کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەتەوەیەک هونەرمەندو رووناکبیری وەک شوانپەروەر ( ئیسمایل ئایگون) ی هەبێ دوژمنی بۆ چییە!

Thursday, 18/06/2015, 20:12


شەوی١٦لەسەر١٧ی مانگی ٦ی٢٠١٥ لەسەر شاشەی رووداو تیڤی (سیخۆر تیڤی) سەربە بنەماڵەی بارزانی لە گرتەیەکی کورتدا هەڵویستی خۆی بە شیوەیەکی شەرمنانە دەربڕی. بۆیەکەمجار کاک مەسعود بارزانی دەیخواست بۆ دامەزراندنی رووداو تیڤی کەڵک لە شوانپەروەر وەربگرێ وەک بەرپرسی ئەو دەزگا سیخۆریە بەکاری بێنێ. پێش ئەوکارەش هەم خۆی هەمیش کۆنە ژنەکەی (گولستان) بانگ کردە کۆشکی خۆی تا ئاشتیان بکاتەوە. بەڵام ئەوکارە سەری نەگرت.گولستان لە رووداو تیڤی کاری پێدرا و شوانی کۆنە مێردیشی وەک نۆچەی ئەردۆغان و بارزانی ئەرکی دیکەی پێ سپێردرا.
هەمان وڕێنەکانی دەنووسمەوە کە دەیگوت: سەرکەوتنی (هە، دە، پە) سەرکەتنێکی مەزن بووە، بەڵام نابێ ئێمەی کورد لەبیرمان بچێ کە ئەردۆغان و(ئاک، پاڕتی)ش ورۆڵی گرینگیان لە پێشکەوتنی کورد لەو سەرکەوتنانەبووە! راستەوخۆ دەیخواست بڵێ دەسەڵات نەبوایە کورد ئاوا پێشوەچوونی بەدەست نەدەهێنا. پاکانەی بۆ سیاسەتی نیگریسی ١٣ساڵەی ئەو کۆنە مەغۆلە دەکرد!
هەر تاکێکی کورد ئەگەر بەڕادەی سەرە دەرزییەک سکاڵا لە دوژمنی کورد بکا تووشی هەڵەی سیاسیی و هەزیانی سیاسی بووە. لەهیچ کوێی ئەو دونیادا نەدیتراوە کە نەیاری مێژوویی گەلەکەمان حسێبی چارەسەریمان بۆ واڵا بکا. گرینگ هێز و توانای ئەو رێکخراوەیە کە لە بەرانبەربە هێزی دوژمن لە ناوخۆیی وڵات و لە دەرەوەی سیاسەتی جیهانی چەندە دەتوانی سەرکەوتووبێ. لەوەتەی لە بیرمە عەشیرەی بارزانی و مەسعود بارزانی، جەلال تالەبانی و بنەماڵەکانیان تەنیا بە تەمای یارمەتی دوژمنی کورد بوون و لەسەر حیسابی خوێنی رۆڵەی کورد بازرگانیان بە دۆزی کورد کردووە. قەت بە بێ یارمەتی ماددی وسەربازی دوژمن ئەو جورئەتەیان ن بووە بەرەنگاری شەڕ بن لە گەڵ دوژمن.
ئەردۆغان بە بێ تەماحی سیاسی و بەرژەوەندی دینی و قازانجی حیزبی خۆی بە شوان پەروەر ناڵێ، ئەوهونەرمەندە کەسایەتیەکی مێژوویی وڵاتی تورکیەیە. لە بەرابەر هەڵویستی ئەو فاشێستە قەت شوان پەروەر دەنگی ناڕەزایی خۆی نیشان نەدا کە بڵی من هونەرمەندێکی کوردم ووڵاتی من کوردستانە. سەفەری پێش هەڵبژاردنی ئەو دواییە، لەگەڵ مەسعود بارزانی ودیداری لەگەڵ ئەردۆغان و برایم تاتلیساس لەبەر چاوی جوانی کورد نەبووە. درستکردنی حیزبی کارتۆنی وچەند کەسایەتی سەرشۆڕی کورد لەسەر ناوی پارتی دێمۆکراتی تورکیە، بۆ دژایەتی نەتەوەی کورد بووە لە باکوری وڵات.
چینی رووناکبیرلە کوردستان وێنەی چینی رووناکبیری هیچ وڵاتێکی پاشکەوتووی ئافریقاییش نییە.رووناکبیروهونەرمەندی کورد دەبوایە توانای جوداکردنەوەی دووبابەت یان دووروانگەی کۆمەڵایەتیان زانیبا. روحێکی روخنەگەرانە و رێکارێکی جودا لەدەسەڵات، دووتەوەری سەرەکین بۆ پێناسەکردنی تاکی رووناکبیر، یان هونەرمەندێکی ناودار.بە پێی لێکۆڵینەوەی شارەزای کۆمەڵناسان دەبێ کەسی رووناکبیر، یان هونەرمەندی رووناکبیر خۆی لە سێ تاقم یان گرووپی مەزنی ناو دەسەڵات بە دوور ڕاگرتبا.
یەک: کەسانی خاوەن هێز
دوو:کەسانی ئاییندار.
سێ: کەسانێک کە خاوەنی سەروەتووسامانێکی زۆرن.
لە تەواوی بەشەکانی کوردستان ئەگەر بەچاوێکی وردبینانە سەیری چینی رووناکبیری وڵات بکەین، ئەو کات بۆمان دەردەکەوێ  کۆمەڵگای کورد چەندە مەودای هەیە تا بگاتە ئاستێک کە ببێتە خاوەنی چینی رووناکبیر و هونەرمەندی نەتەوەیی.
لەوەش بترازێ دەسەڵاتی باشووری وڵات بۆخۆی خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەردانەواندن و سەرشۆڕین. لەو مێژوویەدا کەسێکی وەک کاک شوانپەروەر پەیدا دەبێ کە دەبێتە پاشکۆی سیاسەتی عەشیرەی بارزانی. ئەو عەشیرەیەی کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە نەهامەتیە بۆ کورد وخۆش خزمەتی بۆ داگیرکاری کورد.هونەرمەند و رووناکبیری کورد لە رێگوزەری پاراستنی دەسەڵات درێژە بە ئەرکەکانیان دەدەن. رووناکبیری کورد مەودایەکی بەرفراوانی هەیە لە نێوان راستیەکانی مێژووکۆمەڵگای خۆیدا.نوسەری کورد ترسنۆکە! هونەرمەندی کورد ترسنۆکە! لە هەموان بێ موڕاڵتر/ ئیسماین ئایگون/ ناسراو بەشوان پەرەوەرە کە هێدی هێدی لە نەتەوەکە دوور بۆتەوە و بۆتە زوڕنا ژەنی فاشیستێکی وەک ئەردۆغان.!

جەعفەرکەریمی
سندوقی کوردستانپۆست
١٧/٦/٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە