مەسایەی تورکیا
Sunday, 14/06/2015, 21:53
لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردن لەتورکیا و سەرکەوتنی دەنگی کورد و شکستی ئاکپارتی، تورکیا لە هەموو کات زیاتر چاوەڕوانی کرانەوەی زیاتر بەڕووی قەیرانە دارایی و سیاسی و فەرهەنگیەکانیدا،ئەکا. ئەم دەرکەوتە نێویە لە نەخشەی سیاسی تورکیا گەلێ بەکەڵك و قازانجی هاوڵاتی توركیا و ناوچەکە و جیهانیش کۆتایی دێ. ئەوەی جێی دڵخۆشیە بۆ تورکیا شکاندنی ئەو بەربەستە بوو کە تورکیای بەرەو تاكڕەوی و دیکتاتۆریەت ئەبرد. دیارە ئاکپارتی و ئەردۆگان لەو هەوڵەی هەیانە بەردەوام ئەبن،لێ سەر ناگرێ و هیچ کام لە پارتەکان و جەماوەر لەسەر ئەژنۆ ناکەون بۆیان. بۆیە گرنگە ،ئەو پارتەی لەگەڵ ئاکپارتی حکومەت پێك دێنن پەیام و ئاکامەکانی هەڵبژاردن پەراوێز نەخەن.
ئەردۆگان تازە ئەو خەونەی لێزڕا کە بتوانێ وەك سوڵتانەکانی عوسمانیەکان هەڵسوکەوت بکا و تورکیا چەند سەدەیەك بەرەو دواوە بیگێڕێتەوە،بۆیە دڵنیاین لەوەی لەمەو دوا پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی مەزن ئەهاوێژێ و کرانەوەی زیاتر بەخۆوە ئەبینێ. هەڵبەت بۆئەوەی زیاتر دڵنیابین لەوەی ئەێلێین ئەبێ هۆکاری ئەم گەشبینیە واڵا بکەین بۆ خوێنەری بەڕێز تا چی تر بەچاوی گومان و ترسەوە نەڕوانێتە سیاسەتی دوای هەڵبژاردن لەتورکیا بەگشتی و بردنەوە مێژووییەکەی هەدەپەش بەتایبەت.
هەدەپە و بەڕێز سەلاحەدین دەمیرداش و هاوەڵەکانی ئەو مەسایەن(ڕزگارکەر) بۆ پرۆسەی سیاسی نوێی تورکیا،ئەوە ئەمان بوون توانیان تازەگەری و ئاییندەیەکی گەش بۆ گشت هاوڵاتی تورك(تورك،عەرەب،کورد،ئەرمەن و ئەوانی تر) دەست بەر بکەن،ئەمە جگە لەوەی ئەم پارتە خاوەن ئایدۆلۆژیە چەپگەراییە شەرم و ترسی لەوە نەبووە کە بتوانێ لەم سەری چەپ (علمانی،سیکۆلار)تا ئەوسەری ڕاست(ئایینی) لەخۆ بگرێ و داوای ماف بەیەکسانی بۆ هەموو لایەك بکا. ئەم داهێنانە شتێکی گەلێ نوێیە لە کلتوور و فەرهەنگی سیاسی تورکیادا. پێ ئەچێ ئەمە ئەو هەنگاوە گرنگە بێ کە تورکیا بەرەو خێزانی ئەوروپا نزیك بکاتەوەو دەرگا کڵۆم کراوەکان بکاتەوە. ئەوروپا تەنها بەربەستێك بۆی لەڕابردوودا ئەوەبوو کە پێوستە تورکیا کرانەوە بەخۆیە ببینێ و مافی کەمینەکان بپارێزی،هەر بۆیە سەرکەوتنی هەدەپە یەکەم پەنجەرەیە بۆ تورکیا تا ئەوروپای لێوە دیاربێ.
بەبڕوای من پێوستە هەدەپە هیچ هەڵبژاردەیەك لەخۆی حەرام نەکا بۆ دروست کردنی حکومەت لەتورکیا، لەماوەی ٨٠ ڕۆژی داهاتوو هەدەپە ئەبێ هەڵپەی خێرا و بوێرانە بەئەنجام بگەیەنێ بۆ ئەوەی پەنا نەبرێتە بەر هەڵبژاردنێکی تر. هەدەپە باشتر وایە هەڤاڵبەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بکا بەتایبەت ئاکپارتی ،لەگەرئەوەی ئاکپارتی ئەگەر چی ٤١% دەنگەکانی هێناوە،لێ ئەو ئەنجامە بۆ ئەو شکستە زیاتر وەك سەرکەوتن. هەر بۆیە دەستگرتنی ئاکپارتی لەم کاتەدا و پێك هێنانی حکومەت لەگەڵیدا ئەبێتە مایەی بردنەوە زایاتر وەك لە دۆڕاندن. لەم باروو دۆخە دەروونیە نالەبارەی ئاکپارتی تێکەوتوە،ئەبێ کەڵك وەربگیرێ و بتوانرێ مەرجەکانی خۆتی بەسەردا بسەپێنێ.
ئەردۆگان و پارتەکەی لەهەموو پارتەکانی تر پێوستیان بە هەماهەنگی سیاسی و بالانسی هێز هەیە،ئەگەر چی هێز و ڕێژەی زۆری دەنگ لای ئەمانە،لێ وورەو گەرم و گوڕی لای پارتە کوردیەکەیە. هەر بۆیە باشتر وایە بەڕێز دەمیرداش هەوڵبدا لەگەڵ ئاکپارتیدا ڕێبکەوێ و حکومەت پێکەوە بسازێنن ئەویش لەبەر چەند هۆیەك،لەوانە:
یەکەم: حکومەتی هەدەپە و ئاکپارتی ئەتوانێ ڕێبگرێ لە پارتە تورکە ناسیونالیستەکانی وەك مەهەبە و جەهەبە.بەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی کە دەنگدەری تورك خۆی لەو کلتوورە دوژمنکاریەی دەستی کەمالیزم ڕزگار بکا و گیانی تورکبازی لەتورکیادا کەم بکەنەوە،کەئەمەش بۆ خۆی سەرکەوتنێکی ترە بۆ کورد و نەتەوەکانی تر.
دووەم: حکومەتی هەدەپە و ئاکپارتی لە داهاتوودا ئەبێتە هۆی کەم کردنەوەو نەهێشتنی هەژموونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەباکوور . بەمەش پارتەکەی مەسعود زەرەر مەندی گەورە ئەبێ و شکستی تر ئەخوا کەڕەنگە لەڕێگای ئەم حکومەتەی لەگەڵ ئاکپارتی ئاسانتر بێ.
سێیەم: ئازاد کردنی بەڕێز(ئاپۆ) کەئەمەش مەرجی سەرەکی و گرنگی کۆتایی هێنانی جەنگی چەند ساڵەی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست