش هەبوون.
پاشان، کە گوتومە کاک ئەبدوڵڵا پاسۆکی کردووە بە خۆڵەمێش، ئەوەش سووکایەتیی نییە، چۆنکە هەموو بوونەوەرێک، گیاندار بێ، یان بێ‌گیان، کە ژیان و مانی نەما و کوژایەوە، ئەوا دەبێ بە خۆڵەمێش. ئەی کوڵۆیە ئاگریش کە کوژایەوە نابێ بە خۆڵەمێش؟
کە گوتوومە کاک ئەبدوڵڵا ئاگرین لە هەولێر دوکتۆرا و پرۆفیسوریی وەرگرتووە، ئەوە شتێکە کە پێوەندیی هەر بە کاک ئەبدوڵڵاوە نییە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە گەندەڵیی و خزمخزمێنە و حیزبحیزبێنە لە ئارادا بن، مافی هاووڵاتان بە تەرازووی شایستەیەتیی و لێوەشاوەیی ئەو کەسە ناپێورێ. ئەز هەرچەندە دوورم لەوێ‌وە، بەڵام ئاگادارییم لە گەلێک لایەنی کارگێڕیی و بەڕێوەبەرێتیی پێگەیشتووە. لەمەش لێرەدا پتر نامەوێ لەسەری بڕۆم.
لە کۆتایی ئەم چەند دێڕەدا دەمەوێ ئەوە جەخت بکەم کە ئەز بەرامبەر کاک ئەبدوڵڵا ئاگرین هیچ دژایەتیی و نەیارەتی‌یەکی کەسێنی (شخصی)م نییە. ئەم شەڕەش کە پاش تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر نەمانی کاژیک‌دا وەک رێکخراو، بۆ بەرژەوەندیی حیزبایەتیی و بنەماڵەیی زیندووکراوەتەوە، شەڕی نێوان من و کاک ئەبدوڵڵا نییە. شەڕی من لە دژی کاک ئەبدوڵڵا، یان کەسێکی دیکە نییە، وەک کەس، بەڵکو شەڕی من لە دژی سیستەمێکە لێوان لێو لە گەندەڵیی و نایەکسانیی و خزمخزمێنە و بنەماڵەپەرستیی. شەڕی من بە هەڕەشە و دەستوەشاندن و پاشقول‌گرتن و درۆ و بوختان هەڵبەستن نییە. شەڕی من بە چالاکیی رۆشنکاریی و لایەنگریی ئازادیی و ئاشتیی و مافی بەشخوراوانە. ئەز بە نووسین وەرامی چەوتییەکانی نامیلکەکەی کاک ئەبدوڵڵام داوەتەوە و نەچووم شکات لە کاک ئەبدوڵڵا بکەم، چۆنکە شکاتی من لە یەک کەس و دوو کەس نییە، بەڵکو شکاتی من لە سیستەمێکی گەلخاپێنی،نادادپەروەری، ژن دوژمنی مێردەزمەی سەرسنگی گەلە. ئەز شکاتی خۆم نابەمە بەر دادگە و دادوەرێک لەو سیستەمەدا، بەڵکو شکاتم دەبەمە بەر ویژدانی  زیندووی هەموو ئازادیخواز و بوێر و بەڕەنجەشانی خۆژیاوێک.
هیواشم وایە کاک ئەبدوڵڵا هەستی بەوە کردبێ کە ئەوانەی ساڵانی ساڵ دوژمنایەتیی منیان کردووە و دەکەن و بە ناڕەوا شەڕ بە من دەفرۆشن، بێ ئەوەی ئەز لە ئامۆژگاریی دۆستانە و رێ‌پێشاندانی ژیرانە و هەوڵدان بۆ ئاشتیی و لێبوردەیی و ئارامیی گشتیی بە دواوە، هیچ داخوازیی و داوایەکم بۆ خۆم بووبێ و هەبێ، ئەوە نەبێ کە مرۆڤێکی خۆفرۆش  نەبووم و نییم و ناشبم و لە ئاست ناڕەوایی‌دا بێدەنگ ناوەستم. جا لەبەر ئەوە، زۆر پێم ناخۆشە کاک ئەبدوڵڵا بچێتە بەرەی شەڕفرۆشانێکەوە کە خۆیان ئامادەی هاتنە پێشەوە نیین.
جارێ هەر ئەمەندە و لەم رووەشەوە، تەندروستیی‌ و تەمەنی درێژ بۆ کاک ئەبدوڵڵا دەخوازم و، خاوەنکاری مەزنیش هۆش بە بێ هۆشان، و، دووربینیی بە شەڕفرۆشان بدا؛ چۆنکە  گۆزەی درۆ و دەلەسە هەموو ساتێ بە ساغی لە کانییەوە نایەتەوە، بە دڵنیاییشەوە "رۆژان رۆژیان لە دوا دێ".
جەمال نەبەز
٢٢/٦/٢٠١٥

کوردستانپۆست:
1- بۆ بینینی دەقی بڕیارەکەی دادگە کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
2- بۆ بینینی دەقی مادەی (٤٣٣) لە یاسای سزادان کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
3- بۆ خوێندنەوەی کتێبەکەی جەمال نەبەز: کۆمەڵەی ئازادیی و ژیانەوە و یەکێتیی کورد (کاژیک) ١٤/٤/١٩٥٩ پێشخان و پاشخانەکانی، سەردانی کتێبخانەی کوردستانپۆست بکە.
4- بۆ خوێندنەوەی کتێبەکەی ئەبدوڵڵا ئاگرین: چەند لاپەڕەیەکی گەش لە مێژووی کاژیک، سەردانی کتێبخانەی کوردستانپۆست بکە.
5- بۆ بینینی  هەردوو زنجیره‌ی پرۆگرامی ئێن ئاڕ تی (رووداو و مێژوو) ئەبدوڵڵا ئاگرین باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ ئه‌و به‌رپرسی کاژیک و پاسۆک بووه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە