کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


گرنگی سەرکەوتنی هەدەپ لە چیدایە؟

Friday, 05/06/2015, 22:14


لە پاش ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ و دابەشکردنی کوردستانی گەورە بە سەر( فارس وعەرەب وتورك ) دا بیری ناسیۆنالیزمی کوردیش بە پێی جوگرافیای پارچەکان دابەشبوون ، بە تایبەت لە ساڵانی حەفتاکاندا لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا چەند پارتێکی هاوشێوە بە شێوەی لۆکاڵی هاتنە نێو مەیدانی سیاسی وشۆڕشگێڕیەوە . هەریەکێك لەم پارتانە هەڵگری پەیامێکی نیشتمانی بوون لە ئاستی تەنها پارچەیەکدا، هیچ کامێك لەم پارتانە نەیانتوانی پەیامێکی نەتەوەیی هەڵگرن ، بە شێوەیەك کە سەنگ وقورسایی خۆیان هەبێت لە ئاستی کوردستانی گەورەدا.
پاش تێپەڕبونی ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەم شێوازە لە خەبات ، کێشەی کورد لە خۆر هەڵاتی ناویندا بەچەق بەستویی مایەوە، دواتر لە ژێرڕۆشنایی بیری سیاسی ودنیا بینی عەبدوڵا ئۆجەلان لە زینداندا، سیاسەتی پەکەکە گۆرانکاری بە سەردا هات ولە هەر پارچەیەك بە ناو و ناونیشانی جیا جیا چەند پارتێکی سیاسی وچەکداری تەشکیل کران. لە ئەنجامی ئەم جۆرە سیاسەتکردنەدا پەکەکە زۆرترین پشتیوانی لە خۆی کۆکردەوەو ، سەرباری هەموو بەربەستە ناوخۆیی وئیقلیمی ونێودەوڵەتیەکان، لە ئیستادا بە ملیۆنان مرۆڤی کورد چەپڵەی سەرکەوتنی بۆ لێدەدەن.
پارتی دیموکراتی گەلانیش(HDP ) یەکێکە لەو پارتانەی کە زادەی بیری عەبدوڵا ئۆجەلانە وئامانجی دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتە لە تورکیا ، واتە حکومەتێك کە مافی کوردو تورك وئەرمەنی تێدا پارێزراو بێت ، ئەم پارتە لە ژێر کاریگەری ئایدیای چەپ وسۆشیالیزمە ، وە دژ بەسیستەمی سەرمایەداریەو کار لە پیناو پاراستنی شکۆی مرۆڤ دەکات. بۆیە گرنگە هەر تاکێکی کورد لە سەرانسەری دونیادا لای خۆیەوە بە میکانیزم وشێوازی جۆراو جۆر کار بۆسەرخستنی ئەم پارتە بکات.
ئەمڕۆ ئەردۆگان بە بیرێکی کەمالیستی کۆنەوە  دەیەوێت کورد لە نەخشەی تورکیادا وا وێنا بکات ، کە میوانن لە سەرخاکی تورکیا و خەریکە ئەو ڕستەمان گوێ لێ دەبێت (میوان دەبێت شەرمن بێت ونابێت داوای هەموو شتێك بکات).
کورد دەبێ پەند لە مێژوو وەربگرێت و چیتر هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە ،نەچێتە بەرگی دوژمنەوە ومتمانە بەهەموو کەسێك نەکات ، ئەم جوملەیەم بۆ بەهۆش هاتنەوەی ئەو کەس ولایەنانەیە کە بەڕوویەکی کوردی وجلێکی کوردی وزمانێکی کوردیەوە ، لە کات وشوێنی جیاوازبانگەشە بۆ ئۆردۆگان دەکەن. بە داخەوە ئەم مرۆڤانە نەك ڕاڤەی مێژوویان نەکردووە ، بەڵکو هۆشی نەتەوەییان هێند لاوازە، بەم کارانەیان ڕووی خائینانەی خۆیان زیاتر تۆخ  دەکەن.
 دەمەوێ تیشك بخەمە سەر کەسایەتی وسیاسەتەکانی شا ئیسماعیلی سەفەوی چونکە وا هەست دەکەم ئۆردۆگان زۆر لەو دەچێت.
لە سەرەتادا شا ئیسماعیلی سەفەوی هەڵوێستێکی نەرمی بەرامبەر کوردەکان هەبوو، وە بە نەرمی مامەڵەی لە گەڵ دەکردن ، بەڵام پاش ئەوەی کە چەسپاو خۆی جێگیر کرد کەوتە دژایەتی کردنیان وتەنانەت ئەو میرە کوردانەی لە ناوچەکەدا پشتگیری دەکردن وبۆ پیرۆزبایی دەهاتن بۆ لای ، ئەو دەیگرتن و زیندانی دەکردن
ئەردۆگانیش لە سەرەتادا وەك سیاسیەکی زۆر زان مەسەلەی دۆزی کوردی ووراژاندو خۆی بە شێوەیەك نمایشکرد کە هەڵوێستێکی مرۆڤ دۆستانەی بەرامبەر کوردەکان دەبێ وتەواوی مافە گەردونیەکانیان بۆ دابین دەکات ، بەم جۆرە توانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی تورکیا بەدەست بێنێ ودواترجڵەوی دەسەڵاتی ئەو ووڵاتەی گرتە دەست. پاش ئەوەی خۆی وئەندامانی پارتەکەی (ئاك پارتی ) لە دەسەلات جێگیر بوون، هیچ بەڵێنێکی بەدینەهات وبگرە لە سایەی سیاسەتەکانی ئەودا بێکاری وبرسێتی ڕووی لە ناوچەکە کردوو بە دەیان چالاکوانی سیاسی کوردو ڕۆژنامەنوسی خستە زیندانەوەو وەك نەژاد پەرستێکی تورك  بە ئاشکرا سیستەمی جوودا خوازی لە نیوان کوردو تورکدا پەیڕەو دەکرد.
بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیمۆکراتی لە تورکیاداو کۆتایی هێنان بەو ڕەوشە نەخوازراوەی کە ئۆردۆگان ڕێبەری دەکات ، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی تورکیادا هەدەپ وەك هێزێکی ئومێد بەخش و خاوەن ووزە بەژدارەو جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەشێوەیەکی تۆکمەو چڕ بۆدەستەبەرکردنی حکومەتێکی دیموکرات لە سەرانسەری تورکیادا بانگەشە دەکات.
زیاتر لە نیوەی نەتەوەی کورد لە باکوردا جێنشینن وهەدەپ نوێنەرایەتی زۆرینەیان دەکات وە لە هەمان کاتدا ئەرمەنەکان وبەشێکی زۆری ڕۆشنبیرو نوسەرەکانی توركیش پشتیوانی لێدەکەن، چونکە خەریکە تورکیا دەبێتە دەوڵەتێکی تۆتالیتارو ئۆردۆگانیش بە دیکتاتۆر، بۆیە سەرکەوتنی هەدەپ لە تورکیادا زیندوو کردنەوەی ڕۆحی دیمۆکراسیەتە بە جەستەی ئەو ووڵاتەدا .
 لە خۆڕا ئەم پارتە دروست نەبووە ، گەر گوێ بگرین لە ئاپۆتا حیکایەتەکانی شانزدە ساڵی نێو ئیمرالیمان بۆ باس بکات ، گەرلە فیلمەکانی یەڵماز گۆنای ڕابمێنن و دە ساڵ تەمەنی زیندان کراوی لەیلا زانا ڕاڤەبکەین ، گەربچین لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی (لەیلاو ساکینە وفیدان ) بکەین ، گەر لە دەمیرتاش بپرسین بەو تەمەنە پڕ لە جوانیەوە لە نێو ئەو هەموو ئاگردا بۆچی هاوار بۆ دیمۆکراسی دەکات.
کاتێك بە هەموو راستیەکان دەگەین ، لەوێدا دەردەکەوێت کە هەدەپ چیە ولە پێناو چیدا سیاسیەت دەکات؟
پەشیو حەمەد ئەمین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە