چۆن رەخنە بگرین؟
Friday, 19/06/2015, 12:50
میشیل فۆکۆ لە چاوپێکەوتنێکی ، لەگەڵ ڕۆژنامەی ( لبراسیۆن ) ی فەرەنسی دا ، ئەڵێ : " ئێمە دەبێ خۆمان لەو دوڕێگایە رزگار بکەین ، هەردوکیان بە بن بەستمان ئەگەیەنن : یا لایەنگری کەسێک دەبین ، یا دژی دەبین .. نابێ لە بیرمان بچێت : دەتوانین لە بەرامبەر حکومەت دا هەڵوێستێکمان هەبێت و هەڵوێستەکەشمان بپارێزین .. کار کردن لەگەڵ حکومەت دا ، نە بە مانای مل کەچییە و نە بە مانای قبوڵ کردنی تەواو ...
کەسێک دەتوانێ لەگەڵ حکومەت دا کار بکات و لە هەمان کات دا نائارام بێت و سەرسەختیش بکات ، من تەنانەت بڕوام وایە ئەم دوانە پێکەوەن .." هەروەها دەڵێت .." ڕیفۆرمی خۆ بە خۆ بونی نیە ، ڕیفۆرم لە هەوادا نایەت ، ڕیفۆرمی " سەربەخۆ لە ڕیفۆرمیستەکان " نەکراوە و ناکر ێت .. ناکرێ حساب بۆ ئەو کەسانە نەکرێت کە ئەرکی ئەنجام دانی گۆڕانکاریەکانیان لە ئەستۆدایە .. لەمانەش گرنگتر بە بروای من دەشێ لە نێوان ڕەخنە و گۆڕان ، ڕەخنەی " ئومێداوی " و گۆڕانی " واقع " دا ، بەیەک گەیشتنێک هەبێت ..
ئەو بارەی واقعی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئێمەی تێدایە ، وا دیارە " بە پێی ئەو قسانەی فۆکۆ " لە زەمانی ئەویش دا لە فەڕەنسا هەبوە .. واتە قەیرانی ڕەخنەی دۆستانە و بنیاتنەرانە ، ڕەخنە لای ئێمە ، بۆ شکاندن و ڕەتکردنەوەی تەواوە .. یا ئەبێ بە ڕەهایی لایەنگری حزبێک یا حکومەت بیت ، لە هەمو ئیش و کارێکی دا ستایشی بکەیت و بەرزی بکەیتەوە ، کوێر بی لە ئاستی هەمو هەڵە و کەم و کوڕییەکانی دا ، وەک سارتەر ئەڵێ : " برغویەک بیت لە ماکینەیەکی گەورەدا " لە خزمەتی ئەو ماکینە دا بیت و خۆت هیچ بڕیارێکت نەبێت .. یا ئەبێ : بە هەمان ڕەهایی دژی بیت و بەر نەفرەتی بەیت .. کوێر بی لە ئاستی هەمو ئیش و کاری باش و دەسکەوتەکانی دا .. ئەمەش لە ئەنجامی ئیمانی دەروێشانە ( یا پیرێژنانە ) ی خەلکی سادە و ناڕۆشنبیر و نەخوێندەواری خەڵکە.. یا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەسکەوتی کەسییە ، لای هەلپەرست و بێ مۆڕاڵەکان ... بەرژەوەندی و دەسکەوتی خۆیان بە حزبێکەوە یا بە حکومەتەوە گرێ داوە ، کار و کردەوەی حزب یا حکومەت لای ئەو مەبەست نیە ، گرنگ بەرژەوەندی خۆیەتی پارێزراو بێت ...
نوسەرانیش گەر بە لایەک دا نەیشکێننەوە ، واقعی بنوسن و دۆست و نەیاری هیچ لایەنێک نەبن ، ئەوە نوسینەکانیان روناکی نابینێت و لە گیرفانیان دا ئەمرێت .. وەک سارتەر ( میتۆدێکی فکری سەربەخۆی هەبو ) رۆژنامەکان هیچیان بۆ بڵاو نەئەکردەوە ، خۆی بە تەنیا ڕۆژنامەیەکی دەرئەکرد و خۆیشی ئەیبردە بازاڕ لەگەڵ مناڵە ڕۆژنامە فرۆشەکان دا ڕۆژنامەکەی خۆی ئەفرۆشت .. زۆر جار لەگەڵ مناڵەکان دا ئەگیرا و ئەبرا بۆ بنکەی پۆلیس ..
هەندێ لە نوسەران و چالاکانی سیاسیشمان ، لە قۆناغێکی ژیانیان دا ، لە حزبێک دا چالاکیان هەبوە ، بەشێکی تەمەنیان و بەرژەوەندی خۆیان سەخاوەتمەندانە بەخشیوە بەو حزبە ، بە باوەڕێکی راست و پایەدارەوە خەباتیان کردوە بۆ میلەتەکەیان ، ماستاوچی نەبون و سەری بڵندیان نەوی نەکردوە بۆ دەسکەوتی تایبەتی .. دوای ڕاپەڕین ، حزب ئەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە ، لە حزبێکی شۆڕشگێڕی دژ بە دەسەڵاتەوە ئەبێتە حزبیکی خاوەن دەسەڵات ، ( برۆدۆن ) ئەڵێ " ناگونجێ حکومەت ڕۆژێ لە ڕۆژان بتوانێ بێتە شۆڕشگێڕ ، لەبەر هیچ نا ، تەنیا لەبەر ئەوەی حکومەتە " .... ئیتر ئەم حزبە وا تێ ئەگات : پێویستی بە جەنگاوەری ئازاو خاوەن هەڵوێستی مەردانە نابێت .. ئەمان پەراوێز ئەخرێن و ماستاو چی و هەلپەرستەکان جێی ئەمان ئەگرنەوە .. لایەنگری نوێ پۆست و ئیمتیازات لە دەسەڵات دا وەرئەگرن .. ناچار جەنگاوەرانی سەردەمی سەختی و ناهەمواری ، ئەبنە نەیاری سەرسەختی دەسەڵات ، بۆ ئەوەی تۆڵەی خەباتی لە کیس چوی خۆیان بکەنەوە ، ڕاست و چەپێک بە چاک و خراپ دا دێنن ، دەسەڵات ئەبێتە مۆتەکەیان .. بێ ئاگا لەوەی هەمو حزبێک لە دەسەڵات دا گۆڕانی بە سەردا دێت ، هەمو حزبێک لەو سەری دەریای ئاتلەسی تا ئەم سەری دەریای ئارام هەمو وەک یەکن ، هەر یەک بە دروشمێک هەوڵی وەرگرتنی دەسەڵات ئەدات ، کە وەری گرت ، گەزی چی و جاوی چی .. دروشم و بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن ، ئەبنە مەرەکەبی سەر کاغەز .. لە دەسەڵاتی پێشو رەنگە خرابتر بن ..
حزبی دەعوە خەباتی دژی ڕژێمی بەغدا ئەکرد ،.. کاتێ ڕژێمی بەغدا ڕوخا و دەسەڵات کەوتە دەستی شیعەکان ، لە سەر دەمی مالکی دا ئەو غەدرەی ئەمان لە چینە هەژارەکانی شیعەی عراق یان کرد ، ڕژێمی بەغدا نەی کردبو ، گەنجێکی شیعە باسی خۆی کرد لە تەلەڤزیۆن دا .. وتی : " سێ ساڵە کۆلیجم تەواو کردوە ، زۆرم هەوڵ داوە ، لە دەرگای زۆر فەرمانگە و بەرپرسم داوە ، تا دابمەزرێم ، بێ سود بو . " لە کاتێک دا باوکی ئەم گەنجە یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی حزبی دەعوە ، ساڵی حەفتاکان لە لایەن ڕژێمی بەغداوە گیراوە و لە سێدارە دراوە " ... ئەمە وەفای حزبەکانە بۆ مناڵی شەهیدەکانیان ، لای ئێمەش ئەم حاڵەتانە زۆرن ... لەوە بێ ئاگا ین هەمو شۆڕشێک دوای سەرکەوتن ، ئەبێتە پارێزەری دەسەڵات ، لەبەر ئەوەی خۆی خاوەنی دەسەلاتە..ئۆپۆزسیۆن ڕەخنەیان لە دەسەلات ئەگرت ، بەوە " حزب دەس ئەخاتە کاروباری حکومەتەوە ، وە کەسانی حزبی لە پۆستە ئیداریەکان دا دائەنرێن ، ئەبێ حزب لە حکومەت جیا بکرێتەوە ، کەسانی پسپۆڕ و بێلایەن ، لەسەر پێودانگی توانا و شارەزایی لە پۆستەکان دا دابنرێن .. " ئەمانە بەشێک لە وتاری ئۆپۆزسیۆن بو ..
کاتێ ئۆپۆزسیۆن چونە دەسەڵاتەوە هەمان شتیان کرد ، ئەو پۆستانەی لە حکومەت دا وەریان گرت ، یەک بێ لایەن یان دانەنا ، هەموی درا بە چالاکانی خۆیان ..
ئۆپۆزسیۆن نەچونایەتە دەسەڵاتەوە ، ڕۆڵیان لە چاکسازی دا گەورە ئەبو .. ئێستا بونە بەشێک لە دەسەڵات هیچ ڕۆڵێکاین لە چاسازی دا نامێنێت ..هیچ دەسەڵاتێک چاکسازی ناکات ، فشاری جەماوەری لەسەر نەبێت ...
زۆربەی شۆڕشەکانی جیهان ، دوای گەیشتن بە دەسەڵات ، توشی ئەو پشێوی و تەنگژانە بون .
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی فەڕەنسا ، ڕۆبسپێر قەسابخانەیەکی دانا ، خزم و خانەوادەی وەزیرەکانیشی لێ بێ بەش نەکرد ..لە نێوان ساڵانی ١٧٩٣ _ ١٧٩٤ ، ( ١٦٠٠٠ تا ٤٠٠٠٠ ) فەرەنسی سەری پەڕێنرا ، لە سەر دەستی لیژنەی پاراستنی گشتی ، دوای دەست بە سەرا گرتنی دەسەڵات لە لایەن ڕۆبسپێرەوە ... ناپلیۆنی یەکەم ساڵی ١٧٩٩ دەستی گەیشتە دەسەڵات ، ڕژێمی پاشایەتی گێڕایەوە ، لە ژێر فەرماندەیی خۆی دا ، بەو شێوەیە ئارامی گەڕایەوە وڵات ..
لە وڵاتانی نەرویج ، دانمارک ، اسپانیا و بەریتانیا .... شۆڕشیکی وەک شۆڕشی فەرەنسا ڕوی نەدا ، ڕژێمی پاشایەتی بڕوخێنرێت و ڕژێمی کۆماری دابمەزرێت .. شۆڕشی بەریتانیا ساڵی ١٦٦٦ بوە هۆی چاکسازی و گۆڕانکاری گەورە ، لەگەڵ مانەوەی پاشایەتیش دا .. ئێستا نابینی ئەو وڵاتانە ی پاشایەتین جیاوازیەکی وایان هەبێت ، لە گەڵ فەرەنسادا لە چەمکەکانی پێشکەوتن و دیموکراسی و مافی مرۆڤ .. ئیسپانیا تا ساڵی ١٩٧٥ فڕانکۆی دیکتاتۆر حوکمی ئەکرد ، لەو ساڵەوە چوە ڕێزی وڵاتانی ئەوروپاوە .. بە پشتگیری و یارمەتی دارایی یەکێتی ئەوروپا ، لە ماوەی ٢٥ ساڵ دا هەنگاوێکی گەورەی نا ، گەشتەوە بە کاروانی پێشکەوتنی ئەوروپا ..ئەو وڵاتانە بە ڕیفۆرم و فشاری جەماوەر ، ، هەنگاو بە هەنگاو شان بە شانی فەرەنسا رۆشتون ..هەر چەند ( کانت ) باوەڕی وایە : دیموکراسی ، تەنیا لە سیستەمی کۆماری دا ، پیادە ئەبێت .. بەڵام کانت لەم سەردەمەدا بوایە ، بیرو بۆچونێکی تری ئەبو ، ئەیبینی ڕژێمە پاشایەتیەکانی ئەوروپا وەک کۆماریەکان ، دیموکراتی و مۆدێڕنن ..
... دوای هیچ شٶڕشێک وڵات نەبوە بە شامی شەریف و بەهەشتی بەرین .. بە چاکسازی و هەوڵ و کۆششی ڕیفۆرمخواز و ڕەخنە گرە واقعیەکان ، ڕۆشنگەری و هوشیار کردنەوەی خەڵک ، هەنگاو بە هەنگاو ، مەملەکەت بەرەو باشتر چوە ..گەر حزبێک دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن دا و پێکهێنانی حکومەت ، پشتی لە خەڵک کرد و ڕاستگۆ نەبو لەگەڵ بەڵێنەکانی دا کە بە خەڵکی دابو، پێویستە ئەندام و لایەنگرانی خۆی پێش جەماوەر لێی قبوڵ نەکەن و بە شێوازی مەدەنی ناڕەزایی دەربڕن و کۆڵ نەدەن تا ئەیخەنەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستی خۆی ...
ئەمانە بە گشتی هۆکاری نەبونی ڕەخنەی واقعیانە و دروستکەرانەیە ... با هەڵسەنگاندنێکی واقعیانە بۆ بارو دۆخی هەرێمی کوردستان بکەین ، لە دوای ڕاپەڕینەوە کارەکانی حکومەت بێ دەمار گیری و ، بێ لایەن هەڵسەنگێنین ....
کاتێ حکومەت هەڵەیەک ئەکات نابێ یەکسەر داوای ڕوخان یا گۆڕینی بکەین ، ئەوانەی داوای گۆڕانی حکومەت ئەکەن ، لە هەمو بار و دۆخێک دا .. داوای دەسەڵات بۆ خۆیان ئەکەن .. هەڵپەی کورسی و سامانیانە ، حکومەت وەک مناڵ وایە ، ئەبێ بەردەوام چاودێری بکرێت و فێر بکرێت ، سەرزەنشت بکرێت و ڕەخنەی لێ بگیرێت ... بەردەوام میلەت ، چاودێر بێت بە سەریەوە ، فشار دروست بکرێت لە سەری و نەهێڵرێ پێ خوار دابنێ .. هەڵەو نەخۆشیەکانی بخرێتە پێش چاوی و چارەسەرەکەشی بۆ دیاری بکرێت .. وەک هیگڵ ئەڵێت : " دەوڵەت وەک بونەوەرێکی بایۆلۆجی وایە ، لە دایک ئەبێت ، گەشە ئەکات ، گەورە ئەبێت ، پیر ئەبێت ، نەخۆش ئەکەوێت و پاشان ئەمرێت .. " هەر وەها دەڵێ : " دەوڵەت هێندە پیرۆزە ، هاوڵاتیان ، بەهای خۆیان لە سایەی دەوڵەتەوە دەست ئەکەوێ .."
هەر وەک چۆن حکومەت وەک مناڵ ئەبێ لە ژێر چاودێری دا بێ و پەروەردە بکرێ ، هەر وەها حکومەتیش میلەت پەرەردە ئەکات ، لە ڕێی دەزگاکانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەوە ، ئەو مادانەی پێشکەش ئەکرێت ، خەڵک ئاڕاستە ئەکات ، ئەو دەزگایانە ئەتوانن مادەیەکی پەروەردەیی ژەهراوی دەرخواردی خەڵک بەن .. پیشاندانی بەردەوامی فیلم و فیلم کارتۆن و زنجیرەی توند و تیژی و جەنگ و خوێن ڕشتن ، مناڵ فێری پەروەردەی توند و تیژی ئەکات .. لێرەدا هوشیاریی تاک ڕۆڵی گرنگی هەیە لە هەڵبژاردنی پەروەردەیەکی شایستەدا ..
حکومەت دروست کردن کارێکی سانا نیە ، روخاندنی حکومەت و دروست کردنی حکومەتێکی تر و ، ئەویش گەندەڵ ئەبێ ، ئەبێ بروخێ و ، دیسان حکومەتێکی تر .. دەساو دەس کردنی دەسەڵات ، چ بە شێوەی ئاشتیانە لەڕێی سنوقەکانی دەگ دانەوە ، یا لە ڕێی شەڕ و خوێن ڕێژی و کودەتاوە بێت ، هیچ لە بار و دۆخی وڵات ناگۆڕێت ، هەنگاوێک مێژو ناباتە پێشەوە ، ( بێ گومان دەساو دەس کردنی دەسەڵات ، گەر ڕو بدات ، لە ڕێی سندوقەکانی دەنگ دانەوە باشترە ، تا لە ڕێی شەڕو خوێن ڕشتنەوە ) ئەمە سوڕانەوەیە بە دەوری بازنیەکی بەتاڵ دا .. چارەنوسی وڵات وەک لیبیا و ئەفغانستان و یەمەن و ......لێ دێ . ( سارتەر لە شانۆیی " دەستە پیسەکان ( گێژاو ) " دا لە فۆرمێکی هونەری جوان دا باس لەو بازنە بەتاڵە ئەکات ) .
ڕەخنە گرتنی واقعی لە حکومەت و فشاردروست کردن بۆ جاکسازی و چارەسەری کێشەکان ، هەنگاو بە هەنگاو ، تەنیا ڕێگای چارەسەری چاکردنی بارو دۆخی وڵاتە .. حزبی ( س ) بڕوات ( ص ) بێت و ( ص ) بڕوات ( ع ) بێت و .... هیچ لە بار و دۆخی وڵاتێک ناگۆڕێت ، تەنیا ماندو کردنی خەڵکە و دواخستنی پڕۆسەی چاکسازی یە ..
ئازادی و دیموکراسی ، یەکسانی و دادپەروەری و هەمو مافەکانی هاوڵاتی .. هیچ حکومەت و حزبێک لە هەر ڕەنگێک بێت ، لەسەر سینیەکی ئاڵتونی ، بە دیاری پێشکەشی میللەتەکەی ناکات .. ئەبێ میللەت بە زۆر ، بە پێداگری و فشارو کۆڵنەدان مەفەکانی خۆی لە حکومەت بسەنی .. وەک ئەو ڕستە کورتە پڕ لە حەقیقەتەی کە ئەڵێت : " ماف ئەسەنرێ ، نادرێ " مەبەست تەنیا مافی نەتەوەیەکی ژێر دەست نیە لە نەتەوەیەکی باڵادەست .. مافی هاوڵاتی لە حکومەتەکەی هەمان شتە ، " ئەسەنرێ نادرێ " ..
فشار دروست کردن لەسەر حکومەت بۆ ئەوەی خواستەکانی خەڵک بەدی بێنێ . تەنیا بە ڕۆشنگەری و هوشیارکردنەوەی خەڵک ، ئاشنا کردنیان بە مافەکانیان ، دروست کردنی ئیرادە و باوەڕێک تییان دا ، کە خۆیان خاوەنی چارەنوسی خۆیانن ، خۆیان ئەتوانن بە دەستی خۆیان نەخشەی دوا ڕۆژی خۆیان بکێشن ..
هیگڵ دەنوسێ :" دەولەت بەرجەستە بونێکی ڕاستەقینە و کارایانەی ئایدیای باڵای ئەخلاقیە وتاکە فرمانیشی ئەوەیە یارمەتی مرۆڤ بدات لە دەست حاڵەتی نامۆ بونی خودی دەربازی بکات ، ئەو نامۆبونەی مرۆڤ کەوتۆتە داوی و ئاسان نیە دەرباز بێت لێی .."
هەندێ لە هەڵەکانی حکومەتی هەرێم ، درێژەدان بو بە هەڵە کوشندەکانی ڕژێمی بەغدا پێش ڕاپەرین ، وەک نمونەیەک ...پاش داگرتنی لادێکان و کۆکردنەوەی خەڵک لە ئۆردوگا زۆرەملێکان دا ، ڕژێمی بەغدا بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بێ دەنگ بکات ، هەر یەک بە ناوی ئیشێکەوە موچەی بۆ بڕینەوە ، فێری تەمەڵی کردن .. حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم کارە ( دامەزراندنی خەڵک ) بەردەوام بو ، تا زۆربەی دانیشتوانی هەرێمی کردە موچە خۆر، بێ ئاگا لەوەی ، ئەم کارە قەیرانێکی گەورە دروست ئەکات لە دواڕۆژ دا بۆی چارەسەر ناکرێت ... دو هۆی تر هەبو بۆ ئەم لێشاوی دامەزراندنە ، لە سەرەتادا ، ئەیانویست پاداشی ماندوبونی پێش راپەڕینی خەڵک بەنەوە ..لە لایەکی تر ، ململانێی دو حزبی دەسەڵات دار، بۆ زۆرکردنی جەماوەری خۆیان ، کێ بەرکێیان لە دامەزراندنی خەڵک دا ئەکرد ..
لە سەردەمی قەیرانە گەورەکان ، وەک جەنگ ، و سەردەمی دروست بونی کیانێکی سەربەخۆ ، یا لە دایک بونی حکومەتێکی تازە دا ، ئەبێ میللەت یەکگرتو و یەک رابەری مەزن و یەک وتاری سیاسیی هەبێ .. فرە حزبی و ململانێ و هەڵبژاردن و دیموکراسی ، بۆ دوای دامەزراندنی دەوڵەت و دروست بونی کیانی میلەتێکە ، بەهێزی ستالین و یەک حزبی نەبوایە لە یەکێتی سۆڤیەت ، ئە و وڵاتە لە چنگی سوپای نازی رزگاری نەئەبو ... کەمال ئەتاتورک و دروست بونی کۆماری تورکیای علمانی ..بە فرە حزبی و دیموکراسی نەئەکرا . بەریتانیا لە ساڵی ١٦٦٦ ەوە باشترین سیستەمی دیموکراتی تیایە ، ڤۆڵتێر لە سەردەمی خۆی دا نەی توانی لە فەرەنسا نوسینەکانی خۆی بڵاو بکاتەوە ، ڕایکرد بۆ بەریتانیا .. لەوێ نوسینەکانی بە ناوی نامە ئینلیزیەکان ەوە بڵاو ئەکردەوە ، زۆر سەرسام بو بە دیموکراتی بەریتانیا ، کە لە فەڕەنسا دا نەبو ، لە گەڵ ئەو هەمو دیموکراتیەدا ، لە جەنگی جیهانی دوەم دا ، چەرچل سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بو بێ هەڵبژاردن ، ئەیان زانی پاراستنی وڵاتەکەیان لە سوپای هتلەر ، زۆر گرنگترە لە هەڵبژاردن ، ئەیان زانی لەو قەیرانەدا چەرچل لە هەمو کەس باشترە بۆ ڕابەری وڵات .... نمونەی تر زۆرن لە مێژودا ، سەلمێنەری ئەوەن : فرە حزبی و دیموکراسی بۆ سەردەمی جەنگ و لەدایک بونی دەوڵەتی نوێ ناشێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست