کلکە نەوتینە ڕاسپێردراوە تەگەرە بخاتە بەردەم مۆدێلی دیموکراتیک لە ڕۆژ هەڵاتی ناویندا
Tuesday, 02/06/2015, 0:18
بیهێنە پێش چاوی خۆت گیانداریک ئەگەر کلکێکی درێژی توکنی نەوتاوی پێوە بێت و بە ناو کێڵگەیەکی گڕگرتو بکەوێت دەبێ چێ بڵێسەیەک بەو ئاگرە بدات و چۆن بڵاوی بکاتەوەو گەورەی بکات؟
يان ده بێ بەو گیاندارە بگوترێت چی یان چۆن بانگ دەکرێت؟
بێگومان پێی دەوترێت کلکە نەوتینە ،واتا گیانداری کلک نەوتاوی کە بڵێسەو کڵپە دەدات بەو ئاگرەی کە کەوتووەتە ناو دەغڵ و دانی میللەتەوە بە کلکە نەوتینە بانگ دەکرێت.
ئێستا لە کوردستان دەزگایەکی کلک نەوتاوی دامەزراوە بە داهاتی نەوتی دزراوی وڵات و لە هەر جێگایەک بۆنی دوکەڵێک بکات کلکە نەوتاوییەکەی دەخاتە سەر پشتی و لە ماوەیەکی کورتدا دەگاتە سەر شوێنی ئاگرەکەو بڵێسەو کڵپەی دەداتێ ،بەم هۆیەشەوە سامان و ڕەنجی نەتەوەیەک دەسوتێنێت.
بۆیە دەبێت گەلەکەمان زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ئەفرێنراوە مەترسیدارەدا بکات و ئاگاداری بێت،چونکە ڕەنگە لە کاتی بێئاگایماندا ئاگر لە خەرمانی ڕەنج و ماندو بونمان بەربدات و وڵاتمان بکات بە سوتماک.
ئەو گیاندارە هەرچەندە لە جەنگەڵی باشوری وڵاتدا لە دایک بووە ،بەڵام لەلای کەمتیارەکانی جەنگەڵی تەتار لە نزیک دەریای ڕەش شیری ساوایی پێدراوەو گەورەکراوە بۆیە هیچ کات سۆزو هەست و خۆشەویستی بۆ ئەو دارستانە نییە کە تیایدا ده ژى .
کلکە نەوتینەی ئاردۆغانچی ئەگەر بۆنی دوکەڵ لە ڕۆژئاوا بێت خێرا خۆی دەگەیەنێتە ئەوێ و هەوڵی بڵێسە پێدانی دەدات .چەندینجار بە هۆی کلکە نەوتینەو ه ئاگری ئاشوب و ئاژاوە لە ناو کوردانی ڕۆژئاوادا هەڵگیرساوە و یەکڕیزی و تەبایی کورد بووە بە قوربانی ویستەکانی ئاک پارتی .
کلکە نەوتینە ماوەیەکی زۆر خەریکی لەباربردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بو،دژایەتی مۆدێلی خۆسەری دیموکراتیک و هاوژیانی ئازادی دەکرد بە بێ ئەوەی لێی تێبگات،گەریلاکانی یەپەگەی بە سەرکوتکارو خۆسەپێن دەناساندو باسی دزینی مێرد منداڵی دەکرد بۆ ئەو ساویلکانەی کە کلکە نەوتینە خەپاندبونی.
کلە نەوتینە لە دەسپێکی شاڵاوی تاریک پەرستانی داعشدا بە جۆرێک هەواڵەکانی گواستەوە کە بو بە هۆکاری داڕمانی ورەی خەڵکی و داعشی کرد بەو دێوەزمەیەی کە خەڵکی لێی بتۆقێ بە بێ ئەوەی ئەزمونی جەنگی لەگەڵدا تاقی بکاتەوە،هەر بەم هۆیەشەوە ورەی سوپای کوردی هێندە دابەزی کە بەبێ تەقە شەنگاڵ و مەخمورو قەراج و کەندێناوەو گوێر بۆ داعش جێهێڵران و گەلی شەنگال و ڕومەتی کورد خرایە بەردەم شەرواڵ پیسە گەڵ برسییەکانی داعشەوە.
کلکە نەوتینە ئێستاش بۆنی باریکە دوکەڵێکی دیکەی کردووە لە هەرێمی میدیای ئازادو ناوچەی کێلە شین دەیەوێت خۆی پێبگەیەنێت و کڵپە بە ئاگری فیتنەکە بدات و خەرمانی ڕەنجی کورد بکات بە سوتماک.
بۆیە داوا لە گەلەکەمان و پارتە سیاسییەکانی کوردستان دەکەم خۆتان ببوێرن لە سەیرکردنی بەرنامەکانی کلکە نەوتینە کە زۆرێکیان بە ئاشکرایی بۆنی دوبەرەکی و دوژمنایەتییان لێ دێت و ئاو بە ئاشی ئەو فیتنەیەدا دەکەن کە دوژمنانی تورک دروستیان کردووە.
بە تایبەتی داوا لە کەجەکە دەکەم ڕای گشتی لە جوڵەو پلانە دوژمنکارانەکانی کلکە نەوتینە ئاگادار بکاتەوەو ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی هەر هەڵەیەکی گەریلا کە بازاڕ بۆ کلکە نەوتینە خۆش بکات و ببێتە مایەی دڵخۆشی سپۆنسەرەکانی لە باشورو لە ئەنقەرە،چونکە لەم سەروەختی هەڵبژاردنە چارەنوسسازەدا دوژمنان وەک کارتی دووەمی بەردەستیان هەوڵ دەدەن حدکا و کلکە نەوتینە بە کار بێنن بۆ ئەوەی کورد مایەپوچ بکەن و ڕێگری لە هەدەپە بگرن کە بەربەستی ٪١٠دەرباز بکات.
وەک هەموشمان دەزانین شکاندنی بەربەستی ٪١٠ واتای کرانەوەی دەرگای ئازادی و خۆسەرییە بە ڕوی کورددا و دەروازەیەکە بۆ ڕۆشتنە ناو قۆناغی دامەزراندنی مۆدێلی خۆسەری دیموکراتیکەوە لە ناو تورکیاو گەلانی ناویدا کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٤ گەلە کە هەمویان ئاسیمیلە کراون و کراون بە تورک جگە لە گەلەکەمان کە بە هیمەتی هەڤاڵانی سەری چیا و زیندانیانی کورد لە تورکیا هەڵمەتی ئاسیمیلاسیۆنی سەر کوردیان کردە بڵقی سەر ئاو،بۆیە دوژمنان باش دەزانن کە سەرکەوتنی هەدەپە چی شوێنەوارێکی نێگەتیڤی لێ دەکەوێتەوە سەبارەت بە ئەوان و چی گۆڕانێک دەئەفرێنێت سەبارەت بە تورکیاو ڕۆژ هەڵاتی ناوین و کورد بە تایبەتی وە باشیش دەزانن ئێستا لە کوردستان هەمو خەڵک خوازیاری دامەزراندنی مۆدێلێکی دیموکرات و ناناوەندیی زەلالن جگە لە پارتی نەبێت کە بەرژەوەندی لەگەڵ ئەم مۆدیلەدا یەکانگیر نابێ،بۆیە ئاساییە لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا ئاک پارتی پاوانخوازو ڕەجەبی تاکڕەو هەوڵ بدات لە ڕێگەی میدیاکانی پارتی و نزیک لە پارتییەوە بە تایبەت کلکە نەوتینە فشار بۆ سەر هەدەپە لە ڕێگەی شەڕی کورد کوژییەوە دروست بکەن و هەدەپە کە وەک ڕۆڵەی کەجەکە دەبینرێت بشکێنن و نەهێڵن ئەو ئەرکەی کەوتووەتە سەر شانی ڕایبپەڕێنێت ،چونکە باش لەوە تێدەگەن لە دوای شکاندنی بەربەستی ٪١٠ لە لایەن هەدەپەوە تورکیای سەردەمی کەمالیزم و نکۆڵی کردن لە مافە ڕامیاری و ئابوری و فەرهەنگییەکانی کورد بەسەر دەچێت و لە ڕێگەی کوردەوە ناوچەکە دەگۆڕێت بە پێی مۆدێلی دڵخوازی کەجەکە کە مۆدێلی هاوژیانی ئازادو خۆسەری دیموکراتی فۆرمەلەکراوی بیری ئۆجەلانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست