کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خه‌باتی پارتیزانی‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌نفال له‌گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد (بەشی یەکەم)

Tuesday, 19/05/2015, 21:37


قۆناغه‌كانی هێرش‌و شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال له‌به‌هاری ساڵی 1988دا‌، كه‌ له‌لایه‌ن سوپای داگیركه‌ری عێراقه‌وه‌ به‌هه‌شت قۆناغ ئه‌نجامدرا‌، بووه‌ هۆی شكستێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌و جوڵانه‌وه‌ی سیاسی كوردستان.
------------------------------------------------------
گونده‌كانی كوردستان له‌هه‌موو شۆڕشه‌كاندا هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌و پێگه‌و پاڵپشتیكی گه‌وره‌و كاریگه‌ربوون بۆ شۆڕش‌و هێزی پێشمه‌رگه‌، هه‌ربۆیه‌ چۆڵكردن‌و نه‌هێشتن‌و بنه‌بڕكردنی ژیان‌و ئاوه‌دانی له‌لادێكاندا‌، شۆڕشی كوردستان به‌گشتی‌و خه‌باتی چه‌كداریی‌و پێشمه‌رگانه‌ی دوچاری قۆناغێكی سه‌خت‌و دژوار كرد، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و قۆناغه‌ دژواره‌یش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای كوردستاندا، پێشمه‌رگه‌ بڕیاری مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی داو خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و قۆناغه‌یش ڕاهێنا به‌داهینانی شێوازیكی نوێ‌و به‌ده‌سته‌و گروپی بچوك بچوكی چه‌ندكه‌سی، كه‌ به‌مه‌فره‌زه‌ پارتیزانه‌كانی پاش ئه‌نفال ناسران.
گه‌رمیان یه‌كێك بوو له‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌پاش ئه‌نفالی سێ  تا ڕاپه‌ڕین له‌ساڵی 1991دا پێشمه‌رگه‌ی به‌ به‌رده‌وامی لێمایه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی نووسینه‌كه‌ی من په‌یوه‌ندی به‌قۆناغی ئه‌نفالی سێیه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام پێویست به‌وه‌ ده‌كات بۆ ڕونتركردنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كان به‌كورتی باسی به‌شێك له‌قۆناغه‌كانی ئه‌نفال بكه‌ین، كه‌ هه‌ر قۆناغیكیان له‌كات‌و سنورێكی جوگرافی دیاریكراودا ئه‌نجامده‌درا، به‌م شێوه‌یه‌:

ئه‌نفالی یه‌ك: بۆ ناوچه‌كانی سه‌ركردایه‌تی ی.ن.ك بوو له‌سنوری دوكان- كارێزه‌ له‌22/2/1988 ده‌ستیپێكردو له‌19/3/1988 كۆتایی هات.
ئه‌نفالی دوو: بۆ سنووری ناحیه‌كانی بازیان‌و قه‌ره‌داغ‌و به‌شێك له‌سنوری هه‌ردو قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان‌و شاره‌زور بو، له‌28/3/1988 ده‌ستیپێكردو پاش چه‌ند ڕۆژیك كۆتاییهات.
ئه‌نفالی سێ: بۆ سنوری قه‌زاكانی خورماتو، كفری، كه‌لارو به‌شێك له‌سنووری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ بو، له‌7/4/1988 ده‌ستیپێكردو له‌15/4/1988 كۆتاییهات.
ئه‌نفالی چوار: بۆ سنوری قه‌ڵاسێوكه‌و خاڵخاڵان‌و شێخ بزێنی‌و چه‌می ڕێزان بوو، له‌3/5/1988 ده‌ستیپێكردو له‌دوای چه‌ند ڕۆژێك كۆتاییپێهات. دواتر ئه‌نفالی 5و ئه‌وانیتر تا ئه‌نفالی هه‌شت.

كۆتایی ئه‌نفالی سێ‌و بڕیاری مانه‌وه‌:
به‌و پێیه‌ی یه‌كێك بووم له‌و پێشمه‌رگانه‌ی پاش كۆتاییهاتنی ئه‌نفالی 3‌، له‌گه‌رمیان مامه‌وه‌‌، ئاگاداری ورده‌كاری چۆنیه‌تی بڕیاری مانه‌وه‌م بۆ به‌شێك له‌و فه‌رمانده‌و كادرو پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ پێكه‌وه‌ بووین. ئه‌م نووسینه‌ تایبه‌ته‌ به‌و وێستگه‌یه‌و هه‌وڵم داوه‌ ئه‌وه‌ی خۆم ئاگاداریم‌و شاهیدی بوم‌و دیومه‌‌، به‌بێ زیادكردن‌و كه‌مكردنه‌وه‌‌، به‌دروستی بیخه‌مه‌ به‌رچاوی خه‌ڵكی كوردستان. باسی بابه‌ت‌و ڕوداوو به‌سه‌رهاته‌كانی تر بمێنێته‌وه‌ بۆ كاتێكی تر‌، ئه‌كرێت من‌و پێشمه‌رگه‌ پارتیزانه‌كانی تریش‌، له‌داهاتودا باسیان بكه‌ین‌و له‌سه‌ریان بنوسین.
به‌پشتبه‌ستن به‌هه‌ندێ زانیاری دیاریكراو كه‌ له‌و كاتانه‌دا ڕۆژانه‌ نوسیومه‌ته‌وه‌و بونی چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك له‌لام، ناوی ئه‌و پێشمه‌رگه‌و ده‌ستانه‌ بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ به‌شداربون له‌قۆناغی پارتیزانی پاش ئه‌نفاله‌كاندا‌، به‌تایبه‌ت ناوی ئه‌و پێشمه‌رگه‌و كادرو فه‌رماندانه‌ی كه‌ له‌پاش كۆتاییهاتنی لێبوردنه‌كه‌ی مانگی 6/9/1988 - 6/10/1988 مانه‌وه‌و به‌رده‌وام بوون. هه‌روه‌ها ئه‌و ئاڵوگۆڕو گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ده‌سته‌كان‌و پێشمه‌رگه‌كاندا هاتووه‌ تا كۆتایی مانگی 12/1990‌، وه‌كو هاتنه‌وه‌و ڕۆیشتنی ده‌سته‌كان بۆ ئێران‌و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی ده‌سته‌و پێشمه‌رگه‌كان. بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی ئه‌م ورده‌كاریانه‌ پاشكۆیه‌كم بۆ ئه‌م نووسینه‌ ئاماده‌ كردووه‌.

سنوری جوگرافی ئه‌نفالی سێ:
ئه‌نفالی سێ سنووری به‌شیك له‌مه‌ڵبه‌ندی 1ی  "ی.ن.ك"ی ئه‌و كاته‌ی گرته‌وه‌. (حزب‌و هێزه‌ سیاسیه‌كانی تریش وه‌كو پارتی‌، سۆشیالست‌و حزبی شیوعیش له‌م سنووره‌دا باره‌گاو هێزیان هه‌بوو‌، به‌ڵام هێزی گه‌وره‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌م سنووره‌دا هێزی ی.ن.ك بوو). بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاو ڕوونتر بین به‌پێویستی ده‌زانم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باسی هه‌یكه‌لی ڕیكخستنی مه‌ڵبه‌ندو سنووره‌ جوگرافیه‌كه‌ی‌و ئه‌و تیپانه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌كه‌وتنه‌ سنووری بازنه‌ی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی 3.
مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك، له‌ڕووی جوگرافییه‌وه‌ سنووری قه‌زاكانی خورماتو، كه‌لار، كفری، ده‌ربه‌ندیخان، هه‌ڵه‌بجه‌و به‌شێك له‌سنووری قه‌زاكانی پێنجوین‌و قه‌زای مه‌ركه‌زی سلێمانی‌و به‌شێك له‌چه‌مچه‌ماڵی ده‌گرته‌وه‌. له‌ساڵه‌كانی پاش 1985 سنوری پێنجوێن‌و به‌شێك له‌هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ مه‌یدانی شه‌ڕی عێراق- ئێران‌و وێرانكرا.

پێكهاته‌ی مه‌ڵبه‌ند:
- كاك قادری حاجی عه‌لی: لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ند
- كاك عمر فتاح: لێپرسراوی دارایی مه‌ڵبه‌ند
- كاك شێخ جه‌عفه‌ر: كاروباری پێشمه‌رگه‌
- كاك ئاوات قاره‌مانی: كاروباری پێشمه‌رگه‌
- كاك ڕۆسته‌م: كاروباری پێشمه‌رگه‌
- كاك شێخ علی شێخ حه‌مه‌ساڵح: لیپرسراوی ڕابه‌ره‌ سیاسیه‌كانی سنووری مه‌ڵبه‌ند
- مامۆستا ساڵح ژاژڵه‌یی: لێپرسراوی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌ڵبه‌ند
باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك له‌قۆپی قه‌ره‌داغ بوو، ئه‌و تیپانه‌ی كه‌ سنوره‌كه‌یان ئه‌كه‌وته‌ چوارچێوه‌ی قۆناغی ئه‌نفالی سێ، بریتی بوون له‌:
* تیپی 51ی گه‌رمیان ـ باره‌گاكه‌ی له‌دێی بانی مۆرد بو له‌سنوری ناحیه‌ی سه‌نگاو
* تیپی 53ی شیروانه‌ ـ باره‌گاكه‌ی له‌نزیك  دێی چرچه‌قه‌ڵا بو
* تیپی 59ی حه‌مرین ـ باره‌گاكه‌ی له‌دێی گوڵباخ-قادركه‌ره‌م بو
* به‌شێكی بچوك له‌سنوری تیپی 17ی زمناكۆ
سه‌ره‌ڕای ئه‌و سێ تیپه‌، باره‌گای مه‌ڵبه‌ندو تیپی باره‌گای مه‌ڵبه‌ندو تیپی 55ی قه‌ره‌داغ‌و تیپی ١٧ی زمناكۆو به‌شێك له‌تیپی 57ی سه‌گرمه‌ كه‌ به‌هۆی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی دوو‌، ناوچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن سوپاو جاش داگیركرا بو هاتبونه‌ سنوری گه‌رمیان. باره‌گای مه‌ڵبه‌ند پاش داگیركردنی قۆپی قه‌ره‌داغ گواسترابوه‌وه‌ بۆ دێی تیله‌كۆی قه‌له‌نده‌ر له‌سنوری ناحیه‌ی  سه‌نگاو.
ئه‌نفالی 3، ڕۆژی 7/4/1988 به‌هێرشی جاش‌و سوپای عێراق، به‌پاڵپشتی تۆپخانه‌و هه‌لیكۆپته‌ر، له‌چه‌ند قۆڵیكه‌وه‌ ده‌ستیپێكردو پلانی هێرشه‌كه‌ وا دانرا بوو هه‌موو قۆڵه‌كان پاش ته‌واو كردنی ئامانجی شاڵاوه‌كه‌ له‌سنوری ناحیه‌ی سه‌نگاوو بناری زنجیره‌ چیای نێوان سه‌نگاوو ده‌ربه‌ندیخان یه‌كبگرنه‌وه‌‌، تا ڕۆژی 14و15/4/1988 زۆربه‌ی ئامانجه‌كه‌یان جێبه‌جێكرد. زۆرترین ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌و ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ تا ئه‌و كاته‌ مابوونه‌وه‌ به‌ئاراسته‌ی سنوری دێهاته‌كانی ناحیه‌ی سه‌نگاو، پاشه‌كشه‌مان كرد.
تا ڕۆژی 14/4/1988 به‌شێكی زۆر له‌هێزی پێشمه‌رگه‌و پێكهاته‌كانی تری ئه‌و كاته‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌‌، له‌گوندی مه‌سۆیی به‌رگه‌چ‌و چه‌ند گوندێكی تری نزیك‌و ده‌وروبه‌ری مه‌سۆیی لای كاك قادری حاجی عه‌لی‌و براده‌رانی مه‌ڵبه‌ند كۆبوینه‌وه‌. زۆربه‌ی لێپرسراوه‌كانی ئه‌و كاته‌ی سنووری مه‌ڵبه‌ندو ئه‌و تیپانه‌ی كه‌ پێشتر باسمان كردن له‌وێ‌ بون. هێرشی سوپاو  جاشیش به‌رده‌وام له‌زیادبوندا بو رۆژ له‌دوای رۆژ گوندو شوێنی زیاتریان داگیرده‌كردو بازنه‌ی هێرش‌و گه‌مارۆیان له‌سه‌رمان ته‌سكتر ده‌كرده‌وه‌‌، بۆیه‌ بڕیار درا پاشه‌كشه‌ به‌هێزه‌كان بكریت بۆ سنووری تیپی 25ی خاڵخاڵان‌و تیپی 21ی كه‌ركوك‌، كه‌ سنوره‌كه‌یان ده‌كه‌وته‌ سه‌روی ڕێگای سه‌ره‌كی بازیان-چه‌مچه‌ماڵ-قه‌ره‌هه‌نجیر-كه‌ركوك.
به‌رنامه‌ی ‌چۆنیه‌تی‌ پاشه‌كشه‌ش دانرا‌، به‌چه‌ند ڕه‌تڵ‌و له‌چه‌ند رێگایه‌كی جیاوازه‌وه‌ بێت به‌ئاڕاسته‌ی جێگای مه‌به‌ست. ئه‌و بڕیاره‌ ناچارییه‌ شه‌وی 14 له‌سه‌ر 15ی /4/1988 درا. هه‌موو ڕۆژه‌كانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال‌و به‌تایبه‌ت هه‌ردو ڕۆژی 14و 15/4 له‌رۆژه‌ هه‌ره‌ ناخۆش‌و پڕ له‌ژان‌و ئازاره‌كانی هه‌ر یه‌كێكمان بوو. هه‌ر كه‌سه‌و ده‌یان پرسیاری بێوه‌ڵام‌و بیری ئاڵۆزكاو له‌مێشكیدا بو ده‌رباره‌ی قۆناغی داهاتو، چاره‌نووسی خه‌ڵك‌و پێشمه‌رگه‌و شۆڕش، چونكه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ئه‌وه‌نده‌ دژوار بوو، ئاسان نه‌بو پێشبینییه‌كی دروست بۆ داهاتو بكرێت‌و هه‌موو شتێك ئاڵۆزو نادیارو ته‌مومژاوی بو.
له‌و ڕۆژانه‌دا كۆی دیمه‌نه‌كه‌ بریتی بو له‌وێرانی‌و سوتماك‌و دێهاتی ڕه‌ش داگه‌ڕاو كه‌ مایه‌ی خه‌مێكی قوڵ بو بۆ هه‌مومان، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ پێویستمان به‌پشودرێژی‌و ئیراده‌ی به‌هێزو چاوه‌ڕوانی خوڕاگرانه‌ هه‌بو، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌وه‌مان هه‌ڵبژاردو له‌سه‌ری به‌رده‌وام بوین. له‌و كاته‌دا هه‌ستم به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ئه‌ركێكی قورس كه‌وتوه‌ته‌ سه‌رشانی هه‌مومان‌و پێویست بوو به‌رامبه‌ر به‌و ئه‌ركه‌ شتێك بكه‌ین. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌م به‌بیرداهات‌و له‌خۆم پرسی: "ئایا ناكرێت له‌ناوچه‌ چۆڵكراوه‌كاندا بمێنینه‌وه‌و درێژه‌ به‌شۆڕش‌و پێشمه‌رگایه‌تی بده‌ین؟" (دیاره‌ من ته‌نها كه‌س نه‌بوم كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بیرم ده‌كرده‌وه‌)، به‌ڵام له‌و ساته‌وه‌خته‌دا‌، هیچ كه‌س بیرۆكه‌ی له‌و بابه‌ته‌ی بۆ باس نه‌كردم، لای خۆمه‌وه‌ بڕیارمدا ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌م‌و ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بۆ چه‌ند كه‌سێك باس بكه‌م‌، هه‌مان شه‌وی  14 له‌سه‌ر 15/4/1988 قسه‌م له‌گه‌ڵ شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش كردو بیرۆكه‌كه‌م بۆی باس كرد‌، ئه‌ویش وتی (منیش هه‌مان بیرۆكه‌م هه‌یه‌و پێمباشه‌ بمێنینه‌وه‌) وا ڕێككه‌وتین قسه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تریش بكه‌ین‌و شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش وتی: له‌گه‌ڵ هێزه‌كه‌دا ده‌ڕۆم تا له‌ڕیگای سلێمانی-بازیان-چه‌مچه‌ماڵ ده‌په‌ڕنه‌وه‌ به‌ری ئه‌وبه‌رو دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌. هه‌رواشی كردو پاش په‌ڕینه‌وه‌ی هێزه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لامان‌، دوای ئه‌و قسه‌كردن‌و ڕێككه‌وتن‌و بڕیاره‌مان له‌گه‌ڵ شه‌هید حه‌مه‌ڕه‌ش دڵخۆشبووم‌، چونكه‌ شه‌هید حه‌مه‌ڕه‌ش یه‌كێك بوو له‌فه‌رمانده‌ هه‌ره‌ ئازاو بوێرو خاوه‌ن هیمه‌ت‌و مشورخۆره‌كان. بۆ ڕۆژی 15/4/1988 قسه‌م له‌گه‌ڵ مام جه‌لال ئه‌مین كاكه‌ كرد (یه‌كێك له‌پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌كانی گه‌رمیان)‌، ئه‌ویش پێیباش بوو، وتی قسه‌ له‌گه‌ڵ كاك حه‌مه‌ ئاخه‌و كاك كه‌ریم حسێن ده‌كات. دواتر ئاگاداری كردم كه‌ هه‌ردوكیان ڕازین به‌مانه‌وه‌‌، منیش قسه‌م له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تر كردو ئه‌وانیش بڕیاری مانه‌وه‌یان داو له‌ئه‌نجامدا بووین به‌12 كه‌س. پاش ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاك قادری حاجی عه‌لی قسه‌م كردو بۆم باسكرد كه‌ بڕیارمانداوه‌ بمێنینه‌وه‌‌، ئه‌ویش پێیباش بوو، پشتیوانی بڕیاره‌كه‌مانی كردو هه‌ندێ پێداویستیشی بۆ دابین كردین.
ئه‌وه‌ی بیرم مابێت پاش ئه‌ویش له‌گه‌ڵ كاك عومه‌ر فه‌تاح‌و كاك شێخ جه‌عفه‌رو كاك ئاوات قاره‌مانی‌و كاك مه‌حمود سه‌نگاوی‌و كاك عادل شكورو چه‌ند كه‌سێكی تر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست قسه‌م كرد‌، ئه‌وانیش پشتیوانی بڕیاره‌كه‌یان كردین. له‌و هێزه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ كاك قادری حاجی عه‌لی‌و براده‌رانی تر له‌گوندی مه‌سۆی به‌رگه‌چ كۆبوبوینه‌وه‌، ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ بڕیاری مانه‌وه‌مان دا، به‌ڵام وه‌كو پێشتر باسم كرد له‌و رۆژه‌دا ته‌واوی هێزه‌كان له‌وێ‌ نه‌بون به‌ڵكو زۆربه‌ی هێزه‌كان له‌وێ بوون‌، چونكه‌ به‌هۆی فراوانی به‌ره‌كانی شه‌ڕو قورسی هێرشه‌كان‌و نه‌بونی هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌و  هاتوچۆ به‌شێك له‌هێزه‌كه‌ نه‌گه‌یشتبون‌و هێشتا له‌شوێنی تر بوون.
12 كه‌سه‌كان‌ بریتی بوین له‌:
1. كاك عوسمان مه‌حمود محمد (عوسمانی حاجی مه‌حمود)
2. كاك محه‌مه‌د حسێن سلێمان (حه‌مه‌ ئاخه‌) سه‌نگاو، له‌مانگی 12ی 1991 له‌هێرشی سوپای عێراق بۆ سنوری چه‌مچه‌ماڵ له‌بان جه‌باری شه‌هید بوو.
3.    مام جه‌لال ئه‌مین كاكه‌ (مام جه‌لال) كفری‌، له‌ساڵی 2001 كۆچی دوایی كرد. 
4. كاك كه‌ریم حسێن، پاش ماوه‌یه‌ك ته‌سلیم بۆوه‌ (له‌ڕاپه‌ڕینی 1991 به‌سه‌ختی له‌خورماتو بریندار بوو).
5. كاك شكور ره‌شید نه‌جم (شكور 12 ئیمامی) كفری‌، له‌ڕاپه‌ڕین له‌11/3/1991 له‌سێڕیانی سلێمان به‌گ له‌نێوان خورماتو- كفری له‌لایه‌ن هێزه‌كانی موجاهدینی خه‌ڵقی ئێران كه‌ له‌ڕاپه‌ڕیندا هاوكارو پشتیوانی سوپای عێراق بوون شه‌هیدكرا.
6. كاك جه‌مال مه‌دحه‌ت (جه‌ماله‌ سور) هۆمه‌ر بلی‌، مانگی 7ی 1988 به‌هۆی بۆسه‌ی جاشه‌وه‌ له‌ناو باخه‌كانی دێی هۆمه‌ربل شه‌هید كرا.
7. كاك بورهان عه‌لی ڕۆسته‌م (بورهان 12 ئیمامی)‌، كفری‌، له‌11/3/1991 له‌مه‌فره‌قی سلێمان به‌گ له‌نێوان خورماتو-كفری له‌لایه‌ن موجاهدین شه‌هیدكرا.
8. كاك عوسمان عه‌لی سه‌مین (عوسمان تلیشانی) كفری‌، له‌ڕۆژی 7/10/1991 له‌هێرشی سوپا بۆ سه‌ر كفری‌و سه‌رقه‌ڵا به‌سه‌ختی بریندار بوو.
9. كاك شكور محه‌مه‌د سلێمان (شكور قه‌ره‌بڵاغی) ئه‌فسه‌ره‌ له‌ئاسایشی گه‌رمیان به‌پله‌ی (عه‌مید).
10. كاك جه‌مال ره‌شید ساڵح (جه‌مال شێخ حه‌میدی) قادركه‌ره‌م‌، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
11. سه‌باح عومه‌ر وه‌لی (سه‌باح شێخ حه‌میدی) قادركه‌ره‌م ، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
12. كاك ره‌فیق ئه‌حمه‌د ره‌شید‌، كارێزه‌-ناحیه‌ی ڕزگاری. دواتر ته‌سلیم بوه‌وه‌.
جگه‌ له‌ئێمه‌ چه‌ند مه‌فره‌زه‌و پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌و كادرێكی تریش مانه‌وه‌، كه‌ ڕۆژی 15/4 پێكه‌وه‌ نه‌بووین‌و ئه‌وان له‌جێگای تر بوون‌، به‌ڵام من ئاگاداری شێوازی بڕیاری مانه‌وه‌یان نیم. هه‌روه‌ها له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری كوردستانیش له‌پاش ته‌واوبوونی قۆناغه‌كانی ئه‌نفال پێشمه‌رگه‌ مانه‌وه‌و له‌هه‌ندێ‌ ناوچه‌یش پاش چۆڵكردن‌و پاشه‌كشه‌، پێشمه‌رگه‌ هاتنه‌وه‌‌، ورده‌كاری بڕیاری مانه‌وه‌ یان هاتنه‌وه‌یان لای خۆیانه‌. ئه‌و ناوچانه‌ش بریتی بوون له‌سنوری دۆڵی جافایه‌تی- پیره‌مه‌گرون‌، ده‌شتی هه‌ولێر‌،خاڵخاڵان‌و چه‌می ڕێزان‌، شارباژیڕ‌، شاخی به‌مۆو خۆشك‌، سنووری كۆیه‌‌، شاخی كاروخ‌و ناوچه‌ی ڕواندز...هتد به‌ڵام له‌گه‌رمیاندا له‌پاش كۆتاییهاتنی شاڵاوی ئه‌نفالی سێ كه‌ ڕۆژی 15/4/1988 بوو، ناوچه‌كه‌مان چۆڵنه‌كردو ماینه‌وه‌.
ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێش گه‌رمیان به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتن‌، پێشمه‌رگه‌ی لێنه‌مایه‌وه‌‌، به‌ڵكو  پاش چه‌ند مانگێك له‌پاشه‌كشه‌، ئینجا هاتنه‌وه‌. پێویسته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ تۆمار بكه‌ین‌، كه‌ ئه‌و شێوازه‌ نوێیه‌ له‌خه‌باتی پارتیزانی‌، له‌گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردو گه‌رمیان بو به‌یه‌كه‌مین وێستگه‌ی ئه‌وجۆره‌ له‌داهێنان‌و خۆڕاگری‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌و كۆڵنه‌دان. 
هه‌ر له‌به‌شێكی تری گه‌رمیان‌، له‌سنووری تیپی 21ی كه‌ركوك‌و 25 خاڵخاڵان، دوای ته‌واوبونی ئه‌نفالی چواره‌م  كه‌  له‌3/5/1988 ده‌ستیپێكردو پاش چه‌ند ڕۆژێك كۆتاییهات. ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌و كادر له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ مانه‌وه‌. دواتریش له‌مانگی 10/1988دا ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی شه‌هید غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی هاتنه‌وه‌ بۆ سنووری دۆڵی جافایه‌تی‌و ئه‌و سنووره‌ش بوو به‌یه‌كێكی تر له‌و ناوچانه‌ی كه‌ تا ڕاپه‌ڕین پێشمه‌رگه‌ی لێمایه‌وه‌. پێش ئه‌نفالی یه‌ك ئه‌م ناوچه‌یه‌ جێگای باره‌گاكانی مام جه‌لال‌و كاك نه‌وشیروان‌و مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی‌و مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری‌و راگه‌یاندن‌و مه‌ڵبه‌ندی دو بو، له‌ئه‌نفالی یه‌كدا وێرانكراو چۆڵكرا.
ڕۆژی 15/4/1988 هێزی پێشمه‌رگه‌ی سنووره‌كه‌ به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ دانرابوو ده‌ستیان به‌كشانه‌وه‌ كرد. ئێمه‌ش 12 پێشمه‌رگه‌كه‌ له‌گوندی مه‌سۆیی به‌رگه‌چ ماینه‌وه‌‌، هه‌ندی خوارده‌مه‌نی‌و پێداویستیمان دابینكردو به‌رنامه‌مان بۆ ڕۆژه‌كانی داهاتو دانا كه‌ چیبكه‌ین. هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ ئه‌م خاڵانه‌مان له‌به‌رچاو گرت:
• خۆمان له‌هێزه‌كانی دوژمن بپارێزین.
• سۆراخی ده‌نگوباسی خه‌ڵك بكه‌ین‌و بزانین دوژمن چیان به‌سه‌ردێنێت.
• ئه‌و پێشمه‌رگه‌و مه‌فره‌زانه‌ی تر كه‌ به‌هۆی هێرش‌و په‌لاماری دوژمنه‌وه‌ دابڕابوون یان بڕیاری مانه‌وه‌یان دابوو، یه‌كتر ببینینه‌وه‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ین.
• ئه‌و ئازوقه‌و پێداویستیانه‌ی كه‌ له‌ناو گونده‌ ڕوخاوه‌كان‌و ده‌وروبه‌ری گونده‌كان مابوون‌، له‌جێگای باشدا بیانشارینه‌وه‌.
پاش چه‌ند ڕۆژێك كه‌ سوپاو جاش دێهاته‌كانیان سووتاندن‌و  ڕوخاند‌، له‌زۆربه‌ی جێگاكان كشانه‌وه‌. له‌كاتی پرۆسه‌ی شاڵاوه‌كه‌دا خه‌ڵكی دێهاته‌كان سه‌رباریی تاڵانكردنی ماڵ‌و سه‌روه‌ت‌و سامانیان سه‌رگه‌ردان بون‌و بون به‌چه‌ند به‌شێكه‌وه‌:
* هه‌ندێكیان چونه‌ ئۆردوگاو شارۆچكه‌كان‌و لای خزم‌و دۆست‌و كه‌سوكاریان‌و كه‌سانی نیشتمانپه‌روه‌ر خۆیان شارده‌وه‌.
* به‌شێكیان كه‌ له‌ڕوی ژماره‌وه‌ زۆرترین به‌ش بوو، به‌ره‌و ئۆردوگاو شارۆچكه‌كان ڕۆیشتن‌، له‌ڕێگادا له‌لایه‌ن سوپاو جاشه‌وه‌ گیران‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی تر كه‌ سوپا له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا گرتبونی له‌چه‌ند جێگایه‌ك كۆكرانه‌وه‌و به‌سه‌ربازو جاشی كورد ده‌ورگیران. ئه‌و جێگایانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی دێهاته‌كانیان تیا كۆكرده‌وه‌ بریتی بوو له‌گوندی مله‌سووره‌ له‌ناحیه‌ی سه‌رقه‌لڵا-كفری‌، له‌ڕۆژی 14/4/1988دا له‌م جێگایه‌دا زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵكی گونده‌كان كه‌ كۆكرابونه‌وه‌ ڕاگوێزران به‌ره‌و چاره‌نووسی نادیار، دواتر زانرا بۆ كۆمه‌ڵكوشتن‌و زینده‌به‌چاڵكردن راپێچیان كردون. له‌به‌ر هه‌مان هۆ له‌كۆنفرانسی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ڕوناكبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی پارێزگای كه‌ركوكدا پێشنیارێك درایه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا ڕۆژی 14/4/1988 بكرێته‌ ڕۆژی یاد كردنه‌وه‌ی ئه‌نفال. جگه‌ له‌و شوێنه‌ به‌رزاییه‌كانی ئیمام شاسوار له‌نزیك ناحیه‌ی سه‌نگاوو ناو ناحیه‌ی قادر كه‌ره‌م...هتد جێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی دێهاته‌كان بوو، دواتریش گواستنه‌وه‌یان بۆ ناحیه‌ی قۆره‌تو (خانه‌قین) له‌وێشه‌وه‌ بۆ تۆپزاوا (دوبز)و پاشان ڕه‌وانه‌كردنیان بۆ كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ‌و زینده‌ به‌چاڵكردن. هه‌ندێك پیرو به‌ساڵاچوو  ژن‌و منداڵیش ڕه‌وانه‌ی گرتوخانه‌ی نوگره‌سه‌لمان كران له‌باشووری عێراق.
* ژماره‌یه‌كی كه‌م به‌شێوه‌ی تاك‌و ته‌را له‌ده‌وروبه‌ری گونده‌ ویرانكراوه‌كان مانه‌وه‌و خۆیان په‌نادا.
* ژماره‌یه‌كیش كه‌ زۆربه‌یان كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌ بوون له‌گه‌ڵ هیزی پێشمه‌رگه‌ ڕۆیشتن‌و قۆناغ به‌قۆناغ له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام بوون تا سنووری ئێران‌و دواتریش بۆ ناو ئێران.
پاش كشانه‌وه‌ی زۆربه‌ی هێزه‌كانی دوژمن‌، كه‌وتینه‌ گه‌ڕان‌و سوڕانه‌وه‌ له‌گونده‌ وێرانكراوه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێ خه‌ڵكمان بینی كه‌ مابونه‌وه‌، هه‌واڵی ئه‌و پێشمه‌رگه‌و مه‌فره‌زانه‌شمان زانی كه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی پێش 15/4/1988، له‌یه‌كتر دابڕابووین یان بڕیاری مانه‌وه‌یان دابوو. ڕێوشوینی یه‌كتر بینینمان له‌گه‌ڵیان داناو ماوه‌یه‌ك سه‌رقاڵی یه‌كتربینین‌و ئاگاداركردنه‌وه‌ی یه‌كتر بوین.
ئه‌وانه‌ی كه‌ مابونه‌وه‌‌، جگه‌ له‌شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش‌و ده‌سته‌كه‌ی  كه‌ پێشتر باسمان كرد بریتی بوون له‌:
* كاك شێخ كه‌ریم‌و شه‌هید سه‌ید جه‌وهه‌رو چه‌ند فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ك.
* شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د كه‌لاری‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك
* شه‌هید مه‌حمود مامه‌ عه‌زه‌و كاك سدیق عه‌لی تۆفیق‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك.
* شه‌هید سه‌ید محه‌مه‌دو كاك موكه‌ڕه‌م ره‌شیدو چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك.
* كاك عه‌دنان حه‌مه‌ی میناو چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك.
* شه‌هید ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شیدو  چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك
* كاك مه‌لا سه‌عیدو چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك 
له‌گه‌ڵ شه‌هید ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شیدو كاك مه‌لا سه‌عیدو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیان بون‌، یه‌كمان گرته‌وه‌و بووین به‌یه‌ك ده‌سته‌. كاك مه‌لا سه‌عید له‌هێرشی ئه‌نفالی سێدا له‌دێی باوه‌كر بریندار ببوو‌، هێشتا چاك نه‌ببوه‌وه‌.
* شه‌هید حه‌مه‌ دوزی‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك
* شه‌هید ئازاد به‌رغه‌ش‌و شه‌هید جه‌لال حاجی جه‌بارو ئاسۆ
* شه‌هید ئه‌حمه‌د چوارشاخی‌و مامۆستا عه‌لی زه‌نگه‌نه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌حزبی شیوعی عێراق.
* مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاڵای شۆڕش.
* چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی تاك‌و ته‌رای حزبه‌كانی تر.
* ژماره‌یه‌كی زۆر پێشمه‌رگه‌ی تری ی.ن.ك به‌شێوه‌ی ده‌سته‌ یان چه‌ند كه‌سی پێكه‌وه‌ بون.


ئه‌و ده‌سته‌و پیشمه‌رگانه‌ش كه‌ ناوم هێنان یان ئه‌وانه‌ش كه‌ ناوم نه‌هێناون ببوون به‌چه‌ند به‌شێك:
- هه‌ندێكیان به‌شێوازو ڕێگای جیاجیا ڕۆیشتن بۆ سنوری ناوچه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی سێ (پاریزگای هه‌ولێر)و بناری قه‌ندیل كه‌ هێشتا شاڵاوی ئه‌نفالی پێنه‌گه‌یشتبوو‌، وه‌كو شه‌هید حه‌مه‌ دوزی‌و كاك ئه‌نوه‌ر دۆڵانی‌و كاك سالار عه‌بدوڵا‌، كاك شێخ ته‌های سه‌نگاو‌، كاك عادل نادر‌و كاك ئه‌حمه‌دی برای، كاك رزگاری حاجی كائیل، كاك جه‌لال كه‌ریم عیسی (م.جه‌لال)و كاك ئه‌كره‌م كه‌ریم عیسی‌و زۆری تریش.
- هه‌ندێكیان له‌ناوچه‌ چۆڵه‌كان یان شارو ئۆردوگاكان خۆیان شارده‌وه‌و خۆیان په‌نادا‌، تا لێبوردنه‌ گشتیه‌كه‌ی 6/9/1988-6/10/1988 له‌و كاته‌دا ته‌سلیم بوونه‌وه‌.
ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ به‌ناچاری ته‌سلیمی عێراق بونه‌وه‌‌، چه‌ند كه‌سێك نه‌بێت، ئه‌وانی تر هیچ هاوكاریه‌كی دوژمنیان نه‌كردو ئاماده‌ نه‌بوون مل بۆ داواو فشاره‌كانیان كه‌چ بكه‌ن‌، ته‌سلیم بوونه‌وه‌شیان به‌هۆی تێكچوونی بارودۆخی شۆڕش‌و پێشمه‌رگایه‌تی پاش ئه‌نفاله‌كان بوو، ئه‌گینا حه‌زیان نه‌ده‌كرد ته‌سلیم ببنه‌وه‌.
- هه‌ندێكیان به‌پرس‌و ڕاو بڕیاری خۆمان ته‌سلیم بونه‌وه‌و دواتر له‌شاره‌وه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كردین. هه‌ندێكیشیان له‌پاش ته‌سلیم بونه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردین‌و دواتر به‌پێی توانا هاوكارمان بون تا ڕاپه‌ڕین.
- پاش كۆتاییهاتنی شاڵاوی  ئه‌نفالی سێ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ ڕاسته‌وخۆ ته‌سلیم بونه‌وه‌. به‌شێكیان شه‌هیدو بێسه‌روشوێن كران‌، وه‌كو شه‌هید عه‌سكه‌ر شێخانی‌و هاوڕێكانی‌، هه‌روه‌ها كاك عومه‌رو كاك غه‌ریب‌، هه‌ردووكیان برای شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی بون‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌گه‌ڵیان بون.
- هه‌ندێكیشمان ماینه‌وه‌‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ ماینه‌وه‌ له‌ڕووی ماوه‌ی مانه‌وه‌ وه‌كو یه‌ك نه‌بوین‌، چونكه‌ ده‌سته‌و پێشمه‌رگه‌ی وا هه‌بوو ساڵ‌و دوو ساڵ یان زیاتر مایه‌وه‌‌، هی واش هه‌بوو چه‌ند مانگێك مانه‌وه‌‌، له‌پاشكۆكه‌دا ناوی ده‌سته‌و پێشمه‌رگه‌كان‌و ماوه‌ی مانه‌وه‌و ڕۆیشتنیان بۆ ئێران یان كاتی هاتنه‌وه‌و ماوه‌ی مانه‌وه‌یان‌و دوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئیران‌و  ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی كه‌ دروستبوون رونده‌كه‌مه‌وه‌.
ئه‌و ماوه‌یه‌ی پاش ئه‌نفال تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سێ ساڵ ده‌كریت پۆلینی بكه‌ین بۆ 3 قۆناغ:                     
قۆناغی یه‌كه‌م: ئه‌م قۆناغه‌ له‌15/4/1988 ده‌ستپێده‌كات تا ڕۆژی 6/10/1988. له‌م قۆناغه‌دا كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش مانگی خایاند ژماره‌یه‌كی زۆر پێشمه‌رگه‌ مابوینه‌وه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی تریش له‌ناوچه‌كانی تره‌وه‌ هاتنه‌وه‌ بۆ لامان‌، جگه‌ له‌مه‌ش كاك ئازادی سه‌گرمه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌و كادرو پێشمه‌رگه‌، له‌ڕۆژی22/8/1988دا گه‌یشتنه‌ سنووری گه‌رمیان. له‌هه‌مانكاتدا كاك رۆسته‌میش گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سنوری كه‌ركوك. كاك ئازادی سه‌گرمه‌و كاك ڕۆسته‌م له‌بناری قه‌ندیله‌وه‌ به‌ئاگاداری‌و بڕیاری كاك نه‌وشیروان مسته‌فاو كاك ملازم عومه‌ر هاتبونه‌وه‌ بۆ سنووری گه‌رمیان‌و كه‌ركوك بۆ سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌و پێشمه‌رگه‌كان. كاك ڕۆسته‌م پاش ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌سنوری كه‌ركوك هات بۆ گه‌رمیان تا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌و ڕۆیشتنی بۆ ئێران له‌گه‌ڵ شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش‌و كاك ئازادی سه‌گرمه‌ پێكه‌وه‌ بوون.
- له‌م قۆناغه‌دا هێرش‌و گه‌ڕان‌و كێوماڵكردنی دوژمن بۆ ناوچه‌كه‌ زۆر به‌رفراوان‌و گه‌وره‌و كاریگه‌ر نه‌بو. هه‌رچه‌نده‌ له‌و ماوه‌یه‌شدا چه‌ند جارێك هێرش‌و كێوماڵكردنیان ئه‌نجامداو له‌چه‌ند جێگایه‌ك پێشمه‌رگه‌یان شه‌هیدكرد، 
وه‌ک:                                   
- له‌مانگی 7/1988 له‌ناو باخه‌كانی چه‌می هۆمه‌ربل به‌هۆی كه‌مینی جاشه‌وه‌ جه‌مال حاجی مه‌دحه‌ت (جه‌ماله‌ سور) شه‌هیدكرا
- له‌دوو ڕووداوی جیاوازدا هه‌ریه‌ك له‌ كاك ئه‌حمه‌د حاجی محه‌مه‌د به‌له‌گه‌یی‌و كاك حه‌سیب گۆبانی (هه‌ردوكیان كادری ڕیكخستن بوون) به‌هۆی چه‌ند خۆفرۆشیكی كورده‌وه‌، له‌داوخران‌و شه‌هید كران.                                                       
- له‌نزیك هه‌ردو گوندی خانی رۆسته‌م ئاغاو تاوسانه‌ له‌سه‌ر چه‌می ئاوه‌سپی ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی عێراق شه‌هید كران.      
پێش هاتنه‌وه‌ی كاك ئازادی سه‌گرمه‌ له‌گه‌ڵ شه‌هید حه‌مه‌ڕه‌ش‌، شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د‌، شه‌هید مه‌حمود مامه‌ عه‌زه‌‌، شه‌هید سه‌ید جه‌وهه‌ر‌، كاك عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا‌، كاك شێخ كه‌ریم‌، كاك مه‌لا سه‌عیدو ....هتد‌، چه‌ند جارێك كۆبونه‌وه‌مان ده‌كرد‌، به‌مه‌به‌ستی ڕیكخستنی ئیش‌و كاره‌كانی ئه‌و قۆناغه‌مان. یه‌كێك له‌و كۆبونه‌وانه‌ 8/6/1988 بو، بڕیارو ڕاسپارده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌مان به‌بروسكه‌ به‌جیهازی ڕاكاڵ دایه‌ كاك نه‌وشیروان مسته‌فاو وه‌ڵامه‌كه‌شمان وه‌رگرته‌وه‌‌، به‌ڕێز مام جه‌لال ئه‌وكاته‌ له‌سه‌فه‌ری ئه‌وروپا بو. ده‌سته‌كان ڕۆژانه‌ به‌هۆی ئامێری بێسیمی بچووك په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كرد. له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیش به‌هۆی جیهازی ڕاكاڵه‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان ده‌كرد. پاش هاتنه‌وه‌ی كاك ئازادیش چه‌ند جارێكیتر كۆبونه‌وه‌مان كرد بۆ بڕیاردان‌و ئاگادار بوون له‌كێشه‌و گیروگرفته‌ جیاجیاكانمان‌و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنیان. ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ مابوینه‌وه‌ پێشتر به‌شێوه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه‌ به‌سه‌ر چه‌ند ده‌سته‌یه‌كدا دابه‌ش ببووین، بڕیارماندا ئه‌و شێوه‌یه‌ وه‌كو خۆی بمێنیته‌وه‌، هه‌ر ده‌سته‌یه‌كیش له‌سنورێكی دیاریكراودا به‌پێی كه‌م‌و زۆری ژماره‌ی ده‌سته‌كه‌ چه‌ند جێگایه‌ك بۆ خۆشاردنه‌وه‌و حه‌وانه‌وه‌ بۆ هه‌موو وه‌رزه‌كانی ساڵ دروستبكات. هه‌روه‌ها هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك هه‌وڵی په‌یدا كردنی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بدات بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌
له‌و كاته‌دا كه‌ ئێمه‌ خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌و ئاماده‌كاری بووین ده‌زگاو فه‌رمانگه‌ ئه‌منی‌و هه‌واڵگریه‌كانی عێراق پێیان وابوو ئه‌گه‌ر لێبوردنێكی گشتی ده‌ربكرێت‌، ئه‌وا هه‌موویان زۆرترین ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ مابوینه‌وه‌، به‌هۆی قورسی‌و سه‌ختی ئه‌ركه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌، به‌رده‌وام نابین‌و ته‌سلیم ده‌بینه‌وه‌‌، بۆیه‌ له‌ڕۆژی 6/9/1988 به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش لێبوردنی گشتییان ده‌ركردو بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ به‌رده‌وام بو تا ڕۆژی 6/10/1988. به‌هۆی ئه‌و لێبوردنه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌پێشمه‌رگه‌و ئه‌و خه‌ڵكه‌ تاك‌و ته‌رایانه‌ش كه‌ مابونه‌وه‌ ته‌سلیم بوونه‌وه‌.                                                                        
پاش كۆتاییهاتنی ماوه‌ی لێبوردنه‌كه‌ به‌هه‌مومان 92 پێشمه‌رگه‌ ماینه‌وه‌. له‌دوای 6/10/1988 سوپای عێراق‌و ئه‌من‌و ئیستخبارات‌و جاش به‌پێی پلانێك به‌پاڵپشتی هه‌لیكۆپته‌ر‌، چاودێری‌و سوسه‌كردن به‌هۆی ده‌سته‌ی زۆر بچوكه‌وه‌ گه‌ڕان‌و كێوماڵكردنی فراوان‌و به‌رده‌وامیان ده‌ستپێكرد. له‌سه‌ره‌تایی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یاندا ڕۆژی 11/10/1988 له‌قوڵایی گه‌رمیان به‌هۆی ژماره‌یه‌ك هه‌لیكۆپته‌ره‌وه‌‌، په‌لاماری شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش‌و كاك ئازادی سه‌گرمه‌و كاك ڕۆسته‌م‌و كۆمه‌ڵی پێشمه‌رگه‌یاندا كه‌ له‌كاتی ڕۆیشتن‌و جوڵه‌دا بون‌، ئه‌نجامی په‌لاماره‌كه‌ بوه‌ هۆی شه‌هید كردنی سێ پێشمه‌رگه‌ (شێركۆ جدی‌، مهندس هه‌ڵكه‌وت‌، شێرزاد عه‌ریف ره‌مه‌زان)، كاك ئازادی سه‌گرمه‌ به‌سه‌ختی بریندار بو قاچێكیشی شكا‌، كاك ته‌های برای‌و كاك سه‌ركه‌وتی پورزای‌و كاك سامال ره‌حیم كاكه‌وڵا بریندار بون.
هه‌روه‌ها ڕۆژی 12/10/1988 له‌ ه‌رده‌ی دوڕاجی-خورماتو به‌هۆی په‌لاماری هه‌لیكۆپته‌ره‌وه‌ سێ پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون، كه‌ ئه‌مانه‌ بوون:                                                      
1- شه‌هید ئازاد عه‌بدوڵا برغش
2-شه‌هید جه‌لال جه‌بار ساڵح
3-شه‌هید تاهر عی‌بدولقادر محه‌مه‌د (ئاسۆ)
قۆناغی دووه‌م: له‌ڕۆژی 6/10/1988 تا ڕۆژی 2/8/1990 ڕۆژی داگیركردنی كوه‌یت له‌لایه‌ن له‌شكری عێراقه‌وه‌. ئه‌م قۆناغه‌ نزیكه‌ی دو ساڵی خایاند‌، هه‌موو رویه‌كه‌وه‌ قورسترین‌و دژوارترین‌و ناخۆشترین قۆناغی پارتیزانه‌كانی پاش ئه‌نفال بو. هه‌موو ئه‌ركه‌كان له‌بارودۆخێكی قورس‌و ناله‌بارو تاقه‌تپروكێندا ئه‌نجامده‌دران، رۆژانه‌ دوژمن له‌گه‌ڕان‌و پشكنین‌و سوڕان‌و كێوماڵكردندا بو. بۆ هه‌موو شتیك ئاسته‌نگی قورسمان له‌به‌رده‌مدا بوو ته‌نانه‌ت بۆ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و مه‌فره‌زه‌و پێشمه‌رگانه‌ش كه‌ پێكه‌وه‌ بوین‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی كارو چالاكی‌و جوڵه‌مان به‌شه‌وان بو.  ئه‌گه‌ر ورده‌كارییه‌كانی باس بكرێت ده‌شێ به‌چه‌ند كتێبێك ته‌واو نه‌بێت. 

له‌سه‌ره‌تای ئه‌م قۆناغه‌دا سه‌ڕه‌رای فشارو په‌لاماری به‌رده‌وام‌و كێوماڵكردنی ڕۆژانه‌و ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ ڕۆژانی 11و12/10/1988 لێیانداین‌، به‌شیكی تری كێشه‌كانمان بریتیبون له‌:                                                                                 
- نه‌بوونی شاره‌زایی‌و ته‌جروبه‌ی ته‌واو بۆ ئه‌و قۆناغه‌‌، كه‌ پێویستی به‌میكانیزمی نوێ‌و رێوشوینی نوێ هه‌بوو‌، چونكه‌ پێشتر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی له‌و بابه‌ته‌ له‌مێژووی شۆڕشی كوردو هیچ گه‌لێكی تردا نه‌بووه‌ كه‌ له‌ناوچه‌یه‌كی وێرانكراوو چۆڵكراوی بێخه‌ڵكدا خه‌باتی پارتیزانی به‌ڕێوه‌ببرێت.                                                                           
- ڕاهاتن‌و گوزه‌ران كردن له‌چۆڵه‌وانی‌و دابڕان له‌زۆربه‌ی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ژیانی مرۆڤ ئه‌و مرۆڤه‌ش پێشمه‌رگه‌ی پارتیزان بێت‌، دۆخیكی قورس‌و سه‌ختی بۆمان دروست كرد بوو.                                                       
- چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ خه‌ڵك‌، به‌شیوه‌یه‌كی گشتی له‌شارو ئۆردوگاكان‌و به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كه‌سانی سه‌ر به‌ڕێكخستن‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌كرا هاوكارمان بن.                                           
- چۆنیه‌تی خۆشاردنه‌وه‌و خۆلادان له‌هێزه‌كانی داگیركه‌رو  ئه‌نجامدانی چالاكی سه‌ربازی.                                                 
- چۆنیه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر به‌رنامه‌و پلان‌و په‌لاماری دوژمن.                                                                           
- ‌چۆنیه‌تی‌ دابینكردنی پێداویستیه‌ جۆراوجۆره‌كانمان.                   
- چۆنیه‌تی جێگای شاردنه‌وه‌و حه‌وانه‌وه‌ی بریندارو نه‌خۆش.
- ‌چۆنیه‌تی‌ هه‌ڵگرتن‌و شاردنه‌وه‌ی ئازوقه‌و چه‌ك‌و فیشه‌ك‌و كه‌لوپه‌ل‌و پێداویستی تر.                                                            
-‌ چۆنیه‌تی‌ به‌كارهێنانی جیهازی بێته‌ل‌و دابینكردنی پاتری‌و پێداویستیه‌كانی تری.                                                           
-‌ چۆنیه‌تی‌ دابینكردنی ده‌رمان‌و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی‌و پزیشك. ئه‌مانه‌و چه‌ندینی تر‌، به‌ڵام به‌رده‌وام بوین‌و هه‌وڵماندا به‌سه‌ر كۆسپ‌و له‌مپه‌رو ئاسته‌نگه‌كاندا زاڵ بین.                                 

قۆناغی سییه‌م: له‌داگیركردنی كوه‌یت له‌2/8/1990 ده‌ستپێده‌كات تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991. ئه‌م قۆناغه‌  سه‌ره‌تای  كه‌مبوونه‌وه‌ی فشاری دوژمن‌و ڕه‌وینه‌وه‌ی ته‌مومژو كرانه‌وه‌ی گرێ‌و ئاڵۆزیه‌كان بوو.  ده‌كرێ ناوی بنێین قۆناغی ژیانه‌وه‌ی هیواو چرۆكردنه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانمان، خه‌ونی رزگاركردنی خه‌ڵك‌و خاكی كوردستان له‌دوژمنی داگیركه‌ر.                                                          
 
چه‌ند زانیارییه‌كی پێویست:
-  ئه‌م نووسینه‌ ته‌رخان كراوه‌ بۆ باسكردنی چه‌ند ڕۆژیك له‌ژیانی پارتیزانه‌كانی گه‌رمیان‌، كه‌ بریتیه‌ له‌باسكردنی ‌چۆنیه‌تی‌ بڕیاری مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی، هه‌روه‌ها تۆماركردنی ناوی ئه‌و ده‌سته‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ به‌شداری ئه‌و قۆناغه‌یان كرد.                                                                  
ته‌نها باسی ئه‌و  هه‌ڵوێست‌و بڕیارانه‌م كردوه‌ كه‌ خۆم تێیدا بووم‌و ئاگادارم لێیان‌، ئه‌وه‌نده‌ی به‌ڵگه‌و بیره‌وه‌ری یارمه‌تیان دابم هه‌وڵم داوه‌ وه‌كو خۆی بیانگێڕمه‌وه‌.                                                
نوسین له‌سه‌ر رۆژه‌كانی شاڵاوی ئه‌نفال‌و مانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ پارتیزانه‌كان‌و ڕۆڵ‌و ده‌وری ڕێكخستنی شاره‌كان‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌شێوازی جیاجیا هاوكاری ده‌سته‌ پارتیزانه‌كانی پاش ئه‌نفال بوون‌، بابه‌تی وردو تێرو ته‌سه‌ل‌و  هه‌مه‌لایه‌نه‌ی پێویسته‌‌، چونكه‌ ئه‌و قۆناغه‌ تایبه‌تمه‌ندێتی زۆری هه‌یه‌و سه‌دان كه‌س له‌پێشمه‌رگه‌و ڕیكخستنی شاره‌كان‌و كه‌سانی تر به‌شداریان تێدا كردوه‌و روداوو به‌سه‌رهاته‌كانی گرنگ‌و بایه‌خدارن. بۆ ته‌نها روداوێك له‌ته‌نها یه‌ك سه‌عات یان یه‌ك ڕۆژدا ڕویداوه‌ پێویستی به‌باس‌و بابه‌تی تایبه‌ته‌ بۆ نمونه‌:                                                              
1- روداوی هاوسه‌رو براو كوڕو پێشمه‌رگه‌یه‌كی شه‌هید مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌ كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌پێشمه‌رگه‌كانی ده‌سته‌كه‌ی شه‌هید مه‌حموده‌وه‌ خیانه‌تیان لێكراو له‌یه‌كێك له‌ڕۆژه‌كانی مانگی 4/1988 كه‌ كاك مه‌حمودو كاك سدیق عه‌لی تۆفیق له‌و جێگایه‌ نابن‌، ئه‌و خۆفرۆشه‌ به‌چه‌ك په‌لاماری خێزانه‌كه‌ی كاك مه‌حمود ده‌دات‌و كوڕێك‌و برایه‌ك‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ده‌سته‌كه‌ی شه‌هید مه‌حمود شه‌هید ده‌كات‌، هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و برازایه‌كیشی به‌ناوی كاك محه‌مه‌د حاجی فایه‌ق بریندار ده‌كات. پاش ئه‌و خیانه‌ت‌و كاره‌ساته‌، تاوانباره‌كه‌ ته‌سلیم به‌دوژمن ده‌بێت‌و چاوساغی هێزی دوژمن ده‌كات بۆ جێگای ڕوداوه‌كه‌‌، دواتر كه‌ شه‌هید مه‌حمودو كاك سدیق عه‌لی تۆفیق‌و هاوڕێكانی تریان دێنه‌وه‌ بۆ جێگای ڕوداوه‌كه‌، به‌هه‌زار ده‌رده‌سه‌ری ته‌رمی شه‌هیده‌كان ده‌شارنه‌وه‌و هه‌ردو برینداره‌كه‌ش ده‌رده‌كه‌ن‌و دواتر ڕه‌وانه‌ی شاری ده‌ربه‌ندیخانیان ده‌كه‌ن.                          
2- شه‌هیدبونی سێ پێشمه‌رگه‌و برینداربونی كاك ئازادی سه‌گرمه‌ به‌سه‌ختی‌و شكانی قاچێكی‌، بریندار بونی سێ پێشمه‌رگه‌ی تر له‌ڕۆژی 11/10/1988. دوای ئه‌وه‌ نزیكه‌ی 25 ڕۆژ كاك ئازادمان له‌كونێكی بچوكدا به‌ناوی (كونه‌ سوچه‌ڕه‌كه‌) له‌نزیك دێی مراوه‌ (باوه‌نوور)‌، پێشتر كاك حه‌مه‌ پاریاوڵه‌ ئه‌و جێگایه‌ی چاك كردبوو‌، شارده‌وه‌و دواتریش له‌سه‌ ڕیگای كه‌لار-ده‌ربه‌ندیخان له‌ده‌واجنه‌كه‌ی كاك حه‌مه‌ وه‌لی‌، به‌هۆی براده‌رانی ڕێكخستنه‌وه‌ بردرا بۆ سلێمانی‌و دواتریش بۆ به‌غداد بۆ چاره‌سه‌ركردن‌و پاشان ناردن‌و به‌ڕێكردنی بۆ قاسمه‌ڕه‌ش.                                                    
3- روخانی ئه‌شكه‌وتی داری خله‌و شه‌هید بونی مه‌لا ئه‌حمه‌د كه‌لاری‌و 6 پێشمه‌رگه‌ی تر له‌ئێواره‌ی 19له‌سه‌ر20/2/1989دا. پاش ئاگاداركردنه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش‌و كاك شێخ كه‌ریم توانیمان دوای دو رۆژ بگه‌ینه‌ لای شه‌هید سه‌ید محه‌مه‌دو پێشمه‌رگه‌كانی تری ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی كه‌ روداوه‌كه‌یان به‌سه‌رهاتبوو. له‌كاتی گه‌یشتنمان بۆ لای ئه‌شكه‌وته‌كه‌‌، نه‌مانده‌زانی‌و دڵنیا نه‌بووین ئایا شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌دو هاوڕێكانی له‌كاتی روخانی ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا یه‌كسه‌ر شه‌هید بوون یان هێشتا هه‌مویان یان چه‌ند كه‌سێكیان زیندون؟ ئه‌م گومانه‌ش كاره‌ساتێكی تر بوو! ئه‌مانویست شتێك بكه‌ین‌، به‌هۆی نه‌بونی بچوكترین كه‌ره‌سته‌و  پێداویستیه‌وه‌ نه‌مانده‌زانی چی له‌و سه‌دان ته‌ن گڵ‌‌و خۆڵ‌‌و به‌رده‌ بكه‌ین كه‌ ژیان‌و جه‌سته‌ی هاوڕێكانمانی داپۆشیبوو؟
4- پلانی له‌داوخستن‌و گیرانی شه‌هید سه‌ید محه‌مه‌د له‌شه‌وی 31/7 له‌سه‌ر1/8/1989 له‌ناو شاری كه‌لاردا له‌لایه‌ن ئه‌منی عێراقه‌وه‌ به‌هاوكاری چه‌ند خۆفرۆشێكی كوردو پاشان له‌سێداره‌دانی‌، له‌ڕۆژی 17/1/1991دا. سه‌ید محه‌مه‌د یه‌كێك بووه‌ له‌ڕه‌مزه‌ ناسراوو دیاره‌كانی تێكۆشان‌، له‌ئه‌نفالی سێشدا هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و هه‌موو منداڵه‌كانی ئه‌نفال كران.                                                                       
5- له‌پایزی 1990دا من‌و كاك ڕه‌ئیسی قه‌ره‌داغ له‌نێوان هه‌ردو گوندی كاكه‌ براو عه‌لیانی كۆن (ته‌نها هه‌ردوكمان بوین‌و له‌هاوڕێكانمان دور بوین)‌، سه‌ر له‌ئێواره‌ بو به‌ڕێگادا ده‌ڕۆیشتین‌، كاك ڕه‌ئیس مارێك پێوه‌ی دا، ده‌بوو به‌ناچاری من ده‌وری برینپێچ ببینم، له‌كاتیكدا ده‌رزی لێدانیشم نه‌ده‌زانی‌، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ناچاری بوم به‌برینپێچ‌و كاری برینپێچیم ئه‌نجامدا.                        
ئه‌مانه‌و چه‌ندین ڕوداوو به‌سه‌رهاتی ناخۆش‌و یاده‌وه‌ری تفت‌و تاڵ! به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌و ناخۆشی‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ژیانمان بوو‌، دڵخۆش‌و وره‌به‌رزو هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌كتر بووین‌، نه‌ك وه‌كو ئێستا! 
له‌م نوسینه‌ كورته‌دا ناكرێت بچینه‌ ناو ئه‌و هه‌موو بابه‌ت‌و به‌سه‌رهات‌و ورده‌كاریانه‌و‌ه‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ خۆم له‌قه‌ره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌و زۆر بابه‌تی تر نه‌داوه‌.                                                                        
- كه‌ باسی مانه‌وه‌ی ده‌سته‌ پارتیزانه‌كانی پاش ئه‌نفال ده‌كه‌ین‌، كه‌سانیك هه‌بون ماوه‌یه‌كی زۆر كورت مانه‌وه‌و دواتر زۆربه‌یان به‌هۆی ناچاریه‌وه‌ ته‌سلیم بوونه‌وه‌و ژماره‌یه‌كیشیان به‌ڕێگای جیاجیا ڕۆیشتن بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ هێشتا ئه‌نفال نه‌كرابون‌، ژماره‌ی هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ زۆرن‌و ناوه‌كانیش له‌به‌رده‌ستدا نین‌، بۆیه‌ ته‌نها ناوی ئه‌و ده‌سته‌و پێشمه‌رگانه‌ ده‌نووسین كه‌ پاش ته‌واو بوونی لێبوردنی گشتی له‌6/10/1988دا مانه‌وه‌‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ مانه‌وه‌‌، ماوه‌ی مانه‌وه‌یان وه‌كو یه‌ك نییه‌و ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌ردا ده‌هات‌، له‌پاشكۆكه‌دا به‌وردی رونی ده‌كه‌مه‌وه‌.           
- ئه‌ركی په‌یوه‌ندی‌و دابینكردنی پێداویستی ده‌سته‌ پارتیزانه‌كان به‌بڕیاری كاك نه‌وشیروان مسته‌فا روبه‌ڕوی ڕێكخراوی شاری كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان كرایه‌وه‌‌، ڕێكخراویش بۆ ئه‌و جێگایانه‌ی كه‌ پێویست بوو‌، ئه‌ركی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و كاره‌ی به‌ژماره‌یه‌ك كادرو ئه‌ندامی ڕێكخستن سپارد. ئه‌و هاوڕێیانه‌ش كه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌یان كه‌وته‌ ئه‌ستۆ زۆر جوامێرانه‌و نه‌ترسانه‌ شانیان دایه‌ به‌رو له‌و دۆخه‌ دژواره‌ی ساڵه‌كانی 1988-1989-1990دا كه‌ دوژمنی داگیركه‌ر له‌وپه‌ڕی مه‌غروریدا بو‌، له‌لایه‌ن دائیره‌كانی ئه‌من‌و ئیستخبارات‌و هی تره‌وه‌ به‌هۆی ده‌یان‌و سه‌دان جاسوسه‌وه‌ چاودێری خه‌باتكه‌رو تێكۆشه‌ره‌كانی شار ده‌كرا‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ قورسه‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌ كاری بێوێنه‌یان ئه‌نجامداو له‌سلێمانی‌، شاره‌زور‌، ده‌ربه‌ندیخان‌، كه‌لارو كفری‌و چه‌ند جێگایه‌كی تریش.. ڕێوشوێنی چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندی‌و یه‌كتربینینمان له‌گه‌ڵیان ڕێكخست‌، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی تایبه‌ته‌ له‌م نوسینه‌دا كورته‌دا ناتوانین بچینه‌ ناو ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌و باسكردنی ناوه‌كان‌، هه‌روه‌ها له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوڕێیانی ڕێكخستن، چه‌ندین كه‌سی تر له‌و جێگایانه‌ی كه‌ باسمان كردن‌و جێگای تری وه‌كو چه‌مچه‌ماڵ‌، خورماتو، ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵا‌، ئۆردوگای صمود (ڕزگاری)‌، باوه‌نوور...هتد‌، به‌ هۆی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی‌و په‌یوه‌ندی ناسیاوی‌و دۆستایه‌تی‌و خزمایه‌تی له‌پێشمه‌رگه‌ كۆنه‌كان‌، ڕێكخستنه‌ دابڕاوه‌كان‌، كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان‌و كه‌سانی تریش بوون به‌هاوكارو پشتیوانی ده‌سته‌ پارتیزانه‌كان. له‌ناو ئه‌مانه‌دا چه‌ند كه‌سێكیان له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه‌ ئاشكرا كران‌و دوچاری راوه‌دونان‌و خۆشاردنه‌وه‌ كران‌، دو كه‌سیشیان گیران‌و شه‌هید كران.
1. شه‌هید سه‌عید وه‌لی ره‌شید
2. شه‌هید جه‌بار محه‌مه‌د ره‌سوڵ
هه‌ردووكیان سه‌ر له‌ئێواره‌ی 9/2/1989 له‌ لایه‌ن ئیستخباراته‌وه‌ گیران‌و پاشان شه‌هیدو بێسه‌روشوێن كران. پێشتریش چه‌ند كادرو ئه‌ندامێكی ڕێكخستن له‌كفری‌و كه‌لار كه‌وتنه‌ به‌رده‌م مه‌ترسی‌و حاڵه‌تی خۆشاردنه‌وه‌و ناسنامه‌ گۆڕین.
له‌چه‌مچه‌ماڵیش چه‌ند كه‌سێك كه‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ شه‌هید سه‌ید جه‌وهه‌ر هه‌بو، به‌هۆی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كه‌وه‌ له‌مانگی 10/1990دا ئاشكرا بون‌و دوچاری گرتن‌و راوه‌دونان بون:
1. كاك حه‌مه‌ ته‌په‌دێی (له‌ڕۆژی 28/10/1990 گیراو دواتر حوكمی ئه‌به‌دی درا)
2.كاك شێرزاد خاڵۆبازیانی‌و كاك ره‌شید مۆفه‌ری‌، به‌ڕێگای شاردا ڕۆیشتن بۆ ئێران
3.كاك مسته‌فا حاجی مه‌ولود‌، ڕۆیشته‌ لای ده‌سته‌كه‌ی شه‌هید سه‌ید جه‌وهه‌ر

له‌كۆتایی ساڵی 1989دا بڕیار درا له‌شارو ئۆردوگاكان هێزێكی چه‌كدار دروستبكرێت به‌ناوی سوپای ڕزگاری كوردستان (سرك) له‌پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین‌و ڕێكخسنه‌كان‌و كه‌سانی تر. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌سی گونجاو كرا‌، ئاماده‌ بون‌و به‌شداریان تێدا كرد (ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی تایبه‌تی تری پاش ئه‌نفاله‌كانه‌).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە