کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌هۆڵ ژه‌نه‌کانی شه‌ڕ یان شایی

Wednesday, 27/05/2015, 15:02


هه‌موو شتێك ئه‌گه‌ر بوون و ڕوودانی هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ شتێك له‌وه‌ تاڵتر و ناخۆشتر نیه‌، به‌بێ ئاگاهی خۆت، به‌ناوی دڵسۆزییه‌وه‌‌،‌ بکرێیته‌ کاڵایه‌ك له‌ دژی نه‌ته‌وه‌ و زمان و نیشتیمانه‌که‌ت‌. 
پێش هه‌موو شتێك، مه‌به‌ست له‌ ده‌هۆڵ ژه‌ن، شتێك نیه‌ که‌ به‌که‌م سه‌یر بکرێن یان به‌و مانایه‌ی که‌ خراپ بن، نا.  
من ڕێز له‌هه‌موو که‌سێك ده‌گرم، له‌هه‌ر پله‌ و پایه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسی بێت، وه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر جار نرخی ده‌هۆڵ ژه‌نێك، زۆر له‌ سیاسیه‌ك، مێدیاکارێك یان که‌ناڵێكی ئاراسته‌کراو به‌ نرختربێت.
جیاوازی نێوان ده‌هۆڵ ژه‌نی شه‌ر و شایش ئه‌وه‌یه‌، یه‌کێكیان دڵی خه‌ڵك خۆش ده‌کات و ئه‌وی دیکه‌یان ڕێگه‌ بۆ ڕشتنی خوێن خۆش ده‌کات. 
ئه‌وه‌ی ئێستا که‌ناڵی ئاسمانی ڕووداو له‌ ڕێگای بیستراو و بینراوه‌کانیه‌‌وه‌ ده‌یکات، ڕێگا خۆشکردنه‌ بۆ شه‌ڕێکیتری کورد به‌ کورد(براکوژی). 
بێگومان، وه‌ك چۆن له‌ ئێستادا پارتی بووه‌ به‌ ئاراسته‌کاری حیزبی دیموکرات (مه‌به‌ستم له‌ باڵێکی حیزبی دیموکراته‌)، ئاراسته‌ کاره‌که‌ی ڕووداو تیڤیش له‌ ئه‌نکه‌ره‌ و ئیستانبوڵه‌ و هه‌رکه‌س و لایه‌نێکیان بوێت، وێنه‌یه‌کی به‌ دڵی خۆیانی بۆ ده‌کێشن و ناشرین بێت یان جوان، له‌سه‌ر شاشه‌که‌یان به‌و شێوازه‌ی که‌ خۆیان بیانه‌وێت ده‌ریده‌خه‌ن. 
لێره‌دا حکومه‌ت به‌رپرسیاره‌ له‌ سنووردارکردنیان، به‌ڵام لێپرسینه‌وه‌ له‌ ڕووداو ده‌کرێت؟ به‌ بڕووای من لێپرسینه‌وه‌ له‌ ڕووداو، یه‌کسانه‌ به‌ لێپرسینه‌وه‌ی پارتی و به‌تایبه‌ت نێچیروان بارزانی، هه‌ر بۆیه‌، گه‌ر که‌سی یه‌که‌می حکومه‌ت و خاوه‌نی ڕووداو ده‌سته‌ مۆی ئه‌نکه‌ره‌ بێت، زۆر محاڵه‌ پرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت!
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجمدا بێت، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌و که‌ناڵه‌وه‌، تا ئێستا، زۆر به‌ ڕوونی دیاره‌ دژایه‌تی په‌که‌که‌ (پارتی کرێکارانی کوردستان) و په‌یه‌ده‌ و شۆڕشی ڕۆژ ئاوا ده‌کات.
وه‌ له‌هه‌ر لایه‌ك، بابه‌تێك یان ڕووداوێك، دڵی تورکه‌کانی پێ خۆش کرابێت، ئه‌وان بوون به‌و ده‌هۆڵ ژه‌نه‌ی دوور و نزیك به‌ جۆرێك به‌ئاگا دێنن و وێنای ڕه‌وشه‌که‌ ده‌که‌ن که‌ هه‌موو شتێك خه‌تای په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌یه و به‌ دوولایه‌نی ناشرینیان ده‌‌گوازنه‌وه‌؟!
کات، چونی حیزبی دیموکرات له‌ سنوری پارتیه‌وه،‌ ئه‌و گومانه‌ی له‌لای من نه‌هێشته‌وه‌ که‌ ئه‌وان‌ ده‌سته‌مۆی پارتی بوون، چونکی چونیان به‌و سنوره‌ی که‌ پارتی له‌ ڕووی هێزه‌وه‌ تیایدا باڵا ده‌سته‌ و هه‌ڵبژاردنی شوێنه‌که‌یشیان (کێله‌شین) گومانی نه‌هێشته‌وه‌. وه‌  شۆڕش کردن  و ڕزگارکردنی ڕۆژ هه‌ڵاتی کوردستان، له‌ دووای چه‌ندین ساڵ بێده‌نگی، به‌ته‌نیا له‌و خاڵه‌وه‌ نیه که‌ ئه‌وان ویستیان تیایدا بازگه‌ و باره‌گا دابنێن؟!
ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ بزانن که دژایه‌تی کردنی په‌که‌که‌ زاده‌ی ئه‌مڕۆ نیه‌،‌ تورکیا که‌ هێزێکی گه‌وره‌ی ناوچه‌که‌یه‌ و ئه‌ندامی ناتۆیه‌، هه‌موو هێزی سه‌ربازی خۆی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا تاقی کرده‌وه‌، به‌ڵام سه‌رکه‌و توو نه‌بوو، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان به‌هه‌موو هێزی سه‌ربازی خۆیه‌وه‌ شه‌ڕی په‌که‌که‌ی کرد سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، پارتیش به‌هه‌موو هێزی سیاسی و سه‌ربازی خۆیه‌وه‌ شه‌ڕی په‌که‌که‌ی کرد، سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، شکستی خوارد، هه‌ر وه‌ك له‌ ده‌یلی نیوزدا، بارزانی ده‌ڵێت: "ئێمه‌ سێ هه‌زار پێشمه‌رگه‌مان له‌ دژایه‌تی کردنی په‌که‌که‌دا کرده‌ قوربانی، چیتر ماوه‌ له‌وه‌ زیاتر تا متمانه‌مان پێ بکه‌ن؟" ئه‌وه‌ی که‌ بارزانی ده‌یڵێت و مه‌به‌ستێتی به‌ کوشتدانی کوڕی هه‌ژاری کورده‌، تا تورکه‌کان متمانه‌ی پێبکه‌ن و ده‌ست خۆشی لێبکه‌ن!
 بێگومان حدکایش هێزی ئه‌وه‌ی نیه‌ که‌ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا خۆی تاقیبکاته‌وه‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نیه‌ گه‌ر هێزی هه‌بێت خۆی تاقی بکاته‌وه‌، چونکی ئه‌زموونێکی تاڵمان له‌ شه‌ڕی براکوژیدا هه‌یه‌، مه‌به‌ستم ئه‌و هێزه‌ گرنگ و کاریگه‌ره‌ی په‌که‌که‌یه‌ که‌ له‌ ئیلامه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ده‌ریای ڕه‌ش و ده‌ریا ناوین، سنور و هێزیان هه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ئێستادا باشترین ڕێگا چاره‌ بۆ لێك تێگه‌یشتن و دیاری کردنی ڕێگا و شوێنی خه‌باتی چه‌کدارییان گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا.
من ده‌پرسم، گه‌ر ڕووداو، کاری مێدیای و پیشه‌یی ده‌کات، ئه‌وه‌ی بۆ په‌که‌که‌ و حدکا کردی، بۆ ڕووداوه‌کانی تریش که‌ ڕۆژانه‌  ده‌یبینین چ کۆمه‌ڵایه‌تی بێت یان سیاسی هه‌مان شتی کردووه‌؟ بێگومان ئه‌وه‌ی من بزانم، نا. چونکی سێ تا چوار ڕۆژه‌، هه‌موو دیقه‌تێکیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، چۆن و به‌چه‌ند زمان ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌وره‌ بکه‌ن و بیگوازنه‌وه‌: به‌ زمانه‌کانی عه‌ره‌بی، ئینگلیز، تورکی، گه‌ڕان به‌ نێو شاره‌کانی باکوری کوردستان و تورکیادا،(له‌م کاته‌دا له‌بری ئه‌وه‌ی بچن باس له‌ بابه‌تێك بکه‌ن که‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیاوه‌)، ده‌چن کۆڵان به‌ کۆڵان ده‌گه‌ڕین و پرسیار له‌ خه‌ڵكی ده‌که‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ڕای ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ چیه‌! گه‌ر ئێوه،‌ (ڕووداو تیڤی) پێش وه‌خت و په‌یامنێره‌که‌تان، وێنه‌ی شه‌ڕه‌که‌، بۆ کابرایه‌ك له‌ کۆفیه‌ك یان سه‌ر جاده‌یه‌كی تورکیادا باس نه‌کات، ئه‌و له‌ چی هه‌واڵێك، که‌ناڵێکیتر و ڕۆژنامه‌یه‌کیتر شه‌ڕێکی سێ ده‌قه‌یی له‌ کێله‌ شینه‌وه‌ بیستووه‌ یان بینیووه‌؟!؟‌‌
له‌ ئێستادا، بێده‌نگکردنی ڕووداو بۆ ئاگر خۆش کردنی شه‌ڕی براکوژی، له‌ ده‌ستی پارتیدایه‌، به‌ڵام وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ باسم کرد، خاوه‌نه‌که‌ی کێیه‌ و ده‌سته‌ مۆی کێن‌. وه‌ مه‌به‌ستی پارتی له‌ دروست کردنی ڕووداو تیڤیش چی بوو؟ بێگومان ئه‌وه‌ی که‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌و شاشه‌یه‌ دوباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ و دروست ده‌کرێت، تێکدانی نێو ماڵی کوردییه‌ و، به‌تایبه‌ت تۆمه‌تبارکردنی په‌که‌که‌یه‌ به‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ "داگیرکارانی کوردستان ده‌کات" و به‌ "دیکتاتۆر" ناساندنی په‌یه‌ده‌یه‌.
 له‌ کاتێکدا به‌ بڕووای من، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر شاشه‌ی هه‌ر تیڤیه‌ك، له‌هه‌ر کۆڕ و سه‌کۆ و دیبه‌یتێك و له‌هه‌ر کوێ باسی خیانه‌ت، دیکاتۆریه‌ت، جاشایه‌تی و نیشتیمانی فرۆشی کرا، ده‌بێت پارتی دیموکراتی کوردستان له‌وێدا بێده‌نگ بێت، چونکی ئه‌وان له‌ پله‌ی باڵای خیانه‌تکاری و جاشایه‌تیدان.

سه‌رچاوه‌ی قسه‌کانی بارزانی له‌ حوریەت ده‌یلی نیوزدا:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە