چاودێرى سیاسى
Sunday, 14/06/2015, 9:57
بەبڕواى من چاودێرى سیاسى ئەو كەسەیە كە پسپۆری یان شارەزایی یان ڕابوردوییەكى هەیە لە ناوكارى سیاسیدا، بەڵام ئەو جێگەیى سەرنجە زۆربەى زۆرى دانیشتوانى ئەم هەرێمە هەر كەسە و بۆخۆى شارەزایەكى باشى هەیە و بۆخۆى چاودێرى سیاسییە، چونكە ئەوەندەى بەدیار كەناڵەكانى ڕاگەیاندنەوە خەریكن و زۆربەى كاتەكانى ژیانیان لەگەڵ كەناڵە هەواڵیەكاندا(بینراو، بیستراو و نوسراو) بەسەر دەبەن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سنورى دەستكردى سیاسى و هەڵكەوتەى جوگرافیایى هەرێمى كوردستان بەچەند وڵاتێكى پڕ لە ئاڵۆزى و كێشمەكێشى سیاسى دەورەدراوە، لە ئاستى نێخۆى عێراقیش بەردەوام لە كێشمەكێشى سیاسیدایە، و لەناو خودى هەرێمى كوردستانیش بەشێوەیەكى گشتى بۆ مەرامى سیاسى دامەزراوە، واتە ئەوەندەى كەناڵى هەواڵیمان زۆرە، ئەوەندە كەناڵى ئابورى، كۆمەڵایەتى و وەرزشێمان نیە، هێندە كەمن بە پەنجەى دەست دەژمێردرێن، ئەمەش هۆكارى ڕاستەوخۆیە كە تاكى هەرێمى كوردستان هەمیشە بەوردى ئاگادارى دوا هەواڵ و گۆڕانكارییە سیاسیەكانى ناوچەكەیە و بەوردى شیكردنەوەى هەیە بۆ سەرجەم پرس و رووداوە سیاسییە گرنگەكان، یان جارى واش هەیە پێش ڕووداوە سیاسییە گرنگەكان دەكەون و شیكردنەوەى سیاسیى بۆ دەكەن، وەكو كێشەكانى هەرێم و حكومەتى ناوەند لەسەر بابەتى موچە و شەڕى داعش كە پرسى گرنگى ئێستان، لە ئاستى نێوخۆى هەرێمیشدا پرسى دەستور و سەرۆكایەتى هەرێم شیكارى سیاسى بۆ ڕووداوەكان دەكات و ڕاو بۆچوونى خۆى لە ڕێگەیى تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەردەبڕێت .بێگومان هۆكارى ئەوەى كە تاكى كوردى بووە بە چاودێرى سیاسى زنجیرە ڕووداوێكى مێژویى، كە لە دروست بوونى دەوڵەتى عێراقەوە دەست پێدەكات و بەردەوام دەبێت و لە دواى راپەڕینەكەى بەهارى 1991 یشەوە دۆخێكى تەواو سیاسى باڵى بەسەر ئەم هەرێمەدا كێشا، شەڕى نێوخۆ و دروستبوونى دوو ئیدارە لە نێو هەرێمم تاوەكو شەڕى ئازاد كردنى عێراق، بەڵام لێرە بەدواوە شەڕى هەرێم و حكومەتى ناوەند دەست پێدەكات، كە ڕۆژبەڕۆژ قەیران و ململانێ سیاسیەكانى نێوان ناوەند و هەرێم بەرەو قوڵ بونەوە ئاڵۆزى دەڕوات . ئەمانەش هۆكار بوون بۆ ئەوەى تاكى ئەم هەرێمە زۆر لە جارانى پێشوتر و بەورردتر چاودێرى كەناڵە هەواڵییەكان بكات و ڕۆژ لە دوایى رۆژ ژمارەى كەناڵە هەواڵییەكان لە زیاد بوندایە و هەر لایەنێكى سیاسى كەناڵێكى هەواڵى بۆ خۆى دامەزراندوە و لەو ڕێگەیەوە بیروبۆچوونە سیاسیەیكانى خۆى ئاراستەى كۆمەڵگە دەكات، بۆیە سەیر نییە بڵێن زۆربەى زۆرى تاكى هەرێمى كوردستان چاودێرى سیاسییە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست