کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوێخالیزەکردنی دەسڵات و گیاکەڵەی سۆسیال فیوداڵ دیموکرات لە زۆنی سەوزو نیلیدا

Friday, 19/06/2015, 13:37


‌لەم زۆنەی لەمەڕ خۆمان دەسڵات هەربەوەوە نەوەستاوە کە لوتی بژەنێتە ناو داهات و بازاڕو  بازرگانی و پاوانی قوت و ڕۆزی خەڵک بکات و کایەی ڕامیاری و ئا بورییان لێ تەسک بکاتەوە،بەڵکو هەستاوە بە  دابەشکردنی دەسڵاتە پاوانخوازەکەی بە سەر کوێخاکانی ناوچە جیاوازەکانداو لە هەر جێگایەک   بودەڵەو هەلپەرستێکی کردووە بە میرو پاوانکەری دەسڵاتی  ئەو ناوچانەو هەمو دام و دەزگا کارگێڕی و سیاسییەکانی  حزبی باڵا دەست بە جۆرێک لە جۆرەکان خزاونەتە بن کۆنترۆڵ و نفوزی ئەم دەرەبەگە نوێیانەوە و بە گوێرەی ویست و بەرژەوەندییەکانیان  سەرۆک و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان هەڵدەسوڕێنن و هەرچ بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکیش ملەجیڕێی  نەکەوتنە بن دەستیان بکات  بە  گواستنەوە یان بە کێشە بۆ نانەوە و لەکارخستن سزا دەدرێن،ئەم دەرەبەگە سۆسیال دیموکراتکردانە هەستاون لە ڕێگەی ئەم دەسڵاتەوە کە حزبەکانیان پێیان بەخشیون  خۆیان کردووە بە ئەمیرو میری ناوچەکان و جوگرافیایەکی کارگێڕی نافەرمییان خستۆتە بن دەسڵاتیان و دامەزراندن و ئەنجامدانی پڕۆژەکان لەو ناوچانەدا بە ویست و ئارەزوی ئەوان نەبێ  جێبەجێ ناکرێن،هەندێک لەمانە هەستاون بە کۆکردنەوەی هەندێ چەورەو پاروپەرست لە  دەوروپشتی خۆیان و ئەمانە بەکاردێنن بۆ مەبەستی خۆ بە دێو کردنی خۆیان ئەم دەڵاڵانەی سۆسیال فیودال دیموکرات  بە هەماهەنگی بەڕێوەبەری فەرمانگە  کانی ناوچەکان  کاری ئەو کەسانە ڕای و مەیسەر دەکەن کە بەیعەت دەدەنە ئەم سۆسیال دیموکرات فیوداڵانەو کاری قانونی و ئاسایی ئەو کەسانەش ئاستەنگ دەکەن کە ناچنە ژێر باری سۆسیال دیموکرات فیوداڵەکانەوە ،بۆیە لەم ڕێگەیەوە ئەم مەخلوقە سیاسیە نوێیانە توانیویانە لەسەر قوربانی و حسابی خەڵکی ڕەنجدەری حزبەکەی خۆیان و خەڵکی کوردستان خۆیان لە خەڵکی سادەو کەم هۆش  بکەن بە پیاوی گەورەو حاتەمی تەی و لە ڕێگەی دەهۆڵکوت و مەسینەهەڵگرە دەربارەکانیانەوە جاڕی پیاوەتی و دەستڕۆشتویی و دڵئاوەڵاییان بۆ بدرێ.
‌ڕۆژێ دەهۆڵکوتێکی سۆسیال دیموکرات فیوداڵێک پێی وتم :{مامە فڵان بە قەڵەم و بە دەفتەر  ٤٤٥٠ کەسی دامەزراندووە}
‌دانەیەکی تر وتی :{من لە ماڵیان  بینیم هەشت نۆ  جۆر برنجی دانابو بۆ میوانەکانی}
دانەیەکی کە وتی :{ماڵی ئاوا بێ ئیشی بۆ کردم تا ڕێیان دا بیرەکەم لێبدەم}
‌ئەمانەو هەزار نمونەی تر مشتێکن لە بونی ئەو پاشا گەردانییەی کە  لە زۆنەکەماندا هەیە.
ئیدی وڵات  چۆن پێش دە کەوێ ؟
‌ئەم مەخلوقانە   هێندە دەستیان دەڕوات جێگەی  پڕۆژە ستراتیژییەکانیش دەگۆڕن یان لە سەروەختی بێ بودجەیدا کە بەناو حکومەت بە ٩٠ ڕۆژ  موچەی مانگێک دابەش دەکات سۆسیال دیموکرات  فیودال  پڕۆژەی بۆ جێبەجێ دەکرێت .
‌ئەوەی مایەی نیگەرانیمە ئەوەیە بە هەزاران گیانیان بەخشی لە پێناو ئازادی و لە گۆڕنانی دەرەبەگایەتی و دروستکردنی ژیانێکی  پڕ لە دادپەروەریدا کەچی بەرهەمی ڕەنجیان گیا کەڵەی سۆشیال دیموکرات فیوداڵ وشکی کرد.
‌یان  داخم بۆ ئەوانەیە کە مۆم ئاسا بۆ حزبەکەیان دەسوتێن و پەروانە ئاسا بەدەوریدا هەڵدەسوڕێن کەچی بەرهەمی ڕەنجیان بۆ ورگی سۆسیال دیموکرات فیوداڵ و دەستوپێوەندەکانێتی.
‌جێگەی بەزەیشە ئەو حزبەی پاراسایدی سۆسیال دیموکرات فیودال لەسەری گەندەخۆری دەکات و دەستکەوتەکانی و بەری ڕەنجی کادرو شەهیدەکانی دەخوات بە بێ هودە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە