گۆڕینی سیسته‌م یان خۆدزینه‌وه له‌پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم
Tuesday, 16/06/2015, 19:52
له ئێستادا لیژنه‌ی پێداچونه‌وه‌ی ده‌ستور سه‌رقاڵی کۆبوونه‌وه‌کانیه‌تی، بۆ هه‌موارکردنه‌وه و پێداچونه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان،
له‌هه‌مان کاتدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پڕۆژه یاسایه‌کی پێشنیار کردووه بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، به‌هه‌مان شێوه یه‌کێتی نیشتمانیش پڕۆژه یاسایه‌کی تری پێشنیار کردوه، وه هه‌ر یه‌ک له کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتوی ئیسلامیش بۆچونی خۆیان هه‌یه له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم و سیسته‌می حکومڕانی هه‌رێمی کوردستان، له‌کۆی ڕاکانیش واده‌رده‌که‌وێ که هه‌موویان هاوڕان له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم، و چه‌سپاندنی سیسته‌می حکومڕانیه له‌سه‌ر سیسته‌می په‌رله‌مانی.
هه‌موو ئه‌وهه‌وڵانه به‌تایبه‌تی پڕۆژه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌رچه‌نده له‌ناوه‌رۆکدا پڕۆژه‌یه‌کی باشه‌و پێویسته پشتگیری بکرێت، له‌هه‌مانکاتدا چه‌ند لێکدانه‌وه‌ی جیا جیاش هه‌ڵده‌گرێت، ده‌کرێت بڵێین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی داهاتووی ئه‌و گه‌ل و نیشتمانه‌یه، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه ده‌بێته مزایه‌ده‌ی سیاسی چونکه له ئێستادا هه‌مووان ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌و لیژنه بیست و یه‌ک که‌سیه‌ی که‌هه‌یه‌و ده‌ستی به‌کاره‌کانی کردووه، ده‌کرێت هه‌ر که‌س و لایه‌نێک پڕۆژه‌و پێشنیاری جوانی هه‌یه با پێشکه‌شی لیژنه‌که‌ی بکات، نه‌ک به‌و شێوه‌یه بیکه‌یته ڕیکلام و بیده‌یه ڕاگه‌یاندنه‌کان و پشێوی له‌سه‌ر دروست بکه‌ی.
له‌هه‌مووی گرنگتر به‌و شێوه‌یه نه‌ک خزمه‌ت به دۆسیه‌که ناکات به‌ڵکو به‌زیان ته‌واو ده‌بێت!
چونکه هه‌موومان بێ ئاگاین له‌وه‌ی ئه‌و جۆره سووربونه له‌سه‌ر یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، چه‌سپاندنی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یه به‌ڕوی لایه‌نێکی دیاری کراو یان که‌سێکی دیاری کراو، ئه‌وه له‌لایه‌ک له‌لایه‌کی تر خۆ بێبه‌شکردن و خۆدزینه‌وه‌یه له‌و ده‌سته‌ڵاته.
ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که سه‌رجه‌م ئه‌ولایه‌نانه‌ی سه‌ره‌وه جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نیه پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم وه‌ربگرن، یان خۆ دزینه‌وه‌یه له ئێستادا له‌و پۆسته.
ئه‌گه‌رنا دڵنیابن ئه‌وشێوازه‌ی ئێوه پیاده‌ی ده‌که‌ن هه‌ڵه‌یه، چونکه ڕاسته ئێمه گرفتمان له‌گه‌ڵ زۆری ده‌سته‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمه وه سیسته‌می حکومڕانیه، به‌ڵام دوو ئه‌وه‌نده‌ش گرفتمان له‌گه‌ڵ پێشێل که‌ری یاساکانه یان له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆکه‌یه‌یه که‌ده‌یه‌وێت ده‌سته‌ڵات پاوانبکات له‌یه‌ک حزب و بنه‌ماڵه‌دا.
جا بۆیه له ئێستادا ئیشی ئێوه ته‌نها داڕشتنی یاسایه‌که بۆ ئه‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک سه‌رۆکی ئێستا بۆی نه‌بێت جارێکی تر خۆی کاندید بکاته‌وه نه له‌ناو په‌رله‌مان به هه‌ڵبژاردنی دیموکراتیانه‌ی ناڕاسته‌و خۆ، نه‌له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌هه‌ڵبژاردنی دیموکراتیانه‌ی ڕاسته‌وخۆ، تاکو ئه‌وه ببێته یاسا‌و بچه‌سپێت بۆ داهاتووش به‌هه‌مان شێوه بۆ هیچ که‌س و لایه‌نێک نه‌چێته‌سه‌ر.
ئه‌گه‌رنا به پێچه‌وانه‌وه با یاساکانیش گۆڕان کاری تێدا بکرێت گه‌ر تۆ هه‌مان که‌سی پێشوت دانایه‌وه به‌هه‌مان شێوه به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕێچکه‌یه‌ی که گرتویه‌تیه‌به‌ر ئه‌گه‌ر نه‌ک دوو جێگر چوار جێگریشی بۆ دابنێی!
له‌دوای پێداچونه‌وه‌ی ده‌ستوریشدا هه‌وڵبده‌ن یه‌کلاببنه‌وه له‌سه‌ر کاندیدێک بۆ ئه‌و پۆسته بۆ ئه‌و ماوه که‌مه‌ی که ماوه جگه‌له بارزانی، تاکو هه‌ستێت به په‌یڕه‌وکردنی ئه‌و ده‌ستوره نوێیه‌ی که داده‌ڕێژرێته‌وه تاکو ته‌واو بوونی ماوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست