کوردستانپۆست پەردە لەسەر چەند نهێنییەکی کەناڵی (NRT) هەڵدەداتەوە
Saturday, 30/05/2015, 13:41
ئهرکی میدیا وەک دهستهڵاتی چوارهم تهنیا گهیاندنی ههواڵ و زانیاری نییه، بهڵکو دروستکردن و هاندان، هەروەها وشیارکردنەوە و سازکردنی ڕای گشتییه. میدیا ئەگەر حیزبیی بێت، یان ناحیزبیی. گرنگ ئاڕاستهکردنی ئەو پەیامەیە کە لە راگەیاندنەکەدا دەیگەیەنێت، میدیاکانی پارتی و یهکێتیی و حیزبەکانی تر، ئاڕاستهکانییان بۆ زهلیلکردن و کەویکردنی کۆمەڵگای کوردییه. میدیاکانی دیکەش، کە لە دەرەوەی ئەو حیزبانەن، ناوی ئەهلیی، یان سەربەخۆیان لە خۆیان ناوە، راگەیاندنی رێگەپێدراون، سنووریان بۆ دیارییکراوە، کە تا چەند دەبێت ئازادبن و لەو سنورە لانەدەن، کە نابێت له بهرژهوهندی بنهماڵهکانی ئهو دوو حیزبه لابدەن، بۆیە هەموو میدیاکانی ژێر دەسەلاتیی کوردیی ئاڕاستهی راگەیاندنەکانیان لە رێگای ئەم حیزبانەوە، دەچێتە خانەی پاراستنی بەرژەوەندی نهیارانی کورد و ڕۆڵی نەگەتیڤیان له لاوازکردن و شکاندنی کهسایهتی کورددا هەیە، زۆر جار رۆڵی میدیا ئەهلیی و کەناڵە ئاسمانییەکان لە میدیای دەسەڵات، ترسناکتر دەبێت بۆ نمونە کەسێکی باوەڕپینەکراو و گوماناویی لە میدیای دەسەڵات ئەگەر پەیامێکی پێبێت، هەروا بە ئاسانی ناتوانێت لە راگەیاندنی حیزبەکەی خۆیدا پەیامەکە بگەیەنێت و کاریگەریی ئەوتۆی هەبێت، بەڵام کاتێک هەر ئەو کەسە بچێتە میدیایەکی ئەهلیی، یان کەناڵێکی بەناو ئازاد گەیاندنی پەیامەکەی رەواجی زۆرتر دەبێت، زۆرجار ئەو گومانەش لای خەڵکی دروست دەبێت، کە بەهۆی رێککەوتنی ژیربەژیر، یان کڕین ودزەکردنی پیاوانی حیزبی بۆ ناویان، ئازادیی خۆیان لە دەست بدەن، مەترسییەکە لێرەدایە، کە ئەم کەناڵ و راگەیاندنانە، بەو مەبەستە کار بکەن و ئامانجی ئەمانیش وەک راگەیاندنەکانی پارتیی و یەکێتییان لێدێت لەگەیاندنی پەیامیی زەلیلکردنی تاکی کورد، هەروەها بەتاڵکردنەوەی عەقڵ لە زانست و زانیاریی، تێگەیشتنی ئاستی وشیاری کۆمەڵگا بەرەو ئەو ئاراستەیە دەگۆڕن. بۆ نمونە کاتێک میدیا بەناو ئازاد و ئەهلییەکان هەواڵەکانیان دەکەن بە باسی فڵانە ئەکتەری عەرەبیی و تورکیی، رووبەری سایت و لاپەرەکانیان تەرخان دەکەن بۆ هاتووچۆ و باسکردنی جل و بەرگ و نووستنی شەویان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و سێکسەکانیان، ئەمە دەبێتە مەبەستێکی خواستراو دەچێتە خانەی دوورخستنەوەی خەڵکیی لەبەردەم ئەرکی گەورەی نیشتیمانیی و راهێنانیان بەوەی کە خۆیان سەرقاڵی بەتاڵکردنەوەی ئارەزوو و هەوەسە سێکسیکانیان بن، نەک سەرقاڵبوون و ئارەزوو بۆ بابەتیی زانستیی و سیاسیی جدیی، یان بیرکردنەوە لە چارەسەریی ئەو کێشە کۆمەڵایتیی و سیاسییانەی کە رۆژانە روو دەدەن. کاتێک کەناڵێکی وەک ئێن ئاڕ تی، پێشکەشکاری پرۆگرامێک دەنێرێتە ماڵی کەسێکی بەرەڵا و سووک، پێڵاوەکانی دەخاتە دەمیی پێشکەشکاری بەرنامەکەوە، ئەویش بە پێکەنینەوە بیدەنگ دەبێت و لێی قبوڵ دەکات، ئەگەر ئەمە هیچ نەگەیەنێت ئەو پەیامە دەگەنێت کە بە تاکی کورد بگوترێت، تۆش سووکییت، دەبێت لەلات ئاسایی بێت ئەگەر بەرپرسێک، یان دەسەڵاتدارێک بەو شیوەیە مامەلەی لەگەلدا کردیت، لێی قبوڵ بکەیت، چونکە ئێمە قبوڵمان کردووە. نمونە زۆرن کە رۆژانە لە نێو میدیای ئەهلیی و کەناڵی بەناو ئازاد پیشان دەدرێن و دەریخەنە مێشکی خەڵکیی و ژاراوی دەکەن. ئەوەی ئێمە لەم راپۆرتە هەواڵەدا دەمانەوێت باسی لیوە بکەین کەناڵی (NRT) ،کە دیسان سەرەتایەکی دیکە بۆ ئەم راپۆرتە هەواڵە تەرخان دەکەین، چونکە مەبەستیی ئێمە تەنیا راگەیاندنی هەواڵەکە نییە، بەڵکو ئاگاداریی و زانیارییشە لەسەر ئەم میدیا و کەناڵانە.
لە دەوڵەتی یاسادا، هەموو راگەیاندنەکان بەپێی بڕیاری یاسا بەڕیوە دەچن، ئێمە ولاتێک شک نابەین کە حیزبەکانیان کەناڵی تەلەفیزیۆنیی (سەر- بە - خۆیان) هەبێت و پرۆپاگەندە بۆ خۆیان بکەن، کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەزگایەکی هەستیار و رێگاپێنەدراوە، ناهێڵن هەوا بە ئاسانی بچێتە هەموو ماڵیکەوە، هەر بازرگان و دەوڵەمەندێکی پارەدار، ئەگەر ویستی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی دابنێت، رێگا نادەن ئەگەر ئەو کەسە، یان گروپە کەسانی شارەزای بواری راگەیاندن نەبن و دەیان خولی راگەیاندنیان نەبینیبێت ، کەناڵی تەلەفیزیۆنە جیهانییەکان زانیاریی و شارەزایی تەواویان لە هەموو بوارەکاندا هەیە، کاتەکانیشیان دیارییکراوە بۆ پێشکەشکردنی ئەو بەرنامانەی پیشانی دەدەن، کەسانی پسپۆڕ و دەروونناس هاتوون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە، لە نیوەشەودا کەناڵێک فلیمی کارتۆنی بۆ منداڵ لێنادات، لە پاشنیوەڕواندا کە منداڵان بە زۆریی بەدیار تەلەفیزیۆنە دادەنیشتن، فلیمی وا لینادەن کە کلیپتێکی نزیکبوونەوە و سەرنجڕاکێشی کچ و کوڕێک پیشانبدات، باوەش و ماچ و موچی یەکتر بکەن، لە نیوەڕواندا بەرنامەی وەک خواردندروستکردن پیشان نادات، ئەو کاتەی دایک، یان کەسێکی دیکە لە ماڵەکەدا خەریکی ئامادەکردنی خواردن و ماڵڕازاندەوە و سەرقاڵی کاری دیکە بێت، تا دەست لە کارەکەی هەڵبگرێت و بێت بە لای تەلەفیزیۆنەوە، هەموو بەرنامەکان کاتی دیارییکراوی خۆیان هەیە و کاتەکان گونجێنراون. لە دوای راپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١، دەسەلاتداری حیزبەکان لەگەڵ خۆیاندا سیستەمێکی پیسیان بۆ بەڕیوەبردنی باشووری کوردستان دانا، نەوەیەکیان پەروەردە کرد و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بە عەقڵی دواکەوتیی خۆیان گۆشکرد، دەسەڵاتی چوارەم کە راگەیاندنەکانە، ئەوانیش لەپاڵ حیزب و دەسەڵاتدا رۆڵێکی نەگەتیڤیان بینی.
کەناڵی ئێن ئاڕ تی!
کەناڵی (NRT) یەکێکە لەو میدیایانەی، بە پێچەوانەی میدیا حیزبییەکان، خاوەنەکەی بازرگانێکە بە ناوی شاسوار عەبدولواحید. کە لە پڕدا یەکێتیی کردی بە بازرگانێکی ناوداری شاری سلێمانی، ئەم کەسە میدیاکار، یان بەهرەی ئەدەبیی و هونەریی و رۆشنبیریی نەبووە، یان سیاسەتمەدارێک نەبووە، تا بتوانێت کەناڵیکی تەلەفیزیۆنی بەڕیوەبەرێت، گومانەکان لێرەوە سەر هەڵدەدەن، بەڵکو تەنیا یەکێکە لەو بازرگانانەی کە حیزبەکان دروستییان کردوون و رێگایان پێداون زەویی و موڵکێکی زۆری شاری سلیمانی و دەوروبەر داگیربکات و لە پڕ دەولەمەند کرا، شاسوار عەبدولواحید خاوەنی کۆمپانیای نالیا، چاڤیلاند و گوندی ئەڵمانیی و دەیان پرۆژەی دیکەیە، سوتاندنی کەناڵەکە، تەقەکردن و بریندارکردن، هەمووی شەڕی مافیاکانی نیو دەسەڵاتە و بۆتە جێگای گومان، بە سیناریۆی حیزبەکان لێکدەدرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەناڵە رەواج و متمانە لای خەڵکیی پەیدابکات، زۆر کەس قسە لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئەو سەروەت و سامانەی رژاوەتە ناو کۆمپانیای نالیاوە، پشکی عومەر فەتاح، حاکم قادر، نەوشیروان مستەفا و چەند بەرپرسێکی دیکەی یەکێتی تێدابێت تا ئیستا بەڵگەیەکی دیارییکراو بۆ چەسپاندنی ئەم گومانە نییە، مەسەلەکە هەر ئاوا بەو ئاسانیە ساغ ناکرێتەوە، ناوەکانیش بەم کەمییە کۆتایی پێنایەت و ناچەسپێت، گەمەکە لایەن و ناوی زۆرتر دەگرێتە خۆی، چونکە ئەو کەشوهەوایەی کە بۆ هەرێمی کوردستان خوڵقێنراوە، گومانەکان لە راستیی نزیک دەکەنەوە. ئەوەی تا ئیستا راستییە و پیویست بەبەڵگە ناکات ئەوەیە، کە خاوەنی ئەم کەناڵە لەم رێگایەوە بازرگانی بە کاری راگەیاندن دەکات، لە هەموو لایەک پارە وەردەگرێت و سەرانەش دەدات، کاتێک راگەیاندن دەبێتە بازرگانییەکی رووت، سەربەستی خۆی لەدەست دەدات، ئەو ئازادییەی نامێنێت، کە راگەیاندنەکەیان خزمەت بە هاولاتییان بکات، یان کاری جوانی لێبوەشێتەوە.
کەناڵی (NRT) بۆتە کەناڵیکی بازرگانیی، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، بە بزووتنەوەی گۆرانیشەوە خۆیان خستۆتە نێو بەڕێوەبردنی راگەیاندنەکانییەوە، شاسوار عەبدولواحد بۆ پارە هەموو رێکەوتنێک لەگەڵ ئەو حیزبانە و بەرپرسەکاندا ئەنجام دەدات، لە نوێترین هەواڵدا، یەکێک لەسەرچاوەکان دەڵێت، لە لەندەنى پایتەختى بریتانیا رێکەوتنێکى نهێنى لەنێوان شاسوار عەبدولواحید و باڵى دەستڕۆیشتوى ناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان کە شاناز و هێرۆی برایم ئەحمەدن، ئەنجام دراوە، سەرچاوەکە دەڵێت بەو شێوەیە باڵى دەستڕۆیشتوو بڕێک پارەی بە شاسوار عەبدولواحد داوە، دوای ئەوەش ئەو ناخۆشییەی کە لە نێوان فاروقی مەلا مستەفا و شاسواردا هەبوو، هێرۆ هەردووکیانی بەیەک گەیاند و رێکی خستوون، ئیستا وەک باس دەکرێت هەر سێ لایەنەکە نێوانیان خۆشە، تەنانەت شاسوار وەک هاوڕێ و دۆست، سەردانی هێرۆ دەکات، دوای ئەو رێککەوتنەکەی لەندەنیش کە ساڵی پار روویداوە، ئیتر کەناڵی (NRT) لەو ماوەیەدا ئەم راگەیاندنانەی ئەنجام دا:
1. بایەخدان بەبیروراى باڵى دەسترۆیشتووى یەکێتى
2. چاوپێکەوتنى قوباد تالەبانى
3. هێرشکردنە سەر زانکۆى ئەمریکى لة سليمانى و بەرهەم سالح
4. بایەخدان بەهیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وەک خاوەنى یەکێتى
5. هەوڵدان بۆ نزیکبونەوە لە پارێزگارى کەرکوک و بونى پەیوەندییەکى باش.
6. لێدان و رەخنەکردنى ئۆپۆزسیۆنى پێشوو بەتایبەت گۆڕان لەبەشداریکردن لەحکومەت.
7. فراوانکردن و ئاپدەیتکردن و کرین و دروستکردنى دەیان بەشى تر لەکاتى قەیرانى داراییدا وەک HD و کردنەوەى 7 بەشى تر بۆ تۆڕەکە.
8. سیاسەتى فیعل و رەدفیعل لەگەڵ تەلەفزیۆنى رووداوى پارتى دیموکراتى کوردستان.
9. خۆدورخستنەوەى لە روداوەکانى پەیوەست بە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران.
10. نزیکبونەوەى ئاسیاسێڵ و کۆمپانیایى نالیا کە تا 2مانگ لەمەوبەر دوژمنى یەکتربون
ئەمەی سەرەوە وەک بازرگانیکردنی بە راگەیاندنەوە، ئەو بڕوایەی لای خەڵکی نەهێشتتوە کە کەناڵیکی ئازاد بێت، چونکە بەدوایدا و بۆ سەرەتای ئەمساڵیش دیسان گومانی دیکە لەسەر خاوەنی کۆمپانیا و کەناڵەکە دروست بوونەوە،
لە کۆمەڵێک سەرچاوەوە ئەم زانیارییانەی دیکەش لەسەر کەناڵی (NRT) بۆ کوردستانپۆست هاتوون و لێرەدا بڵاویان دەکەینەوە:
1. سێ مانگ کەناڵی (NRT) لەکارکەوت و بە بیانووی ئەوەی سیستەمەکەیان دەگۆڕان بە (HD)، پاش سێ مانگ لەگەڵ کردنەوەی کەناڵەکەدا، سیستەم گۆڕدار لەگەڵیدا لۆگۆی زەرد تێکەڵ بە لۆگۆی کەنالەکە بوو، مایکرۆفۆن بووە زەرد، کۆمەڵێک کەس کە لەلایەن پارتییەوە دەستنیشان کرابوون، هاتنە ناو ئەو کەناڵەوە و کاریان کرد، بینەران یەکسەر هەستیان بەوە کرد، کە ئەو کەناڵە لەلایەن پارتییەوە دەستی تێخراوە، بەردەوامیش ئەم دروشمی بریقەدارە پیشان دەدەن (بوێری، بێلایهنی هاوسهنگی)، رۆژی چهند جارێكیش رایدەگەیەنن، گوایە کەناڵەکەیان تاكه كهناڵی ئههلی بێ لایهنه، سیاسەتی بەڕیوەبردنی بەرنامەکان، هەر وەک بەرنامەی حیزبییەکانە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، راشیدەگەنین گوایە لە ٧٩ وڵاتدا پەیامنیریان هەیە، ئەمە لە کاتێکدا کە کەناڵی رووداو تەنیا ٣٢ پەیامنیری هەیە، ئەم ژمارە زۆرە ئەگەر راست بێت، مانای وایە قسەی خەڵکەکەش راستە، کە دەڵێن (NRT) لەلایەن پارتییەوە یارمەتی دەدرێت.
2. کەناڵی (NRT) وەکو کەناڵە حیزبییەکان بایەخ بە چاوپێکەوتنی دەموچاوە چرچ و لۆچ و بۆیاخکراوەکانی بەرپرسی حیزبەکان دەدات و قسەکانیان وەکو قسەی سیاسیی گەورە و فەیلەسوف و ناودارەکان بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، بایەخ بە هەڵویستە نانیشتیمانیی و نانەتەوەییەکانیان دەدەن، کاتێک مەسعود بارزانی درۆیەکی گەورە بۆ خەڵکی دەکات دەچیتە، ئەمەریکا ئەمان هێندە نزیکبین و خۆشباوەڕن بە خەڵکی دەڵێن جەنابی سەرۆکی کوردستان دەوڵەتی کوردی رادەگەیەنێت و ئیستا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، ئۆباما کۆبۆتەوە و گفتوگۆی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی دەکەن! هەروەها بۆ ئەوەی تام بخەنە ئەم درۆیەوە و مزری بکەن لەڕاپۆرتێکیدا دەڵێن:"مەسعود بارزانی یەکەمجار لەگەڵ باوکی چووە ئەمەریکا، ئەو کاتە داوای کرد بەرپرسانی ئەمەریکا ببینێت ڕێگەیان نەدا، بەڵام دوای ٤٠ ساڵ ئێستا وەک سەرۆکی هەرێم بە ڕەسمی لەلایەن ئەمەریکاوە دەعوەت و پێشوازی دەکرێت، ئێستاش بارزانی لە واشنتۆنە بۆ ئەوەی لەسەر پێگە و چارەنوسی کورد لەداهاتوودا قسە بکات". لە ڕاپۆرتێکی کورتی دیکە دا چەند جار ئێن ئاڕ تی ، وشەی (مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان) دووبارە دەکاتەوە. ئەو بارزانییەی پێش دەستپێکردنی قۆناغی نوێی پەخشەکەیان پێیان دەگوت سەرۆکی ماوە بەسەرچوو.
3. ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر داوای پارتی و پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە ماڵپەڕی خۆیان بەشی کرمانجییەکەیان ڕاگرت، بە بەهانەی قەیرانی ئابووری.
4. ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر ڕاپۆرتە هەواڵێکی ئەو تەلەفزیۆنە لەسەر ڕێنەدانی پارتی بە شاندێک لە سنوری سمێڵکاوە بچێتە ڕۆژئاوای کوردستان سێ کەسی پایەبەرزی ناو پارتی کە ناوەکانیان لامان پارێزراوە بەتەلەفۆن ئێن ئاڕ تی یان وشیار کردەوە و کە جارێکی تر ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە بڵاونەکەنەوە و ئەوانیش بەقسەیان کردن؟.
5. بەڕێوبەرایەتی ئێن ئاڕ تی، بڕیاری داوە کە بانگی هیچ کەسێکی خەڵکی باشووری کوردستان نەکات بۆ تەلەفزیۆنەکەی، کە لایەنگری پەکەکە بێت.
یەکێک لە پرۆژەکانی دیکەی کۆمپانیای نالیا، چاڤیلاندە، خاوەنی ئەم کۆمپانیایە و بە رێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ چەند بەرپرسێکی یەکێتییدا، بەبێ کێشە رووبەرێکی زۆری بناری چیای گۆیژەی لەسەر شاسوار عەبدولواحید تاپۆ کرد و بە فێڵ و ساختە و بەناوی (شاری یاری چافیلاند)ەوە، داوایان لە خەڵکی کرد، بۆ ئەوەی پشکیان لە چاڤیلاندا هەبێت، وەکو (سهم) ببنە خاوەنی شاری یاری چاڤیلاند، خەڵکەکەش ساویلکانە خۆیان بە دەستەوە دا، بەبێ ئەوەی بزانن کە (سهم) کڕین مەرجی بانکی جیهانی و یاسای تایبەت بە خۆی هەیە، بۆیە زۆر کەس بە دەیان دەفتەرە دۆلار و پارەی زۆرەوە کە هەیان بوو، بۆ دروستکردنی ئەو پرۆژەیە دایان بە شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی کۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند، ئیستاش هەر کەسێک بیەوێت بەشە سەهمەکەی خۆی بفرۆشیتەوە، دەست بەڕوویەوە دەنێن و پارەکەی نادەنەوە، پێی دەڵین بچۆ یەکێکی تر وەک خۆت کەر بکە و بیهێنە تا سەهمەکەی تۆ بکڕیتەوە. ساڵانەش چاڤیلاند پارەیەکی زۆر رادەکێشێت و بەشی شێر بەر بەرپرسەکان دەکەوێت و بڕێک پارەی کەم لە سەد دۆلار بۆ پێنجسەد دۆلار بە خاوەنی سەهمەکان دەدرێت. ئەمە جگە لەوەی کە تا ئیستا چاڤیلاند بە دەیان منداڵ لە یاریگاکە کەوتوونەتە خواری و دەست و قاچیان شکاوە و مەرجی پێویستی تێدا نییە بۆ پاراستنی ژیانی ئەو منداڵانەی بۆ یاریکردن روودەکەنە ئەوێ.
پاش ئەوەی پەردە لەسەر بەشێکی کەم لە رێککەوتنە نهێنییەکانی پرۆژەکانی نالیا و کەناڵی (NRT) و شاری یاری چاڤیلاندمان خستە روو، ئەو هەوالەش بڵاودەکەینەوە لەسەر واز هێنای جەند کارمەندێکی کەناڵەلە:
ماوەی چەند مانگێکە چەند کارمەندێکی کەناڵی (NRT) دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، وەک پەیامنیرمان لە سلێمانی بەدواداچوونی کرد دەڵێت وازهێنانی ئەوانە پەیوەندی بەو هەموو خالانەی ئەم راپۆرتەوە هەیە کە ئیستا بڵاودەکرێتەوە، ئەو کارمەندانەش ئەمانەی خوارەوەن:
1. سامان محەمەد بەڕێوەبەری هونەریی
2. زانا مەحمود جێگری پەیوەندییەکان
3. رێبوار عەبدولڕەحمان بەڕیوەبەری بەرنامەکان
پەیامنیرمان دەڵێت ئیستا زۆربەی کارمەندە هونەرییەکان لە هەوڵی ئەوەدان کارەکانیان بگوێزنەوە و بچنە شوێنی دیکە، هەروەها کاوە ئەحمەدیش کە بەڕیوەبەری ژووری هەواڵە لە سیاسەت و کاروباری بەڕیوەبردنی ئەو کەناڵە نارازییە و بۆ دەرفەتێک دەگەڕێت ئەمیش واز بهێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست