گەڕانەوەی موڵكی گشتی بۆ حكومەت
Sunday, 31/05/2015, 13:06
هەوڵێكی گەوجێنراو بۆ بە یاساییكردنی تاڵانخوازی لە كوردستان
لە چەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر ئەوە كرد كە موڵكی گشتی بگێڕێتەوە و چیتر كۆتایی بەوە بهێنرێت كە موڵك و سامانی گشتی بۆ مەبەستی تایبەتی و حزبی بەكار بهێنرێت!
زۆر سەیرە لەكاتێكدا كە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی بێ دەستوورو بێ یاساو بێ لێپرسینەوەو نالەباردا تێپەڕ دەبێت، گفتوگۆی پرۆژەو یاسایەكی لەم شێوەیە دەكرێت، پێم سەیرە ئەو ئەندام پەرلەمانتارەی كە كەمێك ئەخلاقیاتی نەتەوەیی تێدا بێت بۆ دانیشتنێكی لەو شێوەیە ئامادە دەبێت و گفتوگۆی تێدا بكات!
من لە هەموو خەڵكی كوردستان و ئەندامانی پەرلەمان دەپرسم لە كوردستانێكی بێ سەرپەرشتدا كارلە كار ترازاوەو هەمووی خۆخەڵەتاندنە، چونكە ئەوانەی كە ئەم جۆرە گفتوگۆیانە دەوروژێنن با لەماڵی خۆیانەوە دەست پێ بكەن و موڵكی گشتی بگێڕنەوە كە كردویانە بە بارەگای قێزەونی حزبەكانیان و گەلیان لێ بێ بەش كردووە.
بارەگای زۆربەی حزبەكان لە موڵكی گشتیدایە، بارەگای زۆربەی حزبەكان شوێنی پەروەدەی منداڵانی كوردستانە، شوێنی چاندنی كشتوكاڵی جوتیارانی كوردستانە، شوێنی حەسانەوەو سەیرانگای بەشخوراوانی كوردستانە، نازانم كام قەڵاو كام تەپۆڵكەو كام سەرێك هەیە موڵكی بەرپرسێك یان حزبێك نەبێت، ئەمەش لەكاتێكدایە باسی گەڕانەوەی موڵكی گشتی دەكرێت.
پێم وانییە خەڵكی كوردستان هێندە بێ ئاگا بن و پەرلەمانی كوردستان بتوانێت گۆڵیان لێ بكات و هەستێت بە كۆتاییهێنان بەم كردەوە قێزەونەو گەڕانەوەی چەند خانویەك بۆ حكومەت، چونكە بیرمان ناچێت كە لە دوای ساڵی 1991هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بە ئارەزووی خۆیان هەویری یاسایان شێلاوەو لە چانسی خۆیان بەكاریان هێناوە، مەبەستم ئەوەیە بە یاساگەلێكی دروستكراو موڵكە گشتییەكانییان كردووە بەناوی خۆیان و حزبەكانیانەوەو لە ئێستادا كاتێك داوای ئەو موڵكانە دەكرێنەوە، تاپۆی رەش دەخەنە بەردەم خەڵكی كوردستان و دەڵێن پێش دروستبوونی حزبەكە ئەمە موڵكی كابرا بووە!!
لەكابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم ئەم بابەتە وروژاو بیستمان، بەڵام نەمانبینی، كە چەند موڵكێكی گشتی گەڕێنراوەتەوە، بەڵام نازانم بۆچی بە تەواوی ئەو بابەتە جێبەجێ نەكراو لەم كابینەیە دووبارە وروژێنرایەوە!!
بەڕێزان.... ئەو حزبە یان ئەو بەرپرسەی كە دەمی درێژ دەكات و دەڵێت موڵكی گشتی دەگێڕینەوە، ئەگەر هێندە غیرەتی تێدایە با لە حزب و مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیەكەی خۆیەوە دەست پێ بكات، ئەوكات بانگەشەی لەم جۆرە بكات، بەڵام بە مەرجێك بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1991و چی موڵكی گشتی هەبووە بگێڕدرێتەوە.
خۆشەویستان پێم خۆشە ئەوەتان پێ رابگەێنم، موڵكی گشتی و بەكارهێنانی تەنها ئەو قوتابخانەو نەخۆشخانەو قەڵایانە نییە كە تا ئێستا لەلایەن حزبەكانەوە بەكارهێنراون، بەڵكو بە تاڵان بردن و هەرازان فرۆشتنی ئەو زەوییانەیە كە لێرەو لەوێ حزبە باڵادەستەكان بە خۆیان و بازرگانەكانی خۆیانیان فرۆشتوە كە مەترێك زەوی 2.000.000 دیناری دراوە بە 1.300 دینار!!! با پەرلەمان ئەمە هەڵوەشێنێتەوە یان هیچ نەبێت قەرەبووی خەڵكی كوردستان وەربگرێتەوە، یاخود بە یاساییكردنی تاڵانخوازی كەرتی وەبەرهێنان لە كوردستان كە زەوی كشتوكاڵیان كردە زەوی نیشتەجێبوون بە كەمترین نرخ و بەكاریان هێنا بۆ چینی دەوڵەمەندو دەسەڵاتدارانی هەرێم.
بۆیە لێرەوە داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم بەپەرۆشەوە لەم جۆرە هەڵوێستانەی حكومەتەكەیان بە ئاگایانە بوەستنەوەو لە هەر كەمتەرخەمی و گێلاندنێك بەدەنگەوە بێن و چیتر قبوڵی تاڵانكردنی سەرخان و ژێرخانی كوردستان نەكەن و داوا لە پەرلەمانتارە بەویژدانەكانیش دەكەم بە وریاییەوە مامەڵە بكەن و لە حزب و پارەو كورسییەكانیان نەترسن، چونكە كورسی و پارە بۆ خۆتان و هی خۆتان نییە، ئەوەی دەمێنێ ئەو سەرە بەرزەیە كە نەوی نەكەن بۆ هیچ دەستێكی خیانەتكارو چەپەڵ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست