تەوژمی ئیسلامی سیاسی و دورڕوییان لە بەرامبەر خوداو میللەتدا
Sunday, 14/06/2015, 9:33
چەندی بوەستی و بدوێی لە سەر ڕەخنەگرتنی ئیسلامی سیاسی هێشتا هەر کەمەو بە ئەرکی سەرشانت هەڵنەستاوی !چونکە ئەم تەوژمە سیاسییە کە ئیسلامیان وەک چەمک و زاراوە موتوربە کردووە لە گەڵ ستراکتۆری نا ئیسلامییاندا لە پێناو خۆ گەورە کردن و خۆ بردنە پێشەوە لە میللەت هەستاون بە سەربار کردنی وشەی ئیسلامی بۆ سەر ناوی حزبە کەیان لە مەشدا مەبەستیانە بە سود بینین لەو ناوە پیرۆزە سۆزو متمانەی خەڵکی مسوڵمان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن ، چونکە خۆیان باش دەزانن بە بێ بەکارهێنانی ئەو ناوە چونکە خاوەنی بیرو ئەندێشەو ڕامانێکی ئەوتۆ نین توانای ڕاکێشانی سرنجی ئاپۆرەی خەڵکییان نییە ، بۆیە هەستاون لە پاڵ بەکارهێنانی وشەی پیرۆزی ئیسلامدا کاری حزبایەتی و بزنسی کورسی بازییان پەرە پێدەدەن و لە ڕێگەی خۆ بە بانگخواز کردن و خۆ بە مەلا کردنەوە خەڵکانی مسوڵمان و دڵپاک و سادە دەکەن بە هەوا داری خۆیان و خۆیان دەخەنەڕو پاشان ئەو کارانەیان کە پێشتر وا نیشانیان دابو لە پێناو خوادا ئەنجامیان داون دەکەن بە کەرەستەیەک بۆ چنگ گیر بونیان لە کورسی ئەنجومەنە لۆکاڵی و نیشتیمانییەکان و خۆیانی پێ دەوڵەمەند و بێ نیاز دەکەن لە ڕویی ئابورییەوە.
زۆر جار بیستومانەو بینیومانە لە سەر وەختی پرۆسەکانی هەڵبژاردندا لە کادرانیان لە ئاستی باڵادا کە خەونی هەڵبەستراویان لە گەڵ پێغەمبەردا داوە بە گوێ ی دەنگدەرانداو حیکایەتی بەر
ئاگردانیان بۆ خەڵکی سادە گێڕاوەتەوە تەنیا لە پێناو خەپاندنی ئەو خەڵکە سادانەو گەشتنیان بە کورسی و دراوو دەسڵات،یان هەندێک جار دەبیستین و دەبینین کە کۆلکە کادرەکانیان هەڵدەستن بە پۆلێن کردنی کۆمەڵگه و پارتەکان بۆ گروپی سیکولارو ئیسلامی یان کوفرو باوەڕ بە بێ ئەوەی ئەو لایەنەی ئەوان خزاندویانەتە خانەی سیکولارەوە جاڕی سیکولاریزمی دابێ یان ئەوانەی ئەوان بە کافریان داناون کوفری ئاشکرا هەتا شاراوەشیان لێ بینرا بێت ،بەڵام ئەمانە بەبێ سڵەمینەوە لە خواو لە ویژدان و لە ئاکار و لە ئیتیک هەڵدەستن بەم چەواشە کارییەو ئیسلامی پیرۆزو ئیسلامی هەموان پاوان دەکەن بۆ خۆیان و لەو ڕێگەیەوە خەڵکانی سادە دەکەنە دەروێشی ئایدۆلۆژیا توندئاژۆ نامۆکەیان کە تیایدا کۆمەڵگە ڕەنگ کراوە بە ڕەنگی ڕەش و سپی .
هەر دوای تەواو بونی هەڵمەتی هەڵبژاردن و چنینەوەی دەنگ ، گزیکاران و فێڵبازان کە لە ڕێی دینەوە گەشتونەتە کورسی تێکەڵ دەبن لەگەڵ ئەو دەسڵاتەدا کە پێشتر هەزار تۆمەتی لە جۆری تاغوت و کافرو چی و چییان خستبووە پاڵیان و متمانەیان دەدەنێ و حکومەتی کوالیسیۆنیان لە گەڵ پێک دەهێنن.
ئایا ئێوە بە من ناڵێن ئەگەر ئەم هێزانەی پۆلێنتان کردون لە خانەی ڕەش یان عەلمانیدا کە ئێوە زاراوەی عەلمانیش بە واتای کافر یان مولحید بۆ خەڵکی ڕاڤە دەکەن ،مولحید یان کافر بن چۆن کێکی دەسڵاتیان لە گەڵ بەش دەکەن و متمانەیان دەدەنێ ؟ گەر کافر بن ئێوە پشتی کوفرو تاغوتتان گرتووەو بەشدارن لە ستەم و خراپەیاندا،گەر واش نییە
کە واتە ئێوە درۆتان لە گەڵ خوداو میللەتدا کردووەو دوڕوویتان هەڵبژاردووە لە کاری سیاسیدا.
هەروەک چۆن لە دەسپێکی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کۆماری تورکیادا دژایەتی هەدەپە تان دەکردو بە ئاشکرا جاڕی دۆڕانی هەدەپە و سەرکەوتنی ئاک پارتی هاو ڕەفتارتان دەداو ڕەمڵی دۆڕانی بەرەی کوردتان لێدەداو نەمان بینین پشتیوانی بۆ هەدەپە دەر ببڕن ، بەڵام پاش سەرکەوتنە مەزنەکەی ٧-٦ خێرا بێ شەرمکردن و ئیحراج بون پیرۆز بایی و پشتیوانیتان بە شێوەیەکی فەرمی ئاراستەی هەدەپە کرد !
لێرەشدا جارێکی کە دو ڕویی سیاسی و ئەخلاقیتان دەرکەوتەوە بۆ خواو خەڵک و مێژو.
بۆیە دەبێت پەڕلەمانی کوردستان لەم خولەدا پڕۆژە یاسایەک بە پەلە ئامادە بکات کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕون یاساغی بەکارهێنانی ناوی هەمو ئاینێک بکات بۆ ناوی حزب و جوڵانەوەی سیاسی چونکە ئەمە هۆکارە بۆ خەپاندن و گێلاندنی میللەت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست