هەڵبژاردنەکانی تورکیاو پرۆژەی قەومیی پارتی
Tuesday, 02/06/2015, 0:23
وەک هەموو دەزانین پاش چەند ڕۆژی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەتورکیا بەڕێوەدەچێت، و(هەدەپە)، وەک تاکە پارتێکی یاسایی لەو وڵاتەدا بەدروشمی دیموکراسی و پێکەوەژیان بۆ تورکیاو چارەسەریی بۆ کێشەی کورد، وەک هیوایەکی گەورەی کوردو ئازادخوازانی تورکیا بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکات. بۆ ئەمەش تەواوی کوردستان، تاک و کۆمەڵ و پارت و ڕێکخراوەکان... لەپێناو سەرکەوتنی ئەم پارتە کوردییە، لەکاروچالاکی گەرموگوڕدان. بەڵام ئەوەی کەلەم ناوەدا وەک دەنگی هەرەنەشاز لەکوردستاندا بەرزبۆتەوە دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە لەم هەڵبژاردنە گرنگەدا دژایەتی هەدەپەو لایەنگری خۆی بۆ ئەردۆگان و پارتەکەی ڕاگەیاندووە.
پاساوی پارتی لەم هەڵوێستە نانەتەوەیی و دژەکوردییەی دا وەک لە میدیاکانی خۆیاندا هاتووە، ئەمەیە کە گوایا (هەدەپە، و پەکەکە) خاوەن هیچ پڕۆژەیەکی قەومی نین. یان پرۆژەی پەکەکەو ئەو پارتانەی لەژێر کارییگەریی ئەودان، خزمەت بە کوردو چارەنووسەکەی ناکات. بەڵام ئایا بەڕاستی پڕۆژەی سیاسیی پەکەکە خزمەت بە کورد ناکات و هی پارتی دەیکات؟
ئەگەر پارتی پرۆژەی سیاسی پەکەکەی پێ کوردی نەبێت، بەم واتایەیە کە ئاستی کوردایەتیی و نەتەوەیی بوونی پەکەکەی پێ لاوازو ناتەواوە. کەچی بۆخۆی بەسەر شۆڕشی شکۆمەندانەی ڕۆژئاوای کوردستاندا بازدەدات و لەگەڵ دوژمنەکانی ئەم شۆڕشە، واتا تورکیاو، بزووتنەوەکانی ئیخوانولموسلمین و ئۆپۆزسێۆنی مەزهەبگەراو ناسیۆنالیستی عەرەبدا هاوپەیمانی دەبەستێت، ئەمە کوردایەتییە، بەڵام خۆسەری دیموکراتیک کە هیچ وابەستەیی و هەژموونگەراییەک قبوڵ ناکات لاوازیی کوردایەتییە؟!
ئەگەر هەدەپە، وەک پارتی دەڵێت لەژێر کارییگەریی پەکەکەدا پرۆژەی قەومی وەلانابێ، دەبێ ئەمە چ پرۆژەیەکی قەومی بێت کە پارتی بانگاشە بۆ ئاکەپەی نەتەوەپەرست و مەزهەبگەرا بکات و خۆی بەداروبەردا بدات تا هەدەپە نەگاتە پەرلەمان؟! دەبێ ناوەرۆکی ئەم پرۆژە قەومییەی پارتی چی بێت کە لەم ساتە وەختەدا دیموکرات و پەکەکە بەگژیەکترداکردا بکات، وپاشان جادووگەرانە بیکاتە هەرا کە پەکەکە و هاوپەیمان و هاوبیرانی شەڕينگێزن و شیاوی دژایەتی کردنن، نەک سەرکەوتن لەهەڵبژاردنەکاندا.
ئەمە وەکو ئەوە وایە کە بۆ نموونە بڕیاربێ لە عیراقدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و پەکەکە یان هەر پارتێکی تری دەرەوەی باشووری کوردستان، بێت و بەخەڵکی باشوور بڵێت: دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان مەدەن و دەنگەکانتان بۆ بۆنموونە بدەن بە لیستی دەوڵەتی یاسا، یان پارتەکەی سالح موتلەق. شانۆگەرییەکی موخابەراتی ساختەو ئاژاوەگێڕییەکیش سازبکات تا پاساوێک بەدەست بێنێت کە نەتەوەپەرستان و مەزهەبگەرایانی عەرەب لە کوردان پتر جێگای متمانەن.!! ئایا کارێکی وا شایستەو ئاسایی وشیاوی قبوڵکردنە؟
بەڵام ڕاستی کارەکە جۆرێکی ترە. ئەوەی بەئاشکرا دیارەو هەر ڕۆژیش پتر دەسەلمێت، ئەمەیە کەپارتی خاوەنی پڕۆژەی سیاسی سەربەخۆی خۆی نییەو لەتەواوی تەمەنی سیاسیی خۆشیدا هیچکات خاوەنی پرۆژەیەک نەبووە. و هەمیشە وابەستەی پڕۆژەیەکی تری دەرەکی بووە کە پڕۆژەی ئەم ساتەوەختەش لەلایەن تورکیاوە سەرکێشی دەکرێت.
ئەوەی پارتی لەدژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی باکوری کوردستان ئەنجامی دەدات لەبەر ئەوە نییە هەستی نەتەوایەتی ئەوان لاوازەو هی پارتی زۆر بەهێزە. چونکە سەلماندنی ئەوەی داخوا پارتی پتر پەرە بەهەستی نەتەوەپەروەریی و ئەوینی خاک و فیداکاریی لەپێناو پاراستنی گەل و نیشتماندا دەدات یان پەکەکە بۆ هیچکەس هێندە ئەستەم نییە و ئەگەر بۆ سەرتاپای دیرۆکی ئەم دوو حزبەش نەگەڕێینەوە تەنیا بەراووردکردنێکی سادەی نێوان کارەساتەکەی شەنگال و شکۆمەندییەکەی کۆبانێ بەسە بۆ ئەوەی بزانین ڕاستییەکان لەکوێن.
پارتی لەنێوان دۆستایەتی لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و ئاکەپەو ئەردۆغاندا، هەروا لەنێوان بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی ماڵباتیدا زۆردەمێکە دووەمیانی هەڵبژاردووە. چونکە بۆخۆی ئەدات و ئامرازێکی ناو پرۆژەیەکی زێدە چەپەڵە کە ئەردۆغان ئەندازیارەکەیەتی.
ئەردۆگان هەرچییەک بۆکورد ، بڵێت و بکات. تەنیا بەچاوی کولونیالیزمێک بۆ کوردستان بەتایبەتیش باشوور دەڕوانێت و پرۆژەی پارتیش لە جوێبوونەوەی لەعێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لەوەی باشووری کوردستان بکاتە کۆلۆنییەکی تورکیا بەولاوە شتێکی تر نییە.
پرۆژەی ئەردۆغان، پرۆژەی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریای عوسمانییە. کە بریتییە لە بەدەستخستنی پێگەی هەژمنگەرایی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ڕکێفکردنی هەرچی زۆرتری دەوڵەتان و بزووتنەوە شۆڕشگێرییەکانە کە تائێستا لەشکەست بەولاوە دەستکەوتێکی نەبووەو پارتی یەک لەو هێزانەیە کەدەخوازێ شکەستەکانی ئەردۆگان وەرگێڕێتە سەکەوتن.
هەربۆ زانینیش لەپرۆژەکەی ئەردۆغاندا لەپاڵ چەندان هێزو لایەنی کوردی و غەیرەکوردیی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی نوسرەشی تێدایە. کە ئەم ڕۆژانە قەتەرو تورکیا دەخوازن دەمامکێکی تری بەڕودا هەڵواسن و بیکەنە پێشەنگی ئۆپۆزسیۆنێکی نوێ لەسوریادا. و ئەگەر هاوکارییەکانی نێوان تورکیاو داعش بە دزی فزی و نهێنی بەڕێوەدەچێت. ئەوە لەگەڵ بەرەی نوسرەدا بەئاشکراو بێ پەروا پەیڕەودەکرێ.
دیسان هەربۆزانین، کاتێک لەڕۆژئاوای کوردستان شۆڕش هەڵگیرسا، یەکەمین هێزێک کەپەلاماری ئەو شۆڕشەی دا بەرەی نوسرەبوو. کەچی پارتە بچوکەکانی پەیڕەوی ڕێبازی بارزانی لەسوریا هاوکاری نووسرەیان کردو ڕۆڵی چاوساغ و ڕێنیشاندەریان بۆ دەگێڕان و ئەوکات کەمکەس باوەڕی دەکرد کە ئەوپارتانە هێندە دژە کورد بن و هەستی نەتەوایەتی لەدەروونیاندا هێندە لاواز بێت کە لە شەڕی کوردو نووسرەدا لایەنگری هێزێکی تێرۆریستی دڕندەو وێرانکەری وەک نووسرە، کە ئەوکات هەر بەشێک بوون لەداعش بکەن. بەڵام وا پارتی ئەمڕۆ گشت ئەو گومانانەی دوێنێی وەرگێڕایە سەر یەقین.
ئەگەر بشمانەوێ بزانین پرۆژەی قەومی پارتی کە هێندە شانازی پێوەدەکات و پارت و لایەنەکانی تری پێدەشکێنێت چییە، هێندە زەحمەتی ناوێ و ئەزموونی بەعس لەعێراق و سوریا، مەهەپەش لەتورکیا جوانترین نموونەی وەها پرۆژەیەکن. پڕۆژەی قەومی بەعس چی بەسەر سوریاو عێراق هێنا، پرۆژەی پارتیش هەر ئەمە بەسەر کورد دەهێنێت. و تەواوی ئەو بانگاشانەش دەربارەی دەوڵەتی کوردی و دروشمگەلی قەبەو بریقەدار لەژێر ڕەفتارە ناشایست و دژەنەتەوەییەکانی پارتی لەدژایەتیکردنی شۆڕشی ڕۆژئاواو باکووری کوردستان، و پاڵپشتی لەئاکەپە لەهەڵبژاردنەکاندا... مرۆڤ دەخاتە بەردەم هەزاران پرسیارو گومان!
پرۆژەی قەومی هیچکات و لەهیچ شوێنێکدا نەبۆتە مایەی یەکییەتی و یەکپارچەیی نەتەوەو خاک. بەپێچەوانەوە سەرچاوەی کێشەو ناکۆکیی و لێکدابڕان و لەتوپەتبوونە.
پارتی کە توانای پاراستنی پێکهاتەی یەزیدییەکانی پێنەکراو هەبوونی ئاڵایەکی خۆشیانی پێ ڕەوانابینێ، شایستەی ڕێبەرایەتی کوردی نییەو هەرپرۆژەیەکیش بەزهنیەتی وابەستە بە بێگانەو دژایەتی دەنگە جیاوازەکانی ناوخۆ داڕێژرابێت، نەک هەر شکەست دەهێنێت، بەڵکو پێشوەخت جێگای هەزاران نەفرەتە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست